قسەکردن لەسەر “پێشمەرگە” تەنیا لە چوارچێوەی پێناسەی “چەکدارێکی بەبیروباوەڕ”دا، لەوانەیە غەدرێک بێت لە یەکێک لە دەسکەوتە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد. پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی خەباتکاری میللەتی کورد لەگەڵ ئەوەیکە بە سەدان دەسکەوتی پڕنرخی بۆ ئەم میللەتەکەی دەستەبەر کردوە و پارێزگاری لە گەلێک دەسکەوتی دیکە کردوە، لە هەمان کاتدا خۆیشی دەسکەوتێکی هەرە پڕبایهخی زەمەنێکی زێڕینی ئەم میللەتەیە. دەسکەوتێک کە رۆڵێکی هەرە بنەڕەتی لە بیچمگرتنی شوناسی نەتەوەیی خەڵکێکی بێدەوڵەتی وەک کورددا گێڕاوە. دەسکەوتێک کە لە هەناوی مەزنترین رووداوی مێژوویی نەتەوەیەکەوە لەدایک بوو. پێشمەرگە یەکێک لە مەزنترین لق و پۆپەکانی کۆماری کوردستانە کە خۆی وەک دەسکەوتێکی ئەم “باوەڕبەخۆبوون” و ئیرادە مەزنە، هەوڵی پەرەپێدان و پاراستنی گەلێک دەسکەوتێکی مەزنتر لەخۆی دا.
پێشمەرگەی کوردستان پێش ئەوەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک عونسورێکی عەینی، لە قەڵافەتێکی جوامێرانەدا ببێتە رەمزێک بۆ قارەمانێتی و بەرەنگاری، لە زەیین و ناخی تاکی نەتەوەیەکی بێدەرەتانی بەتاڵ لە هەرجۆرە پشتیوانییەکدا، “باوەڕبەخۆبوون”ی بنیات نا. باوەڕبەخۆبوونێک کە تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، سەرەڕای دەیان دوژمن و نەیاری رەنگاوڕەنگی تەیار بە هەمووی پیلان و کەرەسەیەکی داپڵۆسێنەرانە، هەروا ئەم میللەتەی لە سەر پێ راگرتووە.
پێشمەرگەی کوردستان بە رۆڵی خۆبەخش و خۆنەویستانەی لە جووڵانەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەیدا پێناسەیەکی جیاوازی بە “گیانفیدایی” و “نیشتماندۆستی” بەخشیوە. “نیشتمانپەروەری” و بەدوای ئەودا “گیانفیدایی”، بۆ پێشمەرگە تەنیا ئەرکی سەربازێک نەبووە بۆ نیشتمانەکەی، بەڵکوو بەشێکی هەرە ئەساسی بووە لە ئەخلاقی ئینسانیی ئەم مرۆڤە خاوەن باوەڕ و خەونە. ئەخلاقێک کە پێشمەرگەی لە بیرکردنەوە و تێفکرینی گەلەکەیدا کردۆتە قارەمانێکی هەتاهەتایی. قارەمانێک کە تەنیا خاک و خەڵکی خۆی بە پشتیوانیی راستەقینە دەزانێ و تەنیا لە داوێن و باوەشی ئەواندایە کە، هەست بە بوونی خۆی و نەمریی رەسالەت و ئەرکەکانی دەکات.
پێشمەرگەی کوردستان کە لە هەناوی زەمەنێک لە زەمەنە مێژووییەکانی نەتەوەکەیدا لە دایک بووە، بەهۆی ئەوەی تەنیا پاراستنی خاک و خەڵکی خۆی بە ئەرک زانیوە، بە دوور بووە لە دەستدریژکردن و بەکارهێنانی وەک هێزێکی پەلاماردەر و داگیرکەر. سنووری دەرکەوتن و بەرەنگاریی پێشمەرگەی کوردستان بەرانبەربە دوژمنانی میللەتەکەی، راست هەمان سنووری وڵاتەکەیەتی.
فەلسەفەی وجوودیی پێشمەرگە بە پێچەوانەی “سەرباز”ی نەتەوە پاوانخواز و دەوڵەتە داگیرەکان – کە پەلاماری خاک و خەڵکی دیکەیان پێ دەدرێ – تەنیا هەوڵدانە بۆ رزگاری و پاراستنی گەل و نیشتمانی خۆی. هەر ئەم تایبەتمەندییەش وای کردوە کە پێشمەرگە وەک هێزێکی گەلی و نیشتمانی بمێنێتەوە و متمانە گەلی خۆی وەدەست بێنێ. متمانەیەک کە ئەمڕۆ دوای زیاتر لە حەوت دەیە لە مێژووی تێکۆشان و گیانفیدایی، بۆتە بەشێک لە شوناسی هێزی پێشمەرگە.
ئەم تایبەتمەندییانە و هەموو ئەو تەعبیر و پێناسانەی تا ئەمڕۆ لە پێوەندی لەگەڵ پێشمەرگەدا باس کراون، ئەوەمان لێ دەخوازێک کە پێویستە هەورازتر لە [ناو]ێک بۆ پێشمەگە بڕوانین. پێشمەرگە ناتوانێ بەتەنیا ئەو سەربازە بێت کە لە خزمەت بەجێگەیاندنی بڕیارە سیاسییەکان دایە. بەو مانایە کە وەک “سەرباز”ێک تەنیا گوێڕایەڵی فەرمانێکی سەرووتر لە خۆی بێت. بەڵکوو پێشمەرگە ئەو قارەمانە بە بیروباوەڕەیە کە لە سەر ئیرادەی نەتەوەیەک دەجووڵێ و، رەساڵەتەکەی جیا لە بەجێگەیاندنی ئەرکی “قارەمانێک”، بەهێزکردنی هەستی باوەربەخۆبوونی میللەتێکە کە بە درێژایی تاریخ هەوڵی شکاندنی ئیرادەی دراوە.
پێشمەرگە ئەو چەکدارە خاوەن بیرو باوەڕەی کوردە کە ماناکانی ئەو دیوی هەوڵدان بۆ توانەوەو ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەکەی بەرپەرچ دایەوەو “بوون” و “بەردەوامی”ی بە نەتەوەیەک بەخشی کە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێ، دوژمنان پیلانی لێڵکردنی ئاسۆی هیوا و هومێدی دادەڕێژن.
پێشمەرگەی کوردستان ئەو چەکدارە خاوەن باوەڕیە کە لە زەمەنێکی بەشەخسییەتی تاریخی میللەتەکەیدا بەرگی کەسایەتی بەبەردا کرا و، بە درێژایی تەمەنی خۆی هەوڵی کەسایەتی بەخشین بە بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەی دا.
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه