بێگومان ئەکبەری هاشمی رەفسەنجانی لەپاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و پاوان کردنی ئەو شۆرشە لەلایەن باڵی ئایینی و بناژۆخواز، یەکێک لە بەدەسەڵاتترین و هێژمۆنترین کەسی نێو بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە سەردەمی رێبەرایەتیی خومەینی بوو، بەجۆرێک کە لە سەردەمی خومەینی لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆکی پارڵمان بوو لەهەمان کاتیشدا جێگری فەرماندەی هەموو هێزەکانی نیزامی واتە جێنشینی خومەینی بوو، بەگشتی رەفسەنجانی چاو و گوێی خومەینی بوو لەنێو دەسەڵاتدا و هیچ پێشنیارێکی رەفسەنجانی لەلایەن خومەینییهوە رەت نەدەکراوە، رادەی دەسەڵاتی ئەو تا ئەو جێگایە بوو، کە بە سازکردنی بیرەوەریەکی ساختە لەپاش مەرگی خومەینی، توانی خامنەیی بکاتە رێبەری ئێران بەو نییەتەی کە خامنەیی بە هۆی کەم ئەندامی بخاتە ژێر رکێفی خۆی و لە پۆستی سەرۆککۆماریدا بتوانێ دەسەڵات و هێژمۆنی خۆی بەردەوام بکات، بەڵام ئەو لەپاش دوو دەورە سەرۆککۆماری نەیتوانی بۆ جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆککۆمار و سەردەمی لێژبوونی دەسەڵات و هێژمۆنی ئەو دەستی پێ کرد، ئەگەرچی ئەو بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئیزن نەدان بە دەستێوەردانی باڵی راست، سەیید محهممهدی خاتمی هێنایە سەرکار، بەڵام لەلایەن رێفۆرمخوازەکانیشەوە کەوتە بەرهێرش و ئیتر بەشیک لە پێگە و دەسەڵاتی خۆی لەدەست دا، هەرچەند لەپاش تەواو بوونی دەورهی دووهەمی سەرۆککۆماری خاتمی، رێفۆرمخوازان چوونە ژێر سایە و چەتری دەسەڵاتی هاشمی و، تاراددەیەک پێش گیرا بە لەدەستدانی زیاتری پێگەی ئەو لەبازنەی دەسەڵاتدا، بەڵام ئیتر هیچ کات نەیتوانی وەک کەسی یەکەمی بازنەی دەسەڵات دەور بگێرێت، هەرچەند لەپاش هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٨٨ و کوودتای هەڵبژاردن، هاشمی رەفسەنجانی زۆر زیاتر کەوتە بە رق و هێرشی لایەنگرانی رێبەری و قەڵشی نێوان ئەو و خامنەیی قوڵتر بۆوە، بەڵام خامنەیی هیچکات ئەو هێز و وزەیەی نەبوو کە بتوانێ بە تهواوی لە بازنەی دەسەڵات دووری بخاتەوە، هەرچەند بە رەد کردنەوەی سەڵاحییەتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، گرتن و هێرش کردنە سەر ئەندامانی بنەماڵە و لایەنگرانی حەولی لاواز کردنی دەدا، بەڵام دیسانیش هاشمی هەم لە دەسەڵاتدا هەم لەنێو هێزەنیزامیهکاندا و هەم لەنێو بەشیک لەکۆمەڵگادا وەک کەسێکی لەبەرەی بەرامبەری خامنەیی و ئووسولگەراکان و هەروەها وەک باوکی مەعنەوی رێفۆرمخوازان خاوەن پێگە بوو، ئەو دۆخە بەگشتی دیارەدەیک بوو کە بازنەی دەسەڵاتی کردبووە دوو کۆڵەکەیی، ئەگەرچی هێژمۆنی بە ئووسولگەراکان بوو.
بێگومان مەرگی هاشمی رەفسەنجانی لەیەکەم هەنگاودا هەواڵیکی خۆش و دڵخوازە بۆ رێبەری ئێران کە رکهبهرێکی لەو خاوەن پێشینەتر و بەئەزموونتری لەکۆڵ بۆوە، کەسێک کە هێشتا بۆ بەشیکی زۆری ئەندامانی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کاریزمایەک بوو لەپاش مەرگی خومەینی، دووهەم بە لەبەرچاو گرتنی نەخۆش بوونی خامنەیی و ئیحتمالی مەرگی ئەو، لە ئارادا نەمانی رەفسەنجانی پۆانێکی پۆزەتیڤە بۆ یەکلایی کردنەوەی رێبەری داهاتووی موجتەبا یان کەسیکی نزیک لەخۆی و باڵی ئوسوولگەرا، بەگشتی دەشێ بگوترێ کە لە ئارادا نەمانی رەفسەنجانی، بەگشتی بەستێن و هەلی زۆر گونجاوتر کرد بۆ بەربڵاوتر کردنی دەسەڵاتی خامنەیی و ئوسولگەرایان و بەجۆرێک رێفۆرمخوازانی بێ باوک کرد و زۆر زیاتر لەجاران دەستی باڵی ئوسولگەرا ئاواڵاتر دەبێ بۆ لاوازکردنی رێفۆرمخوازان و هێژمۆنتر کردنی دەسەڵاتی خۆیان، ئەو رەوتە بەگشتی هەم کار دەکاتە سهر سیاسەتەکانی حکوومەت لەنێوخۆ و هەم کار دەکاتە سیاسەتەکانی حکوومەت لە دەرەوە.
*ئهم وتاره”الزاما” دهربڕی روانگهی سایتی ناوهندیی حیزب نیه.