ژینگە شوێنێکە ژیانی تێدایە. ژیانی مرۆڤ، حەیوان، باڵەندەو دار‌و گوڵ و گیا‌و هەموو بوونەوەرەکانی سەر زەوی. گەر حەز لە ژیان دەکەین و ژیانمان پێخۆشە، گرنگە ژینگەکەشمان خۆشبوێ و وەک خۆمان بیپارێزین. ئەرکی پارستنی ژینگە لەسەرشانی مرۆڤە. خۆشه‌ویستیی نیشتمان هه‌ر ئه‌وه نیە دروشمی رەنگاورەنگ هەڵگرین و ئاڵاکەی به‌رز بکه‌ینه‌وه و به‌سه‌ر مێژووی پڕله خه‌بات و خۆڕاگریی ئینسانەکان له دژی داگیرکه‌رانی خاکەکەی هه‌ڵبلێین، ئه‌وه ته‌نیا لایه‌نێکیه‌تی لە خۆشەویستیی نیشتمان. که‌سێک یان کەسانێک که به‌ڕاستی وڵاتی خۆیان خۆش بوێ‌و بیانهه‌وێ له زیان‌و مه‌ترسییه‌کانی دوژمن بیپارێزن، ده‌بێ ئه‌و بەرپرسایەتیی و ده‌روه‌ستییه‌شیان تێدا بێ، ژینگه‌که‌ی، کە بەشێکە نیشتمانەکەی له زبڵ‌وزاڵ‌و پاشماوه‌کان کە دوژمنی ژینگەن، بیپارێزن.
ئەگەر پێمان وابێ پاراستنی ژینگە تەنیا ئەرکی دەسەڵات و دەوڵەت و ئەو لایەنانەی بودجە و سەروەت و سامانی وڵاتیان بەدەستەوەیە، خۆدزینەوەیە لە ئەرکێکی گرنگی مرۆڤانەی سەرشانمان. بێگومان ئەوە راستە له پله‌ی یه‌که‌م‌دا پاراستنی ژینگە له‌ده‌ستی ئه‌و هێز‌و لایه‌نانه دایه که ده‌سته‌ڵات‌و سامان‌و بوودجه‌ی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، بەڵام هەر تاکێکی کۆمەڵگەش دەتوانێ لەم ئەرکە گرنگەدا هاوکار و بەشدار بێ.
هەموومان بۆ خۆمان و منداڵ و ئازیزەکانمان ئارەزووی ژینگەیەکی جوان و خاوێن و ئارام دەکەین. پێشمانخۆشە دوای هەموو هیلاکی و قەرەباڵغییەکانی شوێنی ژیان و کارمان، جاروبار بۆ حەسانەوە و ئارمبوونەوە بچینە داوێنی سروشت و چێژ لە جوانییەکانی ببینین. بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا کە وەرزی سەیران و چێژ وەرگرتنە لە جوانییەکانی سروشت. کەوایە با ئەو مافەش بۆ سروشت بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە رەوا بزانین. ئەگەر سروشت جوانی و ئارامییمان پێ دەبەخشێ، پێویستە و ئەرکە لەسەرمان ئێمەش مێهرەبان بین لەگەڵی و بیپارێزین لە ناشیرینی و نامێهرەبانییەکانی دەستی خۆمان.
پارێزگاری لە ژینگە! ئەو وشە جوانەی کە بەگوێی زۆربەمان ئاشنایە. کە وایە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم وشەیە ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانیشمان دەخاتەسەر شان. ئەگەر بڕوانینە رێگاکانی پارێزگاری لە ژینگە و سروشتی دەوروبەرمان، رەنگە ئەرکی ئێمە تاکەکان سادە و چووک بێنە بەرچاو، بەڵام لە عەینی چووکی‌دا بەرێوەنەبردنی ئەوانەن دەتوانن ئاکامی نەرێنییان بۆ دواڕۆژی وڵات و ئینسانەکانی بەدواوە بێ. بۆ نموونە فڕێدانی تەنیا کیسەیەکی پەلاستیکی رەنگە پێمان وابێ ئاساییە و گاریگەرییەکی زۆر خراپی نەبێ لەسەر زەوی، بەڵام ئەگەر بزانین هەر ئەو کیسەیە زیانەکەی بۆ سروشت و بۆ گیانلەبەرانی دیکە چ دەبێ، هەرگیز ئەو کارە ناکەین. هەر ئەو کیسەیە بە دەیان و سەدان ساڵ دەکێشێ تاکوو ئاسەواری لەسەر خاک دەسڕرێتەوە. هەر ئەو کیسەیە جگە لەوەی زەوی ناحەز و ئاوەکانی ژێر زەوی پیس دەکا، رەنگە گیانلەبەرێکیش بکوژێ، چونکە لە لاق و سەروملی باڵندەیەک دەهاڵێ و دواتر بە لەناوچوونی کۆتایی بێ.
رۆژهەڵاتی کوردستان و نەریتێکی جوان
ژینگەی خاوێن، نیشانەی ئاگایی و وشیاریی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگه‌ی پێشکەوتوو پێویستی بە پێشزەمینەی فەرهەنگی و فکری هەیە کە کەلتووری ژینگەپارێزی یەکێکە لەو پێشزەمینانە کە کۆمەڵگە بۆ ئامانجە ئامادە دەکا. ژینگەپارێزی و ژینگه‌دۆستی، ئەو نه‌ریتە جوان‌و و ئەو ئەرکە ئینسانی و نیشتمانییەیە کە چه‌ند ساڵێکه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌نێو خەڵکی ئاگا و بەتایبەتی چالاکان و تێکۆشه‌رانی مه‌ده‌نی و ژینگەپارێزی ده‌ستی پێ‌کردوه و، به‌خۆشییه‌وه خەریکە لە زۆربەی شار‌و ناوچەکان په‌ره دەستێنێ.
وەڕێ خستنی کەمپەین‌و چالاکیی ژینگەپارێزی وەک؛ رێگرتن له سووتاندنی دارستان و لێرەوارەکان، ئازادکردنی باڵنده‌کێوییه‌کان، شکاندنی تفه‌نگه راوییەکان‌و هەرەوەزی بۆ پاک‌وخاوێنی سه‌یرانگه‌و شوێنه‌گشتییه‌کان، کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ ئاگایی دان بە خەڵک، لەناوبردنی قلیانەکان و …. هه‌موو ئه‌وانه دانانی بناغه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگە جوانەیە کە بە خۆشییەوە لە زۆر شار و ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە ئەرک. هەر رۆژە هەواڵی چالاکییەکی لەم چەشنە لە شارێک و ناوچە و گوندێک بڵاو دەبێتەوە. رەنگە لەم رۆژگارە پڕ لە جەنجاڵ و پڕ لە شەڕو ئاژاوەدا، ئەوجۆرەکارانە بچووک بێنەبەرچاو، بەڵام هەر ئەو کارانەیە ئەوکەلتوورە دروست دەکەن کە ئینسانەکان داهاتوویەکی رووناکتر بۆخۆیان و نەوەکانی داهاتوو بنیات بنێن و نیگەرانی مەترسییەکانی پیسبوونی ئاووهەوا نەبن. ئه‌گه‌ر تێکۆشه‌رانی ژینگه‌پارێز و ژینگە دۆست له کوردستان به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا بەردەوام کار بۆ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته بکه‌ن‌و په‌ره‌ی پێ‌بده‌ن، ئەگەر کاناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان هاوکار و رێنیشاندەری خەڵک بۆ چەسپاندنی کەلتووری ژینگەپارێزی بن، به دڵنیاییه‌وه کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان داهاتوویەکی روون و گه‌شتری ده‌بێ و خۆی ئامادە دەکا بۆ پێشکەوتنی زیاتر و گەورەتر.
رۆڵ و ئەرکی ژنان
لە کوردستان هەروەک وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، منداڵان له‌گه‌ڵ زەویی و ئاسمان‌و گیانله‌به‌ران رووحێکی پاک‌و بێگه‌ردیان هه‌یه، بەڵام هەرکە گه‌وره ده‌بن زۆربه‌یان به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ سروشت‌و گیانله‌به‌ران دڵڕه‌قانه ده‌جووڵێنه‌وه. ئەوەی منداڵان والێ‌دەکا و کەسایەتییانی لەسەر بنیات دەنرێ، رەفتاری گەورەکانەوە. منداڵان تا ئەمڕۆش زۆرتر هه‌ر نامێهره‌بانییان له‌گه‌ڵ سروشت‌و گیانله‌به‌ران له گه‌وره‌کانەوە بینیوە و فێر فێربوون. بەتایبەتی ئازاردانی حەیوانات و گیانلەبەران یەکێکە لە کەلتوورە ناشایستەکانی کۆمەڵگەی ئێمە. بۆیە لەم پێوەندییەدا دایک دەتوانێ گەورەترین رۆڵی لە دروستکردنی کەلتووری ژینگە پارێزی‌و نەوەیەکی مێهرەبان لەگەڵ سروشت و گیانلەبەران هەبێ.
پاراستنی ژینگه ئه‌مڕۆکه وه‌ک یه‌کێک له گرنگترین بنه‌ماکانی گه‌شه‌سه‌ندنی جیهانییە و پێویستیی به به‌شداریی راسته‌قینه‌و ئاگایی کۆمه‌ڵگه هه‌یه. ژنان به هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خش و رۆڵی زۆرتریان له ئیداره‌ی بنه‌ماڵه و په‌روه‌رده و فێرکردنی منداڵ‌دا هه‌یه، ده‌توانن وه‌ک هێز‌یکی کاریگه‌ر، هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌توانن نیگابان و پارێزه‌ری منداڵه‌کانیان بن، هه‌ر ئاواش ده‌توانن نیگابان‌و پارێزه‌ری ژینگه بن‌و ئەم نەریتە جوانە بگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هه‌رکه‌س له‌ئاست خۆیه‌وه به‌تایبه‌تی دایکان‌و باوکان له‌م بواره‌وه ئه‌رکێکی زۆر به‌رپرسانه‌یان له‌سه‌رشانه. ئه‌وان دەتوانن نه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و نیشتمانه په‌روه‌رده بکه‌ن که سروشتیان خۆشبوێ‌و رێزی لێ‌بگرن‌و لەگەڵ خۆپاراستن لە هێندێک گیانلەبەری مەترسیدار، پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه و مێهرەبانانە‌یان له‌گه‌ڵیان‌دا هه‌بێ. ئه‌مانه ده‌بێ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی به‌رزو جوانی ئینسان سه‌یر بکرێ. گه‌وره‌کان به‌رپرسن له ئاست سروشت‌دا به هه‌موو پێکاهاته‌کانیه‌وه. ئارامی‌و خۆشی ته‌نیا مافی ئینسان نیه، به‌ڵکوو گیانله‌به‌ران‌و سروشتیش ئه‌و مافه‌یان هه‌یه که رێزیان لێ‌بگیرێ.
ئه‌و ره‌وته‌ی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن تێکۆشه‌رانی ژینگه‌پارێزه‌وه ده‌ستی پێ‌کردوه، ده‌بێ وه‌ک خه‌باتێکی نیشتمانی و ئینسانی ببینرێ‌و به‌پێزانینه‌وه سەیری بکرێ. بە تایبەتی ئەو لایەنانەی میدیا و کاناڵی راگەیاندنیان لەبەردەست دایە، وەک ئەرکێکی کەلتووری بە هیچ بیانوویەک لایەنی ژینگەپارێزی نابێ لەبیر بکەن و وەک بەشێک لە خەباتی خۆیانی بزانن. کوردستان نیشتمانێکی جوانه، پارێزگاری له‌وجوانییه، ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی ئه‌و وڵاته‌یه.
به‌و هیوایه ره‌وتی پارێزگاری له‌ژینگه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێته که‌لتوورێکی گشتی‌و هه‌موو لایه‌ک به‌ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی و ئینسانی بزانن‌و منداڵانی داهاتووی ئه‌م نیشتمانه دوور لە نەخۆشییەکان کە زۆرتر بەهۆی پیسبوونی ئاو و هەواوەیە، داهاتوویه‌کی گه‌ش و خاوێن چاوه‌ڕوانییان بکا.
لە ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه