بەچۆکداهێنان، تەسلیمبوون و لە باشترین حاڵەتدا لە بێتەفاوەتی و کەمتەرخەمیدا هێشتەوەی نەتەوەی کورد بەرانبەر بە داخوازییە نەتەواییەکانی، بەشێک بووە لە سیاسەتی رەشی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ بە ئاکامگەیاندنی ئەم سیاسەتە، رێژیم بەدەیان پیلانی جۆراوجۆری لەسە خەڵکی کوردستان و رۆڵە تێکۆشەرەکانی ئەم میللەتەو بزووتنەوە رەواکەی تاقی کردۆتەوە.
حاشاکردن لە بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد، بەکەمگرتنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هێرش بۆ سەر هێزە سیاسییەکان، تێرۆری رێبەرانی بزووتنەوە، لەپەراوێزدا هێشتنەوەی شارو ناوچەکانی کوردستان لە رووی ئابووری و پێڕاگەیشتن، بێکارکردن و لەبرسێتیدا هێشتنەوەی خەڵک، بڵاوکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان لە کوردستان و تێرۆر و دەستوەشاندن لە حیزبە سیاسییەکان و تێکۆشەرانیان، داسەپاندنی حوکمی ناڕەوای قورس و گران بەسەر جیابیران و لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی ئازادیخواز و، زۆر کردەوەی دڕندانەی دیکە، ناوەرۆکی کارنامەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن بەرانبەر بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
رێژیمی تاران زۆری هەوڵداو زۆری هەزینە کرد کە بتوانێ بە زەربەوەشاندنی لە هێزو لایەنە سیاسییەکان و لە سەرووی هەمووانەوە حیزبی دێموکرات، جێگەو پێگەیان لە نێو خەڵکدا لاواز بکات و بەخەیاڵی خۆیان لەبیر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان بەرێتەوە. بەڵام وەک دەبیندرێ، ئەم هەوڵانە نەتەنیا نەیانتوانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە و خەڵکی کوردستان لێک داببڕی، بەڵکوو بە پێچەوانەی ئامانجی رێژیم، زیاتر لە هەمیشە بوونە هۆی بە سەرکوتکارناسینی دەسەڵاتدارانی تاران لە ئاستی نێونەتەوەیی دا.
دەسەڵاتدارانی رێژیم کە بۆیان دەرکەوتووە لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە جاران خەڵک روویان لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و سیاسەت و گوتارو خوێندنەوەیان کردوە، لە هەوڵێکی دیکەی تیرۆریستیدا بۆ سەر بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شەوی یەلدای ئەمساڵدا بۆ جارێکی دیکە ویستیان سیاسەتی هەڕەشەو تۆقاندن بەرانبەر بە تێکۆشەرانی ئەم حیزبە پەیڕەو بکەن. بەڵام هەر وەک دیتمان تێکۆشەرانی لیبڕاوی رێگای ئازادیی کوردستان هەر رۆژێک دوای روووداوەکە بە سەدان کەسیان لە دەوری یەک کۆبووەنەوەو ئەم کردوە تێرۆریستییەیان مەحکووم کرد و، هەر دوای چەند حەوتوو، لە رێورەسمێکی تایبەتدا و راست لە شوینی رووداوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا یادەی شەهیدانیان بەرز راگرت و پەیمانی وەفادارییان لە گەڵ هاوسەنگەرانی شەهیدیان دووپات کردوە.
هەر لە پێوەندی لە گەڵ سیاسەتی نەزۆکی رێژیم بۆ بەچۆکداهێنان و دەستەمۆکردنی خەڵكی کوردستان، جێی خۆیەتی ئاماژە بە پەرەپێدان بە دیاردەی بێکاری و لە هەمان کاتدا هەوڵدانی دەزگا ئەمنییەتی رێژیم لە پێناو پەرەپێدان بە دیاردەی خۆشخزمەتی بە رێژیم بکەین. رێژیم دەیهەوێ لە رێگای بێکارکردنی لاوان و لە برسێتیدا هێشتنەوەی خەڵک، زەمینەی راکێشانی خەڵک بۆ خۆشزمەتی و جاشایەتی بەرانبەر بەو ئیمتیازانەی کە بەڵێنییان دەدرێ، بڕەخسێنێ. لەم پێوەندییەدا رێژیم لە رێگای چەندین دامودەزگای ئەمنییەتی وەک بەسیجی دانشئامووزی وخوێندکاری و سپای پاسدارانەوە ساڵانە داوا لە لاوان و خەڵکی دیکەی کاسبکار دەکەن کە هاوکارییان بکەن و چەکیان بۆ هەڵبگرن کە گوایا لە بەرانبەردا ژیانیان دابین دەکەن!!
لە گەڵ ئەوەیکە رێژیم لەم رێگایەوە توانیویەتی کۆمەڵە کەسێکی نەفس نزم فریو بدات و بەخزمەتیان بگرێت، بەڵام لە سەر ئاستی کۆمەڵگای کوردستاندا وەک دەبینین خەڵکی خاوەن ئیرادەو نیشتمانپەروەری ئەم وڵاتە، هیچکات ئامادە نەبوەو ئامادە نیە سەر بۆ دوژمن دابنەوێنێ و فریوی داواکارییەکانی بخوات. هەڵبژاردنی دژوارترین رێگاکانی دابینکردنی بژیوی ژیانی رۆژانەی وەک؛ رووکردنە شارە گەورەکانی ئێران بۆ کرێکاری و، کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی وڵات کە رۆژانە بە دەیان جار مەرگ هەرەشە لە ژیانیان دەکات، سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە.
ژیانی پڕ لە مەرگەساتی کرێکاران و کۆڵبەرانی کورد کە رۆژ نیە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە راوەدوو نەنرێن و تەقەیان لێ نەکرێ و گیانیان لێ نەستێندرێ، باشترین بەڵگەیە کە دەیسەلمێنێ ئەم میللەتە تەسلیمی سیاسەتە رەنگاورەنگەکانی رێژیم نابێت و شەرافەتمەندانە دەژی و ئەگەریش پێویست بوو هەر بە شەرافەتەوە دەمرێ. وەک چۆن هەر یەک دوو رۆژ پێش ئێستا کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سەردەشت وەژێر ڕنووی بەفر کەوتن و لە پیناوی بژیوی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا چەند کەسێکیان سەربەرزانە گیانیان لە دەست دا.
سیاسەت و هەڵوێستێکی دیکەی دژی گەلییانە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، چاوترسێن کردنی خەڵکی کوردستانە بەرانبەر بە پشتیوانییان لە رۆڵە تێکۆشەرەکانیان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان. حزووری راستەوخۆی ئەم چەند ساڵەی دوایی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات(دێموکراتەکان) لە نێو خاک و خەڵکی خۆیاندا، تا رادەیەکی بەرچاو دەسەڵاتدارانی رێژیمی نیگەران کردوە.
لە گەڵ ئەوەیکە هەر لەم چەند ساڵەدا بە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر پێشمەرگەکان و بۆمبدانانەوە بۆیان، رێژیم هەوڵی داو زەبر لە هێزی پێشمەرگەو بوەشێنێ و جمووجۆڵەکانیان لە نێو خەڵکدا بەرتەسک بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە جۆرێکی دیکەیش دەیهەوێ خەڵکی کوردستان لە حزووری پێشمەرگەو پشتیوانی لێکردنیان بسەڵەمێنێتەوە.
سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر شەهید محەممەدی عوسمانی لە ناوچەی رەبەت بە تاوانی هاوکاری کردنی لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فەرماندەیی شەهید هەمزە سارتکەیی و، هەروەها سەپاندنی حوکمی ئێعدام و، زیندانیی درێژخایەن بە سەر چەند هاووڵاتییەکی ناوچەی شنۆ بە تاوانی هاوکاری کردنیان لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردسیانی ئێران، دوو نموونەی نزیک و هەرە بەرچاون کە ریژیمی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لەم رێگایەوە ناچار بە بێتەفاوەتی و تەسلیمبوون بکات.
بەڵام ئەگەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران توانیبای بە رەچاوکردنی ئەم پیلان و سیاسەتانە، نەتەوەی کورد تووشی بێتەفاوەتی و تەسلیمبوون و دەستەمۆیی بکات، ئەمڕۆ دوای نزیک بە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی ئەم رێژێمە، رۆژهەڵاتی کوردستان نە پێشمەرگەی دەبوو، نە زۆربەی زیندانیانی سیاسیی نێو چاڵە رەشەکانی رێژیمیش کورد دەبوون و نە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم نیشتمانەیش ناچار دەبوون لە پێناو ژیان و مانەوەی سەربەرزانەی خۆیان و بنەماڵە و کۆمەڵگاکەیاندا، تووشی دەیان هەڕەشەو مەترسی ببنەوە!!.