دیپلۆماسی گرنگترین کەرەستەی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکە بۆ ئەوەی گەشە بە پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی بدرێ و بەهۆی پارێزبەندی دیپلۆماتەکانەوە، وڵاتان دەتوانن پەیامی جیاوازی خۆیان لە بواری سیاسییەوە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ریکخراوەگەلی نێودەوڵەتی و هەروەها لەو وڵاتانەی کە باڵیۆزخانە و کۆنسوولخانەیان هەیە، بێننە بەرباس. دیپلۆماسی و دامودەزگای وەزارەتی دەرەوە لە هەر وڵاتێک رۆچنەی ئەو وڵاتەیە بۆ جیهانی دەرەوە. وڵاتان هەوڵیان ئەوەیە لە دەرگەی کراوەی دیپلۆماسی زۆرترین کەڵک وەربگرن کە قازانجی ئابووری و کولتووری وڵاتەکەیانی پێوە بێت و هەروەها کە ئاگادارین هەر وڵاتێک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی کە لە سیاسەتی درێژخایەندا دایڕشتووە، پلانی کاری کورتخایەن و درێژخایەنیشی بۆ وەزارەتی دەرەوەی دیاری کردووە.
تیرۆر لە زمانی فەڕەنسیدا واتای ترس و خوڵقاندنی ترسە و لە “دانشنامە سیاسی” داریوش ئاشووری لە پێناسەی تیرۆردا هاتووە کە “پێناسەی تیرۆر بۆ کوشتاری سیاسی بەکار دێت و بەو کەسانەی ئەم کردەوە ئەنجام دەدەن دەوترێت، تیرۆریست”. ئەوانەی پەیڕەوی ئایدۆلۆژیای تیرۆریزم دەکەن کەسانێکن کە راهێنراون و ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە بەپێی ئایدۆلۆژیای ئەوان، رێگەپێدراوە. تیرۆریزم کردەوەیەکی توندوتیژییە بۆ کوشتنی موخالفینی سیاسی کە بەدوورە لە عورفی کۆمەڵگە و ئەخلاقی ئینسانی و یاسای نێودەوڵەتی و ئاکامی ئەم کردەوەش خوڵقاندنی ترسە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و هەژاندنی ئاڵۆزی و گەشەی توندوتیژییە لە جیهاندا.
حکوومەتە تولیتارەکان لە رێی ئەو میدیا بەربڵاوانەی کە لەبەر دەستیان دایە و هەروەها باڵێۆزەکانیان، هەمیشە هەوڵیان داوە کە تۆمەتی تیرۆر لە خۆیان دوور بکەنەوە و بیخەنە پاڵ خەباتی ئازادیخوازیی بەرهەڵستکارانی وڵاتەکەیان. بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی نێوان خەباتی ئازادیخوازیی و تیرۆریزمی دەوڵەتی ئاماژەیەکی کورت بەم چەند خاڵە دەکەم: بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی هیچ گرنگ نییە چەند خەڵکی بێتاوانی وڵاتەکەی خۆیان یاخود ئەو وڵاتەکەی کە تیرۆرەکەی تێدا ئەنجام دەدەن، خوێنیان دەڕژێ و هەروەها بۆ تیرۆری کەسایەتییەکی سیاسی بەرهەڵستکار هەزینەیەکی زۆری مادی دەدەن و تەنانەت ئامادەشن کە پارە و گرێبەستی خەیاڵی بەو وڵاتەی کە تیرۆرەکەی تێدا دەکەن، بیدەن. بەڵام ئازادیخواز لە خەباتەکەیدا گیان و ماڵی ئەو خەڵکەی کە خەباتی بۆ دەکات زۆر لا گرینگە و خەڵکی بێتاوان ناکاتە ئامانج. ئامانجی تیرۆریزم مانەوەی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و مرۆڤکوژی تولیتاریستییە بەڵام ئامانجی ئازادیخواز وەدیهێنانی دێموکراسی و مافی مرۆڤە. تیرۆریزم لەلایەن هەر کەس و گرووپێکەوە بێت وڵاتێک پشتیوانی بێوچانی دەکات بەڵام خەباتی ئازادیخوازی تاکە پشتیوانەکەی ئەو میللەتە چەوساوەیە کە هەوڵ بۆ پێشکەوتنی دەدات.
برایان میشێل جێنکینز Brian Michael Jenkins لە هەواڵنێرانی بەناوبانگی بواری تیرۆریزم، لە باسی تیرۆریزمی دەوڵەتی بەناوی “شەڕ لە رێی جێگرەوە” پێناسەی دەکات و دەڵێت: “ئەو وڵاتانەی تیرۆریزمی دەوڵەتی پەیڕەوی دەکەن، بەرتەسکییەکانی شەڕی “متعارف” دەزانن بۆیە پێیان باشترە لە ئیمکاناتی رێکخراوەگەلی تیرۆریستی کە خۆیان دایانمەزراندوون یان پشتگیرییە ماددییەکەیان وەئەستۆیە، بۆ هەڕەشەی دوژمن یان ئاڵۆزی لە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتەی مەبەستیانە کەڵکی لێوەر بگرن”. ناوبراو رای وایە ئەم شێوە لە تیرۆریزم کە سەرمایەگوزارییەکی زۆر کەمتری لە شەڕی “متعارف” پێویستە، دەتوانێ دوژمن لەپێ بخات و بەتەواویش نکوڵی لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستەکاندا بکات.
یەکێک لە گرنگترین باسەکان لە بەشی دیپلۆماسی گشتی، بەکارهێنانی شێوەگەلی جۆراوجۆرە بۆ وەدیهاتنی مەبەستگەلی سیاسی. دیپلۆماسی گشتی هەرچەند رێگەیەکی جیاوازی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە لە بواری داڕشتن، بەڕێوەبردن، نێوەڕۆک و پڕوپاگەندە هەیە بەڵام لە کۆتاییدا لە پێکانی مەبەست هاوبەشن. دیپلۆماسی “تلفیقی”، ئاوێتەکردنی چەمکی دیپلۆماسییە لەگەڵ ئەو بەشەی کە ناوەندەکانی بڕیاری سەرەکیی وڵات بۆ سیاسەتی دەرەوە، بە پێویست و دروستی دەزانن.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بەئاشکرا رایگەیاند کە “نە سنوورێک دەناسین و نە زمانێک و نە نەژادێک” و “صدور انقلاب اسلامی”یان کردە بنەمای سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان. بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە گرینگەکانی وڵات و هەروەها دیاریکردنی دیپلۆماتیش بۆ دەرەوەی وڵات “تعهد”یان وەپێش “تخصص” خست و لە یەکەم هەنگاویاندا بۆ جێبەجێکردنی هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیا توندڕەوییەکەیان “سوپای قودس”یان دامەزراند. وردبوونەوەیەک لە هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆ ئەو سوپایەی کە چالاکی سەربازیی و تیرۆریستی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات وەئەستۆیە بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەداتێ کە بۆچی لەکاتێکدا ئیمامانی شیعە لە نەجەف، بەغدا، کەربەلا، کووفە و مەشهەدن بەڵام ناوی قودس بۆ سوپاکەیان هەڵدەبژێرن؟ ئەوەی من لەم ناوە دەیخوێنمەوە زیاتر مەبەستێکی پاوانخوازی و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی لەپشتە. ستراتێژییەک لە پشت دیاریکردنی ئەم ناوەوە هەیە و بەپێی بیلانی کاریی ئەم سوپایەش بۆمان دەرکەوتووە کە بۆ سوپای قودس زمان و نەژاد و سنوور گرنگ نییە و هەر تاقم و گرووپێک لەگەڵ سیاسەتی تیرۆریستیی ئێراندا بێت بە باوەشی ئاوەڵەوە وەریدەگرێت. گرووپی توندڕەوی شیعە بەدژی سوننە، گرووپێکی توندڕەویتری سوننە بەدژی لایەنەکانیتری، گرووپی توندڕەوی جوولەکە بەدژی مەسیحی و هتد، هەر هەموویان وەردەگرێت بۆ ئەوەش ئاژاوە و قەیران بەردەوام لە ناوچەکەدا هەبێت هەمەجۆرە پشتیوانییەکی ماددی و سیاسییان دەکات. چونکە بوونی قەیران واتە بوونی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆی سیاسی و ئابووری لە ئێران کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لە پاوانی خۆیدا تۆمار کردووە. سوپای قودسی ئێران بۆ ئەوەی شەڕ لە گۆڕەپانی نێوخۆی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە هەمووجۆرە هەزینەیەکی ماددی و سیاسی دەدات کە بەرهەڵستکارەکانی تیرۆر بکات. ئەم تیرۆرانە بۆ ئێران چارەنووسسازە چونکە دەنگی سەرکوتکردنی نەیارانی نێوخۆی وڵاتەکەشی هەر لە نێو هەراوهوریای ئەم تەپڵی شەڕ و تیرۆرانەدا ون دەبێت.
یەکێک لە رۆچنەکانی ئەم دەستدرێژییە تیرۆریستییەش لەلایەن سوپای قودسەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، باڵوێزخانە و کۆنسوولخانەکانیەتی کە تیرۆریستەکانی بەرگی دیپلۆماتیان لەبەر کردووە و چەمکی دیپلۆمات-تیرۆریست بە باڵایان دووراوە. هەر باڵێۆزخانە و کۆنسوولخانەیەکی ئێران بەشێکی تایبەتی بۆ چاودێریکردن و داڕشتنی پلان و پاشان جێبەجێکردنی حوکمی تیرۆر هەیە. حوکمی کۆتایی تیرۆر دەبێ دواجار لەلایەن بەرزترین پلەی ئایینی شیعەوە کە ویلایەتی فەقیهە واژۆ بکرێت. یەکەم تیرۆری ئێران لە دەرەوەی وڵات ژەنەڕاڵ شەهریار شەفیق بوو کە رۆژی ١٦ی سەرماوەزی 1358ی هەتاوی، کاتێک لە ماڵی دایکی واتە ئەشرەفی پەهلەوی لە پاریس دەهاتەوە دەرەوە بە دوو فیشەکی تیرۆریستان کە ئاخوند سادق خەڵخاڵی نوێنەری ئایەتوڵڵا خومەینی لە “دادگاه انقلاب” حوکمەکەی بەناوی “مفسد فی الارض” لە دادگایەکی غیابی دابوو، کوژرا.
کوژرانی ژەنەڕاڵ شەفیق و بەئاکام نەگەیشتنی بەداواداچوونی نێودەوڵەتی و دەیشکرێ بڵێم بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم یەکەم تیرۆرە دەوڵەتییە، دەستی تیرۆری ئێرانی ئاوەڵاتر و زمانی دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتەی درێژتر کردەوە کە تیرۆری نەیارەکانیان لە دەرەوەی وڵات لە رێی ئیمکاناتی باڵوێزخانەکانیان و پارێزبەندی دیپلۆماتەنیان، بەشێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە ببەن.
عەلی ئەکبەر تەباتەبایی، وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەمریکا لە سەردەمی محەمەدڕەزا شا، لە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٥٩ی هەتاوی لەلایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەردەم دەرگەی ماڵی خۆیدا بە فیشەک کوژرا. ژەنەڕاڵ غوڵامعەلی ئۆوەیسی لە ١٨ی رێبەندانی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە پاریس لەگەڵ براکەی غوڵامحسێن ئۆوەیسی بە فیشەکی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران. بیژەن فازڵی کوڕی ئەکتەری رەخنەگر رەزا فازڵی لە٢٨ی گەلاوێژی ١٣٦٥ی هەتاوی بەهۆی بۆمبەوە لە فرۆشگەی خۆی لە لەندەن تیرۆر کرا. دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵلا قادری ئازەرو دکتۆر فازڵ رەسووڵ لە ساڵی١٣٦٨ی هەتاوی لە شاری ڤیەن-ی نەمسا (ئۆتریش) لەکاتی دانوستان لەگەڵ دیپلۆمات – تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا و دووبارە لە هەمان ساڵ لە شاری لارناکا-ی قوبرس و سدیق کەمانگەر لە شاری رانیەی کوردستانی عێراق تیرۆر کران. ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی کازمی رەجەوی لە سوئیس و دووبارە لە هەمان ساڵی خاتوو عیفەت قازی کچی سەرکۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەمەد بەهۆی نامەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە لە شاری وێسترۆس-ی سوید تیرۆر کرا. ١٣٧٠ی هەتاوی عەبدولڕەحمان بروومەند بەڕێوەبەری دەستەی کارگێڕێ “نهضت مقاومت ملی ایران” لە پاریس و دووبارە لە هەمان ساڵ و هەمان شار و وڵات شاپووری بەختیار، ١٣٧١ی هەتاوی فەرەیدوون فەڕوخزاد لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا، دوکتور محەمەد سادق شەرەفکەندی و فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و نووری دێهکۆردی لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە شاری بێرلین-ی ئەڵمانیا لە لایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا. ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی رەزا مەزڵوومان لە ماڵی خۆی لە پاریس بە فیشەکی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کرا. دیپلۆماسی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەیەی 90ی زاینییدا کەڵکی لە ئاژاوەی کوردستانی عێراق وەرگرت و پتر لە٣٥٢ کەسی لە کوردەکانی رۆژهەڵاتی لەو دەڤەرە تیرۆر کرد. لە دوایین کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی عێراق تەقینەوەی شەوی یەڵدای بەردەم دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو، لە شەوی 1ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویدا کە شەهیدبوونی 5 پێشمەرگەی ئەو حزبە و دوو کارمەندی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بەدواوە بوو.
دەزگەی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران لیستێکی دوورودرێژی لە تیرۆری کەسایەتی سیاسی و بەرهەڵستکارانی بۆ خۆی تۆمار کردووە کە بێگومان ئەمە پەڵەیەکی رەشە بەنێوچاوانی ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەوە و هەمان لیستیشیان بۆ تەقینەوە و تیرۆر بەدژی کەسایەتی و ناوەندگەلی بیانی هەیە کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژەیەک بکرێ بە تەقینەوەی٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٣٦٢ی هەتاوی لوبنان کە کامیۆنێک بە٩٠٠ کیلۆ مادەی تەقینەوە رووی کردە بینای سەرەکیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت و هەر لەو کاتەدا ٦٣ کەس کوژران و پتر لە ١٢٠ کەسیش بریندار بوون، تەقینەوە لە ناوەندی جوولەکەکان لە ئەرژەنتین لە ساڵی ١٣٧٣ کە کوژرانی ٨٥ی کەسی لێکەوتەوە، تەقینەوەی ساڵی ١٣٧٥ی ناوەندی ئەلخوبەر-ی سعوودیا کە کوژرانی ١٩ سەربازی ئەمەریکی و ٤٠٠ کەسی دیکەی لێکەوتەوە. ساڵی ١٣٩٠ هەوڵ بۆ تیرۆرکردنی عادل ئەلجوبەیر باڵوێزی ئەوکات و وەزیری دەرەوەی ئێستای سعوودیا، تەقینەوەکانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە بانکۆک-ی تایلەند و دێلهی هیندوستان بۆ تیرۆری دیپلۆماتەکانی ئیسرائیل و دووبارە لە هەمان ساڵدا دوو ئێرانی ئەندامی سوپای قودس بەتاوانی گواستنەوەی ١٠٠ کیلۆگرام مادەی تەقینەوە بۆ کێنیا دەستگیر و رەوانەی مەحکەمە و زیندان کران. لە سێپتەمبری ٢٠١٥ش هێزی تەناهی بەحرێن دەستیان گرت بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی بۆمب کە پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت تاوانباران پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە بووە.
ئێران هەمیشە لەو تیرۆر و تەقینەوانەدا تۆمەتی دەستێدابوونی رەتکردووەتەوە و دیارە هەندێ وڵات بەسات و سەودای بازرگانی لە خوێنی رژاوی بەرهەڵستکارانی ئێران بەدەستی سوپای قودس خۆش بوون و ئێستەشی لەگەڵدا بێت رێگەیان نەداوە ئەو دۆسیانە بکرێتەوە بەڵام دادگەی میکونوس و ئەرژەنتین بەفەرمی تیرۆریستبوونی ئێران و سەرکردەکانی ئەو وڵاتەی، بە بەڵگەوە راگەیاندووە و ئیجرائیاتی خۆی کردووە و نەیهێشتووە ئێران بێ عارەق دەرچێ، بەشێوەیەک کە حەسەن روحانی لە لەو باوەڕەدایە کە تارمایی بڕیاری دادگەی میکۆنوس هەتا ئێستاش بەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیدا ماوە، ئەو دەڵێت: “ئەوە میکۆنوسە کە پێشی یارمەتیدانیی ناوکیی وڵاتانی ئەورووپی بە کۆماری ئیسلامی دەگرێت”. (امنیت ملی و دیپلماسی هستەای، حسن روحانی)
خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لەم نووسینەدا ئاماژەی پێ بکرێت و دەبێ لەبارەیەوە بکۆڵدرێتەوە بۆ ئێران هێندە دەستی ئاوەڵە هێشتراوەتەوە لە تیرۆری بەرهەڵستکارانی وڵاتەکەی لە دەرەوەی وڵات کە کێ بیەوێت تیرۆری دەکات و لە کوێ پێی خۆش بێت، تەقینەوە دەکات؟
ئەوەی راستی بێت تیرۆر هیچ سنوورێکی بۆ نییە و بەتایبەت کە دەوڵەتێکی خاوەن سەرمایەی نەوتیشی وەکو ئێرانی لەپشت بێت، دەتوانێ بە رێکخستنی گرووپگەلی تیرۆریستی بە ئامانجەکانی خۆی بگات و هەروەها لەجیاتی ئەوەی سامان و سەروەتی وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن هەزینە بکات، دەیداتە گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ئەژماری بەرهەڵستکارانی وڵاتەکەی لەوێن. پێشگرتنی ئەم سیاسەتە بۆ ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکەی بەردەوام هەژارتر بن و تاوانەکانی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون بکات و سیمای کۆماری ئیسلامیش لە جیهانی دەرەوە، رەشتر بێت. گوێنەدانی هەندێ وڵاتی زلهێزیش بە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران ئەم وڵاتەی زیاتر ملهوڕ کردووە بۆ نموونە دەبینین کەسێکی وەکو “سید حسین موسویان” کە باڵیۆزی ئێران لە ئەڵمانیا لە سەردەمی دادگەی میکونوس بوو ئێستە ساڵانێکە لەوپەڕی تەناهیدا لە ئەمریکا دەژی یاخود ئەو کەسانەی کە ناویان پاش دادگەی میکونوس درایە ئینتەرپۆل بەڵام دەستگیر نەکراون، نموونەی لەم جۆرە زۆرن.
هەروەها خاڵێکی تر کە گلەییە و دەکەوێتە سەر وڵاتان ئەوەیە کە دەزانن باڵیۆزخانەکانی ئێران بۆ مەبەستی کاری تیرۆریستی بەکار دێت بەڵام هەتا بەرۆکیان نەگرێتەوە و تووشی گرفتی گەورەیان نەکات، هیچ جۆرە دژکردەوەیەکیان نابێ و تەنانەت وەکو رووداوی تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، تیرۆریستەکان لە بینای باڵیۆزخانەی ئێراندا حەشار درابوون و دواتر ڕەوانەی ئێران کران و ئەو دەوڵەتە ئێستەش هەر رێی بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیە تیرۆریستییە نەدا.
تیرۆر بەشێکی سەرەکی و بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە و گرنگترین کەرەستەی ئەو وڵاتەیە بۆ گەشەپێدانی دەسەڵات و نفووزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا. لە ٥/٨/١٣٩٥ (٢٦/١٠/٢٠١٦) سەرتیپی پاسدار سالار ئابنووش لە وتارێکیدا لە هەمەدان بە ئاشکرا رایدەگەیەنێت کە “بۆ پارێزگاری لە ویلایەتی فەقیە سوپای پاسداران سنوور ناناسێت” ئەو هەروەها دەڵێت: “هەموو جیهان دڵنیا بن کە بەزوویی لە ئورووپا و ئەمریکاش سوپای پاسداران دروست دەبێت… شۆڕشی ئێمە وەکو شۆڕشەکانی ئەلجەزایەر و فەڕەنسا نییە. سوپای پاسداران ناوەندێکی بێوێنەیە لە جیهان و وەکو گرووپی شرطە الخمیس لە سەردەمی حەزرەتی عەلی وان”. ئێران بۆ گەشەی دیپلۆماسیی تیرۆر هەنگاوێ بەرەوپێش چووە واتە دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت خۆیان لە هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپگەلی تیرۆریستی وەکو ئەلقاعیدە و داعش-یش نەبواردووە. رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە ساڵی ٢٠٠٣ راپۆرتێکی بڵاو کردەوە لەبارەی پەیوەندی پتر لە دە ساڵەی نێوان ئەیمەن زەواهیری و وەزیری بەرگری ئێران ئەحمەد وەحیدی. بۆ یەکەم جار ئەمریکا لە سێی گەلاوێژی ١٣٩٠ی هەتاوی، ئێرانی بە هاوپەیمانی لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدە تۆمەتبار کرد هەروەها تۆمەتبارکردنی ناوەندی مافی مرۆڤی سووریا بە پەیوەندی نێوان سوپای قودس و تیرۆریستەکانی داعش لە سووریا کە دۆکیۆمێنتەکانی لە زاری ئەسیرەکانی ئێرانی بەشداربووی شەڕی سووریا و ئەسیرەکانی داعش دراوەتە دەست راگەیەندنەکانی بیانی و بڵاویش کراونەتەوە. لەم دواییانەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ١٣/٣/١٣٩٥-٢/٦/٢٠١٦ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تیرۆریزمی جیهانی ڕایگەیاند: “حکوومەتی ئێران هەرچەند لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ لەبارەی پلانی ناوکییەوە بە تەوافوق گەیشتووە بەڵام هێشتا سەرەکیترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆریزمە لە جیهاندا”.
لە باسی دیپلۆماسیی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێراندا خاڵێکی ورد و جێی سەرنج کە لەم بارەوە پێویستە لە کۆتایی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێ بکرێت قۆناغی پاش تیرۆرەکەیە لەلایەن ئێرانەوە؛ ئێران بەهەموو توانای ماددی و سیاسییەوە بەو دەستوپێوەندییانەی کە ساڵانێکی درێژخایەنە باڵیۆزخانەکان و کۆنسوولخانەکانیان لەو وڵاتەی کە تیرۆرەکە کراوە هەروەها لە رێی جەنگی نەرم لە میدیاوە، پڕوپاگەندەیەکی زۆر بەربڵاو لە بەلاڕێدابردنی تاوانباری سەرەکیی تیرۆرەکە و ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکینانەوە وەڕێ دەخەن و هەموو هەوڵێک دەدەن لە رێی ئەو گرووپ و تاقمانەی کە سەرمایەگوزارییان لەسەر کردوون، ئێران بتوانێت درێژە بەدیپلۆماسی تیرۆر بدات.
لە ژماره ٦٩٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه