ڕەفسەنجانی مرد. ئەو کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا زۆر پۆست و بەرپرسایەتیی گرینگی لە جومگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو.
ڕەفسەنجانی یەکێک لە دژبەرانی ڕێژیمی پێشووی پاشایەتیی ئێران بوو کە باوەڕی قووڵی بە لەنێوبردنی فیزیکیی نەیاران و دژبەرانی هەبوو. هەر بۆیەش پێوەندیی پتەوی بە گرووپی فیداییانی ئیسلام بە سەرۆکایەتیی “مجتبی نواب صفوی” هەبوو کە کۆمەڵێک تێرۆری سیاسیی گرینگیان کردبوو. ئەوان سێ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێرانیان تێرۆر کرد کە بریتی بوون لە: عەبدولحوسەین هەژیر، حاجی عەلی ڕەزمارا و حەسەنعەلی مەنسوور.
ئەو دەمانچەیەی کە ساڵی١٣٤٣ی هەتاوی حەسەنعەلی مەنسوور، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێرانی پێ کوژرا، هاشمیی ڕەفسەنجانی دابینی کردبوو و دابووی بە محەممەد بوخارایی هەتا تێرۆرەکەی پێبکا.
هاشمی رەفسەنجانی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی١٣٥٧ یەکێک لە نیزیکترین و باوەڕپێکراوترین کەسەکانی نیزیک بە ئایەتوڵڵا خومەینی بوو.
ڕەفسەنجانی کە ئەندامی شوڕای ئینقلاب بوو، نەخشی بنەڕەتیی لە داڕشتنی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گێڕا، ئەو بۆ ماوەی دوو دەورەی سەرۆکی پاڕلمان و دوو دەورە سەرۆک کۆماری ئێران بوو، هەروەها دوو دەورە سەرۆکی مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری و هەتا مردنیشی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام بوو. ئەو لە هەموو ئەو ماوەیەدا هەوڵیدا نیزامی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێ ڕابگرێ و لە پێناو بەهێزکردنیدا تێبکۆشێ.
ڕەفسەنجانی لەو پێناوەدا زۆر مێتۆدی بەکارهێنا کە زەبروزەنگ و تێرۆری دژبەرانی سیاسیی ڕێژیم یەک لەوان بوو. ئەو مێتۆدەی ڕەفسەنجانی بووە هۆی ئەوە کە سەرەڕای بەکاربوونی دەزگا ئەمنیەتییەکان و دەزگای قەزایی لە سەپاندنی حوکمی ئێعدام و جێبەجێکردنی بەسەر دژبەراندا، لە دەیەی ٦٠ ڕا هەتا نیوەی دەیەی ٧٠ و هەتا هەراکانی قەتڵە زنجیرەییەکان، لانیکەم ١٨٠ چالاکی سیاسیی دژبەری خۆی تێرۆر کران. هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی هاشمی رەفسەنجانییدا بوو کە زۆربەی تێرۆرە سیاسییە گرینگەکان لە نێو خۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کرا. وەک تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ساڵی ٦٨، تێرۆری شاپووری بەختیار لە ساڵی ٧٠ و تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە ساڵی ١٣٧١. بەڵام بۆ؟ بۆ زۆرترین و گرینگترین تێرۆرەکان لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا کران؟
لە سەردەمی رەفسەنجانی و ئێرانی دوای شەڕی ٨ ساڵە و دەوڵەتی ئابووری مێحوەر دا، بوونی دژبەرە سیاسییەکان، ئەوانەی لە کوشتارە بە کۆمەڵەکەی ساڵی٦٧ گیانیان دەرباز کردبوو، ڕووناکبیرانی ڕەخنەگری دەوڵەت و حاکمییەت لە نێوخۆ، خەبات و بەربەرەکانی و ڕوحی بەرگریی کورد لە کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئەوە برینێکی کراوە بوو کە دەبوو بە زووترین کات ساڕێژ کرابا.
لای ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان کە تێرۆری دژبەران کارێکی پیرۆزە، لەوەها بارودۆخێکدا دەبوا هەموو دەنگە دژەکان کپ بکرێن، هەموو حیزبە بە جووڵەکان، ئەوانەی لە مەیداندا بوون لە سەریان بدرێ، هەموو ئەو کەسانەی بە ملۆزم دادەنران دەبوو بێدەنگ بکرێن ولێیان بدرێ. ئەوە بوو کە قەتڵە زنجیرەییەکان لە نێوخۆی وڵات هەر لە ساڵی ٦٨ و لە گەڵ دەسپێکی سەرۆک کۆماریی هاشمی رەفسەنجانیدا دەستیان پێکرد.
لە دەرەوەی وڵاتیش بەستێنەکە بۆ کۆماری ئیسلامی لەبار بوو. شەڕی سارد کۆتایی هاتبوو، هاوکێشەکانی دنیای دووجەمسەری بەهۆی ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت بە تەواوی تێکچووبوو، لە دڵی ئورووپادا کە زۆربەی تێرۆرە سیاسییەکان لەوێ دەکران، تەماحی بەشداری و بەش لە دروستکردنەوەی وێرانییەکانی ئێرانی دوای شەڕ لەگەڵ عێڕاق و بازاڕی گەورە و بەپیت و بەرەکەتی ئێران چاوی ئەوانی لە حاند کۆماندۆکانی تێرۆری کۆماری ئیسلامی کوێر کردبوو، بەڵام تێڕۆری میکونوس و دوایەش بڕیاری دادگای میکونوس خاڵی وەرچەرخان بۆ مێژووی سیاسیی ڕەفسەنجانی بوو.
دەزگای قەزایی سەربەخۆی ئاڵمان پەروەندەیەکی گەورەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تێرۆرەدا پێک هێنا کە کاری دادگا زیاتر لە 5 ساڵی کێشا و دادگا لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ دا بڕیاری خۆی دا. بڕیارێکی قورس و قایم، لەو بڕیارەدا کاربەدەستانی هەرە پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی بە دەست تێداهەبوون لەو تێرۆرانەدا تاوانبار کران و حوکمی دەسبەسەرکرانیان بۆدەرچوو. هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆک کۆمار و حەلی فەلاحیان، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران دوو کەس لەوان بوون.
دوای ئەوە بوو کە ئیدی ڕەفسەنجانی تا ڕادەیەکی زۆر کەوتە قوژبن و پەسیوی دەسەڵاتەوە، بەڵام ئەو هەتا ما پشتی لە ڕێژیمە جینایەتکارەکەی نەکرد و بۆ یەک جاریش رەخنەی لە ڕابردووی نگریسی خۆی و ڕێژیمەکەی نەگرت.
هەر بۆیە خەڵکی ئێران، بە تایبەت کوردستان ناتوانن بۆ مەرگی ئەو بەداخ بن، ئەگەر بۆ شتێکیش بەداخ بن ئەوەیە ئەجەل مەودای نەدا رەفسەنجانی بمێنێ هەتا لە دادگایەکی خەڵکیدا وەڵامی تاوانەکانی بداتەوە.