ده‌وڵه‌تی ڕانتی به‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌کوترێ که به‌شێکی به‌رچاو له داهاته‌که‌یان له رێگه‌ی هاوکاری ده‌ره‌کی یان له رێگه‌ی فرۆشتنی سه‌رچاوه‌کانی ژێرزه‌وی (وه‌ک گاز و نه‌وت) ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن. وڵاتانێک وه‌ک عێراق، عه‌ره‌بستانی سعوودی، ئێران، ئه‌لجه‌زایر و قه‌زاقستان نموونه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن که تاڕاده‌یه‌کی زۆر پشت به داهاتی فروشتنی نه‌وت و گاز ده‌به‌ستن. میسر و ئوردن دوو نموونه له‌و وڵاتانه‌ن که پشت به هاوکاری ماددی ده‌ره‌کی ده‌به‌ستن. داهاتێکی ده‌ره‌کی زۆر، ئه‌و توانایه‌ی به ده‌وڵه‌تانی ڕانتی داوه که تاڕاده‌یه‌ک ئۆتۆنۆمی و سه‌ربه‌خۆییان له کۆمه‌ڵگه‌که‌یان هه‌بێ و بتوانن هێندێک به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری به بێ ڕه‌زامه‌ندی هاووڵاتیانیان به‌رێوه ببه‌ن. توانای ئابووری ده‌وڵه‌تانی ڕانتی وایکردوه که بتوانن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له رێگه‌ی دابه‌شکردنی سه‌رمایه بپارێزن. هه‌روه‌ها هاووڵاتیان له زۆربه‌ی وڵاتانی ڕانتی ماڵیات ناده‌ن و هه‌ر بۆیه که‌متر خوازیاری ئه‌وه‌ن له پرۆسه‌ی سیاسی دا به‌شداری بکه‌ن. ئه‌گه‌رچی ئه‌و وڵاتانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست نه‌وت هه‌نارده ده‌که‌ن، ئاستی گه‌شه و به‌شداریی سیاسی تێیاندا جیاوازه به‌ڵام هه‌موویان له نه‌بوونی دێموکراسی، رێژه‌ی زۆری گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی وڵامده‌ر هاوبه‌شن. له‌و وتاره‌دا ئاوڕێک له تایبه‌تمه‌ندییه نه‌رێنی‌یه‌کانی ده‌وڵه‌تانی ڕانتی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست دەدرێتەوە که پشت به داهاتی هه‌نارده‌که‌ری نه‌وت ده‌به‌ستن.
به‌ڵای نه‌وت
نه‌وت مایه‌ی چاره‌ره‌شی نیه، به‌ڵام که‌ڵک وه‌رگرتنی خراپی ده‌وڵه‌تان له داهاتی نه‌وت بۆته مایه‌ی به‌دبه‌ختی بۆ چه‌ند وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست. ئه‌و بیرۆکه‌یه که نه‌وت مایه‌ی چاره‌ڕه‌شییه، له نێو به‌شێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست باوه. کارناسان پێوه‌ندی پێچه‌وانه‌ی نێوان هه‌بوونی نه‌وت و پێشکه‌وتن له وڵاتێک‌دا به «به‌ڵای نه‌وت» ناو ده‌به‌ن. بۆ نموونه گه‌شه‌ی ناخالسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ندامانی ئۆپێک له سالی 1965 تا 1998، 1.3% که‌می کردوه به‌ڵام گه‌شه‌ی ناخالسی میللی وڵاتانی له حاڵی گه‌شه که داهاتێکی که‌متریان هه‌بووه، به‌گشتی 2.2% گه‌شه‌ی کردوه. ئه‌وه نیشان ده‌دا که وڵاتانی ئه‌ندامی ئۆپێک له‌و ساڵانه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا داهاتێکی زۆری هه‌نارده‌کردنی نه‌وتیان بووه، به‌ڵام ئابوورییه‌کەیان دابه‌زیوه. ده‌کرێ نه‌وت به شێوه‌ی دروستیش که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێ. وڵاتانێک وه‌ک نوروێژ، کانادا و ئه‌مریکا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو سه‌رچاوه‌ی نه‌وتیان هه‌یه و له سیستمێکی سیاسی وڵامده‌ر و دێموکراتیش به‌هره‌مه‌ندن. کاتێک له ساڵی 1960 به‌مڵاوه نه‌وت له نوروێژ دۆزرایه‌وه، پارڵمانی ئه‌و وڵاته چه‌ند یاسایه‌کی ده‌رکرد بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت له درێژخایه‌ندا خزمه‌ت به هاووڵاتیانی نوروێژ بکا. به‌گشتی پارڵمانی نوروێژ نه‌یهێشت داهاتی نه‌وت بکه‌وێته ده‌ست ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌ت له هه‌ر پرۆگرامێک دا که ویستی خه‌رجی بکا. ئێستا نوروێژ به پێی به‌راوردی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه که توانیوێتی باشترین ئاستی ژیان بۆ هاووڵاتیانی دابین بکا. به گشتی ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی دێموکراتیک بوون پێش له‌وه‌ی نه‌وت بدۆزنه‌وه، توانیویانه به باشی که‌ڵک له داهاتی نه‌وت وه‌ربگرن. به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی رانتی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست داهاتی نه‌وتیان به‌کارهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بپارێزن یان به‌شوێن هێندێک ئایدیای خۆیان بکه‌ون به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئایدیانه پشتگیری خه‌ڵکی له‌پشت بێ. بۆ نموونه عه‌ره‌بستانی سعوودی له ساڵی 2014 له ئاستی جیهانی دا یه‌که‌م وڵات بووه له کرینی چه‌کوچۆل؛ ئه‌و وڵاته ته‌نیا له ساڵی 2014، 6.4 میلیاردی دۆلار چه‌کۆچۆلی کریوه. له ساڵی 2014، عه‌ره‌بستانی سعوودی و ئیمارات پێکه‌وه زیاتر له کۆی هه‌موو وڵاتانی ئوروپای رۆژئاوا له به‌رگری نیزامی خه‌رجیان کردوه. کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکی زۆر بۆ ده‌ستراگه‌یشتن به چه‌کی ئه‌تۆمی هه‌وڵی دا، تێچووی ئه‌و پرۆگرامه به زیاتر له 100 میلیارد دۆڵار به‌راورد ده‌کرێ. که‌وایه ده‌وڵه‌ته‌کان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست به‌رپرسیارن له‌وه‌ی «به‌ڵای نه‌وت» له‌و وڵاتانه‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه.
ده‌وڵه‌تی ڕانتی و ناکارامه‌یی
ناکارامه‌یی یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌کی‌یه‌کانی ده‌وڵه‌تی ڕانتی‌یه. داهاتی نه‌وت سه‌ره‌تا ئابوورییه‌ک دروست ده‌کا که به‌رهه‌مهێنه‌ر نیه که ئه‌وه‌ش ده‌وڵه‌تێکی گه‌نده‌ڵ و دواجار کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌نده‌ڵ به‌رهه‌م دێنێ. لێره‌دا مه‌به‌ست له گه‌نده‌ڵی ئه‌وه‌یه که که‌سێک داهاتێکی هه‌بێ به بێ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و داهاته کاری کردبێ و زه‌حمه‌تێکی ئه‌وتۆی کێشابێ. داهاتی زۆری نه‌وت وا ده‌کا که به‌شه‌کانی دیکه وه‌ک کشتوکال و بازرگانی، ماشێن سازی و … توانای ململانێ له‌گه‌ڵ که‌رتی نه‌وتیان نه‌بێ و ئه‌و به‌شانه په‌راوێز بخرێن. که‌وایه له درێژخایه‌ندا داهاتی نه‌وت وا ده‌کا ئابووری یه‌ک پێکبێ که فره‌چه‌شن نیه و که‌رتی نه‌وت وه‌ک گه‌وره‌ترین به‌شی ئه‌و ئابووری‌یه له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. هه‌وروه‌ها ده‌وڵه‌تی ڕانتی هانده‌رێکی نیه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ جمووجۆلی ئابووری و پێکهاتنی ئابوورییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی فره‌چه‌شن و چالاک هان بدا چونکه سه‌رمایه‌کی مفتی ده‌ست ده‌که‌وێ. ده‌وڵه‌ت به کۆنترۆڵکردنی به‌شتی نه‌وت، ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی ئابووریدا ده‌گرێ. هه‌وره‌ها ده‌وڵه‌تی ڕانتی داهاتی نه‌وت به‌کاردێنی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌س و گرووپانه‌ی که ویستی، یارمه‌تی ماددییان بکا و کاریان پێ بدا. بۆ نموونه له ساڵه‌کانی نێوان 1950 تا 1970 ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک له وڵاتانی هه‌نارده‌که‌ری نه‌وت له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ڕانتی دامه‌زرابوون و داهاتێکی زۆریان وه‌رده‌گرت بێ ئه‌وه‌ی هیچ ماڵیاتێک بده‌ن. هه‌ر بۆیه ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک له وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت فێر بووه که کار نه‌کا و داهاتی هه‌بێ. ئه‌و بابه‌ته‌ش تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌خلاقی کاری له‌و وڵاتانه داڕماندوه. ده‌وڵه‌تانی ڕانتی له‌گه‌ڵ رێژه‌ی زۆری گه‌نده‌ڵی ڕووبه‌رون. به پێی راپۆرتی رێکخراوی شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی 2014، عێراق، یه‌مه‌ن و لیبی له ریزی گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهاندا بوون. هه‌ر بۆیه له نێوان داهاتی نه‌وت، ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه پێوه‌ندی‌یه‌ک دروست ده‌بێ: له لایه‌ک ده‌وڵه‌ت هیچ به‌رهه‌م ناهێنێ و پشت به داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێ و له لایه‌کی دیکه خه‌ڵک جمووجۆلی ئابووری ناکا و پشت به ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ستێ.
ده‌وڵه‌تی ڕانتی و نه‌بوونی دێموکراسی
ده‌وڵه‌تانی ڕانتی خاوه‌نی سیستمێکی دێموکراتیک نین. به گشتی سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی ڕانتی ئه‌زموونی کۆلۆنیالیزمیان هه‌بووه و له دوای داگیرکاری به‌ده‌ست وڵاتانی رۆژئاوا دامه‌زراون. ئه‌و داکیرگارییه رێگه‌ی بۆ دامه‌زرانی رژیمگه‌ڵی ته‌ک حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست خۆش کرد. هه‌ر بۆیه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه پێش له‌وه‌ی ببن به ده‌وڵه‌تی ڕانتی و له داهاتی نه‌وت به‌هره‌مه‌ند بن، ده‌وڵه‌تگه‌لێکی تۆتالیتر و نادێموکراتیک بوون. به‌ڵام ده‌ستراگه‌یشتیان به داهاتی نه‌وت، تۆتالیتاریانیزم و میلتاریزمی له نێو ده‌وڵه‌تانی ڕانتی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست به‌هێز کرد. عه‌ره‌بستانی سعوودی، کویت، قه‌ته‌ر و به‌حره‌ین نموونه‌یه‌ک له وڵاتانی خاوه‌نی سیستمی پاشایه‌تین که دواتر به‌تایبه‌تی به چوونه‌سه‌ری به‌های نه‌وت له ده‌یه‌ی هه‌فتای سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌مڵاوه بوون به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تگه‌ڵی ڕانتی. ده‌وڵه‌تگه‌ڵی ڕانتی له رۆژهه‌لاتی نێوه‌راست سه‌رمایه‌ی ماددی ته‌رخان ده‌که‌ن تا ده‌نگی خه‌ڵک بکرن و ئه‌و که‌سانه‌ش که ئاماده نه‌بن ده‌نگی خۆیان بفروشن، سه‌رکۆت ده‌کرن. ده‌وڵه‌تانی ڕانتی نه‌ک هه‌ر هه‌وڵ بۆ کرینی ده‌نگی هاووڵاتیان خۆیان ده‌ده‌ن، به‌ڵکوو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن پشتیوانی سیاسی و نیزامی بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. نزیکی و هاوکاری له‌مێژینه‌ی ئه‌مریکا و عه‌ره‌بستانی نموونه‌یه‌کی باشه بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی چۆن توانای ئابووری ده‌وڵه‌تێکی رانتی ده‌توانێ له کرینی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی رۆل بگێرێ. عه‌ره‌بستان هه‌م نه‌وت بۆ ئه‌مریکا دابین ده‌کا و هه‌م بازارێکی گه‌وره‌یه بۆ فروشی چه‌کۆچۆلی ئه‌مریکا. بۆ نموونه له ساڵی 2010، ئه‌مریکا کۆمه‌لێک فڕۆکەی نیزامی به به‌های 60 میلیارد دۆلار به عه‌ره‌بستان فروشتووه. له به‌رامبه‌ر ئه‌و قازانجه ئابوورییە ئه‌مریکا له عه‌ره‌بستان ده‌ستی ده‌که‌وێ، ئه‌مریکاش پشتیوانی ئه‌منییه‌تی، نیزامی و سیاسی عه‌ره‌بستان ده‌کا و گوێی خۆێ له بوونی دیکتاتۆری و پشێل کردنی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته داده‌خا.
ئاکام گیری
بوونی سه‌رچاوه‌ی نه‌وت خۆی له خۆێدا مایه‌ی چاره‌ره‌شی نیه، به‌ڵام که‌ڵک وه‌رگرتنی نادروست له داهاتی نه‌وت، چاره‌ره‌شی به‌رهه‌م دێنێ. ده‌وڵه‌تی ڕانتی به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له توانای ئابووری، هه‌وڵ ده‌دا کۆنترۆلی کۆمه‌ڵگه بکا و خه‌لکێکی پاسیڤ به‌رهه‌م بێنێ. ده‌وڵه‌تی ڕانتی ده‌وڵه‌تێکی ناکارامه‌یه چونکه پشت ئه‌ستوور نیه به ئه‌نجامدانی پلان و جمووجۆلی ئابووری. له درێژخایه‌ندا ده‌وڵه‌تی ڕانتی به سێ شێوه ده‌کرێ تووشی گرفت بێ: یه‌که‌م، به یاسا پێش له کۆنترۆل و خه‌رج کردنی داهاتی نه‌وت له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت بگیرێ که دیاره ئه‌و بابه‌ته له نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی دێموکراتیک و پارڵمانی دێموکراتیدا ئه‌سته‌مه. دووهه‌م، حه‌شتیمه‌تی وڵات ئه‌وه‌نده زۆر بێ که ئیتر نه‌کرێ به داهاتی نه‌وت، ده‌نگی خه‌ڵک بکردرێ. توانای ئابووری ده‌وڵه‌ت به به‌راورد به حه‌شیمه‌تی ئه‌و وڵاته دابه‌زێ. سێهه‌م، به‌ها و پێگه‌ی نه‌وت له بازاری جیهانی دا که‌م بێته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
Angrist, Michele Penner. “Party Systems and Regime Formation in the Modern Middle East: Explaining Turkish Exceptionalism,” published by PH.D. Program in Political Science of the City University of New York, on 2004
Ehteshami, Anushiravan. “Reform from above: the politics of participation in the oil monarchies,”published in 2003 by Wiley on behalf of the Royal Institute of International Affairs
Karl, Terry. “Oil-led Development: Social, Political, and economic Consequences,” published on January 2007 by CODRL Stanford
Gray, Matthew. “A Theory of Late Rentienism in the Arab States of The Gulf,” published on November 2011 by Center for International and Regional Affairs Georgetown University School of Foreign Service in Qatar.
Algazeera Report. “US Confirms $60 bn Saudi Arm Deal,” published on 20 October, 2010
Canada Compete. “What Norway did with its oil and we didn’t,” published on May 16, 2013 on The Global And Mail.
Nagraj, Aarti. “Top 10 Countries with The World’s Biggest Oil Reserves,” published on April 13, 2013 on Gulf Business.
HIS Report. “Saudi Arabia Replaces India as Largest Defense Market for US, IHS Study Says,” published on March 7, 2015 from: http://press.ihs.com/press-release/aerospace-defense-terrorism/saudi-arabia-replaces-india-largest-defence-market-us-ihs-
“Saudi Arabia Becomes world’s top arms importer,” published on March 9, 2015 from: http://www.buzzfeed.com/sheerafrenkel/the-23-most-corrupt-countries-in-the-world#.fc1KZd4NJ