وەرگێران: سمایل
رۆژی ٢٦ی نوامبری ٢٠١٦ پارلمانی عێراق بە زۆرینە، دەنگی بە پرۆژەی بەیاسایی کردنی”حەشدی شەعبی” دا و دوای دووساڵ لە درووستبوونی، ئەم گرووپە چەکدارە وەک هێزێکی رەسمی لە ریزی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بە ئیمتیازی تایبەتیی وەک؛ بوودجەی تایبەت و پڕچەککردن و راهێنانانەوە جێی گرت.
ئەم گرووپە لە هاوینی ساڵی ١٠١٦ و دوای پاشەکشێ و شکستەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی عێراق بەرانبەر بە هێزەکانی داعش لە موسڵ و ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە، بە فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی، مەرجەعی شیعەکانی عێرا ق و بە مەبەستی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان پێک هات. لە رۆژەکانی سەرەتای پێکهاتنی ئەم گرووپەدا پۆل پۆل لە لاوان و خەڵکی دیکە بە شێوەی خۆڕسک بە بێراهێنانی سەربازی پێیەوە پەیوەست بوون و دواتر لە ژێر چاودێری سپای پاسدارانی ئێراندا سازماندران و بەهاوکارییەکانی ئەرتەشی عێراق و پڕچەککردنیان بە چەک و چۆڵی ئەم ئەرتەشەو، بڕینەوەی موچەو بوودجەی تایبەت بۆیان، توانیان خۆ بگرن و رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر بن. بە شێوەیەک کە زۆر جار پێش ئەرتەشی عێراق دەکەوتن. ئەم گرووپە چەند جارێک لە لایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە بە تاوانی کوشتاری بێبەزییانەی خەڵکی سڤیل و مەدەنی تۆمەتبار کراوە.
دامەزرانی حەشدی شەعبی زۆر وەک دامەزرانی سپای پاسداران لە ئێران دەچێ و تەنانەت چەند جارێک بەرپرسانی عێراقی رایانگەیاندووە کە ئەم گرووپە لە سەر بنەمای ئەزموونی سپای پاسدارانی ئێرانی دامەزراوە. ئێران جیا لە یارمەتیدانی حەشدی شەعبی لە بواری سازماندەیی و ساختارییەوە، لە بوارەکانی لوژێستیکی و چەک و چۆڵی سەربازییەوە، یارمەتییەکی بەرچاوی بە حەشدی شەعبی داوەو تەنانەت زۆرێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی یش راستەوخۆ ئەندامی سپای پاسدارانی ئێرانن.
پرسیارێک کە لەم پێوەندییەدا دێتە گۆڕی ئەوەیە کە بۆچی سپای پاسداران و حەشدی شەعبی بەش و لقێک لە ئەرتەشی وڵاتەکانیان نین و وەک هێزێکی سەربەخۆ و هاوتەریب لە لەگەڵ ئەرتەش دەجووڵێنەوە و خۆ پێناسە دەکەن.
ئەرتەشەکان لە دوو رێگای “کودەتا” و راگەیاندنی “بێلایەنی”یەوە رۆڵێکی بەرچاو لە شۆرشەکان و لادانی رێژیمەکان و رێبەراندا دەگێڕن. لە شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ دا ئەرتەشی ئێران رێگای دووهەم( بێلایەنی)ی هەڵبژاردو خێرایی بە رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بەخشی. دوای شۆرشی ١٣٥٧ و بە دەسەڵاتگەیشتنی ئایەتوڵڵا خومەینی، بەشێک لە ئەرتەش لێک هەڵوەشابۆوە و لە هێندێک شوێن و ناوچەی ئێراندا، بۆشایی ئەمنیەتی و نیزامی چێ ببوو. گرووپی جیاجیای وەک؛ “سازمانی مجاهدینی ئینقلابی ئیسلامی”، “گاردی ئینقلاب” و “گاردی زانکۆکان” بە شێوەی خۆبەخش و خۆڕسک بەناوی پارێزگاری لە “انقلاب” دامەزرابوون. ئەمە دەرفەتێکی بۆ خومەینی خولقاندبوو کە هاوکات لە گەڵ ساغکردنەوەی ئەرتەشی وڵات، بە تێکەڵکردن و لێکدانی ئەم گرووپە خۆرسک و خۆبەخشانە، سپایەکی نوێی هاوتەریب لە گەڵ ئەرتەش دابمەزرێنێ کە ئەندامانی ئەم سپایە زیاتر لە رووی ئیدئۆلۆژییەوە بەستراوە بە خودی خومەینی بن.
خومەینی بە دوو ئامانج ئەم سپایەی دامەزراند: ئامانجی یەکەم بریتی بوو لە رووبەرووبوونەوەو لە کۆتاییدا لادانی تاقم و گرووپەکانی رەقیب و چەکدار کە لە سەرەتاکانی شۆرش دا دامەزرابوون. هەرچەند ئەم گرووپە سەرەڕۆیانە لە لایەن خومەینییەوە پشتیوانییان لێ دەکرا، بەڵام ناوبراو بە تێکەڵکردن و توانەوەیان لە سپایەکدا دەیهەویست رێگاکانی بە دەسەڵاتگەیشتن و بەهێزبوونیان لێ بگرێ. ئامانجی دووهەمی خومەینی لە دامەزرانی سپای پاسداران بێبڕوایی و بێمتمانەیی بە ئەرتەش بوو. شارەزاییەک کە خومەینی لە رۆڵی ئەرتەشەکان و لایەنگیرییەکانی ئەوان لە ئێران و زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیبوو، بەو ئاکامەی گەیاندبوو کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سناریۆی ئەرتەشی ئێران لە داهاتوودا بە نیسبەت دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆیەوە هەر لە ئارا دایە. ناوبراو پێی وابوو بە دامەزراندنی سپای پاسداران دەتوانێ پێش بەم هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتێک کە لەوانەیە نەتوانێ وادەو بەڵێنییەکانی بە جێ بگەیەنێ، بگرێت. هەر بۆ ئەم مەبەستە ناوبراو بە دامەزرانی سپای پاسداران نە تەنیا وەک هێزێکی هاوتەریب، بەڵکو وەک جێگرەوەیەکی ئەرتەش، هێزێکی پێک هێنا کە نەتەنیا لە رووی سیاسی و یاسایییەوە، بەڵکوو لە رووی فکری و ئیدئۆلۆژییەوە بەتەواوەتی بەستراوە بە رێبەری مەزهەبیی ئێران بوو. بەم شێوەیە خومەینی رۆڵی ئەرتەشی لە داهاتوودا لاواز کردو رۆڵی ئەم هێزەی لە هەر شێوە کودەتاو بێلایەنییەک لە داهاتوودا لە نێو برد.
شەڕی ئێران و عێراق بۆ سپای پاسداران دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی هێزێکی زۆر بگرێتە خۆ و بنەماکانی خۆی بەهێز بکات و تەنانەت ئەولاتریش بڕوات و پەل بۆ بەشە دەوڵەتییەکانی بهاوێژێ. بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ سپای پاسداران هەر تەنیا باڵێکی سەربازی نیە، بەڵکوو وەک باسکێکی بەهێزی سیاسی و ئابووریش لە معادلەکانی ناوخۆیی و دەرەکیدا رۆڵ دەگێڕی و زۆر جاریش قسەی یەکەم دەکات و نەتەنیا رۆڵی ئەرتەش، بەڵکوو رۆڵی دامودەزگا ئابووری و سیاسی و کۆمەڵەیەتییەکانی دەوڵەتی سڕ کردوە و بۆتە بڕیاردەرێکی بەهێز و سەرەکی لە تەواوی کاروبارەکانی ناوخۆو دەرەکیدا.
بە دامەزران و پێکهێنانی سپای قودس وەک باسکی دەرەوەی سنووری سپای پاسداران، رۆڵی ئەم دامەزراوە سەربازییە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران پڕرەنگتر بوو. لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی لوبنان لە دەیەی هەشتای زایینیدا، باسکی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی سپای پاسداران، بە شێوەی خۆی کۆمەڵێک هێزو تاقمی ئیسلامگەرای شیعەی لێکداو “حیزبوڵڵای لوبنان”ی لێپێکهێنان و لە رووی ماڵی و چەک و چۆڵەوە لە ئەرتەشی ئەم وڵاتەی وەک هێزێکی سەربەخۆ جیا کردەوە. حیزبوڵڵای لوبنان هەر وەک سپای پاسداران و، راست بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ژێر چاودێری رێبەری ئێراندا بوو بە هێزێکی بەتوانای سیاسی و چەکداری لە دوو وڵاتی سووریەو لوبنان. بە شێوەیەک کە باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە سووریە، رابێرت فۆرد، رۆڵی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ ئێران بە ویستگەیەکی ئاسمانی شوبهاند لە رۆژهەڵاتی مەدیتەرانەدا. لە راستی دا شەڕی ناوخۆیی لە لوبنان دەرفەتێکی گرینگ بوو بۆ سپای پاسدارانی ئێران بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێتە سنوورەکانی ئیسرائیل.
هێرشی داعش بۆ سەر عێراق لە ساڵی٢٠١٤ و پاشەکشەو شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەرتەشی عێراق کە لە هەڵوەشانەوەی یەکجاری نزیک ببوەوە، دەرفەتێکی دیکەی بە سپای پاسدارانی ئێران بەخشی کە بتوانێ پرۆژەیەکی نوێی دیکەی لە ناوچەکەدا بەڕێوەبەرێت. ئەوەیش دامەزرانی هێزێکی دیکە بوو لە عیراق لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا. لەوانەیە ئەگەر هێرشی داعش بۆ سەر عێراق نەبا، دامەزراندنی ئەم هێزە بۆ ئێران هەروا ئاسان نەبا و، کاتی زۆر زیاتریشی ویستبا. پێش لە هاتنی داعش بۆ عێراق، هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی ژێر چاوەدیڕی سپای پاسداران، ئەوە نەبوون کە وەک هێزێکی سەرانسەری و پۆشتە بێنە ئەژمار. بەڵکوو لە چوارچێوەی گرووپ و تاقمی چووکە و بەستراوە بە مەلایەکی شێعەدا کۆمەڵە جموجۆڵێکیان هەبوو. هەرچەند زۆربەی پێکهاتەی حەشدی شەعبی لە خەڵکی شیعە مەزهەب پێک هاتوون، بەڵام کەمینەیەکی بەرچاویان لە سوننییەکان، مەسیحییەکان، تورکەمەنەکان و …هتدی لە خۆ گرتووە. بەشێوەیەک کە لە رۆژی ٢٦ی نوامبری ساڵی ٢٠١٦دا زۆربەی نوێنەرانی شیعەو هێندێک لە نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی دیکە لە پارلمان بە دەنگ پێدانیان، ئەم هێزەیان وەک هێزێکی عێراقی بە فەرمی ناسی. ئەمە گرینگترین هەنگاوی حەشدی شەعبی یان هەمان سپای پاسدارانی ئێران لە عێراق بوو کە، سەرهەڵدانی دیاردەیەک بە ناوی داعش لە بەئاکامگەیاندنی ئامانجی کۆماری ئیسلامیدا خێرایی پێ بەخشی. هەرچەند هەنگاوی داهاتووی حەشدی شەعبی لە عێراق دیار نیە بەرەو کام ئاراستەیە، بەڵام بە پێی شارەزایی و ناسینێک کە لە کاروکردەوەو نیەتی سپای پاسدارانی ئێران لە بەردەست دایە، دەکرێ پێشبینی بکرێ کە ئەویش لاوازکردنی رۆڵی ئەرتەشی عێراقە کە ئێستا لە ژێر چاودێری ئامریکا دایە. بە سەرنجدان بەوەیکە ئامانجی ئێران لە عێراق لاوازکردنی رۆڵی بەرەی رۆژاواو ئەمریکایە، بەهێزکردنی حەشدی شەعبی و لاوازکردنی ئەرتەشی عێراق دەتوانێ لە بە ئاکامگەیاندنی ئەم ئامانجەدا یارمەتی بە ئێران بگەیەنێ.
دوای لوبنان و عێراق وێستگەی دواتری سپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەکەدا بە روونی دیار نیە کوێ دەبێ. بەڵام بە سەرنجدان بە حزووری ئێران لە دوو وڵاتی سووریەو یەمەن و ئەو جموجۆڵانەی کە سپای پاسداران لە شەڕە ناوخۆییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا هەیەتی، لەوانەیە پرۆژەی داهاتوو، پێکهێنانی سپایەکی نوێی دیکە بێت لەم دوو وڵاتەدا.
لە ژماره ٦٩٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه