پێوه‌ندیی نێوان خه‌باتی چه‌کداری و شێوه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات
بابه‌تێک که هه‌میشه له‌نێو بژارده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان چ له ئێران و چ به‌تایبه‌تی له ساڵانی رابردوودا له کوردستان زۆر جێگای مشت‌ومڕ بووه، کاریگه‌ریی خه‌باتی چه‌كداری و مێتۆده سه‌خته‌کانی تێکۆشان له‌سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی و مێتۆده نهرمهکانه. ئێمه پێشتر باسی ئه‌وه‌مان کرد که تیئۆریی خه‌باتی چه‌کداری له مێژووی نوێی ئێران‌دا زۆرتر له که‌ناڵی فکری مائۆ و له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌پی شۆڕشگێری ئێران هاتۆته نێو فکری سیاسیی نه‌یارانی رێژیمی شا. له‌حاڵێکدا که به‌پێی ڤێرژنی ئه‌سڵی و یه‌که‌می ئه‌م تیئۆریسازییه خه‌باتی چه‌كداری رێگایه‌که بۆ ئه‌وه‌ی هێزێکی پێشڕه‌و خه‌بات به جه‌ماوه‌ری بکا و هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌ده‌وری ئامانجێکی سیاسی ئه‌رکدار و چالاک بکا(١)، له‌و سه‌رده‌مه‌دا که کورد و حیزبی دێموکڕات به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و به‌رده‌وام خه‌باتی چه‌کدارییان به‌ڕێوه‌برد، واته پاش هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی، به‌له‌به‌رچاوگرتنی باڵاده‌ستی و پڕڕهنگبوونی کارزاری چه‌کدارانه له کرده‌وه‌ی سیاسیی حیزبی ئێمه‌دا، هێندێك له فکرسازه چه‌په‌کان که کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تییان له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی کورد هه‌بوو، حیزبی دیموکراتیان به‌وه تاوانبار ده‌کرد که جگه له شه‌ڕ شتێکی دیکه نازانێ و کارکردی نهریتگهرایانهی پێشمه‌رگه ئه‌نجامێکی نیه جگه له پاسیڤ کردنی چینوتوێژهکانی تری کۆمه‌ڵگا و پشتگوێ خستنی هه‌ر چه‌شنه جههانبینییهکی نوێ بۆ کۆمه‌ڵگا.(٢)
راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه که وه‌ک له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا باسمان کرد، باڵاده‌ستی و پڕڕهنگبوونی مێتۆدی چه‌کدارانه‌ی حیزبی دیموکرات به‌تایبه‌تی له ده‌هه‌ی شه‌ستی هه‌تاویدا پێش ئه‌وه‌ی ئاقاری هه‌ڵبژێردراوی کورده‌کان خۆیان بووبن، حاڵه‌تێکی داسه‌پاو و به‌رهه‌می سیاسه‌تی خودی رێژیم بوو؛ هه‌روه‌ك که له سه‌رده‌می ئێستاشدا پڕڕهنگنهبوون و باڵاده‌ست نه‌بوونی مێتۆده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی خه‌بات له بیرکردنه‌وه و به‌رنامه‌ڕێژیی تێکۆشه‌رانی کورد له ئێران‌دا له‌به‌ر ئه‌وه نیه که کورده‌کان بۆخۆیان حه‌ز نه‌كه‌ن پرسی ماف و داخوازییه‌کانیان ته‌نیا و پێش هه‌موو شتێک له‌م به‌ستێنه‌دا ببه‌نه پێش. به‌ڵام ئه‌گه‌ر واشی دابنێین که هێزێکی سیاسیی به‌رپرسیار ده‌بێ له‌و رێژه‌یه له یاریی سیاسی که له کۆنتڕۆڵی خۆیدایه بۆ دروستکردنی بوار و به‌ستێنه نوێ و که‌م تێچووترهکان تێ‌بکۆشێ، زۆر به‌ر له ده‌ستپێکردنی خه‌بات یان خۆڕاگریی چه‌كداری به‌شێوه‌ی سیستماتیک له‌لایه‌ن حیزبی دیموکراته‌وه بایه‌خ و پێویستیی مێتۆده سۆفته‌کانی تێکۆشان له ئه‌ده‌بیات و کارکردی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌دا جێیان بۆ کراوه‌ته‌وه. بۆ نموونه له‌و راپۆرته‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا بۆ کۆنفڕانس و کۆنگره‌ی سێهه‌می حیزب که پێشتر پشتمان پێ به‌ست هاتووه:”ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی پێمان بکرێ تێده‌کۆشین هێندێ دروشمی رۆژ وه‌ك به‌ڕه‌سمی ناساندنی زمانی کوردی و ئازادیی زیندانییانی سیاسی هه‌ر له چوارچێوه‌ی رێژیمی شادا به‌سه‌ر ئه‌و رێژیمه‌دا بسه‌پێنین. ئه‌وه دوورکه‌وتنه‌وه له رێبازی گشتیی خه‌بات نیه که لابردنی رێژیمی شایه به‌ڵکوو خه‌باتی رۆژه. خه‌بات بۆ داخوازه‌کانی هه‌موو رۆژه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک رێگا بۆ خه‌باتی درێژخایه‌ن و توندوتیژ خۆش ده‌کا و تاقیکردنه‌وه‌ی نوێ ده‌داته ده‌ست کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر قانیعیان ده‌كا که به خه‌باتی رێکوپێک ده‌توانن هێندێک له داخوازه‌کانیان به‌سه‌ر رێژیمی شادا بسه‌پێنن”.
ئه‌گه‌ر له مه‌ودایه‌کی مێژوویی‌دا چاو له دیارده و رووداوه‌کان بکه‌ین و ئه‌م راپۆرته پێوه‌ند بده‌ینه‌وه به دوایین راپۆرتی سیاسیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆنگره‌ی شازده‌هه‌م، ده‌بینین که جیا له‌وه که له بنه‌ماکاندا حیزبی ئێمه له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و رێچکه باوه‌ڕی و ره‌فتارییه رۆیشتووه؛ جیا له‌وه که هه‌رگیز له‌و ده‌رفه‌تانه که بۆ کاری سیاسی و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری هاتوونه پێش غافڵ نه‌بووه (بۆ نموونه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی زستانی ١٣٧٧ و هاوینی ١٣٨٤ی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌ڵوێستمان له‌گه‌ڵ هێندێك له هه‌ڵبژاردنه‌کانی نێو کۆماری ئیسلامی، روانگه‌مان بۆ چالاکانی مه‌ده‌نی، … هتد)؛ جیا له‌وه‌ش که خیسڵه‌تی به‌كرده‌وه دێموکراتیک و پێشکه‌وتنخوازانه‌ی حیزبی دیموکرات ئه‌و حیزبه‌ی هانداوه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که پرسی شوناس به ده‌لیلی وجوودیی خۆی بزانێ سه‌رنج و بایه‌خی گه‌وره به پرسه‌كانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگاش بدا، هاوکات هه‌ڵكشان و گۆڕانێکی کهیفیهتیشی له روانینی خۆی بۆ مێتۆده غه‌یره چهكدارییهکاندا پێک هێناوه. به‌تایبه‌تی له ده ساڵی رابردوودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام له‌نێو خاک و خه‌ڵکی خۆیدا حزوور و تێکۆشانی ته‌شکیلاتیی هه‌بووه، حیزبی ئێمه ئه‌و لایه‌نه سیاسییه‌ی رۆژهه‌ڵات بووه که له گوتاری سیاسی و به‌رنامه‌ڕێژیی رێکخراوه‌یی خۆیدا زۆرترین شوێنی بۆ مێتۆده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌بات کردۆته‌وه و به‌هۆی راستوێژی و تابووشکێنیی له‌و پێوه‌ندییه‌دا ته‌نانه‌ت حازر بووه تێچووی سیاسییش بدا.
له‌هه‌رحاڵدا باوه‌ڕی ئێمه ئه‌وه نیه که خه‌بات، خۆڕاگری یا حزووری چه‌کدارانه‌ی پێشمه‌رگه به خودی خۆی هه‌ڕه‌شه یان به‌دیل بۆ مێتۆده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌بات ته‌نانه‌ت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێژیمێکی وه‌ک کۆماری ئیسلامیشدایه. به‌ڵکوو هه‌ردووکی ئه‌م ئاقار و شێوازانه‌ی خه‌بات پێویسته له چوارچێوه‌ی تێکۆشانێکی فره‌ڕه‌هه‌ند و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌ماهه‌نگ و ته‌واوکه‌ری یه‌كتر بن. به‌رزی و نزمی و رێژه‌ی هه‌رکام له‌و مێتۆدانهش ده‌بێ له‌ژێر ئامانجێکی سیاسی و به‌پێی قۆناغه‌کان و هه‌لومه‌رجی رۆژ و ره‌فتاری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دیاری بکرێن.
فاکته‌ری هه‌لومه‌رج بۆ بردنه‌پێشی خه‌باتی چه‌کداری
له کاردروستایی تێکۆشه‌رانی هه‌ر گه‌لێکدا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خه‌باتی چه‌كداری به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی ئه‌و پرسیاره دێته پێش که بۆ وه‌ها کرده‌وه‌یه‌کی گه‌وره و پڕ ده‌ره‌نجام له هه‌موو روویه‌كه‌وه (چ بۆ سه‌ر گیانی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م شێوازه له خه‌بات و چ به‌گشتی بۆ سه‌ر ژیان له کۆمه‌ڵگادا و به‌ستێنی سیاسی و گشتی) کامه فاکته‌ر و پێداویستییانه ده‌بێ له‌به‌ر چاو بگیرێن و پێوه‌ندی و ریزبه‌ندی نێوان فاکته‌ر و پێداویستییه‌کان ده‌بێ چۆن و به چ شێوه‌یه‌ک رێک بخرێ. لێره‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هه‌میشه هه‌لومه‌رج وه‌ك فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی بۆ مامه‌ڵه و ساغبوونه‌وه له وه‌ها پرسێكدا چاو لێ کراوه، فاکته‌ری زه‌ینی واته ئیراده‌ش هه‌میشه وه‌ک دیاریکه‌رێکی به‌رجه‌سته له به‌رامبه‌ر فاکته‌ری هه‌لومه‌رجدا قوت بۆته‌وه و ته‌نانه‌ت له بیری تیئۆریسیهنه مه‌یدانییه‌كانی خه‌باتی چه‌کداریی گه‌لان له جیهاندا بۆ نموونه خودی چه‌گوارا وا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وه‌ی گرینگتر و بڕیارده‌رتره فاکته‌ری دووه‌مه.(٣)
راپۆرته پێشتر ئاماژهپێکراوەکهی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموکرات بۆ کۆنگره‌ی سێهه‌می ئه‌و حیزبه له‌و پێوه‌ندییه‌دا هێندێك شتی باس کردووه که له سه‌رده‌می ئێستاشدا ده‌کرێ وه‌ک ئاکسیۆمێک (ئه‌سڵێک که بنه‌مای بیرکردنه‌وه‌مانه) بۆ کار و کرده‌وه‌ی ئه‌و حیزبه و به‌گشتی تێکۆشه‌رانی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چاوی لێ بکرێ. له‌م راپۆرته‌دا ده‌خوێنینه‌وه :”ئێمه خه‌باتی چه‌کدار به شێوه‌ی ئه‌ساسیی خه‌باتی خۆمان داده‌نێین و پێمان وایه که تاقه شێوه‌ی مومکین بۆ رووخاندنی رێژیمی شایه. به‌ڵام هه‌تا هه‌لومه‌رجی پێویست بۆ ده‌ستپێکردنی ئه‌م خه‌باته پێک نه‌یه، خه‌باتی چه‌کدار به دروشمی رۆژ دانانێین. ئه‌وه رێگای حیزبێکی شۆڕشگێڕه. رێگای رێکخراوێکه که هه‌ست به مه‌سئوولییه‌ت ده‌کا. به بڕوای ئێمه بۆ سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی چه‌کدار له کوردستانی ئێران پێویسته گه‌لی کورد ئاماده بکرێ، لانی که‌می رێکخراوێکی شۆڕشگێری ئه‌وتۆ که باس کرا پێک بێ، یه‌کێتیی کرده‌وه له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانی شۆڕشگێڕی ئێرانی که له خه‌باتی چه‌کداردا به‌شدارن دابین بکرێ، ئه‌و گیروگرفتانه‌ی که پێوه‌ندییان به کوردستانی عیراقه‌وه هه‌یه به قازانجی خه‌باتی چه‌کدار له کوردستانی ئێران حه‌ل بکرێن و یارمه‌تیی ده‌ره‌وه بۆ ئه‌و خه‌باته رابکێشرێ. ئێمه ناتوانین هیچ یه‌ک له‌م شه‌رتانه له‌بیر به‌رین، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش نابین که هه‌موو ئه‌م شه‌رتانه وێکڕا سه‌دی سه‌د جێبه‌جێ بن جا ئه‌وده‌م خه‌باتی چه‌کدار ده‌ست پێ بکه‌ین”.
شتێکی گرینگ که پێویسته له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین ئه‌وه‌یه که به‌هۆی وێكچوونی هه‌لومه‌رجی ئێستای خه‌باتی کورد له ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه که نزیک به چل و پێنج ساڵ پێش ئێستا ئه‌م راپۆرته‌ی سه‌ره‌وه‌ی تێدا نووسراوه، له ساڵانی دواییدا ئه‌وه که ئایا هه‌لومه‌رج بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی کرده‌وه یا لانیکه‌م حزووری به‌رچاوتری چه‌کدارانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌باره یا نا، دێبهیتێکی گه‌رم و زۆر جار ناسالمی له‌نێوان هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لێ که‌وتۆته‌وه. ئه‌وه که پێویستییه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری له سه‌رده‌می ئێستادا چین و ئه‌وه که ئایا به‌ڕاستی مێتۆده باوه‌کانی سه‌رده‌می خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لانی جیهان له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بۆ سه‌رده‌می ئێستاش ده‌گونجێن، له ده‌رفه‌تی ئه‌م وتاره و شاره‌زایه‌تیی نووسه‌ره‌که‌ی به‌ده‌ره. ته‌نیا شتێک که ده‌کرێ لێره‌دا بیڵێین ئه‌وه‌یه که هه‌ر هێزێک که به‌رپرسیارانه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ته‌کان مامه‌ڵه بکا و هاوکات ریساله‌تی شۆڕشگێڕانه و خه‌باتگێڕانه‌ی خۆیشی له‌بیر نه‌چێته‌وه، پێویسته له مامه‌ڵه و بڕیار و هه‌ڵوێستی له‌و بواره‌دا هاوکات هه‌م واقعبین بێ، هه‌م نه‌ترس. به دیوی یه‌که‌مدا، واقعبینی له‌و پێوه‌ندییه‌دا یارمه‌تیمان ده‌كا که ئه‌گه‌ر باسکردن له خه‌باتی چه‌کداریمان بۆ له خودی به‌ڕێوه‌بردنی خه‌باتی چه‌كداری گرینگتر نیه، پێویسته رێك به‌و مێتۆده مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه بکه‌ین که له راپۆرته ئاماژه‌پێکراوه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌دا باس کراوه. ئه‌گه‌ریش هات و لایه‌نێک یان چین و توێژێکی نێو کۆمه‌ڵگا له‌و پێوه‌ندییه‌دا ره‌خنه و تێبینیی هه‌بوو، نابێ پێمان وابێ ئه‌و لایه‌ن یان چین و توێژه له ئێمه که‌متر دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر یان له ئێمه که‌متر خه‌باتگێڕ و وڵاتپارێزه بۆیه شتی وا ده‌ڵێ. به دیوه‌که‌ی تردا، هه‌ر لایه‌نێک (جا ئه‌و لایه‌نه بۆخۆمانین یان لایه‌نێکی دیکه) که به پێشکه‌شکردنی تێچووی زۆر گه‌وره له باره‌گای میلله‌تدا له فکری ده‌رچوون له دۆخی نادڵخوازی ئێستا و له هه‌وڵی بووژاندنه‌وه‌ی زیاتری خه‌بات و تێکۆشان له به‌ستێنی شۆڕشگێڕیدا بێ، ده‌بێ کاری ئه‌و لایه‌نه به ئیحترامه‌وه چاو لێ بکرێ. هاوکات هه‌روه‌ک که بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ رێژیم دروست نیه هیچ لایه‌نێک به تاقی ته‌نیا ئه‌و کاره بکا، گرتنه‌وه‌به‌ری مێتۆدی چه‌کدارانه‌ش ئه‌و کاته به‌ڕاستی به‌به‌رهه‌م و کارساز ده‌بێ که ئه‌و کاره به‌رهه‌می پێکه‌وه کارکردن و لێکگه‌یشتنی زۆربه‌ی لایه‌نه سه‌ره‌کی و مه‌یدانییه‌کانی خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێ.
روانینی لایه‌نه‌کانی ئێرانی بۆ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی کورده‌كان
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئه‌مڕۆ له هه‌موو کاتێك زیاتر پارچه پارچه و له واقعییاتی کۆمه‌ڵگای ئێرانی دوور که‌وتۆته‌وه و گرفتاری کۆمه‌ڵێک باس و خواس و سنووربه‌ندیی بێکه‌لک و سه‌رده‌م بهسهرچووشه. سه‌رباری هێندێک گه‌شه‌سه‌ندنی پۆزه‌تیف و هه‌ڵوێستی جێگای ستایشی هێندێک لایه‌ن و که‌سایه‌تیی سنووردار، له جه‌وهه‌ردا روانینی لایه‌نه ئێرانییه‌کان بۆ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان له ئێران‌دا له‌چاو ئه‌وه که سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا هه‌یانبوو ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بووبێ، زۆر باشتر نه‌بووه. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بابه‌ته‌كه‌مان، به‌وه‌نده قه‌ناعه‌ت ده‌كه‌ین که بڵێین به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ناوچه و تا ڕاده‌یه‌کیش له ئه‌نجامی فرتوفێڵ و کارلهسهرکردنهکانی پشتی په‌رده‌ی خودی رێژیم، ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه له‌سه‌ریه‌ک سه‌باره‌ت به ئایندهی ناسنامه‌ی ئێرانی و ته‌واوه‌تیی ئه‌رزیی وڵات و چۆنیه‌تیی هێنانه‌دیی ئه‌لترناتیڤی سیاسی، ئه‌مڕۆ زیاتر له پێشوو له روانینهکاندا مهزنیگهرا و له شێوازه‌کاندا کۆنسه‌رڤاتیڤ بووه. بۆ نموونه له‌و شوێنه‌دا که له زه‌مانی شادا رووناکبیران و سیاسییه‌کانی چه‌پی نزیک له “جه‌بهه‌ی میللی” له ده‌ره‌وه‌ی وڵات پشتیوانیی سیاسی و یارمه‌تیی لۆژیستیکیان بۆ ئه‌و بڕه که‌مه له جووڵه‌ی چه‌کداریی چریکهكان بۆ تێکدانی “دوورگه ئارامه‌که‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست” کۆ ده‌كرده‌وه، هه‌مان ئه‌و که‌سانه ئه‌مڕۆ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزووری مه‌یدانی و چه‌کدارانه‌ی کورددا به‌بێ دوودڵی ئه‌م ئاقاره مه‌حکووم ده‌كه‌ن و به قه‌ولی خۆیان به هۆکاری له‌باربردنی ده‌رفه‌تی گۆڕانی نه‌رم و به سوریه کردنی ئێرانی ده‌زانن. نووسه‌ری ئه‌م دێرانه له‌و باوه‌ڕه‌دایه که وێڕای ئه‌وه که هاوخه‌باتی و لێکگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئێلێمنته بهوهزنهکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یه‌کجار زۆر گرینگ و پێویسته، به‌ڵام ئێمه که ده‌ڵێین هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان ده‌بێ بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بکا و نابێ هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان ئاجێندای خه‌بات بۆ پارچه‌یه‌کی دیکه بۆ دیاری بکا، ئه‌و وته و باوه‌ڕه ده‌بێ چه‌ند قات قایمتر و راشکاوانه‌تر له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا جێبه‌جێ بکه‌ین (لانیکه‌م تا کاتێک که حازر به دانپێدانانی به‌كرده‌وه‌ی جه‌وهه‌ری پرسی کورد له ئێران ده‌بن). له سه‌رده‌می ئێستادا سه‌رکه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات، به مه‌رجێک به یه‌كگرتوویی ئه‌و کاره بکا، له به‌هێز کردنی هه‌رچی زیاتری ره‌هه‌ندی مه‌یدانی و قائم به زاتی خه‌باته‌كه‌ی خۆیدایه.
ئه‌نجام : خه‌باتی چه‌كداری، فاکته‌ری ترازێنهر یان سازێنه‌ری نێو بزاڤی کورد له رۆژهه‌ڵات
له سه‌ره‌وه و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ فاکته‌ری هه‌لومه‌رجدا باسی ئه‌وه‌مان کرد که به‌داخه‌وه له ساڵانی دواییدا پرسی خه‌باتی چه‌کداری له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته هۆکارێک بۆ یه‌کخستنی گوتار و کرداری هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات، بۆته فاکته‌رێكی نوێ و “مزید بر علت” بۆ دڕدۆنگی و لێکدوورکهتنهوهی ئه‌و هێز و لایه‌نانه. له‌لایه‌ک، ئه‌و هاوبه‌شییه له روانیندا که له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا له‌نێوان به‌ستێنی شۆڕشگێڕی و به‌ستێنی مه‌ده‌نیدا زه‌رووره، به‌و جۆره‌ی پێویسته کاری بۆ نه‌کراوه. له‌لای دیکه‌ش، له‌نێوان خودی هێزه‌کانی به‌ستێنی شۆڕشگێڕیدا هێشتا لێكحاڵیبوونێکی به‌کرده‌وه و به‌رهه‌مدار که هاوههنگاویشی لێ بکه‌وێته‌وه نه‌هاتۆته ده‌ست. هه‌ربۆیه زۆر گرینگه بژارده و لایه‌نه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ستێن و له‌نێوان هه‌ردوو به‌ستێندا به دووربینی و دڵئاوه‌ڵایی و حه‌وسه‌له‌یه‌کی زۆرتره‌وه کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بکه‌ن و نه‌ک هه‌ر له روانیندا به‌ڵكوو له مه‌یدانی کرده‌وه‌شدا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی هاوبه‌ش یا لانیکه‌م هه‌ماهه‌نگ رێک بکه‌ون.
ساڵی ١٩٨٨، کاتێك پاش په‌سندکرانی بڕیارنامه‌ی ٥٩٨ ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان شه‌ڕی عیراق و ئێران کۆتایی پێ دێ، ئه‌و نیگه‌رانییه له دڵی تێکۆشه‌رانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ئێران‌دا زیندوو بۆوه که ره‌نگه ئاشتیی ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر حیسابی بزوتنه‌وه‌ی کورد بێ و سیناریۆی ساڵی ١٩٧٤ ی کورد له عیراق ئه‌مجار به‌دژی کورد له ئێران دووباره بێته‌وه. له هاوین و پاییزی ئه‌وساڵه‌دا دوکتور قاسملوو نامه‌یه‌ک بۆ گزاڤیه پێرێز دیکویلار سکرتێری گشتیی ئه‌وده‌می رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌كان ده‌نێرێ و له ئه‌نستیتۆی هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکای لاتینیش له مادرید وتارێک پێشکه‌ش ده‌كا. ناوبراو وێڕای ئه‌وه که ره‌تی ده‌كاته‌وه که هه‌ر جۆره رێککه‌وتنێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کی ناوچه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا کاپیتولاسیۆن (خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان)ی کورد و حیزبی دێموکڕاتی لێ بکه‌وێته‌وه، دڵنیایی ده‌دا که هه‌تا کاتێک کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌رنج نه‌داته پرسی کورد له ئێران و هه‌تا کاتێك وڵامی خواسته ره‌واکانی گه‌لی کورد له ئێران‌دا نه‌درێته‌وه، ئه‌و گه‌له به هه‌ر رێگایه‌ک که له‌به‌رده‌ستی بێ (بخوێنه‌وه به خه‌باتی چه‌كداریشه‌وه) خه‌باتی خۆی هه‌ر درێژه ده‌دا.
(١) امیر پرویز پویان، ضرورت مبارزه مسلحانه و رد تئۆری بقا، انتشارات چریکهای فدائی خلق ایران، ١٣٥٠.
(٢) منصور حکمت، مصاحبه با “کمونیست”، شماره ٦٠، بهمن ماه ١٣٦٩.
(٣) Guevara, Ernesto: Guerrilla Warfare, Souvenir Press, ISBN 978-0-285-63680-4.
لە ژماره ٦٩٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه