22ی ئاوریلی١٨٩٨ یه‌که‌م ژماره‌ی»کوردستان»، یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی له‌لایه‌ن میقداد میدحه‌ت به‌درخانه‌وه له شاری قاهیره ده‌رچوو.١١٧ ساڵ له‌و مێژووه تێپه‌ڕیوه. ده‌رچوونی ئه‌م رۆژنامه‌یه له رووی سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌وه گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه؛ له‌و ماوه‌یه‌دا رۆژنامه‌نووسیی کوردی له بواری جیاجیادا گه‌لێک خزمه‌تی به نه‌ته‌وه‌ی کورد کردوه، به‌ڵام که‌ندو کۆسپێکی زۆریشی له‌سه‌ر رێگای هه‌ن. هه‌رچه‌ند چاره‌نووسی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ش له چاره‌نووسی کوردی بێ ماف و له‌تله‌تکراو جیا نه‌بوو، به‌ڵام بوو به ده‌سپێکی ره‌وتی رۆژنامه‌نووسیی کوردی که هه‌تا ئێستا به بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و وڵاتی سه‌ربه‌خۆ بێ، درێژه‌ی هه‌یه.
له‌م وتاره‌دا له دوو روانگه‌وه سه‌یری ره‌وتی رۆژنامه‌نووسیی کوردی کراوه؛ یه‌که‌م، ئه‌و کاریگه‌رییه پۆزه‌تیڤانه‌ی که رۆژنامه‌نووسیی کوردی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و رۆشنبیریی کوردی هه‌بووه و هه‌یه، دووه‌م، ئه‌و که‌موکورتی و کۆسپانه‌ی که رۆژنامه‌نووسیی کوردی له‌گه‌ڵیان به‌ره‌و ڕوویه.
له رووی فه‌رهه‌نگییه‌وه رۆژنامه‌نووسیی کوردی کاریگه‌رییه‌کی یه‌کجار پۆزهتیڤیی له‌سه‌ر کورد هه‌بووه. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی یه‌که‌م هه‌نگاوی کورد بۆ نووسینی په‌خشانه (نثر)، ده‌توانین بڵێین له یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانه. هه‌تا ئه‌و کاته زمانی نووسین وه‌ک زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، زمانی هۆنراوه و شێعر بوو. هه‌تا ئه‌و سه‌روبه‌نده شێعر ئه‌رکی باسکرنی هه‌موو مه‌سه‌له‌کانی له‌ئه‌ستۆ بوو؛ مه‌سه‌له فه‌لسه‌فی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسیه‌کان، مێژوویی و چیرۆک هتد به زمانی شێعر بوون. به به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵگا نه‌ده‌کرا هه‌موو شتێک هه‌ر به شێعر و هۆنراوه بێ، چونکه هه‌م زه‌حمه‌ته، هه‌م ته‌نیا شاعیران له‌ده‌ستیان ده‌هات. بۆیه بۆ باسکردنی مه‌سه‌له سیاسی، فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و زانستییه‌کان و گه‌یاندنیی هه‌واڵ و رووداوه‌کان پێویست بوو په‌خشان دابکه‌وێ. ده‌ستپێکرانی ره‌وتی رۆژنامه‌نووسی و به واتای ده‌ستپێکردن یان لانی که‌م په‌ره‌گرتنی په‌خشان نووسی بوو.
ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی کوردی له کاتێکدا سه‌رکوت، ئینکار و حاشاکردن له بوونی کورد سیاسه‌تی باوی وڵاتانی دابه‌شکه‌ری کوردستان بوو، خزمه‌تێکی زۆری به چه‌سپاندن و ته‌سبیتی زمانی کوردی کرد. زمانێک که ته‌نیا لایه‌نی زاره‌کی هه‌بێ، یان به‌ره‌و دابه‌شبوون ده‌چێ یان فه‌وتان، جا ئه‌گه‌ر هه‌وڵی تواندنه‌وه و ئاسیمیلهکرنیشی له‌سه‌ر بێ مه‌ترسییه‌که چه‌ند به‌رابه‌ر ده‌بێ. زمانێک به نووسین تۆمار ده‌بێ، له خۆرا نیه له‌و جێگایانه‌دا که نه‌یارانی کورد کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ قسه‌کردن و ئاخاوتن به زمانی کوردی نیه، گیروگرفتیان له‌گه‌ڵ خوێندنی و نووسین به زمانی کوردی هه‌یه. له هه‌لومه‌رجێکی ئه‌وتۆدا رۆژنامه به زمانی کوردی توانیویه‌تی له‌م بواره‌دا خزمه‌تێکی گه‌وره بکا.
له بواری مێژوودا، به‌شی زۆری مێژووی کورد یان به‌ده‌ستی بێگانه یان له لایه‌ن دوژمنانیه‌وه نووسراوه. رۆژنامه‌نووسیی کوردی توانیویه‌تی هه‌م ببێته سه‌رچاوه‌ی مێژوویی بۆ نووسه‌رانی کورد، هه‌م گه‌لێک قه‌ڵه‌م په‌روه‌رده بکا که بۆخۆیان مێژووی کورد بنووسن.
رۆژنامه‌نووسیی کوردی له کاتێکدا کورد خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نیه که پێوه‌ندیی له نێو هاووڵاتانی کورد دا پێک بێنی، تا راده‌یه‌ک بوو به پردی پێوه‌ندیی پارچه‌و ناوچه دابه‌شکراوه‌کانی کوردستان. زۆر جار دیتراوه که رۆژنامه‌یه‌ک له پارچه‌یه‌ک بۆ پارچه‌یه‌کی کوردستان و له ناوچه‌یه‌که‌وه بۆ ناوچه‌یه‌کی دیکه ده‌ستاوده‌ست کراوه.
له هه‌مووی گرنگتر رۆژنامه‌نووسی بۆخۆی بناخه‌ی بواره‌که‌نی دیکه‌ی راگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت کتێب نووسینه. رادیۆ، ته‌له‌ڤزیۆن و، له رۆژگاری ئه‌مڕۆشدا سایته ئه‌نته‌رنێتییه‌کان که‌م و زۆر بنه‌مای کاره‌کانیان له‌سه‌ر رۆژنامه نووسییه. ئه‌م دزگایانهش به هۆی که‌ڵکوه‌رگرتن له پێشکه‌وتنه تێکنیکییه‌کان کاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌یه و سنووره سیاسی و ئیدئۆلۆژییه‌کان ناتوانن پێشیان پێبگرن. ئه‌گه‌ر له رابردوودا رۆژنامه‌یه‌ک به زمانی کوردی ده‌یتوانی سه‌ری خوێنه‌ره‌که‌ی یان هه‌ڵگره‌که‌ی به با بدا ،له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا رۆژنامه به شه‌پۆله‌کان ته‌یارن که به زه‌حمه‌ت پێشیان پێ ده‌گیرێ.
له کاتێکدا کورد هیچ کات پێی وا نه‌بووه که ده‌توانێ له رێگای چه‌که‌وه مافه‌کانی به‌ده‌ست بێنێ و ئه‌و چه‌که‌ی پێیه‌تی ته‌نیا بۆ دیفاع له خۆی بووه، و له کاتێکدا سانسۆر و نه‌بوونی ئازادیی تێکۆشانی سیاسی ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی کوردی کپ کردوه، ئه‌وه به‌شی زۆری رۆژنامه‌کانن که بیری ئه‌حزابی سیاسیی کوردیان به کورد و غه‌یری کورد گه‌یاندوه. که‌وابوو رۆژنامه‌نووسی تریبوونی هه‌ره‌گرنگی هێزه سیاسییه‌کانی کورد بووه.
رۆژنامه‌نووسیی کوردی ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌دا که خوێندن و نووسین به زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌یه ــ هه‌رچه‌ند هیچ کات جێگای خوێندنی سیسته‌ماتیک ناگرێته‌وه ـ به‌ڵام تا راده‌یه‌ک بۆشایی ئه‌م بواره‌شی پڕ کردۆته‌وه، به تایبه‌تی له نێو توێژی گه‌وره ساڵاندا.
ئه‌گه‌ر بێنه سه‌ر باسی که‌ند کۆسپه‌کان و که‌موکورتییه‌کانی رۆژنامه‌نووسیی کوردی، به داخه‌وه سه‌ره‌ڕای مێژوویه‌کی له‌قه‌ده‌ر دوور و درێژ، هێشتا ئه‌م بواره که‌ند و کۆسپی جیددی له‌سه‌ر رێگان:
پێش، هه‌موو شتێک کورد خاوه‌نی وڵات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نیه که رۆژنامه به شێوه‌یه‌کی رۆژانه و رێکوپێک له‌سه‌رتاسه‌ری کوردستان بڵاو بێته‌وه‌و رۆژنامه‌نووسی ئه‌رکی پێشه‌یی خۆی پڕ به مانای وشه‌ی خۆی به جێ بێنی. ئه‌و وڵاتانه‌ش که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه ئه‌وه‌نده ئازاد و دیموکرات نین که نووسه‌رانی کورد و رووناکبیرانی کورد بتوانن به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و ئازادییه ئه‌رکی پێشه‌یی خۆیان به‌جێ بێنن.
گیروگرفتێکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی رۆژنامه‌نووسیی کوردی نه‌بوونی زمانی یه‌کگرتوو یان زمانی ستاندارده. جگه له‌وه‌ی له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌ک ده‌رفه‌تی ده‌رچوونی رۆژنامه ده‌ره‌خسێ زیاتر به زمانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌نووسرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆژنامه کوردیانه‌ی که ده‌رفه‌تی چاپ و بڵاو بوونه‌وه‌یان به رێژه‌یه‌کی زۆر بۆ ره‌خساوه پێڕه‌وی له پره‌نسیپی زمانی یه‌کگرتوو ناکه‌ن و لانی که‌م به دوو شێوه‌زار ده‌نووسن.
هه‌تا ئێستا رۆژنامه‌یه‌کی کوردی به ته‌واوی مانای رۆژنامه که به‌بێ وه‌به‌رچاو گرتنی لایه‌ن یان ئیدئۆلۆژی سیاسی که ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کانی کورد و خاڵه هاوبه‌شه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به هه‌موو جیاوازییه ئایینی، زمانی و ناوچه‌ییه‌کان بێ، نیه. بۆیه رۆژنامه‌نووسیی کوردی جارێ مه‌ودایه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ ستاندارده‌کانی کاری رۆژنامه‌نووسی هه‌یه.
رۆژنامه‌ی کوردی به هۆی ئه‌وه‌ی به ته‌واوی گرێ نه‌دراوه‌ته‌وه به ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک و نه‌بووه به به‌شێک له ژیانی ئه‌وان، ئه‌گه‌ر سوبسیدی حیزبێک و رێکخراێکی سیاسیی له پشت نه‌بێ ناتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێ. رۆژنامه‌یه‌ک یارمه‌تیی ماڵیی له پشت بێ، به‌سراوه‌یی سیاسییشی ده‌بێ و له ئاکامدا ناتوانێ وه‌ک رۆژنامه‌یه‌کی پیشه‌یی کار بکا و هه‌موو ئه‌و شتانه بڵاو بکاته‌وه که خه‌ڵک مافیان هه‌یه لێی ئاگادار بن.
به‌شی زۆری رۆژنامه نووسیی کوردی له دوو باره‌وه کێشه‌ی سیاسیی هه‌یه؛ یان به‌شێکن له راگه‌یاندنی ئه‌حزاب که ئاماژه به که‌موکورتیی ئه‌م رۆژنامانه کرا، یان له لایەن ده‌وڵه‌تانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستاندا قه‌ده‌غه‌ن. ئه‌و رۆژنامه کوردییانه‌ش که له ئێران یان تورکیه بڵاو ده‌بنه‌وه له باشترین حاڵه‌تدا ده‌رفه‌تی باس له‌سه‌ر مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بییه‌کانیان هه‌یه‌و سه‌ره‌نجام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه که‌ش و هه‌وایه‌کی وایان بۆ ده‌خوڵقێنن که بۆخۆیان راوه‌ستن، بۆیه له نێو ئه‌مانه‌دا رۆژنامه‌یه‌ک به‌دی ناکرێ که خاوه‌نی ته‌مه‌نێک و رابردوویه‌کی دوور و درێژ بێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا به‌شی هه‌ره زۆری کورد به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیدا زاڵ نیه، ناچاره به زمانی دووه‌م خوێندن و نووسین فێر بێ، به‌و حاڵه‌ش زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی پاراستوه، له‌وه‌دا کورد زۆر قه‌رزداری بواری رۆژنامه نووسییه، بوارێک که به‌ردی بناخه‌ی بریتییه له رۆژنامه‌ی کوردستان که به ده‌ستی به توانای میقداد میدحه‌ت به‌درخان دانرا. ده‌ستێکی به توانا بناخه‌ی مێژوویه‌کی تا ئێستا ١١٧ ساڵه‌ی رۆژنامه‌نووسیی دانا، ده‌ستێکی به توانا یان ده‌ستانێکی به تواناش پێویسته رێگای بۆ خۆش بکه‌ن و به‌ره‌و پێشی به‌رن و له ستاندارده‌کانی پیشه‌ی رۆژنامه نووسیی نزیک بکه‌نه‌وه.
لە ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه