رۆژهەڵاتی شاری کاولکراوی حەلەب له لایهن هێزەکانی بەشار ئەسەد و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستە و تاقمە میلیشیا شێعەکانەوە، بە هاوکاری فڕۆکە شەڕکەرەکانی رووسەکان، پاش نیزیکەی چوار ساڵان، دەستی بەسەردا گیرا و پرۆسەی چوونەدەری خەڵکی ئاسایی و هێزە نەیارەکانی بەشار ئەسەد لە پاش مشتومڕێکی زۆر لەحاڵی جێبەجێکردن دایە. بەو حاڵەش، بێباوەڕی لایەنەکان و رۆڵی گێرەشێوێنانەی کۆماری ئیسلامی و ناکۆکی لەسەر خاڵەکانی رێکەوتن و چۆنیەتیی بەکردەکردنی، ئەو پرۆسەیەی تووشی ئەگەری سەرنەگرتن و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی شەڕ کردووە. هەر بۆیەش فرانسوا دلاتر نوێنەری فەرانسە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنووسی گەڵاڵەیەکی پێشکەشی ئەو رێکخراوە کردوە تا نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری دەربازبوونی ئەو دەیان هەزار خەڵکە بکات کە لە ناوچە گەمارودراوەکاندا لە چاوەڕوانی و ترس و دڵەراوکێدا ماونەتەوە.
شەڕی حەڵەب چ کۆتایی بێ یان چ دەست پێ بکاتەوە، شەڕ لەو وڵاتە کۆتایی نایە و بە لەبەرچاو گرتنی رێژە و توانایی نیزامی و ئەو پانتاییە زۆرەی دەستە و تاقمە شەڕکەرەکان لە دەستیان دایە، هیچکامیان ناتوانن، بە هاسانی و بەبێ یارمەتی دەرەکی سەرکەوتن بە دەست بێنن. وەک سەرەڕای پشتیوانی هەمەلایهنەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، هەتا رووسەکان نههاتنە کایەکەوە، هێزەکانی بەشار ئەسەد لە پاشەکشێدا بوون و قسە لە لادانی لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییهکاندا لە ئارادا بوو، بەڵام دواتر بارودۆخەکە گۆڕا و ئەوەی ئێستا دەیبینین هاتە کایەوە. بەو حاڵەش لە ئەگەری درێژە کێشانی ئەو شەڕە بە میلیۆنان کەسی دیکە دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و تراژێدییای گەورەتری لێدەکەوێتەوە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تاقەتی هەزم و هەڵگرتنی ئەو بارگراناییەی نامێنێ.
ئێستا ئیدی باس لە رووخاندنی بەشار ئەسەد لەو قۆناغەدا ناکرێ و هەموو لایەک بە ئهمریکا و فەرانسە و تورکیەشەوە سەرەرای مەحکووم کردنی سووریە و کۆماری ئیسلامی و رووسەکان بە ئەنجامدانی جینایەتی دژ بە مرۆڤایەتی لە سووریە و بەتایبەت لە شەڕی حەلەب، هاتوونە سەر ئەو قەناعهتە کە دەبێ جارێ هەرچۆنێک بێ پیش بەو شەڕ و کوشتار و کاولکارییە بگرن. شەڕێک کە هەتا ئێستا نیزیکەی نێو میلیۆن کوژراو و زۆر زیاتر لەوە بریندار و دە میلیۆن ئاوارە و لێقەوماوی لێکەوتۆتەوە.
بەڵام ئەو قەیران و شەڕە بەرەو کوێ دەڕوات و چۆن کۆتایی پێدێ!؟ ئەوە پرسیارێکە کە هەرکام لە لایەنەکان لە روانگە و سۆنگەی خویەوە وهڵامی بۆی هەیە. بەلام ئەوەی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە یەکەم: ئەگەر بڵێسەی ئەو شەڕە لە نێوخۆی سووریە و بە دەستی هێزە نێوخۆییە نەیارەکان هەڵایسا، ئەوا لەسەر دەستی ئەواندا خامۆش نابێتەوە. دووهەم: هێزە دەرەکییە ناوچەییەکان، بەتایبەت، کۆماری ئیسلامی و تورکیە کە رۆڵگێری سەرەکی بوون لە تەشەنەسەندنی ئەو شەڕە و هەرکامیان بۆ پشتیوانی لە لایەنێکی ئەو تراژێدییە ئینسانییه، چالاکانە و بە هێزەوە لە کایەکەدا بوون، دەتوانن رۆڵی بەرچاویان هەبێ لە کپ کردنەوەی ئەو شەڕەدا. سێهەم: ئهمریکا و یەکیەتیی ئورووپا لە لایەک و لە لایەکی دیکەش رووسیەیە کە دەتوانن رۆڵی سەرەکییان هەبێ لە دامرکاندنەوەی شەڕی سووریە و تێکشکاندنی داعش و بەری نووسرە و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە، یان بە پێچەوانە، لە بازنەی کێبەرکێی نێوانیاندا ئەو گێژاو و قەیرانە بە ئاقارێکی مەترسیدارتر بەرن و تەنانەت ئاسایش و ئەمنییهتی جیهانیش لە مەترسی تێداچوون باوێژن.
ئەوەی راستی بێ و دیارە و هەموو لایەک بە ئهمریکاشەوە ناچارن بیسەلمێنن، رۆڵی سەرەکیی رووسیەیە لەو بەینەدا. ئەو زلهێزە لەخەو رابووە، کە سەودای سەردەمی سۆڤییەتی پێشووی لەسەر دایە و باش دەزانێ، وەک چۆن توانی بە دەستێوەردانی راستەوخۆی هێزەکانی، باڵانسی هێز بە قازانجی ئەسەد و کۆماری ئیسلامیی ئێران بگۆرێ، ئاواش دەزانی کە دەتوانێ بە هاوکاریی ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی و بەتایبەت تورکیە، ئەو شەڕ و ئاژاوەیە لە رێڕەوی بەرەو کۆتاییدا بەروە پێش بەرێ. هەر بۆیەشە کە دیتمان و بیستمان کە پۆتین لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی ژاپۆن باسی لەوە کرد کە لەگەڵ تورکیە نەک هەر لەسەر شەڕی حەلەب و چوونەدەرەوەی خەڵکی ئاسایی و هێزەکانی ئۆپۆزێسیۆن، بەلکوو لەسەر ئاگربەس و راگرتنی شەڕ لە سەرانسەری سووریەدا رێککەوتوون.
رووسەکان کە بە تەواوی هێژمۆنییان بەسەر رێژیمی بەشار ئەسەددا هەیە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش تورکیە کە بەشێکی لە رۆژاوای کوردستان و سووریەی لەژێر دەست دایە و سەرەداوی ئەرتەشی بەناو ئازادی سووریە و چەند دەستە و تاقمی عەڕبی سووننە و تورکەمانی لە دەست دایە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا پێوەندییەکانیان، سەرەڕای گرژییەکانی دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە، گەرم و گووڕ کردوە و بەتەمان کێشەی سووریە بەو شێوەیەی کە مەبەستیانە چارەسەر بکەن. رووسەکان و تورکیە دەیانهەوێ و دەتوانن سەرەڕای پێناخۆش بوونی کۆماری ئیسلامی، زەخت لە دوولایەنی ناوبراو واتە رێژیمی ئەسەد و ئۆپۆزێسیۆنی سووریە بکەن هەتا پرۆسەی وتووێژەکان دەسپێبکەنەوە. دیارە بەلەبەرچاوگرتنی باڵانسی هێزەکان و ئەو راستییە کە هەموولایەک تێگەیشتوون کە یەکتریان بۆ لەنێو ناچێ و ئەو قەیرانی مرۆییە کە بەرۆکی جیهانی گرتوە دەبێ بە شێوەیەک کۆتایی بێ؛ هەوڵێکی لەم چەشتە لەگەڵ دژایەتیی بەکردەوەی هیچ هێز و لایەنێکی دەرەکی بەرەوڕوو نابێ و لە نێوخۆش، لانیکەم شەڕ رادەگیرێ و ئەو کات لایەنە دەرەکی و نێوخۆییەکان زۆرتر لەسەر لەنێو بردنی داعش و بەرەی نووسرە تەرکیز دەکەن.
بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بۆ رووسیە ئەو پرۆژەیەی هەتا ئێستا رانەگەیاندووە و لەگەل شەریکە تازەکەی واتە تورکیە نەیخستۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە؟!
بێگومان رووسیە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی شەڕی حەلەب و سەرکەوتنی هێزەکانی بەشار ئەسەد بوو. ئەوەی راستی بێ گرینگیی گرتنەوەی رۆژهەڵاتی حەلەب بۆ رووسەکان کەمتر لە گرینگیی گرتنەوەی ئەو بەشە لەو شارە بۆ بەشار ئەسەد و دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی نییه کە لەو چەند رۆژەدا بەردەوام پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن. نابێ لەبیرمان بچێ سەرەڕای ئەوەی جارێ ئەو لێکدان و پێکدادانە لەو وڵاتە زۆری بە بەرەوە ماوە، بەڵام سەرکەوتن لەو شەڕەدا، سەرکەوتنی رووسەکان بوو، نەک هەر بەسەر نەیارانی ئەسەددا، بەڵکوو سەرکەوتنی سیاسی و ناوچەییەکی بەهێز بوو بەسەر ئهمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانیدا.
جگە لەوەش رووسەکان هەروەک باراک ئۆباما باسی لێوەکردوە، دەستیان هەبووە لە هەککردن و بڵاو کردنەوەی ئیمەیلەکانی هیلاری کلینتۆن، بەربژێری دێمۆکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دوایەی ئهمریکادا و بەم جۆرە جێگە و پێگەی دێمۆکراتەکانیان لەو هەڵبژاردنەدا لاواز کرد. تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە بە قازانجی دۆناڵد ترامپ دستیان لە گۆڕینی دەنگی دەنگدەراندا هەبووبێ؛ هەر بۆیەش زۆر روون و ئاشکرایە بۆ پشتگیری لە ترامپ کە بە دۆستی رووسەکان و پۆتین دەژمێردرێ، رووسەکان ئامادە نەبن لە سەردەمی دەسەڵاتداری دێمۆکراتەکاندا، کێشەی سووریە و ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بە شەریکایەتی دێمۆکراتەکان چارەسەر بکەن.
رەنگە ئەگەر باڕاک ئۆباما و دێموکراتەکان رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گەورەترین دەسکەوتی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان دابنێن، گومان لەوەدا نییه لە سووریەدا سیاسەتێکی ئەکتیڤ و یەکلاکەرەوەیان نەبووە و تووشی رخنەی زۆری دەرەکی و نێوخۆیی بوون. بەتایبەت کە بیروڕای گشتیی جیهان و هەموو ولاتانی یەکیەتیی ئورووپا و کۆماریخوازەکان لە ئهمریکادا دەزانن، ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٣ کە رێژیمی بەشار ئەسەد لە شارۆچکەی غوتە لە دەورووبەری دەمێشق چەکی شیمیایی بەکار هینا، باراک ئۆباما و دێمۆکراتەکان بە رەزامەندی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەگژ بەشار و رێژیمەکەیدا چووبانەوە، ئەو هەمووە کاولکاری و کوژران و ماڵوێرانی لێ نەدەکەوتەوە و کێشەکە بەئاقارێکی دیکەدا دەرۆیشت و ئهمریکا وەک یەکەم زلهێز لە جیهاندا رۆڵی خۆی دەگێڕا و رووسەکانیش دژایەتیی دەستێوەردانی ئەوانیان لەو کاتدا نەدەکرد.
بەلام لە ئەگەری سەرکەوتنی سێناریۆی رووسەکان و سەرکەوتنیان لە راگرتنی شەڕ لە نێوان ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، هەنگاوەکانی دوایی چ دەبن و داهاتووی سووریە چۆن دەبێ؟!
بێ گۆمان پێشبینی کردنی رووداوەکانی سووریە سەختە و بەستراوەتەوە بە هەڵوێست و نەقشەرێگای زلهێزە جیهانییهکان و لە سەرووی هەموویانەوە رووسیە و ئهمریکا و کاریگەریی هێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیە و کۆماری ئیسلامی و لە کۆتاییدا هێزە نێوخۆییە دژبەرەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتە.
لە پێوەندی لەگەڵ رووسەکانیشدا دیارە ئەو وڵاتە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ نیشانی داوە لە دۆستایەتیدا زۆر پێداگر نییه و ئەوەی بۆی گرینگە، بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی و لەگەڵ هەموو دەوڵەت و لایەنێک ئامادەی ساتوسەودایە. هەر بۆیەش هیچ بەدوور نییه ئەو زلهێزە لەگەڵ ئهمریکای دوای ئۆباما لەسەر هەموو ناکۆکییەکانی لەپێوەندی لەگەڵ شەڕی سووریەدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵێنییهکانی بە ئەسەد و کۆماری ئیسلامی رێک بکەوێ. جگە لەوەش تێچووی ئەو شەڕە بۆ رووسەکان کەم نییه و ئەوان باش دەزانن لە کاتێکدا گەمارۆی ئابووریی ئهمریکا و یەکیەتیی ئورووپایان لەسەرە، درێژەکێشانی ئەو شەڕە لە لایەک زیانی زۆر بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیهنێ و ناڕەزایەتیی نێوخۆیی لێدەکەوێتەوە و لە لایەکی دیکەش، بەتایبەت بە لەبەرچاو گرتنی دەیان نموونە لە کوشتاری خەڵکی بێتاوان، بە ژن و منداڵانەوە لە لایەن فرۆکە شەڕکەرەکانی رووسییەوە ، کۆمەڵگای جیهانی سزای ئابووریی زیاتری بەسەردا بسەپێنن.
هەر دوو رێژیمی کۆماری ئیسلامی و تورکیەش ئەگەر لەسەر هەموو خاڵەکان ناکۆک بن، لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی سووریەدا یەک هەڵوێستن. دیارە تورکیە کە هاوسنووری سووریەیە و ئێستا هێزەکانی لە نێو رۆژاوای کوردستاندا مۆڵ داوە، زۆری پێخۆشە مانەوەی هێزەکانی لەو بەشە لە کوردستاندا وەک ئەمری واقع لێبکات و بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانی و هەروەها کەمینەی تورکەمانەکان، بۆ ماوەیەکیش بێ، دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێ و هەر چۆنێک بێ نەهێڵێ ئاواتی لەمێژینە کوردەکان بۆ لکاندنەوەی ناوچەی ئەفرین بە کۆبانی سەرکەوێ.
بەو حاڵەش ئەوەی دیار و ئاشکرایە، سووریە لەهەر حاڵتێکدا ناگەرێتەوە دۆخی پێش شەڕ و کوشتاری ئەو چەند ساڵە و رەنگە تەنانەت رێژیمەکانی کۆماری ئیسلامی و تورکیەش ناچار بن ئەو راستییە قەبووڵ بکەن. دەریایەک خوێن لە نێوان کەمینەی عەلەوییەکان کە دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە و تەنیا نیزیکەی ١٣ لە سەدی خەڵکی ئەو وڵاتە پێکدێنن لەگەڵ عەرەبی سووننە خوڵقاوە و ئاشت کردنەوەیەکی هەنووکەیی و لەپاش کۆتایی شەڕ زۆر دەگمەن و بەدوورە.
هەروەها لە رۆژاوای کوردستانیش، سەرەڕای ناکۆکی نێوان حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان، کورد فاکتەرێکی گرینگە و بۆ بەربەرەکانی لە مان و بوونی خۆی گەلێک قوربانی داوە؛ دەسکەوت و هێزی هەیە و چەند ساڵە دەسەڵاتی بەسەر خاکی خۆیدا کردۆتە ئەمری واقع و تەنانەت لە هاوکێشەی سووریەدا لە لایەن ئهمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی پشتیوانی لێدەکرێ. هەربۆیەش کوردەکانیش لە باڵانسی هێزدا دەتوانن رۆلگێر بن. بوونی سووریەی یەکگرتوو بە شێوەی پێشوو لە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەراست و لە ئەگەری بەکردەوە بوونی هەر چەشنە پلان و نەقشە رێگایەکدا مهحاڵە و سەردەمی دەوڵتی یەکانگیر لەو پانتا جوغرافیاییە بەسەر چووە. رەنگە بەشار ئەسەد لە داهاتووی سووریەدا رۆڵگێر بێ، بەڵام بێ گومان لە رۆژئاوای سووریە کە عەلهوییەکان زۆرینەن دەتوانێ رۆڵی هەبێ.
بێ شک ئەوەی چاورڕوان دەکرێ لەگەڵ ئەوەی لە سووریە، لە داهاتوودا روو دەدات رەنگە لەسەدا سەد یەک نابێ، بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نییه ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە نەک سووریە، بگرە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە.
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه