ماوەی چەند ساڵێکە حیزبە دەستەراستییەکان لە ئوروپا رۆژبەرۆژ ژمارەی لایەنگرانیان زیاد دەبێ و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی باشیان پێ دەدرێ. لە هەڵبژاردنە ناوچەییەکانی چەند وڵاتێکی وەک فەڕانسە، هولەند و ئیرلەند تەنانەت بریتانیایش، خەڵکانی سەر بە حیزبە راستە توندرەوەکان توانیویانە زۆرترین سەرنجی دەنگدەران بۆ لای خۆیان رابکێشن و وەک براوەی هەڵبژاردنەکان دەربکەون.
“بەرزبوونەوەی ئاماری کۆچبەران” و “بارودۆخی ئابووری” دوو هۆکاری سەرەکین کە وەک چاودێرانی سیاسی باسی دەکەن، بۆتە هۆی خۆشەویستیی حیزبە دەستە راستییەکان لە نێو بەشی زۆری خەڵکی وڵاتانی ئوروپا.
سەرکەوتنی لایەنگرانی هاتنەدەری بریتانیا لە “یەکێتی ئورووپا” و سەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە ئامریکا، تا رادەیەک بۆتە قووەتی قەلبێک بۆ حیزبە راستگەرا توندرەوەکانی ئورووپا و پێیان وایە ئەم دوو رووداوە، سەرەتایەکی بەهێزی سەرکەوتنیان بەسەر “کەمایەتی”یەکدا دەبێت کە بە وتەی ئەوان خۆی بەسەر گەلانی ئوورووپادا سەپاندووە.
هەر لەم پێوەندییەدا راست یەک رۆژ دوای رێورەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی تڕامپ وەک سەرۆک کۆماری ئامریکا لە کۆشکی سپی، رێبەرانی حیزبە دەستەراستییەکانی ئوورووپا کە دژایەتیکردنیان بەرانبەر بە کۆچبەری، ببووە خاڵی هاوبەشی نێوانیان، لە وڵاتی ئاڵمان پێکەوە کۆبوونەوە.
ئەوان کە ماوەی چەند ساڵێکە بە کۆکردنەوەی دەنگی زیاتری خەڵکی وڵاتەکەیان بوونەتە بەرەیەکی بەهێزی سیاسی لە ئورووپا لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئامەنجەکانیان بیروڕا بگۆڕنەوە.
مارین لۆپێن، رێبەری حیزبی دەستەڕاستی بەرەی نەتەوەیی فەڕانسە، سەرکەوتنی حیزبە هاورێبازو هاوئامانجەکانی لە بەرەی راستی ئورووپا بە “لەدایکبوونەوەیەکی دیکەی ناسیونالیزم” پێناسە دەکات و پێی وایە ئەمە نیشانەی بووژانەوەی نەتەوەکان و کۆتاییهاتن بە رەوتی جەهانیسازییە. ناوبراو بەهێزبوونی حیزبە راسترەوە تووندرەوەکان و پشتیوانی خەڵکی وڵاتانی ئورووپا بە دژکردەوەیەکی میللی دەزانێ بەرانبەر بە نێۆلیبرالەکان و پێی وایە هاتنەدەری بریتانیا لە یەکێتی ئورووپاو سەرکەوتنی تڕامپ لە ئامریکا کاری رەقیبەکانیان زیاتر لە جاران دژوارتر دەکات.
فراوکە پەتری، لە حیزبی محافزەکاری ئاڵمان کە سیاسەتی دژ بە کوچبەران پەیڕەو دەکات، کۆبوونەوەی حیزبە راستگەراکان لە ئاڵمان بەسەرەتای گۆڕانکارییەکان لە ئوروپا دەزانێ و دەڵێ؛ “گەلانی ئوورپا چیدیکە ناتوانن چاو لە توانەوەی بەهاکانیان بکەن.”
لە بەرانبەردا کەم نین ئەوانەی پێیان وایە، دەستەراستییەکان بە زوومکردنیان لە سەر کێشە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتییەکانی وڵاتەکانیان، پۆپۆلیستیانە پلان بۆ گەڕانەوەی ئورووپا بەرەو فاشیزم دادەڕیژن. بە ئاتۆگرتنی پرسی کۆچبەران کە ئەمڕۆژانە لە وڵاتانی ئورووپایی وەک قەیرانێکی سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتی سەری هەڵداوە، لە لایەن حیزبە تووندرەوەکانی ئورووپاوە، زۆر کەسی دیکەی لە ئورووپا نیگەران کردوەو پێیان وایە ئەو بووژانەوە نەتەوەیییەی کە راستەکان باسی دەکەن، راست بە مانای “زیندووکردنەوەی فاشیزمی ئیستالینی و نازیسمی هیتلێرییە”.