(هەنگاوێکی بەکردەوە بۆ پێکهێنانی یەکریزی و هاوهەڵوێستی)
سمایل شەرەفی
هەر دوو رۆژ دوای تەقینەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدای بەردەم بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لە لایەن ریژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رووی دا، بە دەیان حیزب و رێکخراوی سیاسی لە هەرچوارپارچەی کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوە کە راست لە شوێنی کۆبوونەوەکەی شەوی یەلدا، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە مەبەسەتی مەحکوومکردنی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر ئەم حیزبە بەڕێوەچوو، دەکرێ لە نەوعی خۆیدا بە کەموێنەو، لە هەمانکاتدا بە “مێژوویی” لە قەڵەم بدرێ.
لە گەڵ ئەوەیکە کورد بە گشتی و لایەنە سیاسییەکانی بەتایبەتی بە بەردەوامی باس لە یەکگرتوویی و یەکریزی دەکەن، بەڵام بەداخەوە دەبێ دان بەو راستییەدا بنێین کە ئەم میللەتە لە ئاستی بزووتنەوەی نەتەوەییدا تا ئێستایش بە دەردی نایەکگرتوویی و ناتەبایییەوە دەناڵینێ.
تێنەگەیشتن لە بەرژەوەندیی هاوبەش، یان بە واتایەکی دیکە هاوئاهەنگ نەبوونی هێزو لایەنە سیاسییەکان لە درووستکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەیی کە، بەشێکی پێوەندی بە ژێئۆپلۆتیکی کوردستانەوە هەیە، هاوهەڵوێستی یەکگرتوویی لە نێو میللەتی کورددا کردۆتە ئاوات و ئارەزوویەکی تا رادەیەک دوورەدەست. بۆیە هەر جۆرە هەمگەرایی و لێکنزیکبوونەوەیەکی نەتەوەیی لە هەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسیدا بێت، دڵخۆشکەرو هیوابەخش دێتە ئەژمار.
دەرک پێکردن بە درووستکردنی کۆنتراکتێکی نەتەوەیی لەم چەند ساڵانەی دواییدا، ناوەناوە هەرجارەو لە لایەن حیزب یان چەند حیزبێکەوە قسەی لە سەر کراوەو هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە. ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کە چوار ساڵ پیش ئێستا لە شاری هەولێر دەستی پێکردو بەداخەوە بە نیوەچڵی و بە هۆکاری “ناتەبایی” چالاکییەکانی راوەستێندرا، هەر لە چوارچێوەی ئەم دەرک پێکردن و، بەڵام بە نەتیجەنەگەیشتنەدا بوو.
هەر بە سەرنجدان و ئاماژەدان بە “کۆنگرەی نەتەوەیی” کە بەداخەوە سەرەڕای پشتیوانییەکی زۆری ماڵی و ئیمکاناتی بەڕێوەبەری، نەیتوانی بە ئاکام بگات، زیاتر گرینگیی کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی هەر چوارپارچەی کورستانمان لەبنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ دەردەکەوێ.
هەڕەشەو کردەوەی تێرۆریستیی دەوڵەتێکی دژبەری کورد، بەرانبەر بە حیزبێکی رەسەن و خاوەن مێژووی شوێندانەر لە سەر بزووتنەوەی سیاسیی و جڤاکیی کوردستان، ئەو بەهانەو هۆکارە سەلـمێندراوانە بوون کە بوونە ئامیانی ئەم کۆبوونەوە بەرین و مانادارە. لایەنە بەشدارەکانی ئەم کۆبوونەوە کە هەرکامەیان بە پێی وەزن و قورسایی تایبەت بە خۆی نوێنەرایەتی بەشێک لە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئاشتیخوازتەوەر دەکەن، یەکهەڵوێست و یەکقسە، بەرانبەر بە تێرۆر و رەشەکوژی هەڵوێستیان نواند.
بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، خاڵێکی بەهێزی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوو کە دەکرێ لە نەوعی خۆیدا بە بێ وێنە وەسف بکرێ. لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە نزیک بە سی حیزب و رێکخراوی کوردستانی تێییدا بەشدار بوون، بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە کە تیایدا وێڕای مەحکوومکردنی کردەوە تێرۆریستێیەکەی شەوی یەلدا، هاوخەمیی خۆیان لە گەڵ بنەماڵەی قوربانیان و حیزبی دێموکراتی کوردستان دووپات کردوە.
دەرکردنی بەیاننامەیەکی سیاسیی هاوبەش کە ناوی نزیک بە سی حیزب و لایەنی سیاسیی کوردی لە چوار پارچەی کوردستانەوە پێوەیە، لە گەڵ ئەوەیکە لە رووی مێژووییەوە دیاردەیەکی بێ وێنەیە، لە باردودۆخی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستاندا دەبێ وەک دەستکەوتێکی پڕبایەخ سەیری بکرێ.
هەر وەک لە کۆبوونەوەکەداو لە لایەن سەرجەم نوێنەرانی حیزبەکانەوە قسەی لەسەر کرا، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکریزی و کارکردن بۆ یەکگوتاریی سیاسی، پێویستییەکی بێئەملاوئەولای بزووتنەوەی سیاسی- نەتەوەیی ئەمرۆی کوردستانە، دەکرێ لەم پێوەندییەشدا بە گرینگییەوە بروانینە کۆبوونەوەکە. کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان بە بۆنەی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدای خوێناویی دێموکرات، وێستگەو ئادرەسێکی بەهێزە بۆ ئەوەی بڵێین؛ ئەگەر هەست بە دەردی هاوبەشی نەتەوەکەمان بکەین، دەکرێ بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی هەر ئەم میللەتە، یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بین.
هەر لەم پێناوەدا یەکێک لە دەرسەکانی کۆبوونەوەی حیزبەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان کە پێچەوانەکەی سەرەکیترین هۆکاری نایەکگرتوویی هێزە کوردییەکانە، نەبوون و غایببوونی “خۆسەپاندن”، “هژموونخوازی” و خۆ بە “مێحوەر” زانین بوو. کۆبوونەوەی ناوبراو لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بۆ پرس رووداوێکی تایبەت بەم حیزبە پیک هاتبوو، بەڵام هەر وەک تەواوی لایەنەکانی بەشدار ئاگاداریبوون، چ لە باسەکانی کۆبوونەوەکەداو چ لە تەنزیمی مەتنی بەیاننامە هاوبەشەکەدا، هەست بەوە نەدەکرا کە لایەنێکی تایبەت، دەیهەوێ خوێندنەوەو روانینی خۆی بسەپێنێ و هەر تەنیا خۆی بکات بە مێحوەرو خاوەنی پرسەکە.
هاوخەمی و کۆبوونەوەی بە دەیان حیزبی تێکۆشەری کوردستانی لە دەوری یەکتر بە بۆنەی پرسێکی تایبەت بە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەک بۆ جارێکی دیکەیش دەریدەخات کە ئەم حیزبەو خەباتی رەوای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە خاوەن پێگەیەکی بەرزی سیاسییە و، لە لایەکی دیکەیش دەری دەخات کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە روانگەی نزیک بە تەواوی هێزە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستانەوە، رێژیمێکی تێرۆریست و دژ بە کوردە. یەکێک لە سیاسەتە پیلانگێڕییەکانی رێژیمی ئێران هەوڵدان بۆ خۆنزیک کردنەوە لە هێزەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و خۆبەدۆست نیشاندانیان و پشتیوانیی بە درۆ لە چارەسەریی پرسی کوردە لە وڵاتانی دەورووبەری خۆی. کە بە خۆشییەو بەشداریی بەرچاوی حیزبەکانی پەرچەکانی کوردستان، پەیامێکی راشکاوانەی بە دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە گەیاند کە؛ رێژیمێک کە نەیهەوێ پرسی کورد لە وڵاتەکەی خۆیدا چارەسەر بکات، بێگومان ناتوانێ دۆستی بەشێک لەم میللەتە لە وڵاتێکی دیکە بێت.
لە کۆتایی دا کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان بە بۆنەی شەوی یەلدای خوێناوی دێموکرات، هەنگاوێکی بەکردەوە بوو بۆ ئامانجێکی “هاوبەش” و بە “قازانج”ی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرپارچەیەکی کوردستان بەجیاو، بۆ هێزە کوردستانییەکان بە گشتی کە، هەمان یەکڕیزی و یەکگرتووییە.