کوردەکان زیاتر لە گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتوونەتە بەردەم پاڵەپەستۆ و قوربانییەکی زۆریان لە رێگای گەیشتن بە ئامانجەکان پێشکەش کردوە. کوردەکان لە پێش کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و دواتر بێڕەحمانە کەوتنە بەر تیغی زلهێزە ناوچەیی و جیهانیەکان. ئەوان ئەو کات هاوتای نەتەوەکانی دیکە تەیار و شارەزا نەبوون و خاوەنی گەڵاڵە و چوارچێوەی کاری تێکڕایی بۆ رۆژانی کۆتایی شەڕ نەبوون. کوردەکان وەک ئەمڕۆ لە نێو هێزە جیاوازەکاندا پەرتەوازە و لە قۆرت و پێچەکانی سیاسەت و دیپلۆماسی هێزە باڵادەستەکاندا سەرگەردان بون. ئەمڕۆ ناوچەی کوردان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ. دووپاتکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو ئاکامی نەرێنی بەدوای خۆیدا دێنێ و قەرەبووکردنەوەی شکان و کەوتنە مێژووییەکان کارێکی ئاسان نییە.
لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا جیهان بە شێوازێکی سەرسووڕهێنەر گۆڕاوە. کوردەکان بە بەراوەرد بە کوردەکانی سەردەمی سایکس-پیکۆ و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی گۆڕاون، بەڵام هێشتا وەک رابردوو گیرۆدەی پەرتەوازەیی و دابڕانن. ئەوان لە ماوەی سەدەیەکدا بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکانی سەردەمی مۆدێڕنیان وەرگرتوە، بەڵام لە بەستێنی کار و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیدا وەک جارانن. ناوچەگەرایی، زاراوە و عەشیرەت بە سیاسیی کراون و لە رەوتی کار و تێکۆشانی بە ناو کوردایەتیدا وەک ئامراز کەڵکیان لێوەردەگیرێ. هەستی کوردایەتی لە کوردستاندا زیاتر لە پرسی جۆغرافیادا کۆکراوەتەوە و تاریف کراوە. ئەو رەوتە ئەگەرچی ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە، بەڵام هێشتا ویستی زۆرایەتی و تاکی کورد بۆ فێربوونی زمانی دایک، ئەدەب و وێژە و رامان لە رابردوو و پێناسەی خۆ لاوازە. ئەمڕۆ زۆرایەتی گەلی کورد نە تەنیا بە زمانی دایکی ناتوانێ بنووسێ، بەڵکو ناتوانێ مێژوو و سەربردەی هەمەلایەنیی نەتەوە و نیشتمانەکەی بخوێنێتەوە.
ناسیۆنالیزمی کوردی بە لاوازی دەرکەوتوە و لە بەستێن و بازنەی بەرگریکردندا شکڵی گرتوە. ئەو ناسیۆنالیزمە کولتور، زمان و گەلی خستۆتە پاشەوەی سیاسەت. لە ئاکامدا دابڕانیکی گەورە لە نێوان تاک و کۆی کوردەکاندا خوڵقاوە. کوردەکان خاوەنی زمانیکی هاوبەشی نووسین و خوێندنەوە نین، کە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بە ئاسانی بتوانن لە دەرد و مەرگی یەکتر تێبگەن و هەستی کوردایەتیی و یەکبوونیان بگاتە ئاستی پێویستی پڕاگماتیسم و کردار. ناسیۆنالیزمی کوردی لە پاشخانی بەهێزی کولتوریی و زمانەوانی سوودمەند نەبوە، بۆیە بزوتنەوە و راپەڕینەکان بەردەوام لە بازنەیەکی دیاریکراودا ماونەتەوە و خەڵکێکی زۆر بە زانیاریی و تێگەیشتنەوە لە پرسەکاندا بەشدار نەبوون. کارکردن لە سەر کولتور و زمان رێگاخۆشکەری خەباتی سیاسیی و دواتر خۆئیدارەکردنە و دەلاقەی دەرفەتەکان بە ئاسانی بە سەر نەتەوەدا دەکاتەوە. پاش تێپەڕینی ١٠٠ ساڵ هێشتا پەرتەوازەیی لە سەرجەم کایەکانی ژیانی سیاسی، کولتوری، زمانەوانیی و تێکۆشانی کورداندا دەبیندرێ.
ناسیۆنالیزمی کوردان لە بازنەی ناسیۆنالیزمی کەمایەتییەکاندا جێدەگرێ. ناسیۆنالیزمی نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستان بە رێژەیەک لیبڕاڵ و کراوە نەبوون و نین، کە دەرفەتی بوون، گەشەکردنی ئازاد و هاوتا بۆ هەموو لایەک بخوڵقینێ. لە ئاکامدا ناسیۆنالیزمی کوردان لە بازنەی جۆغڕافیای عوسمانییەکان یان ئێرانییەکان و دواتر چوار دەوڵەتی ئێران، تورکیە، عێڕاق و سوریەدا سرووشتی کەمایەتی بەخۆوە گرتوە. ناسیۆنالیزمی کوردی، لە ژێر دەواری ناسیۆنالیزمی رەق و هێرشبەرانەی دەوڵەت و نەتەوە سەردەستەکاندا زۆر دەرفەت و هەلی لەباری لەدەست چووە. ئاڵوگۆڕی سیستم و دەسەڵاتەکان لەو وڵاتانەدا کەمتر دەرفەتی دیالۆگی ئازاد و کراوەی لەو بەستێنەدا خوڵقاندوە و کولتور و دەربڕینەکان بەرامبەر بە پرسی مرۆڤ، گەلان، ئازادییەکان و هتد زۆر نەگۆڕاون.
داهاتووی کوردەکان بە داهاتووی دەوڵەتە سەردەست و جۆری رێکخستنەوەی گرێبەستی سیاسی نێوان ئەکتەرە سیاسیی و ئابورییەکانی ناوچە و جیهانەوە گرێدراوە. فاکتەرەکان وەک جاران رەنگاوڕەنگن و کوردەکان وەک جاران فاکتەری لاوەکین. کوردەکان بۆ ماوەی چارگە سەدەیەکە، کە لە باشووردا خاوەنی جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرین و، بەشێکن لە عێڕاقێک، کە چارەنووسی بەستراوەتەوە بە زۆر فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی. عێڕاقی تازە، لە سێ زۆنی شیعە، سوننە و کورددا درێژە بە ژیانی سیاسی دەدا. کوردەکان ئەگەرچی خاوەنی ستاتوسی دێفاکتۆن، بەڵام پرسەکەیان یەک لا نەبوەتەوە. دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکان بە پڕش و بڵاوی ئیدارەی کەیسی کورد دەکەن. ئەوان لە نێوخۆدا وەک رابردوو ناکۆک و لە بەغدا خاوەنی سیاسەتی چەند روخسارین و بە کردەوە وەک سەردەمانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە نێوان زلهێزە ناوچەییەکاندا پەرتەوازەن.
کوردەکان لە باشوور بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکانیان هاودەنگ و خاوەن نەخشەرێگای نیشتمانی نین و هەر لایەنە دەخوازێ بە جۆریک چارەسەری دۆخەکە بکرێ. ئەوان لە جیاتی کارکردن بۆ لەبەریەک هەڵوەشانی عێڕاق و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ سەربەخۆبوون، سیاسەت و دیپلۆماسی ناسەرکەوتوویان گرتەبەر. چاوخشاندنێکی لۆژیکی بە رووداوەکانی ئەو ناوچەیە دەیسەلمێنێ، کە ئەوان بە کردەوە خۆیان بۆ دوارۆژی رووداوەکان ئامادە نەکردوە. ئەگەرچی گەورەترین دەرفەتی زێڕین و مێژووییان بۆ رەخساوە، بەڵام بەکردەوە کەمترین کەڵکیان لێوەرگرتوە. روانگەی هێز و لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت خەڵک وەک جاران ناڕێکخراو و ئیرادەیەکی یەکلاکەرەوە نابیندرێ. بە واتایەکی دیکە، ئەوان لە سەر مانەوە و جیابوونەوە لە عێڕاق هاوڕا نین، بۆیە درێژە بە بارودۆخی هەنووکەیی دەدەن، کە بەرێگاچارە ناژمێردری. ئەوان چاوەڕوانن، کە دۆخەکە یەکلابێتەوە و دواتر داوای پشکی خۆیان بکەن، کە لە گەڵ کڕۆکیی سیاسەتی گەلان ناتەبایە.
سوریە لە چەند دەیەی رابردوودا بە هەناردەکەری سیاسەت بۆ دەرەوەی سنوورەکان دەناسرا، بەڵام چەند ساڵی رابردووی بە دژوارترین قۆناخی ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێ. خاکی ئەو وڵاتە کراوەتە مەیدانی زۆرانبازی بەرەی سوننە، شیعە، رۆژئاوا و رووسیە. کوردەکان و هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوا لە جەرگەی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا بە قۆناغێکی دەگمەن و هەستیاردا تێدەپەڕن. ئەوان لە رۆژانی سەرەتای راپەڕین و شەڕی نێوخۆیی لە سووریەدا رێگای سێهەمیان هەڵبژارد. لە ئاکامدا نەبوونە دژبەری رێژیمی ئەسەد و تێکەڵ بە هێزە نەیارەکانی ئەسەدیش نەبوون. هێزە کوردە رۆژئاواییەکان وەک هێز و رێکخراوی پارچەکانی دیکەی کوردستان یەکدەنگ و یەک ئامانج نین و ناسیۆنالیزم و هەستی کوردایەتی لەو پارچەیەش فرە رەهەند گەشەی نەکردوە. ئەوان لە ژێر کارتێکەری هێزە کوردییەکانی باکوور و باشوور و دۆخی دژواری ناوچەکەیان خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆ نەبوون. شایانی باسە، کە شەڕی هێزەکانی داعش دەلاقەی زۆرتری بە سەر کورد لە رۆژئاوا و باشووردا کردەوە وپاڵپشتی رۆژئاواییەکانی بۆ ئەوان تا ئیستا دەستەبەر کردووە .
هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوا بە هۆکاری جیاواز لە لایەن هێزە نەیارەکانی ئەسەد، رێژیمی بەعس و بەشێک لە دەوڵەتە کاریگەرەکان لە رەوتی وتووێژ بۆ ئاگربەستی درێژخایەن و هتد پەراوێز دەخرێن. تورکیە بە سەرکەوتنی کورد لە رۆژئاوا شاد نییە، بۆیە تێکۆشاوە رۆژئاوا لە بازنەی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا ستاتوسێکی سەربەخۆ وەرنەگرێ. کوردەکان لە رۆژئاوا بە هێنانەگۆڕی درووشمی تازە و هەڵبەزدابەز لە رێباز و ئامانجەکانیاندا وتار و روانگەی تەم و مژاویان بڵاوکردۆتەوە. ئەوان لە دوارۆژی سووریەدا و لە ئەگەری ئاڵوگۆڕی گەورەشدا رەنگە پشکێکی زۆریان بەرنەکەوێ، چوونکە پێناسەی نەتەوەیی و سروشتی سیاسەتکردنیان درێژەی جوڵە و گەشەی بزووتنەوە نێوخۆییەکان نییە. ئاشکرایە، کە رێژیمی ئەسەد تێکۆشاوە کەڵکی تاکتیکی لە کوردەکان وەرگرێ و ئامادە نین ویست و داخوازی کوردەکان قبوڵ بکەن. کوردەکانی رۆژئاوا لە ئەگەری پەراوێزخران دەتوانن لە بارودۆخی ناوچەکە سوود وەرگرن و بە پشت بەستن بە سنوورە ئازادەکان زیاتر لە جاران خەباتی مافخوازانەیان چڕتر بکەنەوە و لە گەمەی وشە و درووشمەکان رزگاریان بێ. ئەوان دەتوانن لە مێژووی کورد لە پارچەکانی دیکە لە رەوتی شەڕ و ئاشتیدا سوود وەرگرن و بە چاوکراوەیی لە گەڵ ئەکتەرە بەهێزەکانی ناوچە هەڵسوکەوت بکەن. کاتەکان بەپەلە تێدەپەڕن و دەرفەتەکان ئەگەر نەخوێندرێنەوە، بە ئاسانی دووپات نابنەوە.
باکووری کوردستان و بزووتنەوە فرە رەهەندەکەی رۆژانێکی دژوار تێپەڕدەکات. تورکیە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست و نائومێدیی بەرامبەر بە سیاسەتی یەکێتی ئورووپا، دەرکەوتنی کودەتا و هەروەها شکستی تورکیە و هاوپەیمانەکانی بۆ رووخاندنی رێژیمی ئەسەد لە سووریە سیاسەتی زەبروزەنگی لە نێوخۆدا گرتەپێش. کوردەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا خەباتی پارلەمانیی و فرەڕەهەندیان بەشێوەیەکی گونجاو بەرەوپێش دەبرد. یەکێتی ئورووپا لە پێوەندی لە گەڵ تورکیەدا گرینگی زۆری بە پرسی کورد و مافەکانی دەدا. شایانی باسە، کە کوردەکان لە باکوور بە هۆی سیاسەتی داپڵۆسین و تواندنەوە لە تورکییەی نوێدا، یەک پارچە لە گەڵ ناسینەی خۆیان ئاشنا نین. ئەوان لە دەنگدان و پڕۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیاندا پەرتەوازەن و لە سەر دیاریکردن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان هاودەنگ نین.
دەسەڵاتدارانی وڵات تێدەکۆشن پڕۆسە و رەوتی چاکسازی پرسی کورد لە وڵاتدا بەلاڕێدا بەرن. ئەوان وەک دەوڵەتێکی خاوەن بەرژەوەندی، شارەزای هاوئاهەنگ کردنی تاکتیک و ستراتیژی خۆیانن. بەرپرسانی وڵات بۆ سەرکەوتن لەو سیاسەتەدا لە گەڵ کورد و دەوڵەتەکانی ئێران، سوریە و عێڕاق بە ستایلی جیاواز هەڵسوکەوت دەکەن. تورکەکان لە دیپلۆماسی خۆیاندا شارەزان و ئەگەر لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تووڕە و جاڕز بوون بەرەو رووسیا دەکشێن. ئەوان لە رۆژانی پێش دامەزراندنی کۆماری تورکیە سیاسەتی خۆیان لە سەر هێڵی بەرژەوەندیی دەوڵەتەکەیان داڕشتوە و بەڕێوەبردوە. کوردەکان لە بەرامبەر تورکەکاندا بێجگە لە رەوایەتیی خەباتەکەیان زۆر کارتی کارایان لەبەردەستدا نییە. ئەگەرچی بە بەراورد لە گەڵ رابردوو بزوتنەوەیەکی بەربڵاویان وەڕێخستوە، بەڵام بۆیان نەلواوە رەوتی خەبات بۆ ئەستاندنی مافەکانیان بەرین، قوڵ و یەکدەست بکەن. بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆسپ و تەگەرانە، بزوتنەوەی کورد لە باکوور پێویستە سیاسەتێکی هاوتا و هاوسەنگ لە گەڵ تورکیە و دەرەوەدا بگرێتەبەر. سیاسەتی رۆژ، تاکتیک و ستراتیژی ناکرێ لەوە زیاتر لە گەڵ یەکتردا ناتەبا بن. باکووری کوردستان زیاتر لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە یەکێتی ئورووپا سەرمایەگوزاری لەسەر کراوە و ناکرێ سوود لەو دەرفەتانە وەرنەگیرێ.
ئێران، بە رێویە پیرەکەی ناوچە و پرسی کوردان دەناسرێ. ئەو دەوڵەتە زیاتر لە هەموو دەوڵەتەکانی زاڵ بە سەر کوردستاندا خۆی لە پرسی کورد دزیوەتەوە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە کۆنەوە داد و هاواریانە، کە کێشەیەک بە ناوی کورد و گەلانی دیکە لەو وڵاتەدا بوونی نییە . کوردەکان لەو وڵاتەدا وەک خزم و سنوورپارێز ناسێندراوان و هەوڵدراوە، لە رێگای ئەو وشە و دەستەواژانە سۆزی کوردی پارچەکانی دیکە بۆ لای خۆی راکێشن. کوردەکان لەو وڵاتەدا بە شێوازی جیاواز چەوساونەوە و سیاسەتی ئێران بۆ دژایەتی کورد ترسناک و دوورمەودایە. بەرپرسانی رێژیمی ئەمڕۆ و تەنانەت دوارۆژی ئێران، بیری چارەسەرکردنی پرسی کوردیان لە بەرنامەدا نییە. کولتووری سیاسەت و خوێندنەوەی نەتەوەی باڵادەست بە جۆرێک داڕێژراوە، کە توانای دیتنی کورد و نەتەوەکانی دیکەیان نییە. ئەوان بە شیری چەوسانەوەی کورد و گەلانی دیکە فرچکیان گرتووە و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو سیاسەتە نابن.
کوردەکانی رۆژهەڵات کەوتوونە ژێر رکێفی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی تاران و کولتووری نەتەوەی سەردەست. لە ئاستێکی بەریندا ئەوانیش لە گەڵ زمانی دایک و ناسنامەی خۆیان نامۆن و شارەزای مێژووی کۆن و نوێی خۆیان و ئەوانی دیکە نین. کوردایەتیی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان نەبوەتە کولتووری رۆژانە و ئەو ئەرکە بە هێز و رێکخراوە سیاسییەکان سپێردراوە. هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان وەک خەڵکی نێوخۆ دابڕاو و خاوەنی تاکتیک و ستراتیژی کاری هاوبەش نین. لە نێوخۆدا جووڵە و تێکۆشان لە پێناو گەشەپێدانی زمان و کولتوردا کەمە و رێژەیەکی کەم لە کوردەکان دەگرێتەوە. خۆ بە ئێرانی ناساندن و قسەکردن بە زمانی نەتەوەی سەردەست لە نێو بەشێک لە کوردانی رۆژهەڵاتدا بۆتە کولتوور و بەمجۆرە کوردایەتی و ناسنامەی خۆیان پوشبەسەر دەکەن. تاکی کورد لەو پارچەیەی کوردستاندا نەکەوتوەتە سەر رێچکەی خۆناسین، هەرچەندە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا خوێن و قوربانییەکی زۆر دراوە.
ئێران خاوەنی خەڵکێکی سەرکزە و بە ئاسانی دژ بە دەسەڵاتدارە زاڵمەکان راناپەڕێ، بەڵام درەنگ یان زوو ئەو نیزامە دەکەوێ. کورد و هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیە بۆ شکاندن و دەرچوون لە بازنەی شکستەکان پێویستییان بە نەخشەرێگای تازە و هەنگاوی کردەیییە. شۆڕبوونەوە بە ناخی کولتوور، زمان، مێژوو و گەشەپێدان و ساغکردنەوەی هێڵ و رێبازە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان پڕۆژەیەکی درێژخایەن و کراوەیە. چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و قسەکردن لە سەر ئەو بابەتە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا پێویستی بە پاشخانێکی پتەوی شوناس و کوردایەتییە. رێگای ئازادی و گەیشتن بە ئامانجە مرۆیی و نەتەوەیییەکان تەنیا بە هێز و وزەی پارتە سیاسیی و رێکخراو و چالاکانی کورد خۆش ناکرێ. کارکردن لە سەر کەسایەتی کورد و راستکردنەوە و گەڕاندنەوەی شکۆ و کەرامەت بۆ کۆمەڵگا بە هەنگاوی یەکەم دەژمێردرێ. شەڕی کوردان لە دوارۆژی کوردستاندا پێویستی بە تاکی باوەڕدار و کۆی خاوەن هەڵوێست و یەکدەنگە. گەلی کورد لەو پارچەیەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی رەق و نەرمی رێژیم و تەنانەت دەستوپەنجە نەرمکردن لە گەڵ دژوارییەکانی سبەینێ، پێویستی بە کولتوورێکی تۆکمە و داڕێژراو، هێز و شارەزاییە. بۆ دەستبەرکردنی دوارۆژ و بوونی داهاتوویەکی بەختەوەر دەبێ بەرەی دیپلۆماسی، ئابوری، کولتوری، زمان و وێژە، زانست و راگەیاندن، خۆپاراستن و بەرنگاریی و بە تایبەت ناسنامەی سیاسی بەهێز بکرێن.
تەوژمی جوڵەی ناسیۆنالیزمی کوردان ئەوەندە بە بڕشت و کارا نییە، کە کەند و کۆسپە نێوخۆییەکان ببڕێ و لە سنوورە داسەپاوەکان بپەڕێتەوە. هێزە سیاسییەکان لە جاران زۆرترن و خاوەن بەرنامە و پڕۆگڕامی دیاریکراوترن، بەڵام بەربەستە کۆنەکان لە گۆڕەپانەکەدا چالاکن. کوردەکان بە کردەوە لە نێوخۆی پارچەکانی کوردستاندا لە یەکتر دابڕاون و لە ئاستی گشتییدا خاوەنی تێگەیشتنی هاوبەش و راشکاو بۆ چارەسەرکردنی پرسەکەیان نین. زمان، کولتوور، ژینگە، کەسایەتی کورد و زۆر سەرمایەی کوردان لە ماوەی سەدەی رابردوودا زەبری کاریگەریان لێدراوە و بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێنەوە. کوردەکان وەک جاران لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا لاوازن وەک گەلانی دیکە بە شێوازی مۆدێرن و ئەمڕۆیی کار ناکەن. ئەگەر کوردەکان و بزوتنەوە سیاسییەکانیان لە رابردوو وانە وەرنەگرن، رەنگە وەک رابردوو بەهێواشی پەراوێز بخرێن و بە گوێرەی ویستی هێزە باڵادەست و ئەکتەرە بەهێزترەکان پشتگوێ بخرێن.
کوردەکان خاوەنی وزە و هێزێکی شاراوە و ناڕێکخراون، کە ئەگەر لە رایەڵکەی خۆناسین، کوردایەتیی و نیشتمان خۆشەویستیدا یەکبگرنەوە چارەنووسی خۆیان دەگۆڕن. گەلان لە قەیرانە گەورەکاندا تاقی دەکرێنەوە و متمانەی گشتیی لە سەنگی مەحەک دەدرێ. کوردەکان پێویستییان بە هزری خۆئیدارەکردنە و هەموو ئاماژەکان دەیسەلمێنن، کە لەو پێوەندییەدا لاوازن. کوردەکان و هێزە سیاسیی یەکانیان لە بەردەم بژاردەیەکی دژواردان و بە بیانوی جیاواز ناکرێ گەمە بە چارەنووسی خاک و خەڵک بکرێ. ئەوان یان رێچکەی کۆن دەپێون و لە کۆتاییدا دەکەون یان ئەوەی بە شێوازێکی نوێ بەرەو دوارۆژ هەنگاو هەڵدەگرن. ئەگەر کوردەکان خۆیان نەبن، کەس و لایەنی دیکە بەرگری لە خاک و نەتەوەکەیان ناکا. کوردەکان هەتا ئەوکاتە بە زمانی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ شکست و سەرکەوتن، هزر و بیری ئازادیخوازی، ناسینەی خۆ و ئەوانی دیکە نەکەن زۆر ئەستەمە بتوانن خاوەنداریەتی خاک و خۆیان بکەن. ئەوەی کە، کوردەکان لە نێوخۆدا کۆک نین و بەشێکی بەرچاو لە گەڵ کولتوور و دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستە، دەیسەلمێنێ، کە دابڕانێکی گەورە لە جیهانبینی و تێگەیشتنی تاک و کۆی کورداندا هەیە. گەلانی ئازا و متمانەبەخۆ لە قەیرانەکاندا چۆک دانادەن و لە پێناوی ئازادژیان و ژینێکی سەربەستدا ئامادەی فیداکاریی و خۆڕاگرین.
لە ژماره ٦٩٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه