لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مەیدان و شایەدی چالاکیی بەرینی هۆگران و ئەویندارانی “پێشمەرگە” و “ئاڵای کوردستان” بوون.
ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە ساڵانی رابردوو، دڵسۆزان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تێکۆشەرانی گۆڕەپانی خەباتی نهێنی، لە دوو حەوتوو پێشترەوە، بە پێشوازی 26ی سەرماوەز، رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە چوون. ئەم پێشوازییە زیاتر لە شێوەی نووسینی دروشمگەلی تایبەت بەم بۆنانە و بڵاوکردنەوەی تراکتەکانی پێوەندیدار بە رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگە و هەڵکردن و هەڵاوەسینی ئالای کوردستان لە شوێنە بەرچاوەکان، خۆی دەرخست. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە هەر چوار پارێزگەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگاکانی: ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام، مەیدانی بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە چالاکییانە بوون.
یادکردنەوە و بەرزراگرتنی بیرەوەریی لە دایکبوونی ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەویش لە ئاستی سەرانسەری و بە بەشداریی رێژەیەکی زۆر لە دڵسۆزان و هۆگرانی هێزی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لە چەند بارەوە جێگای سەرنج و هەر لەوکاتەدا مایەی شادی و شانازییە. ئاماژەیەکی کورت بە هێندێک لەو رەهەندانە دەکەین:
نێوەرۆکی خەباتکارانە و خەباتخوازانەی چالاکییەکان:
بەشداریی بوێرانە و بەربڵاوی لاوەکان لەم جۆرە حەرەکەتانەدا، بوونی وزە و پوتانسیەلێکی گەورە بۆ تێکۆشان و خەبات دژی دیکتاتۆری و بندەستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەسەلمێنێ. سەرەڕای لە ژێر چاوەدێریدابوونی زۆربەی ئەو شوێنانەی کە لەم جۆرە بۆنانەدا دەبنە مەیدانی چالاکیی هۆگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات، بەسیج و بەگشتی بەکرێگیراوەکانیان لە سەروبەندی بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا دەکەونە حالەتی ئامادەباش، تێکۆشەرانی گۆڕەپانی خەباتی نهێنی، لە زەبروزەنگ ناپرینگێنەوە و تەلیسمی ترس و سەرکوت دەشکێنن. دیارە بەشێک لە بەشدارانی ئەم جۆرە چالاکیانە ئەندام و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستانن و بە رێنوێنی و هاندانی تەشکیلات و راگەیاندنی حیزبەکەیان، ئەم جۆرە چالاکیانە دەکەن. بەڵام بە دڵنیاییەوە بەشێکی بەرچاو لەو لاوانەی بەشداری ئەم جۆرە چالاکیانە دەبن، تەنیا کوردایەتی و هەستی نەتەوەیی و پێوەندییەکی مەعنەوی بە حیزبی دێموکرات و هێما شۆڕشگێڕی و نەتەوەییەکان دەیانبەستێتەوە، ئەگینا لەگەڵ حیزب و تەشکیلاتە نهێنییەکەی پێوەندییەکی رێکخراویان نیە. بەو حاڵەش چونکە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لە لای ئەوان خۆشەویستن، هەروەها بەو هۆیەوە کە تێکۆشان و چالاکی بە دژی رێژیمی دیکتاتۆر و دژەکوردی کۆمای ئیسلامی و دەزگا سەرکوتکەرەکانی بە جۆڕێک لە خەبات و بەربەرەکانیی شۆڕشگێڕانە دەزانن، خۆویستانە تێکەڵ بەم جۆرە چالاکیانە دەبن.
بە رەوا زانینی بەرگریی چەکدارانە بەرامبەر دوژمنان و رێز لێگرتنی:
رێزگرتن لە وشە و ناوی پێشمەرگە و بەرز راگرتنی یادی بەرگری و فیداکارییەکانی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە پەلاماردەر و سەرکوتکەرەکانی رێژیمە دژبەکوردەکان، لەو بڕوایەوە سەرچاوە دەگرێ کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زەوتکەرانی مافە نەتەوەییەکانمان و سنووردانان بۆ هێرش و دەستدرێژی و تاوانەکانیان، بەرگریی رەوا و وەدەست هاتن بە چەکیش پێویستە. گەلی کورد کە چاوی تەماعی نەبڕیوەتە خاکی هیچ نەتەوەیەکی دیکە و هەموو جارێش بە رێگای هێمنانە و ئاشتیخوازانە، داخوازەکانی خۆی بەرەوڕووی رێژیمە یەک لە دوای یەکەکان لە ئێران و عێراق و تورکیە و سوریە کردووەتەوە، هەر کات لە جیاتی رێزگرتن لە داواکانی هێرشی کراوەتە سەر، بە چەکیش بەرگریی لە مان و خاک و شوناسی خۆی کردوە. رێزگرتنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 26ی سەرماوەز، وەک رۆژی پێشمەرگە، رێزگرتنە لە دەیان ساڵ حەماسەخوڵقێنیی رۆڵەکانیان، ریز گرتنە لە چەند هەزار پێشمەرگەی شەهید کە لە سەنگەری راوەستان بەرامبەر هێرشی کوردکوژاندا، گیانیان بەخشیوە. رێزگرتنە لەو تێکۆشەرانەی هەروا لە مەیداندا ماونەتەوه و ئاڵای تێکۆشانیان شەکاوە راگرتوە. گومانی تێدا نیە کە ئەم رێزگرتن و خۆشەویستییە، هێزی پێشمەرگە و رۆڵە چەکدارەکانی کورد کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کە بەرگری لە نەتەوەکەیان و خاکی نیشتمانەکەیان دەکەن، دەگرێتەوە.
هێماکانی شوناسی نەتەوەیی رۆژبەڕۆژ زیاتر جێی خۆیان دەکەنەوە:
رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ لە دایکبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستاندا، بوو بە خاوەنی کۆمەڵێک سامان و دەسکەوتی نەتەوەیی. جگە لە داهاتنی وشە و ناوی “پێشمەرگە” و پێکهاتنی هێزی پێشمەرگە لەو سەردەمدا، “ئاڵای کوردستان”یش بۆ یەکەم جار هەر لەو سەردەمدا دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا نوێ ببێتەوە و بە رەسمی هەڵ بکرێ. دیارە سروودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب”یش هەر یادگاری کۆماری کوردستانە و بۆمان ماوەتەوە.
ساڵانێکی زۆر هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە حیزبی دێموکراتیشەوە، بۆ نەڕەنجانی “خاتری موبارەک”ی لایەنە ئێرانییە شۆڤێنییەکان و لە ترسی تاوانبارکران بە جیاییخوازی، لە باسی کۆماری کوردستان و رابردووی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان، گرینگییەکی ئەوتۆیان بە ئاڵای کوردستان نەدەدا، یا وەک شتێکی مێژوویی و پەیوەست بە رابردوو، باسیان دەکرد. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بوو بە خاوەن پارلمان و حکوومەت و، هەڵکردن و بە کارهێنانی “ئاڵای کوردستان” لە پارڵمانی کورستان رەسمیەتی پێ درا، کولتووری بە کارهێنانی ئاڵا وەک هێمایەکی نەتەوەیی، سنوورە دەسکردەکانی بڕی و لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، پێشوازی لەو ئالایە کرا. دیارە لە نێوان ئالای کۆماری کوردستان و ئاڵای پەسندکراوی پاڕلمانی کوردستان، هێندێک جیاوازی هەن. بەڵام خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆر لە دانیشتوانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، وەک هێمایەکی گشتی بۆ هەموو نەتەوەی کورد نەک ئاڵای بەشێکی کوردستان، رێزی لێ دەگرن.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، کەسانی خاوەن هەست و شوعووری نەتەوەیی بە هۆی ئەم ئاڵایەوە، بوونی کورد وەک نەتەوەیەک و کوردستان وەک نیشتمانی ئەو نەتەوەیە، دەردەبڕن. ئەم دیاردەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە زیادبوون دایە و لە بۆنە نەتەوەییەکان و نەورۆز و تەنانەت جێژن و خۆشیی بنەمالەییدا، تا دێ زیاتر خۆی دەردەخا. بایەخدان بە هێما نەتەوەییەکان وەک رێگایەک بۆ بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی و شانازی پێوەکردنیان، بەڵگەیە بۆ گەشە کردنی بیری نەتەوەیی و وشیاریی سیاسی کە بە دڵنیایەوە لە سەر دەوڵەمەندیی خەباتی نەتەوەیی لەم بەشەی کوردستان هەم لە رووی نێوەرۆک و هەم لە رووی شێوازەکانی تێکۆشان بۆ مافی نەتەوەیی، کاریگەریی قووڵی دەبێ.
دوێنێ و ئەمڕۆی خەباتی خەڵکی کوردستان، پێکەوە بەستراون:
بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی بە مەبەستی دابڕینی ئەمڕۆی کوردی رۆژهەڵات لە رابردووە سیاسی و نەتەوەییەکەی دەدرێن، بزووتنەوەی سیاسی و حەقخوازانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان نایهەوێ و ناتوانێ پشت لە رابردووی خۆی بکا. ئەگەر پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان وەک سەرەتایەک بۆ بە کردەیی کردنی خەونەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی لەم بەشەی کوردستان قبووڵ بکەین، ئەوەی دوای 70 ساڵ لە توێی تێکۆشانی جۆراوجۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی رووناکبیران، لاوان و چالاکانی بوارە جیاجیاکاندا دەیبینین، بەردەوامییە لەسەر ویست و ئامانجەکانی پێشوو. رزگاربوون لە ژێردەستی و هەڵاواردن و بێمافی، پێکهێنانی کیانی کوردیی خاوەن ئاڵا و سوپای میللی و سروودی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی، گەیشتن بە دەسەلاتێکی کوردیی خاوەن نێوەرۆکێکی ئینسانی و دێموکراتیک، هەتا ئێستاش لە دیارترین ویست و ئاواتەکانی توێژی سیاسی و چالاکی رۆژهەڵاتن. ئەوە کە زەبروزەنگ و سانسۆڕ و سزا و سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی، دەیهەوێ بە هەر نرخێک بووە ئەم دەنگانە نەبیسترێن و ئەم خەونانە نەبیندرێن، هیچ لە راستیی مەسەلەکە ناگۆڕێ.
بەم پێیە سەرەڕای سەرکوت و بەربەستی جۆراوجۆر لەسەر رێی خەبات و بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بیری نەتەوەیی و شوناسخوازی، وشیاریی سیاسی و ئامادەیی خەبات و تێکۆشان بۆ ئاوات و ئامانجی رزگاریخوازانە لە گەشانەوە و بەرەوپێشچوون دایە. ئەم راستییە هەر لەو کاتەدا کە مایەی دڵگەرمی و شانازییە، ئەرکیش دەخاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و رێکخراوە سیاسییەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە خوێندنەوه و لێکدانەوەی خۆیاندا و بەرنامەدانانیان بۆ تێکۆشانی سیاسی و مەیدانیدا حیسێبی تایبەتی بۆ بکەن.
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه