وه‌رگێڕان: تەها
به‌یاننامه‌ی سوئیس، که به رێککه‌وتنی ناو‌کی لۆزانیش به‌ناوبانگه؛ ناسێنەر چوارچێوه‌ی رێککه‌وتنێکه، که ده‌بێ به هاوبه‌شی هه‌ردوولا به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیر هه‌تا 10ی پووشپه‌ڕ به ئاکام بگا. به‌ڵام راستی و دروستی و ئاکامی ئه‌و دانوستانانه، دوو ده‌ق و دوو گێڕانه‌وه‌ی جیاوازه که هه‌ر کام له لایه‌نه‌کان وه‌ک رێککه‌وتن ده‌یخه‌نه‌ڕوو و، هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که بڕیاردان له سه‌ر راستبوون و ناڕاستبوونی هه‌ر کام له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مریکا و کۆماری ئیسلامی بۆ خه‌ڵکی ئێران و ته‌نانه‌ت کۆمەڵگه‌ی جیهانییش زۆر ئه‌سته‌م بێ.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه کاردانه‌وه‌ی وڵاتان و رێکخراوه جۆراوجۆره‌کان به‌م رێککه‌وتنه؛ ده‌بینین رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناو‌کی، ئه‌یاڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ئینگلیز، فه‌ڕه‌نسا، رووسیا، ئاڵمان، چین، تورکیه، کۆماری ئازه‌ربایجان، ئیتالیا، عه‌ره‌بستان، عێراق، عه‌ممان، قه‌ته‌ر، ئوسترالیا، ئوتریش، کوره‌ی باشوور و ته‌نانه‌ت حیزبوڵلاش کاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی هه‌بووه و زۆربه‌ی به‌رپرسانی حکوومه‌تی وه‌ک حه‌سه‌ن روحانی، سه‌رکۆمار، عه‌لیئه‌کبه‌ر هاشمی، سه‌رۆکی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی رێژیم، عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆکی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی، سادق لاریجانی، سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، محه‌مه‌دجه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه، عه‌لیئه‌کبه‌ر ساڵحی، سه‌رۆکی رێکخراوی وزه‌ی ناو‌کی، ئایه‌توڵڵا ئیمامی کاشانی، وتاربێژی نوێژی هه‌ینی تاران، حه‌سه‌ن فیرۆزئابادی، سه‌رۆکی ناوه‌ندی گشتیی هێزه چه‌کداره‌کان، محه‌مه‌دعه‌لی جه‌عفه‌ری، فه‌رمانده‌ی سپای پاسدارانیش ده‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆیان، هه‌ندێکیان به په‌یامی پیرۆزباییه‌وه داکۆکی‌یان له‌و رێککه‌وتنه کردوه.
لێره‌دا پرسیارێکی گرنگ ده‌ورووژێ که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه؛ هۆکاری ئه‌و هه‌مووه خۆشحاڵی و ره‌زامه‌ندییه چییه؛ له کاتێکدا لایه‌نه‌کان خۆیان ده‌ڵێین ئه‌مه ته‌نیا رێککه‌وتنه له سه‌ر دیاریکردنی چوارچێوه‌یه‌ک بۆ سازان و ئه‌و رێککه‌وتنه لایه‌نی حقووقیی نیه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی ئه‌مریکا باسی دەکا، ده‌گه‌ڵ ئه‌وەی کۆماری ئیسلامی وێکناچن، که‌واته ره‌نگه تێگه‌یشتن له هۆکاری شادی و خۆشحاڵی زۆربه‌ی وڵاتان و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی خودی کۆماری ئیسلامی و تێڕامانی دروست له پرسه‌که، زیاتر له تێگه‌یشتنی بابه‌ته‌که نزیکمان بکاته‌وه.
ئه‌گه‌ر سەرنج بدەینە دەستپێکردنی به‌هاری عه‌ره‌بی که کۆماری ئیسلامی ناوی ده‌نا «وشیاری ئیسلامی»، و تا ره‌وشی ئێستای ناوچه‌که، چاومان به ململانێ و به‌ره‌نگاریی دوو ئایدیا و دوو کارکردی جیاواز و ته‌نانه‌ت دژیش ده‌که‌وێ. یه‌که‌م حاڵه‌ت، مەیل و به‌شداریی به‌ربه‌رینی خه‌ڵکه له بزووتنه‌وه‌یه‌کدا که ویستوویانه و ده‌یانه‌وێ وڵات به‌ره‌و دیموکراسی به‌رن و حکوومه‌تێکی نیشتمانی دامه‌زرێنن، دوویه‌م حاڵه‌تیش؛ کار و کرده‌وه‌کانی فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کانه (جا پشتیوانی کۆماری ئیسلامی بێ له پێناو ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و به‌لاڕێدابردنی شۆڕشه‌کانی وڵاتانی ناوچه و، یا هه‌ڵسوکه‌وتی رۆژاوا، به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا به ئاراسته‌ی دابینبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک) که به دوای به‌رینکردنه‌وه‌ی پانتایی ده‌سڕۆیشتوویی و سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆیانن. به واتایه‌کی دیکه خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به دوای تێپه‌ڕین له دیکتاتۆری و دامه‌زراندنی ئاشتی سه‌قامگیر و پێشکهوتنهوهن، که‌چی هێزه رۆژاواییه‌کان و به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا و له‌م لایه‌شه‌وه کۆماری ئیسلامی وه‌ک هێزێکی ناوچه‌یی به‌ره‌و به‌لاڕێدابردنی ئه‌و ویستانه هه‌نگاو ده‌نێن. به‌ریه‌ککه‌وتن و هاوبه‌شی به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان ئێران و ئه‌مریکا له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بووه‌ته هۆی گرژتربوونی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که ئه‌مریکای ناچارکرد دژکرده‌وه‌ی جیددی هه‌بێ و هه‌ڵوێست بگرێ. که‌واته پرۆژه‌ی به‌پیتکردنی ناو‌کی ئێران که چه‌ندین ساڵ پێش به‌هاری عه‌ره‌بی ببووه هۆی کێشه و گرفت له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا، له لایه‌ن ئه‌مریکاوه بووه هۆی هۆکاری سه‌ره‌کی گه‌مارۆکان و شه‌ڕێکی بێئاکامی له‌سه‌ر سنووری ده‌سڕۆیشتوویی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین له نێوان ئێران و ئه‌مریکا له ژێر ناوی «مه‌ترسی ده‌سڕاگه‌یشتنی ئێران به چه‌کی ناو‌کی» لێکه‌وته‌وه. کۆماری ئیسلامیش به به‌رینکردنه‌وه‌ی پانتایی شه‌ڕ له عێراق، سووریه، لوبنان و وڵاتانی ده‌وری که‌نداو، ئه‌و ره‌وشه‌ی قه‌یراناویتر کرد و تێچووه‌کانی کێشه‌کانی بۆ خۆی و ئه‌مریکاش هێنده زۆر به‌رز کرده‌وه، که ئه‌و شه‌ڕه بوو به قومارێکی دوولایه‌نه. بۆ وێنه کۆماری ئیسلامی له هه‌ندێک وڵاتان یارمه‌تی حکوومه‌تی ناوه‌ندی کردووه تا ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک سه‌رکوت بکرێن و، له هه‌ندێک وڵاتانیش به پشتیوانی و به‌هێزکردنی گرووپه دژبه‌ره‌کان هه‌وڵی پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی داوه. دیاره کۆماری ئیسلامی پاش گه‌ڵاڵه کردنی هیلالی شیعی، کارێکی زۆری بۆ به ئاکام گه‌یاندن، تۆکمه‌کردن و پشتیوانی له گرووپه تیرۆریستییه جۆراوجۆره‌کان له سه‌راسه‌ری دنیا داوه، به جۆرێک که زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه به هۆی ترسان له کرده‌وه تیرۆریستییه‌کانی کۆماری ئیسلامی یا گرووپه‌کانی سه‌ر به ئێران، هه‌وڵیان داوه دژ به کۆماری ئیسلامی هه‌ڵوێست نه‌نوێنن و ته‌نانه‌ت پێوه‌ندیی ئابووری به‌رینیش دانه‌مه‌زرێنن.
گرنگترین ئه‌و ئاماژه و سیگناڵانه‌ی شادی و خۆشحاڵی کاتیی ئه‌و رێککه‌وتنه‌یان کرده‌وه بڵقی سه‌ر ئاو و مه‌ترسی قه‌یراناویتر بوونی دۆخه‌که‌یان نیشان دا؛ کۆنگره‌ی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له لایه‌ک و دژکرده‌وه‌ی بهپارێزهوهی عه‌لی خامنه‌یی و قسه‌کانێتی دوای رێککه‌وتنی ناو‌کی لۆزان له لایه‌کی دیکه‌وه. دیاره عه‌بباس ئێراقچی له وتووێژێکی تلویزیۆنی‌دا ئاماژه‌ی کرد که هه‌موو دانوستانه‌کانی نێوان ده‌وڵه‌تی یازده‌یه‌م و وڵاتانی رۆژاوایی ته‌واو بووه و له‌و دانوستانانه‌شدا بۆچوونی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی له‌به‌ر چاو نه‌گیراوه؛ به واتایه‌کی دیکه کۆماری ئیسلامیش ئه‌گه‌ر پێویست بکا له‌م بواره‌دا مه‌جلیس له به‌رانبه‌ر کۆنگره‌ی ئه‌مریکادا به کاردێنێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و سیاسه‌ته یه‌ک بان و دوو هه‌وایه‌ی لایه‌نه‌کان له‌م دانوستانانه‌دا گرتیانه‌به‌ر _ ئه‌م دۆخه نیشانده‌ری ئاڵۆزبوونی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری دانوستان و دژواربوونی هه‌لومه‌رجی رێککه‌وتنی کۆتاییه؛ به چه‌شنێک تا دوایین ساته‌کانیش ئه‌م شێواوی و حه‌ساسییه‌ته ده‌بینرا _ بۆوه نابێ له ئێستاوه بڕیار بده‌ین و گه‌شبین بین، ره‌نگبێ ئه‌و دانوستانانه هێمنی به‌ر له هه‌ڵکردنی تۆفانێک بن و رووداوگه‌لێکی زۆر چاوه‌ڕواننه‌کراو و ناخۆش روو بده‌ن.
به‌ڵام له کۆتاییدا راستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر و روون دیاره و، ئه‌ویش پاشه‌کشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی و به تایبه‌ت وه‌لی فه‌قیهه له هێله سووره‌کانی سه‌ره‌تای شۆڕشی 1357، وه‌ک دروشمی دوژمنایه‌تیکردنی ئه‌مریکا؛ به چه‌شنێ رێبه‌ری رێژیم پاش رێککه‌وتنی لۆزان له قسه‌کانیدا له کۆڕی (مداحان)دا، ئه‌گه‌ری هاوکاری و وتووێژی ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌سه‌ر بابه‌تی دیکه‌ش به‌دوور نه‌زانێ و به کارکردی راستگۆیانه‌ی ئه‌مریکا له فایلی ناو‌کی به‌سته‌وه، واته راست وه‌ک دروشمه‌که‌ی «نە شرقی، نە غربی، جمهوری اسلامی»، رێژیمی کۆماری ئیسلامی رووسیای _یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌تی جاران_ نوێنه‌ر و نوێنگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی وه‌ک دۆست و هاوپه‌یمان قبووڵ کرد، ئه‌مریکاش وه‌ک نیشانه و نوێنگه‌ی رۆژاوا، هه‌نووکه خه‌ریکه رێگه‌ی تابۆشکێنی و تێپه‌ڕین له هێله سووره حکوومه‌تییه‌کان ده‌بڕێ.
لە ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه