نزیک به چوار ده‌یه ململانێی زلهێزێکی وه‌ک ئه‌مریکا ده‌گه‌ڵ هێزێکی ناوچه‌یی ئیدیۆلۆژیکی و به‌دوور له هه‌ر پره‌نسیپێکی سهردهمپهسند و سهربهگۆڵمهز و به‌گێچه‌ڵی وه‌ک ئێران، له ئاکامدا به شوێنێک گه‌یشتوه، که له زمانی رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته ده‌بیستین؛ سیاسه‌تی جیهانی رۆژاوا به شوێنکه‌وتن له ئه‌مریکا ته‌نیا له گۆڕینی ره‌فتاری ئه‌م سیستمه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، نه‌ک گۆڕینی بناخه و بنکۆڵی کۆڵه‌که له‌قه‌کانی ئه‌و رێژیمه سه‌ره‌ڕۆیه که وه‌ک وهرههمێک جگه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، ناخی زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی ناوچه‌که‌شی داوهشاندوه و شێرپه‌نجه‌ئاسا ریشاڵی نه‌خۆشییه‌کانی خزاندۆته نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینه‌وه.
به‌شێک له کوردستانیش که به چاره‌نووسی تارانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه له ژێر زه‌بروزه‌نگی ئه‌و سیستمه‌دا داپلۆساوه و، له هه‌ر رێگه‌یه‌که‌وه که لواوه، به‌ره‌و هه‌ڵدێر و داڕمان ههلدێشتراوه و هه‌روه‌ها ده‌کرێ بڵێین هه‌نووکه بزووتنه‌وه‌ی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان که له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می نوێوه و به تایبه‌ت دوای شه‌ڕه گه‌وره جیهانییه‌کانه‌وه به‌رده‌وام له ترۆپک و په‌لهاویشتن دابووه، ئێستا دوور له سه‌رده‌می زێڕینی خۆی ده‌ژی و پارت و لایه‌نه‌کانی ئه‌م پارچه‌یه به‌هۆی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری جۆراوجۆر و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی کورد، جگه له هه‌ندێک جموجۆڵی وه‌رزی و چالاکی میدیایی و رێکخستن، به کرده‌وه پانتایی خه‌باتیان له رۆژهه‌ڵات چۆڵ کردوه. له ره‌وتی مێژووی کورددا به داخه‌وه که‌م هه‌ڵکه‌وتوه هه‌رسێک فاکته‌ره گرنگه‌کانی سه‌رکه‌وتن و سه‌رگرتنی داوا و خه‌ونی کورد له پارچه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وێکڕا ئاماده‌ییان هه‌بووبێ، مه‌به‌ست له فاکته‌ری نێوخۆیی، ناوچه‌یی و جیهانی. کۆماری کوردستان به رێبه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به روونی ده‌رخه‌ری غایب‌بوونی یه‌کێک له هه‌ره گرنگترین ئه‌و فاکته‌رانه بوو، که هیوای له‌مێژینه‌ی گه‌وره‌ترین گه‌لی بێده‌وڵه‌تی جیهانی کاڵکرده‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دوای هه‌وراز و نشێوێکی زۆر و، له ده‌ستدانی که‌ڵه‌پیاو و، مهزنهرێبهری وه‌ک د. قاسملوو و د. شه‌ڕه‌فکه‌ندی و ….. هه‌نووکه به ناچاری له سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات دوورکه‌وتۆته‌وه و ماوه‌یه‌کی زۆره له رێگه‌ی رێکخستن و کاناڵه پێوه‌ندییه مێدیاییه‌کانه‌وه ده‌خزێته‌وه نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه، به‌ڵام سنوورداربوونی ئیمکاناتی ئۆپۆزیسیۆن و گه‌شه نه‌ستاندنی له هه‌موو بواره‌کانه‌وه له چاو ده‌رفه‌ت و توانایی سیستمی پاوانخوازی تئۆکراسی کۆماری ئیسلامی و گرنگتر له هه‌مووش؛ دابڕان له کۆمه‌ڵگه و سه‌رچاوه‌ی هێزی خۆی، به‌رده‌وام تای ته‌رازووی به‌لای رێژیم‌دا قورس‌تر کردوه، ئه‌گه‌رچی له سه‌رده‌می له لووتکهدابوونی بزووتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتیشدا تای ته‌رازووی هێز هه‌ر به قازانجی سیستم قورس‌تر بووه.
حیزبی دیموکرات، له قۆناخی راگرتنی شه‌ڕی چه‌کداری و که‌مپنشینیدا، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی ده‌رفه‌ت و ره‌خسانی هه‌ل، جارناجار ئاماده‌یی فیزیکی خۆی له ناوچه‌کانی کوردستان دووپات کردۆته‌وه، به‌ڵام زیاتر خواستی ئه‌وه بوو و هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا هه‌وڵه‌کانی چڕ کردۆته‌وه که بتوانێ بنه‌ما سه‌ره‌کی و فه‌لسه‌فه‌ی جه‌وهه‌ری دامه‌زراندنی و پێکهاتنی، واته چاره‌سه‌ری پرسی کورد له رێگه‌ی دیالۆگ و دیپلۆماسییه‌وه به‌ئاکام بگه‌یه‌نێ و ، به رێگه‌ی جۆراوجۆر بتوانێ دیسان وێژار و دیسکۆرسی دانوستان و وتووێژ ده‌گه‌ڵ ناوه‌ند زیندوو بکاته‌وه، که دوایین هه‌وڵه فه‌رمییه‌کانی له کۆبوونه‌وه‌کانی بزاڤی کورد له سه‌رده‌می شۆڕشی 57دا ده‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی کاتی تاران به‌رجه‌سته بووه. هه‌روه‌ها حیزبی دیموکرات له ماوه‌ی تاراوگهنشینیدا له زۆر بواری بنچینه‌یی و بنه‌ڕه‌تیدا هه‌نگاوی قووڵی هه‌ڵێناوه‌ته‌وه که گۆڕینی دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ فیدراڵیزم یه‌کێک له‌م هه‌نگاوانه‌یه.
بزووتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات و یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین هێزه‌کانی واته حیزبی دیموکرات، شوێنپه‌نجه و مۆرکی له ره‌وتی بزاڤی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵات کوردستان پڕشنگداره و به‌بێ ئاوڕدانه‌وه له مێژووی پڕ له تێکۆشان و شانازی ئه‌م حیزبه تاووتوێی مێژووی رۆژهه‌ڵات پڕ که‌لێن و کهڵهبهره. ئه‌م ره‌وته سیاسییه که به جۆرێک له جۆره‌کانی ماکه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حیزب و پارته‌کانی ئێستای باشوور و رۆژهه‌ڵاته، که‌م تێچووی له پێناوی رزگاری کورد له هه‌موو پارچه‌کان و به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات نه‌داوه. ئه‌م حیزبه هه‌رده‌م ویستوویه‌تی به ئابدێت و گه‌شاندنه‌وه‌ی دروشم و وێژاری خۆی، له گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران و کورستاند ئاماده‌یی هه‌بێ. ئه‌م حیزبە که له سه‌ره‌تاوه به فه‌لسه‌فه‌ی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی کورد هه‌نگاوی ناوه‌ته مه‌یدانی خه‌باته‌وه؛ له‌م سۆنگه‌یه‌وه رێبه‌رانی کاریزماتیکی خۆی قوربانی ئامانجێکی مرۆیی کردوه، که له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه به کرده‌وه‌ی نامرۆیی وڵامی دراوه‌ته‌وه. ئه‌م حیزبه له ره‌وگه‌ی خه‌بات و مێژووی خۆیدا، به هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه‌و ره‌چاوی دۆخی ناوچه‌و پێشڤه‌چوونی باری دیموکراسی له جیهان و کارامه‌یی سیستمه‌کان له قۆناخی دوای شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو به وازهێنان له ئۆتۆنۆمی سیستمی فیدراڵی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێران هێنایه به‌رنامه‌ی خۆی و، بۆ ماوه‌یه‌ک بوو به باسی رۆژه‌ڤی ئۆپۆزیسیۆن و کاردانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی، به‌ڵام به تێپه‌ڕی کات کۆماری ئیسلامی که له هێنانه‌ئارا و خوڵقاندنی گه‌مه و سیناریۆی جۆراروجۆر به کوردی و به کورتی له قهیرانخوڵقێنیدا باڵاده‌ستی هەیە به هێنانه کایه‌ی جۆراوجۆر و هه‌ڵفریواندنی بیروڕای گشتی جیهان و دوژمنداتاشی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک و به‌ڕێوه‌بردنی سیناریۆ و شانۆی جۆراوجۆر و ته‌شه‌نه پێکردنی ئیدیۆلۆژییه ئایینی و شیعییه‌کان به مه‌به‌ستی دروستکردن و زیادکردنی پهڕپۆ له چوارقورنه‌ی جیهان و، به تایبه‌ت له وڵاتانی ناوچه‌که و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، بۆ پته‌وکردن و درێژکردنه‌وه‌ی ژیانی پڕ له نه‌گبه‌تی خۆی، هیوای له جۆشی ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵکی گۆڕانخوازی وڵاتی بۆ رووخانی سیستم له باربرد و، ته‌نانه‌ت دوای کۆتاییهاتنی ده‌وڵه‌تی خودی ئیسلاحات و دانان و هێنانی مۆره‌یه‌کی وه‌ک ئه‌حمه‌دی نیژاد، ئاوی پاکی به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ش داکرد که له نێوخۆی سیستمه‌وه هه‌وڵی چاکسازیی و رێفۆرمیان ده‌دا. ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ی به‌ره‌ی بنئاژۆخوازی ئاڵقه له‌گوێی ویلایه‌ت په‌یامێکی روون و نێوه‌رۆکێکی بێقاوخ بوو بۆ ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی چاوی بڕیبۆ ئاسۆی چالاکییه‌کانی نێوخۆ. ئێستاکه‌ش که ئه‌مریکا گه‌وره‌ترین شوێندانه‌ری سیاسی جیهان، راشکاوانه به سه‌رکردایه‌تی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی راده‌گه‌یه‌نێ؛ سیاسه‌تی گۆڕینی ره‌فتاری رێژمی هه‌یه نه‌ک گۆڕینی سیستم، ده‌بێ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که له هه‌موو بواره‌کانه‌وه؛ له ئاست هێزو دهسهڵاتو تیۆری‌و دهستڕۆیشتووییو …. له به‌رانبه‌ر رێژیم‌دا دابه‌زیوه، بڵێی چ سیاسه‌تێک بگرێته‌به‌ر؟ بزووتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری به جۆرێک تهرهکهوڵات بووه‌و له وڵاتانی ئورووپا هه‌واری خستوه که به دژواری ده‌کرێ بڵێین توانای رێکخستن و شوێندانه‌ری له سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کانی نێوخۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها هیوا و ئۆمێد به بزووتنه‌وه‌ی نێوخۆییش دوای زیندانی کردنی رێبه‌رانی له ماڵه‌کانی خۆیاندا له کاڵی دا و، خه‌می نان برستی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران بڕیوه؛ جارێکی دیکه شه‌قامان بخرۆشێنن.
بزووتنه‌وه‌ی کوردیش سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوه‌رینی زۆربه‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی و دابه‌زینی هێژمۆنی له نێوخۆ و سه‌رهه‌ڵدانی پارت و لایه‌نی دیکه، که که‌متاکورت توانیویانه وزه و پوتانسیه‌لی کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ره‌کێشی کاناڵی ویسته‌کانی خۆیان بکه‌ن، تووشی په‌تایه‌کی گورچوبڕی مه‌ترسیدار هاتوه که ئه‌ویش له‌تبوون و جیابوونه‌وه‌ی حیزب و لایه‌نه خاوه‌ن پێگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه سه‌ره‌ڕای له‌باربوونی ژینگه‌ی رۆژهه‌ڵات بۆ چالاکیی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی؛ تووڕه‌یی خه‌ڵکی کوردستان له پارته ره‌سه‌نه‌کان و بهدهنگهوهنههاتنیان له بۆنه‌کانی وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کان، ده‌بێ ئه‌و به‌شه له بزووتنه‌وه که نایه‌وێ به پێچه‌وانه‌ی ره‌وگه‌ی رووبار مه‌له بکا تووشی تێفکرین و تێڕامانێکی قوڵ بکا. ئاشبوونهوهی لۆژیکیانه و تووڕهه‌ڵدانی هه‌ندێ بیری چه‌وتی حیزبایه‌تی و پشتگوێ خستنی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی و ده‌سته‌یی و گۆڕین و گونجاندنی سیاسه‌تی بزاڤی رزگاریخوازی ده‌گه‌ڵ واقعی کۆمه‌ڵگه و ئابده‌یت و بهرۆژکردنهوهی ویست و داواکان و زۆر ته‌وه‌ری دیکه ره‌نگه له‌م هه‌لومه‌رجه گێژه‌ن و ئاڵۆزه‌ی ئێستای ناوچه‌که‌دا، خوێنی مه‌ییوی شاده‌ماره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ببزێوێ و، هێژمۆنی و ئیعتباری بزووتنه‌وه‌ی کوردیش بگه‌شێنێته‌وه. هه‌نووکه به‌هۆی نه‌ورۆز و چه‌ندین بۆنه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه لایه‌نه کوردییه‌کان ده‌توانن به وردبینی و دانواندن بۆ یه‌کتر، به گوتار و هێڵی سیاسی یه‌کگرتووانه، به له بیرنه‌کردنی شێوازه کلاسیکه‌کانی خه‌بات، هه‌نگاو بنێننه‌وه گۆڕه‌پانی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌وه، که هه‌روه‌ک له ئاستی کوردستانی‌دا ده‌بینن، چالاکی خۆڕسکی پێشکهوتنخوازنهی کۆمه‌ڵگه، به‌ستێنێکی له‌باره بۆ هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌رێنیتر. ئه‌گه‌ر ویستی ئه‌مریکا و جیهان که ئێستا به کرده‌وه ده‌گه‌ڵ ئێران له چه‌ند به‌ره‌دا له شه‌ڕدان، ته‌نیا له گۆڕینی ره‌فتاردا خۆی ده‌بێنێته‌وه، که‌واته بزاڤی کوردی به هه‌ڵسه‌نگاندنی هێز و توانای خۆی و له‌باربوون و گونجاوی و توانای وه‌رگرتنی گوتاری خۆی له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و ئێران و ته‌نانه‌ت جیهانیشه‌وه، به نه‌سڵه‌مینه‌وه له هه‌ندێک چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی سازشکار و دانواندن، رێکارێکی نوێ له‌پێناو هێشتنه‌وه‌ی خۆی و گوتاری خۆی له بیری تاکی رۆژهه‌ڵاتدا بگرێته‌به‌ر.
کۆمه‌ڵگه‌و بزاڤی رۆژهه‌ڵات چێدی به‌رگه‌ی ئه‌م بۆشایی‌و دابڕانه ناگرن، هه‌روه‌ها یادگه‌ی زامداری تاکی کوردیش که هه‌موو ده‌ره‌تانه‌کانی لێبراوه، چیدی به‌رگه‌ی ئه‌م ئاڵۆزییه‌ی باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی رۆژهه‌ڵات ناگرێ. نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ و به‌ڕێوه‌چوونی بۆنه و رێوڕه‌سمه‌کانی نه‌ورۆز به‌تایبه‌ت له مه‌ریوان و ناوچه‌کانی ده‌وروو و پشتی ده‌بێ بزووتنه‌وه به تایبه‌ت حیزبی دیموکرات بیر خۆی بخاته‌وه، کاتێک هیواکانی دواڕۆژی وڵات به وێنه‌ی رێبه‌رانی ئه‌م حیزبه‌وه و به سرودی نه‌ته‌وایه‌تی «ئه‌ی ره‌قیب«ه‌وه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داپلۆسێنهرترین رێژیمێکی تا سه‌ر ئێسکان دیکتاتۆر و خوێن‌ڕێژ له ده‌وری ئاگری نه‌ورۆز کۆده‌بنه‌وه.
ئه‌گه‌رچی دووپاتی لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ده‌رفه‌ته‌کان یارمه‌تیمان ناکا، به‌ڵام داهاتنی کۆماری ئیسلامی له سه‌ر هه‌ندێک پرسی سه‌ره‌کی وه‌ک پرسی ناو‌کی و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی ئهحمهدشههید رێپۆرتێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ مافی مرۆڤ له ئێران، و گرژتر بوونی به‌ربه‌ره‌کانیی ناوچه‌یی دژی پیلانه‌کانی رێژیم، که به‌ره‌به‌ره پشووی هه‌ڵکشاوی ئێران ده‌خنکێنن ده‌توانێ رێگه‌خۆشکه‌ر بێ هه‌تا بزووتنه‌وه بزاڤی کوریش به گرتنه‌به‌ری رێکاری نوێ و خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی گونجاو و ده‌گه‌ڵ ناوه‌نده بکه‌وێته ململانێیه‌کی که‌متێچوو، نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی دیالۆگ ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌ت کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و کوردستان.
لله ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه