(خوێندنەوەیەک بۆ روانگەکان و دوالیزمی نێوان بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگە)
هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەتایبەت لە ئاستی گشتیی کۆمەڵگاکاندا، بەر لەوەی گرووپێکی نوخبە، حیزب، رێکخراو یان حکوومەتەکان خۆی لێ بکەن بە خاوەن، بەرهەمی رەوتی عەقلانی و گەشەخوازی کۆمەڵگاکانە. بەڵام ناکرێ حاشا لەم راستییەش بکرێ کە هەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی هۆکار و دینامیزمی تیۆریک و هاندەرانەی تایبەت بە خۆی هەیە. کۆی دەرهاویشتەی ئەم دوو رەوتە، بریتییە لە گەشەکردنی کۆمەڵگا بە هەموو رەهەندەکانییەوە و دینامیزمە هاندەرەکانی بارگراوی بە هەر جۆرە ئامانج و ئایدیایەکەوە پاشکۆی ناخی گۆڕانکارییەکانن و مێژووی سیاسی -کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە هەر هۆکارێکی کاریگەردانەر (بە ئاراستەی ئەرێنی) لاوەکین و ئامانجی سەرەکی هەمووکات کۆمەڵگا و خواستەکانی بوە. مێژووی نەتەوەکان و ئەو لایەنانەی کە دەسەڵاتی سیاسییان قۆرغ کردوە و ئایدیاکانی خۆیان و پاراستنی دەسەڵاتیان کردۆتەوە ئامانجی سەرەکی، پڕە لە نموونەی زیندوو.
بزاڤە مافخوازە دێموکراتیکەکان، رەنگە لە ڕووی تایبەتمەندی و مێتۆدەکانی خەباتدا جیاوازییان هەبێ، بەڵام ئامانجی گشتیی هیچکامیان بەدەر لە خواستەکانی کۆمەڵگا نیە. هەر بزووتنەوەیەکی بەناو مافخوازانەش کە پاش سەرکەوتن، خۆی کردبێتە ئامانجی سەرەکی و کۆمەڵگای ناچار بە پێرەوی لە ئایدیاکانی کردبێ، یان دیکتاتۆرێکی لێ بەرهەم هاتوە یان دەسەڵاتێکی بێ پلانی سەرتاپا نوقم بوو لە وەهم و دروشمی پێک هێناوە.
بزووتنەوەی نەتەوەیی – دێموکراتیکی دێرین، پڕ ئەزموون و فیداکاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەرچی هێشتا نەیتوانیوە بگاتە قۆناغی ڕزگاری، بەڵام دوای لانیکەم حەوت دەیە خەبات، لە بەرامبەر زۆر پرسیار و پرسی گرینگ دایە کە وڵامی ڕوون و خۆ یەکلا کردنەوەی، بێگومان کاریگەری بەهێزی لەسەر داهاتووی رەوتی ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبێ. ئایا تا ئێستا بە شێوەیەکی جیددی و داتامەند، بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی لەپێوەندی لەگەڵ کاریگەری فکر، بەرنامە و چالاکیەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات ئەنجام داوە؟ ئەم گۆڕانکاری و چالاکییە جۆراوجۆرانەی ئەمڕۆکە (وێڕای هەموو کەموکوڕییەکان) لە ژینگەی سیاسی – کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارا دایە، جووڵەیەکی ڕێکخراوی پلانمەندە یان بەرهەمی تێگەیشتنی سیاسی و وشیاری نەتەوەیی کۆمەڵگایە؟
لە کاتێکدا وشیارییەکی ماناداری نەتەوەیی – سیاسی و هەروەها چالاکییەکی بەرفراوانی مەدەنی – فەرهەنگی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای هەموو سەرکوت و بەربەستە سیاسی – ئەمنیەتییەکانی دەسەڵاتی زاڵ، رەوتێکی بێ گەڕانەوە و بەرەو هەڵکشان دەپێوەێ، یەکێک لەو شوبهانەی کە لانیکەم بەشێک لە بزووتنەوە هەمووکات ئاراستەی کردوە بریتیە لە نەبوونی ئاراستە و ڕێچکەیەکی مافخوازانە و نیشتمانی لەم جۆرە چالاکییانەدا. لێرە ئاماژە بە چەند نموونەیەک لەم جۆرە روانگە و دوالیزمانە لەم پێوەندییەدا دەکەین.
هیچ گومانی تێدا نیە کە پانتاییەکی بەرفراوانی وشیاری و جووڵەی مەدەنی لە ئاستی کۆمەڵگادا، بە بێ بوونی باکگراوەندێکی هزری و خەباتی نەپساوەی بزووتنەوەی رۆژهەڵات، لانیکەم نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا. کەواتە روانگەی خۆڕسک بوون و جۆرێک بێ منەتی بەرامبەر بە حیزبەکانی رۆژهەڵات تا ئێستا ئەم دوالیزمەی بەردەوام کردوە. یان چاوەڕوانییەکانی رەوتی چالاکییەکانی نێوخۆ لە بزووتنەوە، زۆرجار بەدەر لە توانا و ئیمکاناتی ئەوان بوە. بەڵام یەکێک لە ئاڵنگارە سەرەکیەکانی بەردەم بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، تێنەگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە یان دووری جوغرافیایی و نەبوونی کاریگەرییەتی لەسەر رەوتی گۆڕانکارییەکان. واتە لە جیاتی خویندنەوەیەکی واقعبینانە بۆ کۆی گشتی پرسەکانی کۆمەڵگا، زۆرجار بە لێکدانەوەی هەڵە و دوور لە واقعبینی بەشێکی زۆر لە جووڵەی کۆمەڵگا و چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی ناوخۆ بە هێڵی هاوتەریبی «چاکسازییە بێ بنەماکانی دەسەڵات» دەشوبهێنن. ئەم جۆرە لێکدانەوە و روانگەیە لەلایەن هەر حیزب و رێکخراوێکەوە بێ، هەڵگری هەمان ئەو پەیامە مەترسیدارانەیە کە لەسەرەوە باس کرا. واتە: «ئایدیا، رێکار و سیاسەتی من، بە قازانجی گشتییە و باشترین مێتۆدی خەباتە.» دوگماتیزمێکی بارگراوی بە رەگەکانی پاوانخوازی یان نائومێدی لە تواناکانی خۆت. یان هەمان سیاسەتی ڕەنگ پەڕیوی دابەشکردنی کۆمەڵگا بە ڕەش و سپی.
ئەمجۆرە پەرتەوازەیی و دوالیزمەی نێو پێکهاتەی پێوەندییەکان و ئەدەبیاتی نێو بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، نە تەنیا ناتوانێ هیوا بەخش بێ، بەڵکوو هەڵگری پەیامێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی بزاڤی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات. کێشە سەرەکیەکە لێک تێنەگەیشتن یان خاڵە لێک جیاوازەکان نیە، بەڵکوو داماڵینی لایەنە جۆراوجۆرەکانە لە ئەرکداری و بەرپرسیارەتی نیشتمانی. دوورکەوتنەوەیە لە ئەندێشە و بەرنامە پێکهاتەییەکان.
بزووتنەوەیەکی دێموکراتیک و بەرپرس بەرهەمهێنەری کۆمەڵگایەکی وشیار و زیندووە و لە هەمان کاتدا، کۆمەڵگایەکی چالاک و پێگەیشتوو ،هەقی بوونی بزاڤێکی تەیار بە عەقلانیەتێکی سیاسی و تێگەیشتوو لە گۆرانکارییەکانی سەردەمی هەیە. کەواتە بەردەوامیی ئەم لێک تێنەگەیشتنە یان خۆ سەپاندنە تاک لایەنانە، یەکەم تەرجومەی بریتییە لەوەی کە یان نامانەوێ ئەم گۆڕانکارییانە ببینین و قبووڵی بکەین یان بەرژەوەندی من شتێکی تر دەخوازێ. لە کاتێکدا لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت – نەتەوە دەسکردەکانی ئێران، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر گوشاری سەرکوتکەرانە و چەتری ئەمنییەتیی دەسەڵاتداران بۆ ساتێکیش پشووی نەداوە، شوبهاندنی کۆمەڵگا بە ڕەش و سپی و گشتاندندنی بارە نەرێنییەکانی (رەفتار و کردەوەی دژی گەلییانەی بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا) بەسەر کۆی گشتیی رووناکبیران و چالاکانی بوارە جیاجیاکان، ئاماژەیەکە بۆ دووپات بوونەوەی مێژوویەکی نوێ لە نا ئومێدی. بەجێمان و دابڕان لە رەوتی رووداو و گۆڕانکارییەکان، هەرچەند خەسارێکی گەورەیە، بەڵام دەرفەتی پێ ڕاگەیشتن و قەرەبوو کردنەوەی تێدا هەیە. بەڵام خواستی تێنەگەیشتن یان قبووڵ نەکردنی گۆڕانکارییەکان، بەرهەمهێنەری پەرتەوازەیی و دوورکەتنەوەیە لە ئامانجەکان.
هیچ پێکهاتەیەکی ئایدیایی، حیزبی، مەدەنی و هتد ناتوانێ ببێتە ئاڵترناتیوی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بۆ داهاتووی نەتەوەیەک. چوونکە مێژووی بزاڤە رزگاریخوازەکان، پڕ لە نموونەی ناسەرکەوتوو لەم بوارەدا. واتە سەردەمی ئێستا هەڵگری سەپاندنی تاک رەهەندی و تاک لایەنانەی هیچ جۆرە ئەندێشە و مێتۆدێکی موبارەزاتی نیە. کەواتە باشترین ئاڵترناتیو یان هەمان رێگاچارە، لێک تێگەیشتنی دوولایەنە لە راستییەکان و خستنە سەریەکی کۆی هزر و تواناکانە بە ئاراستەیەکی نیشتمانی و مافخوازانە
لە ژماره ٦٩٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه