رەفسەنجانی مۆرەیەکی هەرە گرینگ و کۆڵەکەیەکی قایم و پتەوی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ئەو وەک هەموو رێبەرانی پلەسەرووی ئەو نیزامە ستەمگەر و چەوسێنەرە و بگرە زیاتر لە زۆربەشیان بەرپرسایەتیی زەبروزەنگ، ستەم، ماڵوێرانی، جینایەت و ئەو کوشتار و رەشەکوژییانەی بە ئەستۆوەیە، کە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا، بە هۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە سەر خەڵک و ئازدیخوازان هاتوون.
یەکێک لە بەرچاوترین و هەر لەو کاتەدا دزێوترین تاوانی هاشمی، کە بە تایبەت نەتەوەی کوردی ژێردەستی، هەڵوەدای ئازادی، هەرگیز لە بیری ناچێتەوە، ئەوەیە کە ناوبراو یەکێک لە
بڕیاردەران و داڕێژەرانی سەرەکیی هەر دوو پلانی تێرۆریستیی وییەن و مێکۆنۆسی ئەڵمان بوو، کە رێبەرانی کورد، دوکتور قاسملوو، دوکتور سەعید وو هاوڕێیانیان، عەبدوڵلا قادری ئازەر، فەتتاحی عەبدولی، هومایوونی ئەردەڵان و نووریی دێهکوردییان تێدا شەهید کران.
رەفسەنجانی چ ئەو کاتەی دەوپەڕی دەسەڵاتدا بوو و چ دواتر و ئەم دواییانە کە بە رواڵەت کەوتبووە هێڵی ئیسلاحتەڵەبی، بەرامبەر بە کێشە سیاسییەکان، قەیرانەکان و پێکهەڵپرژانەکان، دەوری “فیووزی دڵنیایی” یان “دیواری بەرگری”ی بۆ پاراستنی دەسەڵات و قەوارەی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەگێڕا. هەڵسوکەوت، هەڵوێست و تاکتیکەکانی و بۆ وێنە مەیل نیشاندانی بەرامبەر بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لە گەڵ رۆژاوا و… هەموو له خزمەت شاردنەوە، یان پاساودانی تاوان و کردەوە دژی ئینسانییەکانی رێژیمی ئێران و لەپێناو تاکتێکیکی فریودەرانە، بۆ دابینکردنی ئایندەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.
لەبیرمان نەچێ رەفسەنجانی ئەو کاتەی کە سەرۆککۆمار بوو و راست لهو سەروبەندەدا کە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ پەیتاپەیتا رێژیمی ئێرانیان سەبارەت بە کوشتن و راونانی ئازادیخوازان و وەبەرچاونەگرتنی مافی مرۆڤ مەحکوم دەکرد، باسی ئاڵوگۆڕی هێنایە گۆرێ، کە دیارە نەدیترا لەو بوارەدا هەنگاوێک هەڵێنێتەوە، یان ئاکامێکی دیار بخاتە بەرچاو، بەڵام ئەو چاووڕاوەی کارێکی وای کرد کە سیاسەتمەداران لە رۆژاوا هەمیشە جیاوازییەکی ئەرێنی لە نێوان ئەو و دەمراستەکانی دیکەی رێژیمدا ببینن. سیاسەتی “دیالۆگی
رەخنەگرانە”ی ئورووپاییەکان بەرامبەر بە رێژیمی ئێران، لە کاتیکدا بوو، کە ئەو سەرۆککۆماری ئێران بوو و هاوکات بە دەیان تێرۆری سیاسیش لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەڕیوەدەچوون.
رەفسەنجانی ئەوەندە شارەزای کونج و کەلێنی فێڵوتەڵەکەی ئاخوندە پلە سەرووەکانی دەسەڵات بوو و هێندە ئەزموونی کێشە و کێبەرکیی نێو باڵەکانی رێژیمی هەبوو، کە توانی تا رۆژی مردنی بە یاریکردنێکی زیرەکانە و خۆڕێکخستن لەگەڵ هەوراز و نشێوەکان و بارودۆخەکان، هاوسەنگی و باڵانسێکی تەواو بۆ مانەوە و راگرتنی شوێن و پایەی خۆی لە نێو جەغزی سەرەکیی دەسەڵاتدا رابگرێ. ئەو لە کاتی مردنیدا سەرۆکی “کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیی وڵات”، واتە یەکێک لە ئۆرگانە هەرە گرینگەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بوو.