دووی رێبەندان لە مێژووی هاوچەرخدا رۆژێکی گرنگە بۆ نەتەوەی کورد . لەو رۆژە و لە ساڵی ١٣٢٤دا ، لەسەردەستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و پێشەوای کورد قازی محەممەد، «کۆماری کوردستان» وەک یەکەم دەسەڵاتی مۆدێڕنی نەتەوەی کورد لە شاری مەهاباد و لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراو ئاڵای نەتەوەی کورد شەکایەوە و بەم چەشنە ڵاپەڕەیەکی زێڕین لە خەباتی نەتەوەییمان هەڵدرایەوە..
نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو لەسەر زێد و نیشتمانی خوی ژیاوە و سەرەڕای هێرشی داگیرکەرانی بێگانە، نەتواوەتەوە و بەربەرەکانی کردوە و پاش ماوەیەک بەسەرداگیرکەرە خوێنرێژەکاندا زاڵ بووە و نیری یەخسیریی لە ملیداڕنیوە. لەدوای دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو ئیمپڕاتۆری عوسمانی و سەفەویش دا نەتەوەی کورد شۆرش و داستانی قارەمانییەتی مەزنی خوڵقاندوە و ئامادە نەبوە ملکەچ و ژێردەستەی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان بێ. لە بەرخۆدانی جوامێرانەی»قەڵای دمدم» لەلایەن»خانیلەپزێڕین» لەسەردەمی شاعەبباسی سەفەوییەوە بگرە هەتا شۆرشە خوێناوییەکەی سەید رەزای دێرسیم لە باکووری کوردستان، دەیان شۆرش و راپەڕینی گەورە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەران و سەربەخۆیی ولاتی کوردان سەریهەڵداوە. بەڵام هیچکام لەو شۆرشانە، سەرەڕای فیداکاریی و لەخۆبردوویی رێبەران و جەنگاوەرەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و بەداخەوە نەیانتوانی ئاواتی لەمێژینەی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکەن.
پێشەوا قازی محەممەد بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە مێژوویی و ناوچەیی و سیاسییەکانی سەرنەکەوتنی شۆرش و راپەڕینەکانی رابردووی نەتەوەی کورد و هەل و مەرجی ئەوکاتی رۆژهەلاتی کوردستان، بەتایبەت لەجەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانی و لەو کاتە دا کە باکوور و باشووری ئێران لەلایەن هێزەکانی یەکێەتیی سۆڤیەت و بریتانیای مەزنەوە داگیر کرابوون، بیرۆکەی دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی گەڵاڵە کرد. ئەو کە خۆی یەکێک لە مرۆڤە هەرە زانا و بەلیمەتەکانی ئەو سەردەمە بوو و لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت موکریاندا جێگە و پێگەی بەهێزی کۆمەڵایەتی هەبوو، باش دەیزانی دەبێ لەو هەل و دەرفەتە لە نەمانیدەسەڵاتی سەرکوتکەری بنەماڵەی پەهلەوی لە ناوچەکەداکەڵکوەرگرێ و ئەو بۆشایی دەسەڵاتە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی پڕبکاتەوە.
پێشەوای نەمر زۆر باش بارودۆخەکەی لێکدابوەوە و دەیزانی ئەو دەسەڵاتە کوردییە دەبێ بە شێوازێکی مودێڕن لەسەر بەستێنیکی جیا لە دەسەڵاتەکانی دیکە دابمەزرێ. هەر بۆیەش لەسەرەتادا لەسەر بناغەی کۆمەڵەی»ژکاف» لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ و رێک لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ئەو رێکخراوە سیاسییەدا دامەزراندنی»حیزبی دێمۆکراتی کوردستان»ی وەک حیزبێکی سەردەمیانە و مۆدێرن، بە پەیرە و پرۆگرام و ئامانجی روون و دیاریکراو، لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد راگەیاند. پاشان بە پشت بەستن بە فاکتەرە دەرەکیی و نێوخۆییەکانی وەک: لەبەردەستدابوونی ناوچەیەکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی کۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵک و سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان و بوونی سوپا و هێزی پێشمەرگە و هەروەها هێزی پێشمەرگەی کارامەی بارزانییەکان، لەلایەک و لەلایەکی دیکەش لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی و بوونی دولتی ملی ئازەربایجان وەک دراوسێیەکی بەهێز و جێی متمانە و پشتیوانی یەکێەتیی سۆڤیەت لە دەسەڵاتی ئازەربایجان؛ پێشەوا قازی محەممەدی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ کۆماری کوردستان ڕابگەیێنێ و ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە.
هەربۆیەش لە دووی رێبەندانی ١٣٢٤ لە نێو ئاپۆرای دەیان هەزار کەس لە خەڵکی مەهاباد و باقی شارە کانی کوردستان و هەروەها سەدان کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان، لە چوارچرای مەهاباد لە رێورەسمێکی شکۆداردا ئاڵای کوردستان هەڵکراو کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوای نەمر راگەیێندرا و کابینەی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار،دەستی بە راپەڕاندنی کار و ئەرکەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا کرد. کۆماری کوردستان بوو بە کانگای هیوا و هومێدی خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستان و زۆر لە رووناکبیر و شارەزا لە بوارە جوراوجۆرەکان بە خۆشەویستییەوە بۆ خزمەت بە کۆمار روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو کۆمارە نەتەوەیی کرد کە هەموان بە کۆماری خۆیانیان دەزانی. جگەلەوەش لەماوەی کەمتر لە سالێک لە تەمەنی دەسەڵاتی کوردیدا زۆر کاری باش لە هەموو بوارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کران کە دەکرێ لە نێوخۆ بۆ نموونە باس لە دامەزراندنی دەوڵەت و دامودەزگا ئیدارییە فەرمییەکان و لەشکەری کوردستان، پێکهاتوو لە هەزاران جەنگاوەری کورد کە دواتر ناوی»پێشمەرگە»ی لێنرا و بۆ هەمیشە لە نێو کورددا جێکەوت و هەروەها باس لە خوێندن بە زمانی کوردی و دەرچوونی چەندین گۆڤارو رۆژنامە و دامەزراندنی یەکێەتیی لاوان و رێکخراوی تایبەت بە ژنان و ……زۆر نموونەی دیکە لە دەسکەوتەکانی کۆمار بکەین. لە ئاستی دەرەوەش دامەزراندنی پێوەندی پتەو لە هەموو بوارە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەل دەوڵەتی ئازەربایجان و ئیمزای رێککەوتنی بەرگری و نیزامی لەبەرانبەر ئەگەری هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی و هەروەها ناردنی دەیان خوێندکاری کورد بۆ یەکێەتیی سۆڤیەت بۆ درێژەدان بە خوێندن و پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئەو زلهێزە سەرکەوتووەی شەڕی دووهەمی جیهانی، بەشێکن لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان.
ئەو کۆمارە و دەسەڵاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بێگومان یەکێک لە شانازییەکانی نەتەوەی کوردە و سەرەڕای تەمەنی کورتی و چارەنووسەکەی کە بە شەهید بوونی پێشەوا و هاورێیانی کۆتایی هات، زۆر دەسکەوت و ئەزموونی پڕبایەخی بۆ نەتەوەی کورد بەگشتی بەدیاری هێنا کە دەکرێ ئاماژە بە ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوەیی ئەیرەقیبو ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بکەین کە ئەوڕۆ لە جیهاندا وەک بەهێزترین جەنگاوەری شەڕ لەگەڵ تێرۆریزم ناسراوە.
کۆماری کوردستان پاش کەمتر لە ساڵێک لە دوای دامەزرانی بە هاتنەوەی هێمنانەی ئەرتەشی شا رووخا و کورد بۆ جارێکی دیکەش بە ئازادی و سەربەستی نەگەیشت. لەسەر هۆکارەکانی تێکشکانی دەسەڵاتی کوردی لەو بەشە لە کوردستاندا زۆر باس و لێکۆڵێنەوە کراوە و هەر کەس و شارەزا و مێژوونووسێک ئاماژەی بە بەشێک لە هۆکارەکان یان هەموویان کردوە؛ بەڵام زۆربەی هەرەزۆریان هۆکاری سەرەکی رووخانی کۆمار یەکەم، لە ڕاکردنی رێبەرانی حکومەتی میللی ئازەربایجان و خۆبەدەستەوەدانی ئەو هێزە کۆک و پوشتەیە دەیان هەزار کەسییە دەزانن کە لە بەرانبەر هێزە شەق و شڕەکەی دەوڵەتی ناوەندیی لە بەرەکانی پێشەوەدا بەربەرەکانییان نەکرد و بەمچەشنە ورەی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی کۆماری کوردستانیان لەرزۆک کرد و دووهەمیش سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان بوون کە بە نەهێنی پێوەندییان بە ناوەندەوە گرتبوو و لە ڕێی ئاڵوگۆڕی نامە، وەفاداری خۆیان بە شا راگەیاندبوو؛ ئەوەش سەرەڕای پێداگری پێشەوا و هاوڕێکانی لەسەر بەربەرەکانی و بەرخۆدان بە دژی هێرشی ئەڕتەشی شا، کاریگەری هەبوو لەسەر دابەزینی ورەی خەڵکی ئاسایی.
راستە کۆماری کوردستان کۆتایی بە تەمەنی هات و پێشەوا و هاوڕێیانی و زۆر لە بەرپرسانی کۆمار لەسێدارە دران و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش بۆ ماوەیەک دەنگی کپ کرایەوە، بەڵام بڵێسەی ئاگری شۆرش و ڕاپەرینی کوردان لە ماوەی ٧١ ساڵ دوای رووخانی کۆماریش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نەکووژایەوە و بانگی مافخوازی کورد زیاتر لە پێشوو بەرز بوویەوە. لەماوەی ئەو ٧١ساڵەدا جیهان گەورەترین ئاڵوگۆری لەهەموو بارێکەوە بەخۆیەوە دیتووە و نەخشەی سیاسی جیهان گۆڕاوە و لە گۆڕاندایە . زۆر لە رێژیمە دیکتاتۆرەکان لە ناوچەدا، رووخاون و کورد لە رۆژەڤی سیاسەتی جیهانیدا وەک سەردەمی کۆمار بێ پشتوپەنانییە و هیواکان و ئەگەرەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی، نەتەوەی کورد بە گشتی لە هەمووکات زۆرترخۆ دەنوێنی.
لە ئێران هەروەک چۆن رێژیمی پاشایەتی لەوپەڕی دەسەڵات لەبەرانبەر تەوژمیی ئیرادەی خەڵکی ئازادیخوازدا خۆی پێڕانەگیراو رووخاو ناوی چووە لاپەڕە رەشەکانی مێژووی ئێرانەوە، رێژیمیدژ بە مافەکانی کورد ، کۆماری ئیسلامیش سەرەڕای ئەو هێزو دەسەڵاتەی لە ناوچەیرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی و وەک زلهێزێکی ناوچەیی هەڵسووکەوت لەگەڵ دوونیای دەرەوە دەکات، لە نێوخۆی وڵاتدا بەتەواوی شپرزەیە و لە راستیدا گڕکانی ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵکی لە وەزاڵەهاتوو بەرەو نەمان هەنگاو دەنێ. بێگومان نەتەوەی کوردیش لەو بەشە لە کوردستان لە مەیداندایە و دەبێ بەهەموو شێوەیەک، بەکەڵکوەرگرتن لە هەموو تواناکانیان و تەنانەت کەلێن و کەلەبەرە یاساییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیش بێ، دەنگی نارەزایەتی خۆیان بەرانبەر پێشێلکرانی مافەکانیان بەرز بکەنەوە.
لەلایەکی دیکە رەنگە پاش رووخانی کۆماری کوردستان وەک یەکەمین دەوڵەت و دەسەڵاتی مۆدێرنی کوردی، شاهیدی سەربەخۆیی بەشێک لە نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان بین کە ئەوە بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵە، دەسەڵاتی خۆی لە چوارچێوەی وڵاتی عێڕاقدا بەدەستەوە گرتووە و سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان، وەک شەڕی نێوخۆیی و گەمارۆی ئابووریی و لەم دووساڵەی دواییشدا هێرشی دڕندانەی ڕێکخراوی تێرۆڕیستی شێوە دەوڵەتی داعش، توانیویەتی بەسەربەرزی ئاڵای کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان شەکاوە ڕاگرێ
لە ژماره ٦٩٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه