(سەرلەنوێ خوێندنەوەیەک بۆ تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەلاقەی تێۆری کۆنستروکتیڤیسموه)
پێشەکی: کۆنستروکتیڤیزم وەک تێۆری پێی وایە کە مرۆڤ تایبەتمەندیی سەرەکیی سیاسەت نیە، بەڵکوو تایبەتمەندییەکانی سیاسەت بەشێوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی واتە بە درێژایی مێژوو و لەسەر بەستێنی کۆمەڵگە پێگەییون، لە راستیدا کۆنستروتیڤیستەکان پێداگری لەسەر هزرە چاندی، واتایی و پڕەنسیپ و نۆرمەکان دەکەنەوە. بە چەشنێک کە لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییە لایەنە تێوەگلاوەکان لە سیاسەت هەوڵ بۆ ناسینی خۆیان و ئەویتر دەدەن و بەپێی ئەو ناسینەش پێکەوە کار دەکەن یان دەکەونە کێبەرکێ لەگەڵ یەکترەوە، بەواتایەکی دیکە بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە یاریکەرەکان هەوڵی دروستکردنی شوناس بۆخۆیان و ئەویتر دەدەن، بۆ نموونە لە کۆماری ئیسلامیدا کە حکوومەتێکی ئایینییە کە لەسەر چاند، نۆرم و پێکهاتە واتاییەکانی شیعە شکڵی گرتووە، رەوتی مێژوویی بەربەرەکانی شیعە و سوننە و پێداگری لەسەر مەزڵومیەتی ئەهلی بەیت (بەگوێرەی ئەوان) بۆتە بەستێنی دروستکردنی شوناس بۆ خۆی و ناسینی خۆی و ئەویتر، لەسەر ئەو بنەمایە شوناسێک شکڵی گرتووە لەسەر رێچکەی رەهای خۆ بە بەرحەق زانین، کە خۆی لە کێبەرکێی و دژایەتی هەمیشەیی لەگەڵ ئەویترێکدا دەدۆزێتەوە کە باتڵی رەها پێناسە کراوە. ئەو حکوومەتە بە شوناسێکی لەو چەشنە و ناسینێک لە خۆی و ئەویتر، بۆتە پەرەپێدەری چەشنێک لە تیرۆریزم کە وەک نێئۆتیرۆریزم پێناسە دەکرێت.
نێئۆتیرۆریزم: بێگومان رۆژهەڵاتی ناڤین پێگە و بنیاتی سەرەکی ئەبژێکتیڤ و سوبژێکتیڤی نێئۆتیرۆریزمە. بە هۆی بوونی چوارچێوەکانی ئایینی و بڕوا بناژۆخوازەکان کە لەسەر بەستێنی ئەو ژێرخانە واتایی و چاندییانەوە، کێبەرکێ و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەوانیتردا بەرێکخستن دەکات. لەراستیدا نێئۆتیرۆریزم، چەشنێکی نوێی تیرۆریزمە کە لەنێو هزر و بڕواکانی بناژۆخوازانەی ئایینیدا سەریهەڵداوە، لە نێئۆتیرۆریزمدا دروستکردنی هێژمونی میدیایی درۆیین لە ئامانج، پێکهاتە و کردەوەکانی لایەنی بەرانبەر بۆ قەناعەت پێهێنان و مۆبیلیزەکردنی رەشایی رای گشتی نێوخۆیی گرینگە. لە راستیدا نێئۆتیرۆریزم چەشنێکە لە تیرۆریزم کە لە نێوان ئامانجگەلی جیاوازدا، ئامانجی ئایینی بە هێژمون و گرینگییەکی زیاتر لە ئامانجەکانی دیکە، هاندەری کردەوەی تیرۆریستییە، ئاوڕێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشی ۱۳۵۷وە تا ئێستا هەتا دوایین نموونە کە تەقاندنەوەی دوو بۆمب لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رێکەوتی ۲۰.۱۲.۲۰۱٦ بوو، بە روونی دەرخەری ئەو راستیەیە کە کۆماری ئیسلامی وەک حکوومهتێکی ئایینی بەردەوام لە رێگەی رەوایی ئایینییەوە هەوڵی سڕینەوە و لەنێوبردنی ئەویتر دەدات. کۆماری ئیسلامی وەک حکوومهتێکی دینی بە سێ تایبەتمەندی شوناسی بۆخۆی دروستکردووە: یەکەم: موسڵمانی شیعەی بڕوامەند بە ویلایەتی موتڵەقەی فەقیە دووهەم: مافی رەهای حکوومهت و ئیمامەتی موسوڵمانانی جیهان لە نەبوونی ئیمامی زەماندا بە دەست وەلی فەقیهە. سێهەم: دژبەران و رەخنەگرانی ئەو هزر و حکوومهتە، “محارب” لەگەڵ خودان و دەبێ لەنێو بچن.
لە لایەکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کرایە ئامانجی دوایین هێرشی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سێ تایبەتمەندی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەناسرێتەوه: یەکەم: کورد دووههم: سێکۆلار سێهەم: دێموکرات. ئەو سێ تایبەتمەندییە کە هەڵگری چاند، واتا و نۆرمەکانی بەتەواویەتی دژبەری تایبەتمەندییەکانی شوناسی کۆماری ئیسلامین، لە هزر و لە روانگەی کەلتووری سیاسیی ئەو رژێمەوە دەبێ وەک باتڵ لەنێو ببردرێن و بسڕدرێنەوە و هەڵبەت ئەو کردەوە تیرۆریستییە لەدوای ئەوە ئەنجامدرا کە لە لایەک حزووری سەربازیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبە کوردستانیەکانیتر ( نەک بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ حکوومهت بەڵکوو بە ئامانجی پەیوەندیگرتن لە گەڵ توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان) بەرینتر بوویەوە و لە لایەکی دیکە حکوومهت لە نێوخۆ لەدوای بەرجام و رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی تووشی کێشە و لێکترازانی نێوخۆیی بوویەوە، لە دۆخێکی وەهادا رێگەی دەرچوون و رزگاربوون لەو دوو کێشە هاوکاتە، هەوڵدان بۆ سڕینەوە، لەنێوبردنی فیزیکی و تیرۆری دژبەرانە. ئەو تیرۆرە لە لایەک بە دروستکردنی هێژمونی درۆیینی میدیایی بەشێوەی وتووێژە جۆراوجۆرەکانی بەرپرسانی پلەبەرزی ئیستخباراتی و سەربازیی و هەڕەشەی رووبەروونەوە لە دەرەوەی سنوورەکان و لە لایەکی دیکەوە بە وێناکردنی روخسارێکی ناراست و هەستبزوێنەر لە داخوازییەکان(جوداییخوازی)ی ئەوان روویداوە.
لە ژماره ٦٩٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه