دوای پەلامارە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا بۆ سەر بنکەیەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە نیزیک شاری کۆیە هەموو قامکەکان چوونەوە سەر کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئایا ئەوە هەر لەبەر ئەوەیە کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆماری ئیسلامی بە تاکە دوژمنی خۆی دەزانێ؟ یان بەڵگەی لەوەش قایمتر هەیە؟
تێرۆر هەموو کاتێک بەشێک لە مێژووی سیاسیی مرۆڤ بووە، کەم نیزامی سیاسی بووە کە تێرۆری دژبەرانی خۆی، یان ئەو کەسانەی ئێستعدادی ئەوەیان بووە ببنە مخالیفی بە ئەرکی خۆی نەزانیبێ و ئەوەشی لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و سەقامگیریی نیزامەکەی نەکردبێ. بەڵام لە دنیای هاوچەرخی ئێمەدا ئەو شێوازە بە شتێکی دژەبایەخ سەیر دەکرێ و نیزامی سیاسیی خەڵکی و دێموکڕاتیک زۆر بە دەگمەن پەنا بۆ تێرۆر دێنن.
لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی زۆر بەرین شێوازی تێرۆری نەیارانی گرتۆتە بەر. نموونەی نیزامی سیاسیی تێرۆریست لە ناوچەدا کەم نەبوون، کۆرەی باکوور، عێڕاقی سەردەمی سەددام، بەڵام ئەوانە هیچ کام بە دڕندەیی و بە توند و تیژیی وەک کۆماری ئیسلامی نەبوون، ئەوان لە نێو خۆی وڵاتەکەیاندا دژبەرانی خۆیان گرتوە، لە دادگا یان بێدادگاکاندا محاکەمەیان کردوون و ئیعدامیان کردوون، بەڵام لە ئێران سەرەڕای بەکاربوونی دەزگا ئەمنیەتییەکان و دەزگای قەزایی لە سەپاندنی حوکمی ئێعدام و جێبەجێکردنی، لە دەیەی ٦٠ ڕا هەتا نیوەی دەیەی ٧٠ و هەتا هەراکانی قەتڵە زنجیرەییەکان، لانیکەم ١٨٠ چالاکی سیاسیی دژبەری خۆی تێرۆر کردوە.
لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ڕا تا ئیستا زۆر وڵات، زۆر رێکخراو و دادگای دەوڵەتان ئێرانیان سەبارەت بە دەست تێداهەبوون لە کردەوە تێرۆریستییەکان یان پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان مەحکووم کردوە. ئاڵمان، ئەمریکا، ئاڕژانتین، بریتانیا و ئیسڕائیل بەشێک لەو وڵاتانەن.
وڵاتی ئەمریکا وەک زلهێزی جیهان هەر لەم دواییانەدا جارێکی دیکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەیدا لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ئێران رێککەوینی ئەتومییان ئیمزا کردوە، بەڵام ڕایگەیاند کە تەنیا وڵاتی پشتیوانی ترۆریسم لەئێستادا لە جیهان، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. هەروەها هەر ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئێران و هەروەها سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکان خراون، بەڵام بۆ؟ ئایا هەر لەبەر دوژمنایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، یان بەڵگەی قانوونی بۆ ئەوە هەیە؟ بەڵێ بەڵگە هەیە کە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئێران هیچ جێیەک ناناسن، لە ئاسیا، لە ئورووپا و لە ئەفریقا تۆرە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی کاری خۆیان کردوە.
چەند بەڵگەیەک لەو پێوەندییەدا:
دادگای میکونوس
گرینگترین بڕیاڕ کە لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ بە دژی ئێران دراوە. لەو تێرۆرەدا دوکتور شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات، فەتاح عەبدوڵی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و هۆمایون ئەڕدەڵان بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئالمان و نوردی دێهکوری، یەکێک لە دۆستانی کورد و لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران.
تەقینەوەی ئامییا
ساڵی 1373ناوەندی جوولەکەکان لە ئاڕژانیتین تەقێندرایەوە. لەو رووداوەدا 385 کەس کوژران و برینداربوون. دادگای ئاڕژانتین ئێرانی بە دەست تێداهەبوون لەو پەلامارە تێرۆریستییەدا مەحکوم کرد.
بۆمب دانانەوە لە بانکوک
لە ساڵی 2012 دا زنجیرەیەک تەقینەوە لە بانکوک، پایتەختی تایلەند کران. بەرپرسانی دەزگای قەزایی تایلەند ڕایانگەیاند کە ئێران لە پشتی ئەو تەقینەوانە بووە و دوو ئێرانیی ئەندامی سپای پاسداران بە ناوەکانی سەعید مرادی و محەممەد خەزایی بە زیندانی ئەبەد مەحکوم کران.
تەقینەوە لە دێهلی
ساڵی ١٣٩١ ی هەتاوی پۆلیسی وڵاتی هیند، ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە بەرپرسی تەقینەوەیەکی دێلی بۆ کوشتنی دیپلۆماتەکانی ئیسڕائیلی بووە.
پیلانی تێرۆری باڵوێزی عەڕەبستان لە ئەمریکا
ساڵی ١٣٩٠ دادگوستەریی ئەمریکا دوو تێرۆریستی ئێرانیی وەک تاوانبار لە پەروەندەی تێرۆری سەرنەکەوتووی عادل ئەلجوبەیر، باڵوێزی عەڕەبستان لە ئەمریکا ( وەزیری دەرەوەی ئێستای عەڕەبستان) ناساند. مەنسوور ئەرباب سیر یەک لەوان بوو کە گیرا و ئێستا لە زیندانە/ غولام شکووری ڕایکردوە و لە ئێرانە/ دەزگای قەزایی ئەمریکا دەڵێ غولام شکووری ئەندامی سپای قودسی سەر بە سپای پاسدارانە.
هەوڵە تێرۆریستیەکان لە بەحرەین
ساڵی ١٣٩٤، پارەکە، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بەحرەین کارخانەیەکی گەورەی بۆمبسازییان لەو وڵاتەدا دەۆزییەوە. ئەوانەی لەوێدا کاریان دەکرد و دەسبەسەر کران هەموویان دانیان بەوە دانا کە لەگەڵ سپای پاسداران پێوەندییان هەیە/ بەحرەین دوای ئەو ڕووداوە باڵوێزی خۆی لە ئێران کێشایەوە و باڵوێزی ئێرانی لە وڵاتەکەی وەدەرنا.
کردەوە تێرۆریستییەکان لە عێڕاق
سەرچاوەکانی هەواڵ و ناوەندەکانی توێژینەوە دەڵێن کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دوای شەڕی کەنداوی زیاتر لە ١١٠ سەربازی ئەمریکاییان لە عێڕاقدا تێرۆر کردوە.
کاری تێرۆریستی لە وڵاتی کێنیا
ساڵی ٩١ پۆلیسی کێنا دوو تێرۆریستیی ئێرانی بە ناوەکانی ئەحمەد ئەبولفەتحی و سەید محەممەد موسەوی دەسبەسەر کرد. دەزگای قەزایی کێنیا کوتی ئەو دوو کەسە ئەندامی سپای قودس بوون و یەک تۆن تەقەمەنیی بۆمبیان لێگیراوە.
هاوکاری لەگەڵ ئەلقاعیدە
ئێرانی شیعە دوای رووخانی تالیبان لە ئەفغانستان هاوکارییەکی زۆر نیزیکیان لەگەڵ ئەلقاعیدەی سووننی بووە، هەتا شەڕی سووریە کە مەرزبەندییەکان جۆرێکی دیکەیان لێهات/ ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٣٩٠ دا ئێرانی تاونبار بەوە کرد کە لەگەڵ ئەلقاعیدە هاوپەیمانە. دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کەو رێبەرانەی ئەلقاعیدە کە ئێران دالدەی داون، توانیویانە لە رێگەی ئێرانەوە تۆڕێکی ماڵی و ئابووریی زۆر بەرین بۆ بەرنامە تێرۆریستییەکانیان بەرنە پێشێ.
تێرۆری کەسایەتییە ئێرانییەکان
لە دەرەوەش کە لە هەموویاندا پێی ئێران هاتۆتە پێشێ، وەک تێرۆری دوکتور قاسملوو و شەهیدانی دیکەی ڤییەن لەو رووداوەدا، تێرۆری دوکتور سادق و شەهیدانی دیکەی بڕلین لەو رووداوەدا، تێرۆری شاپوور بەختیار، دوایین سەرۆک وەزیرانی حکومەتی پاشایەتی لە پاریس، شەهریاری شەفیق، کوڕی ئەشرەف پەهلەوی لە پاریس؛ ئەرتشبود غولامعەلی ئۆوەیسی لەگەڵ غوڵامحوسێنی برای لە پاریس، فەرەیدون فەروخزاد لە وڵاتی ئاڵمان، عوبدوڕەحمان برومەند لە پاریس، کازم ڕەجەوی لە سویس و دەیان تێرۆری دیکە لە وڵاتانی ئورووپایی دا.
ئەوانە کۆمەڵە فاکتێکن کە پێمان دەڵێن تێرۆر و کۆماری ئیسلامی ئاوەڵدوانەی یەکترین و تێرۆر کاڵایەکە کە تەنیا بە بەژنی کۆماری ئیسلامی دەبڕێ.