داهاتووی ئابووری و سیاسی ئێران و هیوایەکی تەمتوماوی
هەر دوابەدوای بڵاو بونەوەی ڕاگەیەندراوی دوولایەنی ناکۆک لە لۆزان و گەڕانەوەی جەواد”ی” زەریف و هاوسەرفەرەکانی بۆ ئێران، لە فرۆکەخانەوە دەست بە خۆشی و شادی دەربڕین دەکرێ و تا ئەوڕۆش کەم و زۆر لیرەولەوێ دریژەی هەیە. ئەوە دەریدەخات کە، گەلانی ئێران چەندە تامەزرۆی ژیانێکن دوور بێ لە گێرەو کێشەی نێوخۆی و دەرەکی. لە حالێک دا ڕێژیمەکەیان، بۆخۆی مۆرەی سەرەکییە، لەو گێرە وکێشە نێوخۆیی و دەرەکیانە، کە بەربینگیان بە گەلانی ئێران گرتوەو دەگرن. دڵخۆشی گەلانی ئێران، لەوانەیە شتی دیکەشی لە پشت بێ، ئەویش چاوەڕوانی کردنی باشتربوونی باری ئابووریە لە ئێراندا، چونکە ڕیاڵ تا ئەو شەممەیەی ڕابردوو نیزیکەی حەوت لە سەد نرخی بەرز بۆوە، هەر چەند ئەوە لە لایەن ئابوریناسانەوە وەک شۆکێک سەیر دەکرێ بە دژکردەوە یەک ناوی دەبەن کە لە دنیای ئابووریدا کورتخایەنە و تەنیا باری رەوانیە، کە ئەم شتە بۆ ماوەیەکی کاتی دەباتە سەرێ، نەک پشتیوانە و بەرنامەی ئابوری. لەوانەیە وەک ئەوە وابێ کە کەسێک بیهەوێ فیشەکێک بەرەو ئاسمان بتەقێنی بەڵام لە ئاکام دا لە ئەژنۆی خۆی بدات.
بەڵام بێجگە لەوەش دیارە، کە ئەم ڕێککەوتنە هیوایەکی لە دڵی ئێرانیەکاندا وروژاندوە، بە بڕوای من بۆ هیوابوون بە بوژانەوەی ئەو هیوایە جارێ زوویە، چونکە لە پلەی یەکەم دا دوو ناوەندی سەرکی هەن ، کە دەبێ ئەم ڕێککەوتننامە هەڵسەنگێنن و بە ئەرێ یان نا جوابی خۆیان بدەنەوە، ئەویش مەجلیسی ئاخوندەکان و کۆنگرێسی ئەمریکایە، لە هەر حاڵەتێک دا کە جوابەکەی ڕەد بێ، دەبێ یا ئاڵ و گۆڕ لەم ڕێککەوتننامەیەدا پیک بێ، یان بە تەواوی لە بیرخۆیانی بەرنەوە.
شتێکیتری جێگای سرنج، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەم هیوا تازە چەکەرەکردوەی گەلانی ئێران، ئەوەیە کە تا ئێستاش ئاخوندەکانی باڵی تووندڕەو لە ئێران دا هەڵوێستێکی رەسمی خۆیان نەدرکاندوە، وا دیارە هەر هەمویان چاوەڕوانی بارەگای ڕەهبەرین و بزانن ئایەتوڵڵای رابەریان چ فەرمایشتێک دەردەبڕێ، لە هەردوو حاڵەتی موافق و موخالێف بووندا، لە چاڵکەوتنی تووندڕەوەکان لە ئارا دایە، ئەوان دەتوانن لە ڕیگای مەجلیسەوە ئەم کارە تێکبدەن یان لانیکەم بەربەستی بن، بەڵام ئەوکات چیان هەیە ، بیکەنە بەهانە و دەرخواردی گەلانی ئێرانی بدەن؟ ئەوە پێمان دەڵێ کە لێرەوە کێشەی ناوخۆی ئاخوندەکان و کۆمارە ئیسلامیەکەیان دەست پێدەکات، چوون تا ئێستا هیچ کام لەوباڵانە خۆیان لە تەنگانەی شکستی وا گەورەدا نەدیتبۆە، ئەمجارەیان دەتوانێ بەڕاستی کێشەکەی ئەوەندەگەورە بیتەوە، کە ئێران و ڕێژیمەکەی بە سەر دووبەشی موخالیف و موافق دا دابەش کات و بگاتە ئەوجی بەربەرەکانی ، ئەوجی بەربەرەکانیەک، کە دەسەڵاتی ئایەتووڵڵاکان بە دەستی خۆیان لە ژێر پێی خۆیان دا گۆڕبەگۆڕ بکا.
ئەوە کاتێک بە ئاشکرای دەردەکەوێت، کە سرنج بدەینە هەواڵ و بابەتەکانی بڵاوکراوەکانی ناوخۆی ئێران و هەڵوێستی خەڵک. لە سەریەک نیزیک بە هەمووی رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ناوئێران ،خۆبواردنێک لە نوسراوەکانیان دا بەدی دەکرێ، ئەویش ڕەخنەگرتنی تووند لە وڵاتانی ڕۆژاوای و ئەمریکا بە تایبەتیە، چوون بۆ یەکەمین جار لە دەنگ و رەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئاخاوتنەکەی باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا ڕاستەوخۆ نیشان درا. تەنیا شەریعەتمەداری سەرنوسەری کەیهان، شەکرێکی شکاندوە کە دژ بە ڕێکەوتننامەکە سەیری دەکرێ، ئەو دەڵێ: “ئێمە ئەسپێکی باش و زینکراو ڕازاوەمان دا بەوان، بەڵام ئەوان کەرێکی سەرجل شڕیان پیداین” ئەو وتەیەی شەریعەتمەداری، لە دروشمەکانی سەرخیابانی جەوانەکان دا لە تاران،دژایەتی لە گەڵ کرا، جەوانەکان لە سەر خیابانەکانی تاران لە دروشمەکانیان دا دەیانگوت: “ئێمە هاودەردین لە گەڵتان ئیسرایل و شەریعەتمەداریەکان”
شتێکی دیکەی جێگای سەیرو سەمەرە ئەوەبوو، کە گوایە لە نوێژی هەینی رابردوو دا، لە هیچ شوێنێک مەرگ بەر ئەمریکا و شتی لەم بابەتە نەگوتراوەتەوە. بڵێی ڕاست بێ؟ ئەگەر ڕاست بێ یاڕەبی خودا وەخێری گێڕێ! چوون ئەوەتەی ئاخوندەکان و نویژی جومعەیان هەیە، پێش بیسمیلاش مەرگ بەر ئەمریکایان گوتوە، خودا هەڵناگرێ نابێ ناحەقیشیان بگرین، چوون لە دیدی ئەوانەوە ئەمریکا شەیتانی گەورەیە ، کەوابێ بە شەرعیش ئەو حەقەیان بۆخۆیان دابین کردوە. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا ناتوانن بە شەرعی بکەن و بە قازانجی خۆیان کەڵکی لێوەرگرن، ئەوەیە، بە شەرع دانوستان لە گەڵ شەیتان ناشەرعیە!!!!
محەممەدی فەقێ عەلی
٥/٤/٢٠١٥ زاینی