دیسان من و ناوی پێشمه‌رگه. دیسان دڵه‌کوته بۆ تێڕامان له هه‌یبه‌تی ئه‌و مرۆڤه‌ی له مردن راده‌سێ و به هه‌ودای ژیان ده‌سته‌مۆی ده‌کا. دیسان من و خه‌ون دیتن به دنیای پڕ له ره‌مز و رازی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی له‌نێو ده‌ریای غیره‌تدا مه‌له‌ی ده‌کا، به داری خۆڕاگری، گه‌میی چوونه پێش دروست ده‌کا و له چۆمی فیداکاری پێی ده‌په‌رێته‌وه. دیسان ئاوڕدانه‌وه له مێژووی ساڵیانی ساڵ تێکۆشانی ماندوویی نه‌ناسانه و هاتوچۆی بێ سڵه‌مینه‌وه. نا، ئه‌وه نه سیحره و نه جادوو. نه خه‌ونه و نه خه‌یاڵ. نه ئه‌فسانه‌یه و نه گوته‌ی پێشینیان. ئه‌وه بوونه و تابڵۆی ده‌ستکاری ئه‌و خوڵقێنهرانهیە کە ناوی پێشمه‌رگه‌یان له‌سه‌ره. باس باسی پیشمه‌رگه‌یه و ده‌گه‌ڵ باسی هه‌ر قارهمانێکێش گه‌زبه‌گه‌ز باڵا ده‌که‌م و واده‌زانم له‌په‌نا ههورانڕا له به‌ژن و باڵای قه‌ت نهچهماوهیان ده‌ڕوانم. زۆرم پێ خۆشه بگه‌مه لایان، به‌ڵام هه‌یهات رێگام دووره و پڕحەستەم…
ژیانی مرۆڤایه‌تی زۆر شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تێدایه. شتی ئه‌وه‌نده ناته‌با ده‌گه‌ڵ یه‌ک که ئینسانی تووشی سه‌رسوڕمان ده‌کا. هه‌ن که‌سانی وا که به قووڵایی گه‌نده‌ڵی و خۆپه‌رستی و ناڕاستیدا رۆده‌چن و له‌سه‌ر سه‌رانگوێلکی ترس و بێهه‌ڵوێستی سفره‌ی خواردن راده‌خه‌ن. هه‌شن به هه‌ورازی هه‌زاربه‌هه‌زاری غیره‌ت و فیداکاریدا ده‌چنه‌سه‌ر و به دڵۆپه بارانی تازه جیابۆوه‌ی هه‌وران تینویه‌تیی خۆیان ده‌شکێنن. هه‌ر له‌نێو حه‌شیمه‌تی ئاده‌میزاددا هه‌ن چوار ده‌ست و پێ به ته‌ختی ژینه‌وه نووساون مه‌بادا داوی مه‌رگ زه‌فه‌ریان پێ به‌رێ. که‌میش نین ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر سینگی ژیان هه‌ڵ ده‌په‌ڕن بۆ ئه‌وه‌ی ترس و خۆف بخه‌نه نێو دڵی مه‌رگه‌وه. مه‌ودای نێوان ئه‌و دوو ده‌سته‌یه چه‌نده لێک دووره به من حیساب ناکرێ. من ته‌نیا ده‌توانم سوژده بۆ ده‌سته‌ی دووهه‌م به‌رم و ئه‌گه‌ر بتوانم چه‌ند هه‌نگاوێک لێی نیزیک بمه‌وه. باسه‌که‌مان، باسی ئەو جۆره خه‌ڵکانه‌یه.
*****
بۆ ئاشنا بوونی زیاتر ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی مێشکیان هانده‌ری له‌شیانه بۆ نه‌وه‌ستان و نه‌ترسان، خۆ ده‌گه‌یه‌نمه مه‌ڵبه‌ندی موکریان و له شاری حه‌وزه گه‌وره و له‌په‌نا ناڵه‌شکێنه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک ده‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی هه‌زاره‌زیله‌ی «ئێلخانیزاده« ئاشنا ده‌بم. له‌نێو ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌دا «فه‌تاح»م به باڵایه‌کی به‌رز و ئوبووههتێکی پێشمهرگانههوه دێته به‌رچاو. لێی راناوه‌ستم، گورج خۆی ده‌گه‌یه‌نمێ و حه‌زی خۆمی بۆ ئاشنا بوون ده‌گه‌ڵ ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌ی پێ راده‌گه‌یه‌نم. راکێشم ده‌کا بۆ په‌نایه‌ک و ئینجا لێم ده‌پرسێ: چیت ده‌وێ؟ دیسان مه‌به‌ستی پێ ده‌ڵێم و پرسیار به پرسیار بۆی شی ده‌که‌مه‌وه. دواتر به ئیشتیا پێدا دێ و له خۆی و له خه‌باتی پێشمه‌رگه و له خه‌ڵک و له حیزب ده‌دوێ:
کاک فه‌تاح ئێلخانیزاده سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی به‌ناوبانگی ئێلخانییه‌کانی موکریانه. له شاری بۆکان له‌دایک بووه و هه‌ر له‌و شاره‌ش ده‌ستی به خوێندن کردوه. خۆی گوته‌نی شاگردێکی زیره‌ک نه‌بوه و ئه‌وه‌ی که‌یفی پێی نه‌هاتبێ خوێندن بووه، به‌ڵام له‌ژێر زه‌بری بنه‌ماڵه‌دا به قۆنه‌قۆن درێژه‌ی داوه. «من خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم له بۆكان ته‌واو كردوه و شاگردێكی زۆر زیره‌ك نه‌بووم. كه‌م ساڵ هه‌بوو بێ ته‌جدید ده‌ربچم و له ماڵه‌وه‌ش زۆرم لێدان ده‌خوارد، زۆرم عه‌لاقه به وه‌رزش هه‌بوو، سه‌ره‌تاكان فوتباڵم باش ده‌كرد و دوایی رووم له والیباڵ كرد و زۆر چاكی فێر بووم. سه‌باره‌ت به خۆ پێگه‌یاندنم لەڕاستیدا زۆرم عه‌لاقه به خوێندنه‌وه‌ی كتێب نه‌بوو، به‌ڵام عه‌لاقه‌م زۆر به شێعر ده‌هات و ئێستاش شێعری خۆشم خۆش ده‌وێ. من ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ شتێك بزانم و فێر بووم له جه‌ره‌یانی شۆڕش و له‌نێو حیزب‌دا فێر بووم و خۆم به مه‌دیونی حیزب ده‌زانم».
تێکۆشه‌ر ئێلخانیزاده زۆر زوو پێی نایه مه‌یدانی خه‌بات و هه‌ر له یه‌که‌م رۆژه‌کانی ده‌ست پێکردنیشیدا ئه‌رکی فه‌رمانده‌ری پێ ئه‌سپێردرا. دیاره له هه‌ڵبژاردنی رێبازی سیاسی و ناسینی مه‌کۆی خه‌باتیدا، باوکی یاریده‌ی داوه و ته‌وسییه‌ی پێ کردوه که حیزبی دێمۆکراتی کوردستان هه‌ڵ بژێرێ. خۆی له‌و باره‌وه ده‌ڵێ: «من له ساڵی ١٣٥٨ بووم به پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان و له شاری بۆكان كه شوێنی له‌دایكبوونی خۆمه له كۆمیته‌ی شارستانی بۆكان و هێزی به‌یان ده‌ست به کار بووم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كات بۆكان هێزی سه‌ربه‌خۆی نه‌بوو، پێكهاتبوو به ناوی «پۆل» كه بۆكان پۆلێك بوو. روحی شاد بێ مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د مراد ره‌سووڵی سه‌ر پۆل بوو، منیش ئه‌و كات سه‌رپه‌ل بووم. دیاره ئه‌و پۆله‌ی ئێمه سه‌ر به هێزی ٢١ی پێشه‌وا بوو».
تێکۆشه‌ر ئێلخانیزاده وه‌ک ناودارانی دیکه‌ی مه‌یدانی نه‌به‌زین و به‌رخۆدان له‌و رۆژه‌وه ده‌ستی پێ کردوه هه‌نگاو به هه‌نگاو لێی سهرخۆشتر بوه و له درێژه‌ی رێگادا جار ده‌گه‌ڵ جار کارامه‌تر و به ئه‌زموونتر هه‌نگاوی ناوه. ئه‌و له خه‌باتی نێو شارهکانڕا ده‌ستی پێ کرد و ده‌ورانی به ماشین گه‌ڕان و پۆزلیدانی پێشمه‌رگانه‌ی تێپه‌ڕ کرد. دواتر خۆی ده‌گه‌ڵ بارودۆخی سه‌ختتر و گه‌ڕان له دێهاتی کوردستانیش تاقی کرده‌وه و ئینجا وه‌شاخی که‌وت و به‌رزاییه‌کانی کرده جێ هه‌واری مانه‌وه. ناوبراو هه‌ر به شاره‌که‌ی خۆی بۆکان و ته‌نیا به دێهاتی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره قه‌ناعه‌تی نه‌کرد و چونکه بۆ ئازادیی کوردستان له‌هه‌وڵدا بوو بڕیاری دا وه‌داوی خه‌ونه‌که‌ی بکه‌وێ. له ناوچه‌ی هه‌وشاره‌وه بگره هه‌تا سه‌رووترین به‌شه‌کانی کوردستان که ورمێ و ئه‌ولاتره و خوارترینی که سنه و کرماشانه کاک فه‌تاح خۆی تێدا تاقی کردوونه‌وه و له ته‌نیشت هاوسه‌نگه‌رانی سه‌نگه‌ری لێ گرتوون. له‌و باره‌وه تێکۆشه‌ر ئێلخانیزاده ده‌ڵێ:
تێکۆشه‌ر ئێلخانیزاده هه‌ڵگری کۆڵه‌بارێک له خه‌م وفرمێسکی له‌ده‌ستدانی هاوڕێ و هاوسهنگهرانیهتی. ئه‌و زۆر به حه‌سره‌ت باسی شه‌هیدان ده‌کا و یه‌کجار ئه‌مه‌گدارانه وه‌بیریان دێنێته‌وه. کاک فه‌تاح که له درێژایی ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێکۆشان‌دا بۆته دۆست و ناسیاوی سه‌دان قاره‌مانی مه‌یدانی به‌ره‌نگاری و ده‌گه‌ڵ به‌شێکیان زۆر نیزیک و خۆمانه بووه، ناحه‌قی نییه ئه‌گه‌ر به‌دایم یادیان بکا و بۆ کۆچی نابه‌وه‌ختیان کوڵی گریان بیگرێ. ئاخر ئه‌و ئینسانه و بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی ئینسان راپه‌ڕیوه و ئه‌وانه‌ش که به‌جێیان هێشتوه دڵیان پڕ بووه له عیشق به ئازادیی ئینسان. ناوبراو نه‌ک هه‌ر به له‌ده‌ستچوونی هاوسه‌نگه‌رانی له مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕی به‌رگریدا ناڕه‌حه‌ت و خه‌فه‌تباره، به‌ڵکوو یه‌کجار له‌وه داخداره که رۆله‌ی کورد له شه‌ڕی خۆبه‌خۆییدا گیانی فیدا بووه و له رێگایه‌کدا سه‌ری داناوه که که‌س نازانێ بۆ؟ به‌ڵام کۆڵه‌باری قورس و گرانی کاک فه‌تاح هه‌ر خه‌م و هه‌ناسه سواری نییه. په‌روه‌نده‌یه‌کی که له درێژایی ٣٠ ساڵ به‌ره‌نگاریدا دروستی کردوه، حیکایه‌ت له مێژوویه‌کی به‌نرخ و ده‌سکه‌وتێکی به‌هادار ده‌کا. دڵی کاک فه‌تاح ئه‌گه‌ر له لایه‌ک بۆ هاوسه‌نگه‌رانی شه‌هیدی لێ ده‌دا، له لایه‌کی دیکه ئومێد و ئاره‌زووی تێدا قوڵپ ده‌دا و هه‌ر ده‌م بۆ چوونه‌پێش و به‌رده‌وام بوون هانده‌ریه‌تی. هه‌ر ئه‌وه‌شه که ٣٠ ساڵ خه‌می خه‌ڵک و خه‌می ئازادی و خه‌می دووری له خزم و که‌سوکاری به شان داداوه و ئاماده نییه خۆی له‌ژێری ده‌رباوێ. کاک فه‌تاح ئێستاش نه‌ک هه‌ر هیوای به‌رنه‌داوه و له جموجۆڵ نه‌که‌وتوه، به‌ڵکوو هه‌رئێستا وێڕای سه‌دان فه‌تاحی دیکه له مه‌یدانی ئه‌سڵیی خه‌باتدا ماوه‌ته‌وه که له رێگای جۆراوجۆره‌وه بۆ وه‌دیهێنانی ئاواتی شه‌هیدان تێ ده‌کۆشن و رێبازی پێشمه‌رگه درێژه ده‌ده‌ن. کاک فه‌تاح لە سەرپەلیڕا دەستی پێ‌کرد و هەتا پلەی فەرماندەریی هێز چووە پێش. بەڕاستی بەخشینی توانا بۆ درێژەی رێگای خەبات لەوە زیاتر؟
له دنیادا زۆر بنکه و ناوه‌ندی پێگه‌یاندنی ئینسانه‌کان هه‌ن که به خه‌رجێکی زۆر و بهرنامهرێژییهکی به‌ربڵاو کار بۆ په‌روه‌رده و بارهێنانی لاوان ده‌که‌ن و دوایه ته‌حویلی کۆمه‌ڵیان ده‌ده‌ن. به‌شێکی ئه‌ساسی له به‌رنامه‌ی ئه‌و ناوه‌نده ئاموزیشییانه کارکردن له‌پێناو ئه‌وه دایه که لاوان وا بار بێن له‌سه‌ر پێی خۆیان راوه‌ستن و له وه‌ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ترس دایان نه‌گرێ. من ئێستا که بیر له ژیانی پێشمه‌رگه و ئه‌رکی پێشمه‌رگه و راده‌ی هه‌ست به به‌رپرسایه‌تیی پێشمه‌رگه ده‌که‌مه‌وه، ئه‌و جۆره ناوهندانهم زۆر چووک دێنه بهرنهزهر. زانستگایه‌ک که پێشمه‌رگه خۆی تێدا بار هێناوه، زانستگای ویژدان و خۆئاگاهییه. له‌و زانستگایه‌دا «فه‌تاح»ه بێژماره‌کان هه‌ڵکه‌وتوون که وشیارانه هاتوونه مه‌یدان و خالیسانه خزمه‌تیان کردوه. سه‌رکه‌وتنی بیری ئاوا شکههڵنهگره.
لە ژماره ٦٩٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه