لێتان ناشارمه‌وه که یاسای گه‌مارۆکانی داماتۆ(ایسا) له مه‌جلیسی نوێنه‌رانی ئه‌مریکا درێژ کرایه‌وه، به‌دوای ئه‌وه‌دا بووم که ئێران چ کاردانه‌وه‌یه‌ک نیشان ده‌دا، به تایبه‌ت که خامنه‌یی له وتاردانێک‌دا وێرای هێرشی که‌لامی بۆ سه‌ر ئه‌مریکا، گوتی: درێژکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی داماتۆ، پێشێلکردنی ئاشکرای به‌رجامه و ئێرانیش به دڵنیاییه‌وه دژکرده‌وه نیشان ده‌دا.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رجامدا ئێمه له‌گه‌ڵ دوو ده‌سته‌واژه بهروڕووین: “روحی به‌رجام” و “مه‌تنی به‌رجام”. مه‌به‌ست له روحی به‌رجام ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک کرده‌ی دژی ئێران، له‌گه‌ڵ ده‌قی به‌رجام دژبه‌یه‌کی نییه، به‌ڵام به‌ستێن و هه‌لومه‌رجه‌کانی که‌ڵک وه‌رگرتنی ئێران له‌و ئیمتیازانه‌ی که به پێی مه‌تنی به‌رجام پێی دراون، سه‌ختتر ده‌کا و فه‌زایه‌کی مه‌نفی دروست ده‌کا و سه‌رمایه‌گوزارانی بیانی له کارکردن له ئێران به‌پارێزتر ده‌کا. دیاره وه‌ک ده‌گوترێ له به‌رجامیشدا هاتووه که لایه‌نه‌کان پێویسته له‌و کردانه‌ی له‌گه‌ڵ روحی به‌رجامیشدا دژایه‌تی هه‌یه، خۆببوێرن. به‌ڵام له روانگه‌ی حقوقییه‌وه ته‌نیا وه‌ختێک لایه‌نێک کرده‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌قی به‌رجام دژایه‌تی هه‌بێ، به پێشێلکه‌ری به‌رجام له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. له‌و کاته‌وه که به‌رجام که‌وتۆته قۆناغی جێبه‌جێکردن، ئێران و ئه‌مریکا، هه‌ندێک له کرده‌کانی یه‌کتریان به پێشێلکه‌ری روحی به‌رجام له‌قه‌ڵه‌م داوه. به‌م شیکردنه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستی خامنه‌یی بوو، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌تنی به‌رجام بوو.
دوای قسه‌کانی خامنه‌یی ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکا جێی متمانه نیه و ئه‌گه‌ر به‌ڵێنیش بدا، له‌ژێری ده‌رده‌چێ و جێبه‌جێی ناکا، به ته‌وژمێکی زیاتر به کۆمه‌ڵگه پۆمپاژ کرا؛ به چه‌شنێک که ئه‌گه‌ر که‌سێک ئاشنایی پێویستی له‌گه‌ڵ سیاست و چه‌مکگه‌لی وه‌ک ” سیاسه‌تی راگه‌یه‌نراو” و “سیاسه‌تی کرده‌یی” نه‌بێ و، به‌تایبه‌تیش ئاشنایی له‌گه‌ڵ شێوازی سیاسه‌ت کردنی کۆماری ئیسلامی نه‌بێ، وای ده‌زانی که ئاسته‌نگێکی گه‌وره له به‌رده‌م به‌رجامدا پێکهاتووه و به‌رجام له‌گه‌ڵ کۆسپ به‌ره‌وڕوو ده‌بێ.
سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێبه‌جێ کردن، یاسادانان و دادوه‌ری، به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی له‌شکه‌ری و کشوه‌ری، هه‌موویان به جیاوازییه‌کی که‌م، درێژکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی ئیسایان به پێشێلکه‌ری به‌رجام له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و پێداگرییان له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لێبڕاوانه‌ی ئه‌مریکا ده‌کرد. راگه‌یه‌نه ره‌سمییه‌کانی ئێران و ئه‌و راگه‌یه‌نانه‌ی سه‌ر به لایه‌نێکی دیاریکراون، په‌یتاپه‌یتا ئه‌و کارناسانه‌یان ده‌دواندن که رویکهردێکی بردنه ژێرپرسیارانهیان به نیسبه‌ت به‌رجام هه‌یه. به‌م پێیه جارێکی دیکه و به ته‌وژمێکی هه‌رچی زیاتره‌وه له ته‌پڵی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکایان دا و ویستیان به‌رای گشتی بڵێن ئه‌مریکا هه‌روا دوژمنی پله یه‌کی ئێرانه و نابێ متمانه‌ی پێ‌بکرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و ره‌وته‌ی که به‌رجام وه‌ک زیانێکی گه‌وره بۆ ئێران وێنا ده‌که‌ن، ده‌ڵێن به‌رجام ته‌نیا قازانجێکی که بۆ ئێرانی هه‌بووبێ ئه‌وه‌یه که، سهلێمندرا ئه‌مریکا بۆوه‌ی نابێ متمانه‌ی پێ‌بکرێ. له‌م باره‌وه پێویسته ئاماژه به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بکه‌ین:
1)به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌مارۆکانی ئورووپا و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که هه‌ڵوه‌شاونه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی له لایه‌ن کۆنگره‌ی ئه‌مریکاوه په‌سند کراون، ههڵنهوهشاونهوه، به‌ڵکوو ته‌نیا راگیراون یان هه‌ڵپه‌سێراون. به پێی به‌رجامیش، دوای 8 ساڵان، ئه‌مریکا هه‌ڵیانده‌وه‌شێنێته‌وه. له پرۆسه‌ی دانوستانه‌کانی ناوکیدا، باسی گه‌مارۆکانی داماتۆ کراوه، به‌ڵام ئه‌مریکا به‌ڵێنی نه‌داوه که ئه‌و گه‌مارۆیانه درێژ نه‌کرێنه‌وه. به‌رجام به‌شگه‌لێک له گه‌مارۆکانی داماتۆ له‌کار ده‌خا. به‌م پێیه له‌حاڵه‌تی جێبه‌جێ کردنی گه‌مارۆکانی داماتۆ، ده‌قی به‌رجام پێشێل ده‌کرێ.
2)هه‌یئه‌تی چاوه‌دێری به‌سه‌ر بهجامدا، که له ئێران پێکهاتووه، دوای کۆبوونه‌وه‌ی خۆی، رایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر گه‌مارۆکانی داماتۆ(ایسا) بکه‌ونه بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه، ئه‌وا ده‌قی به‌رجام پێشێل ده‌کا. جه‌وهه‌ری راپۆرتی ئه‌و هه‌یئه‌ته پێمان ده‌ڵێ که ده‌بێ جیاوازییه‌ک له نێوان سیاسه‌تی راگه‌یه‌نراو _ که مه‌سره‌فی نێوخۆیی و ئاراسته‌کردنی رای گشتیی نێوخۆیی، به‌شێک له ئامانجه‌کانیه‌تی _ و سیاسه‌تی کرده‌یی ئێران، دابنێین و مه‌علوومه که ئێران له‌م جۆره کاتانه‌دا، عه‌قڵانیتر ده‌جووڵێته‌وه و به سه‌رنجدان به دۆخ و پێگه‌ی، نایه‌وێ له پێشێلکردنی به‌رجامدا ده‌ستپێشخه‌ر بێ. وێده‌چێ ئه‌مریکا له رێگه‌ی دیکه‌وه و به شێوازی دیکه زه‌خت بخاته سه‌ر ئێران، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ، به کهموکووڕییشهوه بێ، به‌رجام جێبه‌جێ ده‌کا. هه‌وڵی ئه‌مریکا ئه‌وه‌یه که ئێران وه‌سه‌ر ته‌ڵه بخا و هانی بدا که ببێته پێشێلکه‌ری به‌رجام. بۆیه ئێران له پراتیکدا عه‌قڵانیتر له ئیدیعاکانی ده‌جووڵێته‌وه.
3)به‌ڵام پێداگریی ئێران له‌سه‌ر روحیه‌ی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئه‌وه‌ی که راده‌گه‌یه‌نێ ئه‌مریکا به‌رجامی پێشێل کردووه، نیشانده‌ری نیگه‌رانیی ئه‌و وڵاته‌یه له سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی ترامپ. یه‌که‌م: ئێران ده‌یه‌وێ رای گشتی خۆی بۆ هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌مریکا له داهاتوودا ئاماده رابگرێ. به‌م هۆیه‌یه که ناو‌کی سه‌ختی ده‌سه‌ڵات له ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌م رویکهرده که ناحه‌زیی روخساریی ئه‌مریکا که‌مره‌نگ بکاته‌وه، به توندی دژایه‌تی ده‌کا و وه‌ک مه‌ترسییه‌ک رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه. چونکه خویایه که یه‌که‌م هه‌نگاوی ئێران بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر ههنگاوێکی دژبه‌رانه‌ی ئه‌مریکا، رای گشتیی ئاماده‌کراو و ئاراسته‌کراوه. دووه‌م: ئێران ده‌یه‌وێ ئه‌و په‌یامه به ئه‌مریکا بدا که ئه‌گه‌ر زیاتر له‌وه بهڵێنیشکێنی بکا و له داهاتوودا به به‌رجام پابه‌ند نه‌بێ، ئه‌وه ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی پێش به‌رجام و مه‌جبوور نیه یه‌کلایه‌نه به‌نده‌کانی به‌رجام جێبه‌جێ بکا. تا ئێره ته‌واوییه‌تی سیستم کۆک و یه‌کده‌نگن. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا ته‌یفی دژبه‌ری به‌رجام له ئێران‌دا، له هه‌ر ههنگاوێکی له‌و چه‌شنه‌ی ئه‌مریکا، بۆ هێرش بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت و رویکردی ده‌وڵه‌ت به نیسبه‌ت دنیای ده‌ره‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌یان به چاوی ده‌وڵه‌ت دادهدایهوه که گوتویانه ئه‌مریکا بۆ متمانه پێکردن نابێ و ئه‌گه‌ر شتێک له‌سه‌ر کاغه‌زیش ئیمزا بکا، ئه‌وه له کرده‌وه‌دا جێبه‌جێی ناکا.
کاکڵی قسه ئه‌وه‌یه که ئێران، له پراتیکدا به پارێزه‌وه ده‌جووڵێته‌وه و ئه‌گه‌ریش به درێژکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی ئیسا دژکرده‌وه نیشان بدا ئه‌وه پێده‌چێ ئه‌و دژکرده‌وه‌یه له بوارگه‌لی دیکه‌دا بێ. دژکرده‌وه‌ی لێبڕاوانه له بواری ناوکیدا، ئێران له‌گه‌ڵ ئاکامی مه‌ترسیدار به‌ره‌ڕوو ده‌کا. پێناچی عه‌قڵی سیاسیی ئێران، ئه‌مه نه‌زانێت.
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه