تیرۆریزم، لە وشەدا بە مانای خوڵقاندنی ترس و تۆقین بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراوە. زۆربەی لێکدانەوەکان و هەڵسەنگاندنی شارەزایان کردەوە تیرۆریستییەکان بە کرداری تاکەکان یان دەستە و تاقمێک دەبەستنەوە و دەوڵەت لەو پێناسەکردنەدا لەبیر دەکەن. شایانی باسە، کە تیرۆریزم وەک چەمک و لە چوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتی تەمەنێکی زۆر کۆنی نییە، بەڵام وەک چەک و شێوازی مرۆڤەکان دژ بە یەکتر یان ژینگە و سەرمایەی مرۆڤەکان دیاردەیەکی کۆنە. لە بازنەی بنەماڵە، عەشیرەت، ئایین، سێکۆلار و ئایدۆلۆژییە رەنگاوڕەنگەکانی دیکەدا بینراوە و دەبینرێ. لێدان و لەنێوبردنی کەسانی رقەبەر و هتد. لە بەستێنە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتورییەکان دیاردەیەکی نامۆ نییە. لە بەسێنی تۆڵەسەندنەوە و خاڵیکردنەوەی رق و کینەی کۆن و توند بەرامبەر بە کەس، لایەن و دەوڵەتەکان رەنگی داوەتەوە.
رەشەکوژی و تیرۆریزم بە یەکێک لە کێشە نێونەتەوەییەکانی سەردەم دەژمێردرێ. مەترسیی ئەو دیاردەیە کاتێک زیاتر دەردەکەوێ، کە باس لە چەکە کۆمەڵکوژ و رێگاکانی دیکەی رەشەکوژی دەکرێ. کردەوە تێرۆریستییەکان ئەمڕۆ بە شێوازی جیاواز لە جیهاندا دەبینرێن و تەوژم و رووبەرێکی زیاتریان هەیە، بۆیە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێن. ئەوان و بکەرەکانیان بە ئامانجی جیاواز و بە فۆڕمی خۆیان لە بەستێنی ناوچە، وڵات یان لە پانتایی جۆغڕافیایەکی بەرینتردا ئەکتیڤ و چالاکن. لە روانگەی جیاواز باس لە رەشەکوژی دەکرێ و تاریفێکی تۆکمە بۆ ئەو دیاردەیە نییە. خوێندنەوە و لێکدانەوەکان زیاتر لەسەر جۆرە ئاشکرا و باوەکانی رەشەکوژی دەدوێن و بە شێوازێکی پچڕپچڕ دیاردەی تیرۆریزم تاوتوێ دەکەن. ئەوان زیاتر رێکخراو، گروپە چەکدار و ئایدۆلۆژییەکان زەق دەکەنەوە و کەمتر باس لە تیرۆریزمی دەوڵەتی دەکەن، کە ماکەی سەرهکیی پەرەپێدانی بەبەرنامەی رەشەکوژی جیهانییە.
بەشێکی بەرچاو لە دەوڵەتەکان بە بیانووی سەروەری و پارێزگاریکردن لە سنوورەکانیان خەڵکی ئازادیخواز و نەیارە سیاسییەکانیان بە ئاشکرا و نهێنی لەنێو دەبەن. ژمارەیەک لەوان وەکو دەسەڵاتە سەردەستەکانی کوردستان بێجگە لە سڕینەوەی جەستەیی نەیارە سیاسییەکانیان، بە چەک و شێوازی جیاواز خاک، ناسنامە، کولتوور، زمان، هەستی بڕوابەخۆبوون و زۆر سەرمایەی کورد دەخنە ژێر پاڵەپەستۆی شێکێنەر. وەک نموونە باس لە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ساڵی ١٧٩٣ی دوای شۆڕشی فەڕانسە دەکرێ، کە بوو بەهۆی لە ملدان و قەڵاچۆکردنی هەزاران کەس. هەر کام لە دیکتاتۆرەکان وێنەیەکی زیندوو و بەرچاوی بەکارهێنانی رەشەکوژی و تیرۆریزم دژ بە گەل و هاووڵاتیانی خۆیانن.
وشەی تیرۆر لە خاڵی یەکەمی کۆنوانسیۆنی تایبەت بە بەرگرتن و سزادانی تیرۆریزم لە ساڵی ١٩٣٧ زایینی کۆمەڵەی گەلاندا بەکار هاتوە. لەو خاڵەدا تیرۆریزم بە کردەوەیەکی نائاسایی و تاوان ناسراوە، کە دەوڵەتێک، خەڵک یان لایەنێکی دیاریکراو دەکاتە ئامانج. لەو سەردەمەدا کۆمەڵەی گەلان رۆڵێکی ئەوتۆی نەدەگیڕا و دەستپێکی شەڕی دووهەمی جیهانی زۆربەی رووداوەکانی ئەو سەردەمەی داپۆشی. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٢ و پاش رووداوی بە بارمتەگرتنی وەرزشکارانی ئیسرائیلی لە یاری هاوینەی ئۆلەمپیکی مۆنیخ، تیرۆریزمی وەک باسێکی سەربەخۆ خستە بەرباس. سەرۆکی ئەو کاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بە چۆنیەتی بەرگریکردن لە کردەوە و جۆرە رەنگاوڕەنگەکانی رەشەکوژی دەکا. شایانی باسە، کە لەو راگەیەندراوەدا خەباتی رزگاریخوازانەی گەلان خراوەتە دەرەوەی بازنەی کردەوە تیرۆریستییەکان. نەتەوە یەکگرتوەکان کۆمیتەیەکان بۆ ناسینی و سزادانی بکەرانی رەشەکوژی و تیرۆریزم دامەزراند، کە پاش ٥ ساڵ کۆتایی بە کارەکان هات. ئەرکی ئەو کۆمیتەیە بریتی بوون لە لێکدانەوەی کردەوە و هەنگاوەکانی دژ بە تیرۆریزم و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆریزم.
مێژووی ٧٠ ساڵەی رابردووی جیهان پڕە لەو کردەوانەی، کە بە گوێرەی تاریفە شل و کراوەکەی تیرۆریزم زۆربەیان دەکەونە خانەی ترس و تۆقاندن. لە درێژەی گەشەکردنی دیاردەی تۆڵە سەندنەوە و بەرەنگاری، تیرۆریزم لە چەند دیەی رابردوودا روخساری تازەی پەیدا کردوە و لەسەر بناخەی ئایدۆلۆژیی ئایینی، چەپ، راست و هتد. وەک دیاردەیەکی جیهانی ناسراوە. ئامانج و مەبەستی رەشەکۆژ و داڕێژەڕانی پلانەکان جیاوازە، کە لە دەرکەوتنی تاکەکان لە کاناڵی مێدیاوە هەتا شێواندنی دۆخی وڵاتان، بڵاوکردنەوەی کەشی تۆقین و بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی ترس لە یەکە جیاوازە سیاسییەکانی جیهان دەگرێتەوە. ژوماریەک شارەزا و کەسانی خاوەن روانگە تەوژمی تازەی تیرۆریزم بە شەڕی ئایدۆلۆژی و کولتوورەکان پێناسەی دەکەن.
تیرۆریزمی دەوڵەتی بە بیرۆکە، سیاسەت و کردەوە توندوتیژییەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە خەڵکی خۆماڵی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەروەها دژ بە دەوڵەت یان مرۆڤەکانی دەرەوەی سنوورە خۆماڵییەکان دەگوترێ. بەشێک لە دەوڵەتەکان، لە کۆنەوە و بە پاساوی جۆراوجۆر ئەکتەری چالاکی گەشەپێدانی دیاردەی تیرۆرن. ئەوان بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ راهێنان لەسەر ئەو سیاسەتە دەکەن و دەزگای سیخوڕی و زانیاری بە ماشێنی بەگۆڕی دەوڵەتەکان لەو رێچکەیەدا دادەنرێ. دەزگا سیخوڕییەکان دەستکراوەن و تەنانەت لەگەڵ رێکخراو و تاقمە تیرۆریستەکاندا دەست تێکەڵ دەکەن و بە ناردنی کەسی خۆیان کاناڵی گونجاو بۆ پلان و بەرنامەکانیان دەخوڵقێنن. ئەو دەوڵەتانە، لە نێوخۆی وڵاتدا زیاتر لە تیرۆری راستەوخۆ کەڵک وەردەگرن و لە دەرەوەی سنوورەکانیان پلان و بەرنامەکانیان بە دەستە و تاقم و تەنانەت تاکە رەشەکوژەکان دەسپێرن.
تێرۆریزمی دەوڵەتی بە درێژکراوەی سیاسەتی بەشێک لە دەوڵەتەکان پێناسە دەکرێ، کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان دژ بە دەوڵەتە ناوچەیی یان زلهێزە جیهانییەکان ئەنجامی دەدەن. دزگا سیخوڕییەکانی ئەو دەوڵەتانە و کەسە شارەزاکانیان لە گەشەپێدان، پەروەردەکردن و ئامادەکردنی ئەو گرووپ و تاقمانەدا دەستێکی باڵایان هەیە. ئەوان لەبەر هەستیاری ئەو بابەتە کەمترین زانیاری لەسەر ئەو رووداوانە تۆمار دەکەن و هەوڵدەدەن دۆخەکە بە تەواوەتی تەمومژاوی بکەن. لە ئاکامدا لایەنە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکان سەریان لەو تۆڕە جاڵجاڵوکەییانە دەرناچێ و ماکە و سەرچاوەی سەرەکیی تیرۆریستەکان نادۆزنەوە. ئامانجەکان رەنگاوڕەنگن و گۆڕەپانە ئابووری، سیاسی، ئایدۆلۆژی و ستراتیژییەکان دەگرنەوە و کردەوە تێرۆریستییەکان کەم و زۆر بەرژەوەندی چەند لایەنێک دەستەبەر دەکەن.
ئەو دەوڵەتانەی کە راستەوخۆ و یان بە شێوازی دیکە و لە ریگای کەس و لایەنە هاوبەندەکانیان لە چەکی تیرۆر کەڵک وردەگرن، لە سرووشتدا دوورن لە بنەما رەوا و بەستێنە لۆژیکییەکانی دەوڵەتی خەڵکی و خاوەن شەرعییەت. ئەو رێژەیە لە دەوڵەتان لەگەڵ خەڵکی خۆیان بە توندترین شێوە دەجووڵێنەوە و بەندیخانە و سێدارە و خنکاندنی دەنگە ئازاد و ئازاکان دەکەنە رێچکەی رۆژانەی سیاسەت و ئیدارەی وڵات. رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگرن و پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بە گەمەیەکی هەڵخەڵەتێنەر پێناسە دەکەن. لە روانگەی دەرەوە هەڵگری پەیامی هێرشبەرانەن و لە بیری خۆپڕ چەککردن دان و بایەخ بە چۆنیەتی ژیانی هاووڵاتیان نادەن. لە زۆربەی ناوچە پڕ لە ئاژاوەکان مل قوت دەکەنەوە و بە قازانجی خۆیان و رێژیمەکانیان لاگیری لە لایەن یان بەرەیەکی دیاریکراو دەکەن. ئەو دەوڵەتانە لە دابینکردنی ئازادییە سەرەتاییەکان و هەروەها پەرەپێدانی کولتوور و پەروەردەی دێموکراسی دەپرینگێنەوە و ترس و تۆقاندنی هاووڵاتیان و جیابیران دەکەنە مۆدێلی رۆژانەی سیاسەت.
دەوڵەتەکانی ئۆگری کاری رەشەکوژی بۆ راپەڕاندنی ئاسانی پیلان و بەرنامەکانیان لە پشت کۆمەڵێک رێکخراو و تاقمی ناوچەیی و جیهانی خۆیان حەشار دەدەن. لە جیهانی ئەمڕۆدا رێکخراو و تاقمە رەشەکوژ و رادیکاڵەکان زۆر بە کەمی دەتوانن بە دوور لە پشتیوانی دەوڵەت و دەزگا سیخوڕەکانیان دابمەزرێن و گەشە بکەن. لە ژێر تیشکی رەوتی تیرۆریزمی دەوڵەتیدا تێگەیشتن لە رووداو و دیاردەکانی ئەمرۆی ناوچە و جیهان دژوار نییە. دەوڵەتەکان لە پشتی قەڵغانی دەستە و تاقمە رەنگاوڕەنگەکان زەبەر لە بەرژەوەندیی دەوڵەتە نەیار و زلهێزەکان دەدەن و خۆیان لە بەرپرسیارەتیی راستەوخۆی کردەوە رەشەکوژییەکان قوتار دەکەن. لە بەشێکی زۆر لە ناوچە قەیراناوییەکانی جیهاندا بوونی دەوڵەتی سەرەڕۆ، دابەشکاری ناعادڵانەی سامان، ماف و جۆغڕافیا سیاسییەکان، سنوورە ناسروشتییەکان و جیاوازییە ئایینییەکان دەرفەتی دەرکەوتنی تیرۆریزمی دەوڵەتی زیاتر دەخوڵقێنن. بە هۆی بۆشایی تایبەت لە گۆڕەپانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئیدارەدانی لاوازی قەیرانەکان، دەوڵەتەکان لە پێشڕوانی چالاکی تیرۆریزم و پێشتیوانانی بەگۆڕی رێکخراو و تاقمە رەشەکوژەکانن. دەوڵەتە ئاماژەپێکراوەکان، لە ژێر سێبەری شەڕ و قەیرانەکاندا سیاسەتی بەلاڕێدابردن و دەکارهێنانی زۆر تاکتیک رەچاو دەکەن و بە رەوای دەناسن. دەوڵەتە جەردە و دەزەکان، لە ژێر ناوی پاراستنی سنوور و چوارچێوەی خاک و بە کەڵکوەرگرتن لە دەزگا سیخوڕییەکانیان بارودۆخێکی ترسناک و تۆقێنەر دەخوڵقێنن و نەیار و رەخنەگرەکانیان بە ئاشکرا یان نهێنێ دەکوژن.
دەوڵەتەکان، لە مەڕ تێوەگلان لە کاروباری رەشەکوژی یان رێزگرتن لە مرۆڤ لە سێ پێگەی جیاوازدا هەڵدەسەنگێندرێن. یەکەمیان هێزی دەوڵەت و رۆڵی ئەو هێزە لە ئیدارەدانی کۆمەڵگا و پاراستنی سنوور و هتد دایە. دووهەمیان باس لە پێگەی یاسا، شکڵ و ستایلی دەوڵەت و هەروەها چۆنیەتی رەچاوکردن و جێبەجیکردنی یاسا نیشتمانی و نێونەتەوەییەکان دەکا. شەرعییەتی دەوڵەت بە سێهەم پێگە پێناسە دەکرێ، کە باس لە بەرپرسیارەتیی دەوڵەت بەرامبەر بە خەڵک و بابەتە مۆڕاڵیەکان دەکا. لەو دەوڵەتانەی، کە دژ بە خەڵک و هاووڵاتیان هێزی تۆقێنەر و شکێنەر بەکار دێنن، بە کردەوە سیاسەتی هێز قسەی یەکەم و ئاخر دەکا. لەو نیزامانەدا یاسا نووسراوەکان و شەرعییەت بایەخیان نییە و هەوڵدەدرێ بە گزی و دزی رواڵەتێکی درۆزنانە داتاشن. لە ئاکامدا تێرۆر بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی هێزی دەوڵەتی بە ئەژمار دێت، کە لە پێناوی مانەوەی تاکە کەس، حیزب یان بنەماڵەیەکدا تێرۆر دەکاتە مێتۆد و سیاسەتی ئیدارەکردن.
دەوڵەتەکان رەنگە لە مێدیاکان خۆیان بە پاڵەوانی ئاسایش و شەڕ دژ بە تیرۆریزم، ماددە هۆشبەر و چەکدارە ئاژاوەگێڕەکان پێناسە بکەن. ئەگەر پەلامارە رەشەکوژییەکان بەرژەوەندی دەوڵەتانی دیکەی گرتەوە، پشتیوانەکانی تیرۆریزم خۆیان مات دەکەن و بە شێواز و مێتۆدی جیاواز هەوڵی شێواندنی زانیارییەکان دەکەن و بیروڕای گشتی و تەنانەت نێودەوڵەتی تووشی سەرلێشێوان دەکەن. دەوڵەتە تێوەگلاوەکان لە تیرۆریزم بە وەستای کاری رەشەکۆژی دەناسرێن. ئەوان رەنگە سەرەتا کێشە و رووداوێک بخوڵقێنن و پاش هەڵسەنگاندنی دژکردەوەی خەڵک و دەرەوە، رێگاچارەش پێشنیار بکەن. بەشێکیان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بە پاساوی بەرگری کردن لە کەمایەتییەکی ئایینی، نەتەوەیی و هتد. بە کۆڵەوەژی تیرۆر قەیران دەخوڵقێنن و خەڵک بەگژ یەکتردا دەکەن. یارمەتیدانی ماڵی و پەروەردە کردنی دەستە و گرووپی رادیکاڵ بە مەبەستی دژایەتی دەوڵەتێکی ناوچەیی یان زلهێزیکی جیهانی رێگایەکی دیکەی یارمەتیدانی رەشەکوژییە.
دەوڵەتی ئێران، لێواولێوە لە تایبەتمەندییەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و بە سەرتۆپی ئەوان دەناسرێ. کۆماری ئیسلامی ئێران وێنەی ئاشکرای ئەو دەوڵەتانەیە، کە پەرەپێدەری تیرۆریزمی نە تەنیا دەوڵەتی بەڵکو نێودەوڵەتییە. ئەو نیزامە لە دامەزرانەوە هەتا ئەمڕۆ راهێنان لەسەر سیاسەتی تیرۆر دەکا. رێژیم بۆ سەرکەوتن لە پیلان و کردە تێرۆریستییەکان و هەروەها شاردنەوە و پووش بەسەرکردنیان لە زۆر کەرسە کەڵک وەردەگرێ. هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی رابردوو و سروشتی دەسەڵات لە ئێرانی کۆن و نوێدا دەیسەلمێنێ، کە تیرۆر و رەشەکوژی بەشێکە لە کولتووری ئەو دەسەڵاتە. ئەوان لە مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا نیشانیان داوە، کە بۆ تواندنەوەی نەتەوەیەکی مافخواز، سڕینەوەی دژبەر و سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن و تێکۆشەرە ئازادیخوازەکان هیچ سنوورێک ناناسن. لە کەیسی تێرۆر و رەشەکوژیدا، ئێران لە نێو وڵاتانی ناوچە و بەتایبەت دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا تاقانەیە. ئێرانی تاوانی گەورەی تیرۆری ئەنجام داوە و سەرکردە سیاسییە کوردەکانی لەسەر مێزی بەناو دیالۆگ تیرۆر کردوە. تاوانێک، کە ئاماژەیەکی ئاشکرا بە کولتووری رەشەکوژی لە دیرۆکی دەسەڵاتدارانی ئێران دەکا. چەوساندنەوەی کوردەکان، ئێعدام و گرتنی نەیاران، پەرەپێدانی کەش و ژینگەی تۆقین، تیرۆری تێکۆشەرانی رۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و دەروەی وڵات، دەرخەری سیاسەتی دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی تاران بەرامبەر بە گەلی کوردە.
دیاردەی تیرۆر لە ئێراندا بابەتێکی ئاڵوز و چەند روخسارییە، کە رەگ و ریشەی قوڵی لە خانە تاریکەکانی مێژوودا هەیە. ژێرخانی پتەوی تیرۆرە سیاسییەکانی ئێران بۆ سروشت و کولتووری دەسەڵاتدارانی ئێران و بەتایبەت تێکەڵاوکردنی مەزهەبی فەرمی لەگەڵ سیاست و دەسەڵاتدارەتیدا دەگەڕێتەوە. لە مەیدان و گۆڕەپانی رۆژانە و پڕاکتیکیدا کوردەکانی رۆژهەڵات و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە ستایلی جیاواز شاهیدی روودانی بەشێک لە سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنی رێژیمن. بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل، خاک، کولتوور، زمان و ناسنامەی کوردان بەشێکی دانەبڕاو لە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە کورد دەژمێردرێ. ئەو رێژیمە تێکۆشاوە بە شێوازی جیاواز لە دەرەوەی وڵات و تەنانەت لە جەرگەی رۆژئاوادا زەبر لە نەیارە سیاسییەکان بدات. سیاسەتی تاران لە ناوچەدا بە کاناڵی تیرۆردا تيدەپەڕێ. ئەو رێژیمە بە ناوی بەرگریکردن لە شیعەکان، فەلەستینییەکان، دەسەڵاتدارە هاودەستەکان و هتد. ئەندازیاری سیاسەتی پەرەپێدانی تیرۆر لە دەروەی سنوورەکانیەتی.
بۆ رزگاربوون لە داوی تیرۆریزمی لۆکاڵی، ناوچەیی و جیهانی پێویستمان بە چاکسازی لە قەوارەی دەوڵەت، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و پەروەردەی تاکی وشیارە. بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و یەکە سیاسییەکانی جیهان پێویستە تیرۆریزمی دەوڵەتی خاشەبڕ کەن. رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، کەمایەتییەکان، گەلان و باوەڕمەندبوون بە کایەی دێموکراسی و ئازادییەکان دەوڵەتەکان لە زۆنگاوی سیخوڕی و رەشەکوژی دوور دەکاتەوە. پێویستیمان بە روانگەیەکی رەخنەگرانەیە، کە زیاتر لە هەمووان لێکۆڵەر و مێدیاکاران دەگرێتەوە. ئەوان وەک بەرپرسیارەتیی پیشەیی ئەرکی گەورەیان لەسەر شانە. لە نەبوونی روانگەیەکی بەردەوام و سیستماتیکی رەخنەگرانەدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زەرەرمەند دەبێ. ساویلکە بوون و باوەڕکردنی هەرزان بە دەسەڵاتداران و چەمینەوە و تەسلیمبوون لە بەرامبەر دەسەڵاتدا کۆمەڵگا بەرەو نەهامەتی زیاتر پاڵپێوە دەنێ. بێدەنگی زۆرایەتی کۆمەڵگا بەرامبەر بە دەسەڵاتە خۆسەپێن و تاوانە زۆروزەوەندەکانیان پەرە بە تیرۆریزمی دەوڵەتی دەدەن. رەنگە دەوڵەتەکان و بە تایبەت دەوڵەتە نادێموکڕاتیکەکان بە ئاسانی دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان نەبن، بەڵام تەوژمی مافخوازی و وشیاری تاک و کۆ دەتوانێ هەودای ئەستووری زۆڵمی دەوڵەتە جەردە و ماف پێشێلکەرەکان بپسێنێ. خاشەبڕکردنی تیرۆریزم لە جیهاندا بەندە بە زۆر فاکتەر، کە بڕینی دەستی دەوڵەتەکان لە کردەوە رەشەکوژیی و چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە فاکتەری یەکلاکەرەوە دەناسرێ.
لە ژماره ٦٩٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه