زانسته مرۆییه‌کان که زانستی سیاسه‌ت یه‌کێک له‌وانه و، کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی زۆر پێچه‌ڵپێچ و ئاڵۆزن. زۆر فاکتۆر و هۆکار له رووداوێکی سیاسی دا کاریگه‌ر و به‌شدارن. زۆر جار دێته پێش که هه‌ندێک فاکتۆر که له لێکدانه‌وه‌ی پرسێک دا ره‌چاو نه‌کراون، ئاکامی پرسه‌که به ته‌واوی ده‌گۆڕن. ئه‌گه‌ر به‌بێ پێشداوه‌ری و به شێوه‌یه‌کی بێلایه‌نانه و به له‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو ره‌هه‌نده‌کان، پرسه‌کان شرۆڤه بکه‌ین و به پێی ئه‌مه‌ش پێش بینی ره‌وتی رووداوه‌کان بکه‌ین، دیسان ئه‌گه‌ری هه‌ڵه و وه‌ڕاست نه‌گه‌ڕانی شرۆڤه و پێش بینییه‌کان هه‌یه؛ چ بگا به‌وه‌ی که به پێشداوه‌رییه‌وه له سه‌ر پرسه‌کان قسه بکه‌ین و بمانه‌وێ رووداوه‌کان به باڵای ئایدۆلۆژییه‌کان بگرین.
هه‌ر بوارێک له بواره‌کانی ژیان و هه‌ر زانستێک له‌و زانستانه‌ی که مرۆڤ به‌رهه‌می هێناون و گه‌شه‌ی پێداون، میتۆد و رێکاری شرۆڤه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. له زانسته سروشتییه‌کان دا داتا‌کان زیاتر قابیلی کۆنترۆڵ و ئهندازهگیرین و، شیته‌ڵکاری و شرۆڤه‌شیان به هه‌بوونی مادده و فاکتۆرگه‌لی دیاریکراو، ئاسانتره. بۆ نموونه له زانستی شیمی که زانستێکی سروشتییه، ده‌گوترێ 2 هیدرۆژن له‌گه‌ڵ ئۆکسیژنێک ده‌بێته ئاو. ئه‌م فۆرمولهش له هه‌موو شوێنێک راست ده‌رده‌چێ، ته‌نیا پێویسته که ئه‌و دوو ماددهیهت به رێژه‌ی باس‌کراو هه‌بێ. له حاڵێک دا کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی و پێوه‌ندییه مرۆییه‌کان زۆر پێچه‌ڵپێچتر و جیاوازترن. ئه‌گه‌ر به زێهنییه‌تی زانسته سروشتییه‌کان له پرسه سیاسییه‌کان بڕوانین، ناتوانین لێیان تێبگه‌ین و تووشی هه‌ڵه‌ی شرۆڤه ده‌بین.
ئێستا له‌م پێشه‌کییه ناسین ناسانه‌وه ده‌چینه نێو باسه‌که و بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له مه‌به‌ستی وتاره‌که، له خواره‌وه دوو جۆری شرۆڤه ئاماژه پێ ده‌که‌م و بۆ هه‌ر کامیشیان پێناسه‌یه‌ک له روانگه‌ی خۆمه‌وه ده‌خه‌مه روو.
1)شرۆڤه‌ی هێڵی-چاره‌هه‌ڵنه‌گر: گرفتێک که زۆر جار له شرۆڤه‌ی پرسه سیاسییه‌کان دا دێته ئارا ئه‌وه‌یه که به شێوه‌یه‌کی تاک هۆکاری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ. ئه‌م روانینه پرسه‌کان زۆر ساده ده‌کاته‌وه و له ئاڵۆزیی واقعیی خۆیان دایاندهشۆرێ و له کۆمه‌ڵێک هۆکاره‌وه بۆ تاک هۆکاری دیاریکه‌ر، دایده‌به‌زێنێ. گرینگتر له‌وه‌ش له نێوان تاک هۆکاری دیاریکه‌ر و به‌ره‌نجام دا، هێڵێکی چاره‌هه‌ڵنه‌گر وێنا ده‌کا؛ به‌و واتایه که هۆکاری ئای، حه‌تمه‌ن به‌ره‌نجامی بی، لێ ده‌که‌وێته‌وه. بۆ نموونه ده‌گوترێ هه‌ر وڵاتێک ته‌ریک بکه‌وێته‌وه و ئابوورییه‌که‌شی به‌ره‌و داته‌پین بچێ، ئه‌وه حه‌تمه‌ن ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و راپه‌ڕینی خه‌ڵک له دژی ده‌سه‌ڵات. غافڵ له‌وه که ته‌ریککه‌وتنه‌وه و دۆخی خراپی ئابووری، به شێوه‌یه‌کی چاره‌هه‌ڵنه‌گر نابێته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و رووخانی حکومه‌تێک؛ نموونه‌ش کۆریای باکووره.
له‌م جۆره شرۆڤه‌دا ده‌گوترێ ئه‌گه‌ر دنیای ده‌ره‌وه به رووی ئێران دا بکرێته‌وه و ئابووریی ئێران تا راده‌یه‌ک ببووژێته‌وه، کۆماری ئیسلامی سه‌قامگیر و پارێزراو ده‌بێ. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که پێوه‌ندیی به‌ربڵاوی نێونه‌ته‌وه‌یی ناتوانێ رێگه له سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵکی ناڕازی بگرێ؛ میسر و تونس دوو نموونه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌م راستییه‌ن. بێجگه له‌وه‌ش به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ر راپه‌ڕینێک به (تاک)هۆکاری خراپیی دۆخی ئابووری، رێگه له‌وه ده‌گرێ که نه‌توانرێ له‌و راپه‌ڕینانه بگه‌ین که هۆکاری سیاسی، ئه‌تنیکی، دێموکراسیخوازییان هه‌یه یان ئه‌و هۆکارانه رۆڵێکی گرینگتر و سه‌ره‌کیتریان گێڕاوه. که‌واته لێره‌شدا کرانه‌وه به رووی دنیای ده‌ره‌وه‌دا و باشتر بوونی دۆخی ئابووری ناتوانێ زه‌مانه‌تی له سه‌رکار مانه‌وه‌ی حکومه‌تێک بکا، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که له بواری ئازادی و دێموکراسییه‌وه په‌ره‌ی سه‌ندبێ و رێز له ئازادی و مافه‌کانی خه‌ڵکیش بگرێ.
ئه‌وه‌ی که ئه‌م جۆره روانینه ناتوانێ لێی تێ بگا ئه‌وه‌یه که، هۆکارێکی دیاریکراو له به‌ستێنی جۆراوجۆردا، ده‌کرێ ئاکامی جیاوازی لێ بکه‌وێته‌وه. راپه‌ڕینی خه‌ڵک له سووریه ده‌بێته هۆی شه‌ڕی نێوخۆیی و وێرانبوونی ئه‌و وڵاته و له سه‌رکار مانه‌وه‌ی هه‌تا ئێستای رێژیمی سووریه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ئێران‌دا خه‌ڵک هه‌ستێ و ماوه‌یه‌کیش خۆراگرێ، نامومکین نییه حکومه‌ت زووتر له‌وه‌ی بیری لێ ده‌کرێته‌وه، ئیراده‌ی سه‌رکوت له ده‌ست بدا و ئاکامێکی دیکه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه.
2)شرۆڤه‌ی ئایدۆلۆژیک: لێره‌دا شرۆڤه له‌گه‌ڵ دژکرده‌وه و دژایه‌تیی سیاسی تێکه‌ڵ ده‌کرێ. زۆر جار لایه‌نی ته‌بلیغی و پۆپۆلیستی لێکدانه‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌نده زاڵ ده‌کرێ که زیان له شرۆڤه‌که ده‌دا و له چوارچێوه‌ی شرۆڤه دهیترازێنێ.
یه‌کێک له پێداویستییه‌کانی شرۆڤه ئه‌وه‌یه که ئۆبژێکتیڤ بێ و له هه‌ڵسه‌نگاندن دا تا راده‌یه‌ک بێ لایه‌نی ره‌چاو کرابێ. چونکه شرۆڤه له‌گه‌ڵ نووسینێکی دروشم ئامێز و ورووژێنه‌رانه‌ی خه‌ڵک هانده‌ر جیاوازیی هه‌یه. له شرۆڤه‌ی ئایدۆلۆژیک دا ئارمانج و ئاواته‌کان له به‌رگی شرۆڤه‌دا ده‌خرێنه روو؛ به کورتی له‌م شرۆڤه‌یه‌دا قاڵبیکی پێش وه‌خت ئاماده‌کراو هه‌یه که هه‌ر رووداو و ئاڵوگۆڕێکی پێ ده‌پێورێ و له راستیدا هه‌وڵ ده‌درێ که رووداوه‌کان له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکی ئایدۆلۆژیک دا بترنجێنرێن. ئه‌م شرۆڤه‌یه ته‌نیا ره‌هه‌ندێک له پرسه‌کان ده‌بینێ که هاوخانه له‌گه‌ڵ ئایدیاکه‌ی. به توندی تهبلیغتهوهره؛ هه‌موو ژانره‌کانی راگه‌یاندنی، تاک ره‌هه‌ندی و دروشم ئامێزه. ئه‌م شرۆڤه‌یه له رووی میتۆدیک و نێوه‌رۆکه‌وه هه‌ژاره و ئاڵۆزی و دینامیزمی پرسه‌کان نادیده ده‌گرێ و ره‌ش و سپی بینه. له جیاتی دروست کردنی هیوا، «توهم» دروست ده‌کا. چونکه ده‌یه‌وێ دڵخوازانه و له سه‌ر بنه‌مای نادیده گرتنی ره‌هه‌نده تاڵه‌کانی راستییه‌کان، خۆش بینی و هیوایه‌کی ناواقعی بخوڵقێنێ.
راسته له سیاسه‌ت دا له ته‌بلیغات و دروشم که‌ڵک وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام ناو‌کی سیاسه‌ت هزر و عه‌قڵانییه‌ته. راسته ئێمه که‌سانێکی سیاسین و ده‌بێ هه‌میشه چاوێکمان له ئامانجه سیاسییهکهشمان بێ و، ئۆپۆزیسیۆنیین و ده‌بێ خه‌ڵک له دژی کۆماری ئیسلامی هان بده‌ین و هیوایان پێ ببه‌خشین، به‌ڵام ئه‌وه به‌و واتایه نییه که ئاواته‌کانمان ئه‌وه‌نده له شرۆڤه‌ی رووداوه‌کاندا ده‌خیل بده‌ین که بابه‌تی بوونی بباته ژێر پرسیار.
لە ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه