(٢٦)ی سه‌رماوه‌زی هه‌ر ساڵێک بیره‌وه‌ریی مێژوویه‌کی پڕشنگدار له یاده‌وه‌ریی به‌كۆمه‌ڵی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا زیندوو ده‌کاته‌وه، مێژوویه‌ک که دواتر بوو به هه‌وێن و بنه‌مای به‌شێکی گرینگ له هێماسازیی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رجه‌م کورد که بریتی‌یه له “پێشمه‌رگه” و “ئاڵای کوردستان”. له‌به‌ر ئه‌وه که حیزبی دێموکراتی کوردستان ئه‌م رۆژه‌ی وه‌ک رۆژی پێشمه‌رگه دیاری کردوه، ئه‌و بۆنه‌یه هه‌روها ده‌رفه‌تی ئاوڕدانه‌وه و بیرکردنه‌وه له رابردوو و ئاینده‌ی ره‌هه‌ندی هه‌ره به‌رجه‌سته و ره‌نگه بتوانین بڵێین بڕیارده‌ری بزاڤی مافخوازانه‌ی کورد واته خه‌باتی چه‌کدارییه.
له‌م وتاره‌دا به کورتی هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر بنه‌ما گشتی‌یه‌کانی شه‌رعییه‌تی خه‌باتی چه‌کداری، ئامانج له‌م شێوازه له تێکۆشان له کانتێکستی خه‌باتێک که حیزبی دێموکرات تا ئێستا به‌ڕێوه‌ی بردووه، پێوه‌ندیی نێوان ئه‌م شێوازه له خه‌بات له‌گه‌ڵ شێوه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات، گرینگیی هه‌لومه‌رج له بردنه پێشی ئه‌م جۆره له خه‌بات، روانینی ئه‌کته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌م شێوازه له خه‌بات و هتد بکه‌ین.
بنه‌ماکانی شه‌رعییه‌تی خه‌باتی چه‌کدارانه
به‌درێژایی چه‌ندین ده‌هه له مێژووی خه‌باتی رێکخراوی چه‌کدارانه‌ی کورد له ئێران، گوتاری زاڵ له کۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێمه‌دا به‌تایبه‌تی له به‌ستێنی پارته سیاسی‌یه‌کانی رۆژهه‌ڵات‌دا سه‌باره‌ت به هۆکار و پاساوی په‌نابردن بۆ خه‌باتی چه‌کدارانه بریتی بووه له به‌رگریی ره‌وا له به‌رامبه‌ر هێرش و ده‌ستدرێژیی نیزامیی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بۆ سه‌ر خاک و خه‌ڵكی کوردستان.
نه‌ک هه‌ر به‌رگری له‌خۆکردنی مرۆڤه‌کان له به‌رامبه‌ر هێرشی فیزیکیی زۆردار و چه‌وسێنه‌ران بۆ سه‌ر ئه‌وان، به‌ڵکوو هاتنه‌ده‌ست و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م به‌گشتی مافێکی سه‌لمێنراوی مرۆڤه‌کانه. ئه‌و مافه له مێژووی نوێ‌دا و به‌تایبه‌تی له نه‌ریتی فه‌یله‌سوفه‌کانی “لومیه‌ر” بریتی‌یه له دژکرده‌وه‌ی به‌رگریکارانه‌ی هاووڵاتییان به‌دژی زیاده‌ڕه‌ویی حاکمان. راگه‌یاندراوی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیی شۆڕشی فه‌ڕانسه(١٧٨٩) به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م وه‌ک یه‌کێک له‌و چوار مافه بنه‌ره‌تی و سروشتییه‌ی مرۆڤ ده‌ناسێ که هیچ هه‌لومه‌رج و زه‌مانێک ناتوانێ بیانسڕێته‌وه (مادده‌ی ٢)له مێژووی نوێی کورد له ئێران‌دا، ئه‌گه‌ر به‌ره‌نگاریی چه‌کدارانه‌ی سنوورداری تێکۆشه‌رانی کورد و حیزبی دێموکرات له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سه‌رکوتکارانه‌ی رێژیمی شاهه‌نشاهی (ته‌نانه‌ت له ره‌هه‌نده سیرفه‌ن پۆلیسییه‌که‌ی‌دا) بێگومان ده‌چێته ئه‌م خانه‌یه‌وه، ئه‌وه له‌دوای ده‌رچوونی فه‌توای جیهادی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨ به‌دژی خه‌ڵکی کوردستان و جێبه‌جێکرانی به‌ربڵاو و بێبه‌زه‌ییانه‌ی ئه‌م فه‌توایه له‌م رێکه‌وته به‌ولاوه و به‌تایبه‌تی له نیوه‌ی یه‌که‌می ده‌هه‌ی شه‌ستی هه‌تاوی دایه که پێویستی و ره‌وایی خۆڕاگریی چه‌کدارانه‌ی هێزه کوردییه‌کان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی تارانی باشتر له هه‌ر کاتێک سه‌لماند و چه‌سپاند. له‌و پێوه‌ندییه‌شدا ئه‌وه که حیزبی دێموکرات له لایه‌ن تاقمی تازه به ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتوو‌ه‌وه به هه‌ڵوه‌شاوه راگه‌یه‌نرا و تێکۆشانی سه‌رجه‌م هێزه نه‌یاره‌کان قه‌ده‌غه کرا، یان ئه‌و باسه که هێزه سیاسی‌یه‌کانی کورد له ئێران له کاتی دانوستان له‌گه‌ڵ رێژیمی نوێ ده‌کرا و ده‌بوو به چ سیغه‌یه‌ک له جێبه‌جێکردنی ماف و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان رازی بن، هیچ له شه‌رعییه‌تی ئه‌و خۆڕاگرییه چه‌کدارانه‌یه ناگۆڕێ.
به‌رگریی ره‌وا نه‌ک هه‌ر وه‌ک دژکرده‌وه‌ی تێکۆشه‌ری چه‌کداری کورد بۆ دیفاع له خه‌ڵکی بێدیفاعی کوردستان، به‌ڵکوو له هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌شدا که شۆڕشگێرانی کورد به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان ده‌سپێشخه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه چه‌کدارییه‌کان بووبن که‌وتوونه‌تهته بۆسه‌ی دوژمن یان هێرشیان کراوه‌ته سه‌ر، پاساوێکی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولا و قسه‌هه‌ڵنه‌گر بۆ شه‌رعییه‌تی په‌نابردنی رۆڵه‌کانی کورد بۆ چه‌که. له‌م حاڵه‌ته‌ی دوایی‌دا له‌راستیدا به‌رگریی چه‌کدارانه‌ی رۆڵه‌کانی کورد شتێک نیه جگه له ده‌ره‌نجامی مامه‌ڵه‌ی دژمنکارانه و دژه‌مرۆیی هێزه نیزامی‌یه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ویستی سروشتیی کۆمه‌ڵێک مرۆڤ بۆ جێبه‌جێکردنی مافه سیاسی‌یه‌کانیان له رێگای حزوور و تێکۆشانی سیاسی له‌نێو خه‌ڵکی خۆیان‌دا.
به‌ڵام به‌رگریی ره‌وا ته‌نیا بنه‌مای کرده‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخوازانه نیه که پێویسته سه‌رنجی بدرێتێ و پشتی پێ ببه‌سترێ. هه‌روه‌ک له گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات له نیوه‌ی دووه‌می ده‌هه‌ی شه‌ستی هه‌تاوی‌دا له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌رده‌که‌وێ(ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وده‌میش) رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبه له‌پێناوی ناچارکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بۆ دانپێدانانی مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی و ملدان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه به رێگای وتووێژ، ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی ده‌سپێشخه‌رانه‌ش به قه‌باره و تاکتیکی جۆراوجۆر ئاوه‌ڵا کردبوو. له لایه‌کی دیکه‌وه، مادام خواست و خه‌باتی سیاسیی کورد له رۆژهه‌ڵات چ به ماهیه‌تی مێژوویی خۆی و چ ته‌نانه‌ت له به‌ستێنی که‌لامی و گوتاری‌دا پێش هه‌موو شتێک له‌سه‌ر پره‌نسیپی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان راوه‌ستاوه، پێویسته سه‌رجه‌م سازوکاری خواست و خه‌باتێکی له‌م چه‌شنه له گۆشه‌نیگای خاک و سه‌روه‌ری و راستکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی داگیرکارانه‌وه سه‌یر بکرێ. هه‌ربۆیه جێی خۆیه‌تی بنه‌مای خه‌باتی چه‌کدارانه ته‌نیا به به‌رگریی ره‌وا نه‌به‌سترێته‌وه به‌ڵکوو ره‌وایی خه‌باتی چه‌کدارانه به‌شێوه‌یه‌کی له‌سه‌ر‌پێخۆراوه‌ستاو(قائم بالذات)یش که سه‌رچاوه‌گرتوو له مافی دیاریکردنی چاره‌نووسه و نه‌ک ته‌نیا وه‌ک دژکرده‌وه له به‌رامبه‌ر هێرش و ده‌ستدرێژی، به‌رجه‌سته بکرێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای واقیعی پڕ له توندوتیژی و پێشێلکاری له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان‌دا، چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی کێشه‌کان یه‌کێک له پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی مۆدێرنه. ئه‌م ئه‌سڵه زۆر جار له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی سه‌ره‌ڕۆوه بۆ مه‌حکومکردنی ره‌هه‌ندی چه‌کدارانه‌ی بزوتنه‌وه رزگاریخوازییه نیشتمانی‌یه‌کان به‌کار براوه. ئه‌وه له حاڵێک دایه که ماده‌ی ٤-٢ی مه‌نشووری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان په‌نابردن بۆ شه‌ڕ ته‌نیا له ده‌وڵه‌تان قه‌ده‌غه ده‌کا و پێوه‌ندیی به بزوتنه‌وه رزگاریخوازییه‌کانه‌وه نیه. له‌وه‌ش زیاتر، به له‌به‌رچاو گرتنی جێکه‌وتنی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان و پشتیوانیی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان له ره‌وتی روو له رزگاریی موسته‌عمه‌ره‌کان، له ساڵه‌کانی شه‌ست و حه‌فتای زایینی‌دا ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێهه‌م به پشتیوانیی ده‌وڵه‌تانی سۆسیالیستی کۆمه‌ڵێک بڕیارنامه‌یان به په‌سند گه‌یاند که به‌پێی وان ئه‌و گه‌لانه‌ی وا بۆ رزگاریی خۆیان له ژێرده‌سته‌یی خه‌بات ده‌که‌ن بۆیان هه‌یه له‌و پێناوه‌دا په‌نا بۆ شه‌ڕیش به‌رن و ته‌نانه‌ت پشتیوانیی ده‌ره‌کیشی (چ به شێوه‌ی مه‌عنه‌وی و سیاسی و چ به شێوه‌ی ماددی و لۆژیستیکی) بۆ وه‌ده‌ست بێنن. ئه‌مه له گرینگ‌ترین بڕیارنامه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا که له‌لایه‌ن دیوانی دادی نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌وه وه‌ک نوێنگه‌ی نه‌ریتی نێوده‌وڵه‌تی له قه‌ڵه‌م دراوه واته بڕیارنامه‌ی ٢٦٢٥ی ساڵی ١٩٧٠ له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌کانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تان به چه‌شنێک ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه چونکه له‌وێدا به روونی ئاماژه به خۆڕاگری و خه‌باتی گه‌لان بۆ رزگاری وه‌ک ریزپه‌ڕێکی ئه‌سڵی قه‌ده‌غه‌بوونی په‌نابردن بۆ شه‌ڕ کراوه.
له لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌موو ئه‌و ئه‌رک و ئیلتزاماته که قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شه‌ردۆستی (واته قانوونی مافی مرۆڤ له کاتی شه‌ڕ و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌دا) ده‌یخاته سه‌ر شانی بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌کانی جیهان و به‌گشتی به‌رپرسیارێتیی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌کته‌ره غه‌یره ده‌وڵه‌تی‌یه‌کان، به مانای ئه‌وه‌یه که یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی لانیکه‌م به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ قبووڵی ئه‌و واقیعه ده‌کا که کۆمه‌ڵێک بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و چه‌کداری له جیهان‌دا هه‌ن که له نه‌بوونی به‌ستێنێکی له‌بار بۆ بردنه‌پێشی پرسی خۆیان له رێگای سیاسی و دێموکراتیکه‌وه ناچارن په‌نا بۆ مێتۆدی چه‌کدارانه ببه‌ن.
ئه‌گه‌ر قبووڵمان بێ که کوردیش گه‌له و خاوه‌نی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسه، ئه‌و وه‌خته به‌وێنه‌ی بزاڤی گه‌لانی ژێرده‌ستی ئیستعمار، بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی کوردیش هه‌قی خۆیه‌تی که ئه‌گه‌ر هیچ رێگایه‌کی بۆ بردنه‌پێش و جێبه‌جێکردنی ئاشتیخوازانه و دێموکراتیکی داخوازه ره‌واکانی بۆ نه‌هێلرێته‌وه، نه‌ک هه‌ر له چوارچێوه‌ی به‌رگریی ره‌وادا به‌ڵکوو به بڕیار و ئیراده‌ی خۆی و به هه‌ر رێگایه‌ک که له ده‌ستی دێ داکۆکی له مان و مه‌وجودییه‌تی گه‌له‌که‌ی بکا و ته‌واوه‌تیی خاک و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و گه‌له وه‌ده‌ست بێنێ(ته‌وه).
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه