“… ئه‌وان له‌سه‌ر دوندی شاخی جێگیر ببوون و شاهۆ خه‌ریکی نووسینی راپۆرتی ئه‌و شه‌ڕه بوو. برینداره‌کان له‌په‌نا به‌ردان درێژ ببوون. دایکی عه‌لی له‌نێو ئاوایی خه‌ریکی دروست کردنی شیربرینج بوو… شاهۆ خه‌ریکی نووسینی راپۆرته‌که‌ی بوو و نووسی: دوو شه‌هید و سێ بریندار. که گه‌یشته سه‌ر وشه‌ی شه‌هید، سه‌ری هه‌ڵبڕی و چاوێکی له عه‌لی کرد. ته‌ماشای کرد عه‌لی ته‌واو بووه. زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو. تاوێک راما و دوایه نووسراوه‌که‌ی پێشێی خه‌ت کێشا و نووسی: سێ شه‌هید و دوو بریندار. که‌ماڵی سه‌یداوایه، که به که‌ماڵه‌گێڕ به‌ناوبانگ بوو و پێشتر له شه‌ڕی ئاوایی سه‌یدئاوا، به‌تاقی‌ته‌نیا پێشی به ستوونێکی ئه‌ڕته‌شی گرتبوو، به برینه‌که‌ی زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو و ئه‌ویش له‌ولای درێژ ببوو و هه‌ر چاوی له شاهۆ ده‌کرد. دوایه وه‌ده‌نگ هات و بانگی شاهۆی کرد و گوتی: کاک شاهۆ، کاک شاهۆ.
– ده‌ڵێی چی که‌ماڵ گیان
– تۆ خودا چه‌لێ په‌له‌ی مه‌که و راپۆرتی عه‌مه‌لیاته‌که‌ی مه‌نووسه.
– بۆ؟
– با ببێته چوار شه‌هید و ئه‌منیش بنووسه جا به‌ڕێی بکه…
زۆری پێ نەچوو شاهۆ یەکی دیکەشی بە شەهیدەکان زیاد کرد” (رۆمانی بەزم و رەزمی شاخ).
کوڕ یان کچ فه‌رق ناکا، هه‌رکه لیباسی پێشمه‌رگایه‌تی پۆشی و ناوی پێشمه‌رگه‌ی که‌وته سه‌ر، گۆڕانێکی قووڵی به ده‌روونی‌دا دێ. که‌س نازانێ هێزی وه‌گه‌ڕخه‌ری ئه‌و گۆڕانه له کوێڕایه و چۆن ساز ده‌بێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده دیاره ئه‌و ئینسانه ده‌بێته شتێکی دیکه و سه‌رتاپای وجوودی بۆ خزمه‌ت به ئامانجێک سه‌رف ده‌کا که ره‌نگه بۆخۆی هیچی له به‌رهه‌مه‌که‌ی وه‌به‌ر نه‌که‌وێ. بوون به پێشمه‌رگه ره‌نگه بۆ زۆر که‌س هاسان بێ، به‌ڵام پێشمه‌رگه مانه‌وه و پێشمه‌رگانه ژیان، کاری هه‌موو که‌س نیه.
“… ئه‌ی ته‌ته‌ری هاوڕێی ئاو!
هاوڕێی سێبه‌ر، هاوڕێی هه‌تاو!
تۆ هه‌موومانی و یه‌کێکی
تۆ یه‌کێکی و هه‌موومانی،
تۆ ئه‌و که‌سه‌ی من بزانم
وه‌ک هه‌ر به پێوه ژیاوی
ئه‌بێ هه‌ر به پێوه‌ش بمری”. (شێرکۆ بێکه‌س)
هه‌ر بۆیه‌شه پێشمه‌رگه هێمای شه‌ڕه‌ف و شانازیی گه‌له. ده لێی‌گه‌ڕێن با ئه‌و ناوه هه‌ر به‌نه‌مری وه‌مێنێ.
*****
به‌نداو(سه‌د)ی مه‌هاباد ئه‌گه‌ر خێری بۆ شار و ناوچه‌که پێوه بووه، هێندێک گوندی جوانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌شی له‌ژێر ئاوی خۆی‌دا حه‌شاردا و له به‌رچاوان ونی کردن. “هه‌مزاوا” یه‌ک له‌و گوندانه بوو که که‌وته ژێر به‌نداوی مه‌هاباد و خه‌ڵکه‌که‌ی ناچار بوون بار بکه‌ن. بنه‌ماڵه‌ی تێکۆشه‌ری ئه‌مجاره‌ی به‌شداری “مێژووی زیندوو” له ئاکامی ئه‌و رووداوه‌دا ناچار بارگه‌یان تێکه‌وه‌پێچا و هه‌مزاوایان به‌جێ هێشت. “منیش وه‌ک عومه‌ری ئامۆزام له گوندی هه‌مزاوا له‌دایک بووم. ئێمه به‌ڕاستی فه‌قیر و هه‌ژار بووین. ژیانێکی هه‌ژارانه و دوور له هه‌ر چه‌شنه خۆشی و حه‌سانه‌وه‌یه‌ک. نه‌پارچه‌زه‌وییه‌ک و نه خاوه‌نی مه‌ڕ و ماڵات، هیچمان نه‌بوو. که ده‌ڵێم هیچ یانی هیچ. بابم به کرێکاری ژیانی ئێمه‌ی تێ‌ده‌په‌ڕاند و نانێکی نه‌مر‌نه‌ژیی بۆ په‌یدا ده‌کردین. من ساڵی ١٣٤٣ له ئاوایی هه‌مزاوا له‌دایک بووم…”. عەلییش وه‌ک زۆر خه‌باتکاری رێی نه‌هێشتنی نابه‌رابه‌ری و چه‌وسانه‌وه، له ده‌ست نه‌بوونی و بێده‌ره‌تانیی بنه‌ماڵه‌که‌ی ئاخ و ئۆف هه‌ڵده‌کێشێ و به وه‌بیر هاتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ورانه مچوڕکی به له‌ش‌دا دێ.
نازانم بڵێم عه‌لی باڵه‌کی ئامۆزای عومه‌ر باڵه‌کی‌یه یان کاک عومه‌ر ئامۆزای ئه‌وه، یان ئه‌وه که عه‌لی باڵه‌کی برای شه‌هیدی زه‌جر دیتووی تامی تاڵی زیندان چێشتووی گوڵی ته‌مه‌ن زوو‌هه‌ڵوه‌ری و واته خالید باڵه‌کی‌یه. ئه‌و له خێڵی “هه‌ڵۆ”یان هه‌ڵکه‌وتوه و سه‌ربه عه‌شیره‌تی چاونه‌ترسانه. ئه‌و و عومه‌ر و خالید و ئه‌وانی دیکه‌ش سه‌ربه بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره و ناوداری “شۆڕشگێڕان”ن و سه‌رچاوه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌گه‌زی “کوردایه‌تی و مەردایەتی”.
عه‌لی باڵه‌کی به عه‌شقی به‌ستنی پشتێندی حه‌وت میتری و ده‌شان کردنی کڵاشینکۆفی جووت‌لاق و پۆزلێدان له کووچه و کۆڵانی گه‌ڕه‌کی خۆیان ره‌گه‌ڵ کاروان که‌وت. سەرەتا پێی وابوو ئەگەر خۆی نەبێتە پێشمەرگە، کوردستان قەت رزگار نابێ. هەر بۆیە قۆڵی لێ هەڵماڵی و تێکه‌ڵاوی دنیای پان و به‌رینی خه‌باتگێڕان بوو. لەنێو کۆڕی خەباتکاران‌دا له هه‌ر که‌سه‌ی ده‌رسێک و له هه‌ر قۆناغه‌ی ئه‌زموونێکی وه‌رگرت. ئه‌و که سه‌ره‌تا هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانی که ده‌بێ ببێته پێشمه‌رگه، دواتر له جه‌نگه‌ی کار و تێکۆشان‌دا به جۆرێک خۆی بارهێنا و ئه‌زموونی وه‌سه‌ر‌یه‌ک نا که بوو به مایه‌ی شانازیی حیزب و گه‌له‌که‌ی. عومه‌ر باڵه‌کی له یه‌که‌م هاوسه‌نگه‌رانی عه‌لی به‌حیساب دێ و دواتریش ناوبراو ده‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌رانی شه‌هیدی وه‌ک حاجی مه‌لا برایمی رۆسته‌می، فه‌تاحی چێهره‌په‌روه‌ر و کاکه شوانی هه‌میشه زیندوو له لکی یه‌کی شه‌هید پێشه‌وا ئاشنایه‌تیی په‌یدا کرد و له خه‌رمانی غیره‌ت و تواناکانیان به‌شی خۆی هه‌ڵگرت. دوای ماوه‌یه‌ک مانه‌وه له لکی یه‌ک، ئه‌مجار لکی سێی هێزی پێشه‌وا بوو به مه‌کۆی خه‌بات و تیکۆشانی عه‌لی باڵه‌کی و له‌و لکه‌ش‌دا توانی به ئازایه‌تی و فیداکاریی خۆی له‌نێو دڵی هاوسه‌نگه‌رانی‌دا جێ بگرێ.
ئه‌وانه‌ی ئاگایان له تێکۆشانی هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه و له‌ڕاده‌ی خۆماندوو کردنی ئه‌و رۆڵه فیداکارانه ده‌کۆڵنه‌وه، باش ده‌زانن ناوچه‌ی مه‌هاباد هه‌تا چ راده‌یه‌ک که‌وتبووه به‌ر رقی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی- هه‌ر وه‌ک ئێستاش هه‌ر وایه- و پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌واش چه‌نده له‌ژێر په‌لاماری هێزه دژی گه‌لی‌یه‌کانی ئه‌و ریژیمه‌دا بوون. هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ لوێچێک له خه‌رمانی فیداکاری به نموونه هه‌ڵگرین، هێزی پێشه‌وا نموونه‌ی چاکه و ئه‌گه‌ر بۆ ناوی ئازا و چاونه‌ترسیش ده‌گه‌ڕێین دیسان له گه‌ڕان به ناوچه‌ی مه‌هاباددا زۆر به ئاسانی تووشی ده‌بین. باڵه‌کی له ناوچه‌یه‌کی ئاوا و هاوشان ده‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و هێزه ملی له خه‌بات نا. هه‌ر بۆیه دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵ دیتمان عه‌لی وه‌ک پۆڵا خارا و خۆی فێر کرد چۆن بشکێ به‌ڵام دانه‌یه. ئه‌و که هه‌ر له منداڵی‌یه‌وه ده‌رد و ژان و ئازاری بێبه‌شی چێشتبوو بۆ گه‌یاندنی گه‌له‌که‌ی به‌سه‌ر مه‌نزڵی ئاوات بێ‌بڕانه‌وه خۆی ماندوو کرد و بێ سنوور ره‌نجی کێشا. عه‌لی ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا رۆژ‌به‌ڕۆژ له بواری نیزامی‌دا ئه‌زموونی زیاتری وه‌ده‌ست دێنا، له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌وڵی ده‌دا فێری وانه‌کانی سیاسه‌ت و هونه‌ری کۆمه‌ڵناسی و خه‌ڵک خۆشه‌ویستی بێ. ئه‌و ته‌نیا به چه‌ند کلاسی سه‌ره‌تایی سه‌واده‌وه پێی نایه مه‌یدان، که‌چی به تێپه‌ڕ کردنی چه‌ندین کلاسی ئاموزیشی و ده‌وره‌ی مودیریه‌ت و فه‌رمانده‌هی و تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌خت، خۆی کرده شاره‌زایه‌کی بواره جۆراوجۆره‌کان.
که ده‌ڵێم پێشمه‌رگه پۆڵایه له‌خۆڕا نیه. ١٠ جار بریندار بوون له ئاکامی چه‌ندین ساڵ به‌ربه‌ره‌کانێی سه‌خت وخوێناوی‌دا و هه‌موو جارێش گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌نگه‌ری خه‌بات کاری کێ‌یه غه‌یری پێشمه‌رگه؟ کاکه عه‌لی هه‌موو له‌شی له‌ت و کوت ده‌کرێ، ئازای به‌ده‌نی خوێنی لێ ده‌چۆڕێ و برین له‌سه‌ر برین هه‌ڵده‌گرێ که‌چی به خه‌یاڵی دانایه و سه‌نگه‌ر چۆل ناکا. تێکۆشه‌ر باڵه‌کی له باسی سه‌ربورده‌ی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی‌دا وه‌ها به‌گوڕ له پیرۆزیی خه‌بات ده‌دوێ و به‌جۆرێک له دڵه‌وه باسی فیداکاریی پێشمه‌رگه ده‌کا هه‌ر وه‌ک ئه‌نه‌هوو خۆی هیچی نه‌کردبێ و نه‌ک ١٠ جار، به‌ڵکوو جارێکیش بریندار نه‌بووبێ. هه‌ر بۆیه ئینسان که ئه‌و ئازایه‌تی و هه‌ستی خۆ فیداکردنه ده‌بیسێ ناچاره سه‌ری رێز بۆ پێشمه‌رگه دانه‌وێنێ و ئافه‌رینی بۆ بنێرێ. به گشتی تێکۆشه‌ر باڵه‌کی له ماوه‌ی ١٨ ساڵ(١٣٥٩هه‌تا ١٣٧٧) خه‌بات و خۆڕاگری‌دا ئه‌م به‌رپرسایه‌تی و پله نیزامییانه‌ی هه‌بوون که وه‌ک میداڵی رێزلێنان ده‌بێ وه‌بیر بهێندرێنه‌وه:
– ساڵی ١٣٦٠ جێگری فه‌رمانده‌ری په‌ل له لکی سێی پێشه‌وا.
– ساڵی ١٣٦١ فه‌رمانده‌ری په‌ل له هه‌مان لک.
– ساڵی ١٣٦٣ فه‌رمانده‌ری ده‌سته له هه‌مان لک.
– ساڵی ١٣٦٥ که پله‌ی سه‌رده‌سته‌یی نه‌ما بۆته‌وه سه‌ر په‌ل له لکی دووی هێزی پیشه‌وا.
– ساڵی ١٣٦٦ جێگری فه‌رمانده‌ری لک.
– سالی ١٣٦٧ هه‌تا ١٣٦٩ فه‌رمانده‌ری لک.
– ساڵی ١٣٧٠ به‌رپرسی کۆمیته ناوچه‌کانی گه‌ورک و مه‌نگور له ده‌وه‌ری مه‌هاباد.
– ساڵی ١٣٧١ سه‌رپه‌رست و فه‌رمانده‌ری هێزی زمزیران.
ساڵی ١٣٧٢ فه‌رمانده‌ری هێزی پارێزگاری و کادری فێرگه‌ی سیاسی- نیزامی.
– ساڵی ١٣٧٣ کادری ته‌شکیلاتی له ناوچه‌ی شاروێرانی مه‌هاباد.
– ساڵی ١٣٧٤،١٣٧٥ فه‌رمانده‌ری هێزی پێشه‌وا.
له‌و ماوه دریژه‌ی کار و خه‌باتی‌دا تێکۆشه‌ر باڵه‌کی نه‌ک هه‌ر ناوچه‌کانی مه‌هاباد و ره‌به‌ت به‌ڵکوو له زۆر شوینی دیکه‌ش خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی کردوه. بۆ وێنه ناوچه‌کانی هه‌وشار، دیوانده‌ره، سه‌قز، و مه‌ریوان له‌و شوێنانه‌ن کاک عه‌لی وێڕای هاوسه‌نگه‌رانی سه‌نگه‌ری لێ گرتوون و له به‌رامبه‌ر په‌لامارده‌ران‌دا راوه‌ستاوه.
ژیان هه‌مووی ئه‌زموون و ده‌رس وه‌رگرتنه. ئه‌وانه‌ی ده‌رسی باش فێر ده‌بن باشتر ژیان ده‌که‌ن و خۆیان چاکتر ده‌گه‌ڵ هه‌له‌کان رێک ده‌خه‌ن. پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر خۆی له فێربوونی زۆر ده‌رسی ژیان بواردوه، لانیکه‌م ئه‌وه‌ی باش فێر بووه که تاوێک به سه‌ربه‌ر‌زی ژیان و به ئازادی بیرکردنه‌وه ده‌توانێ له خه‌م ره‌های بکا. پێشمه‌رگه نه‌هاتوه فێری خۆش ژیان بێ، ئه‌و فێری باش ژیان کراوه. هه‌تا هه‌وڵ بۆ به‌ره‌وپێش چوون هه‌یه و ئاماده‌یی بۆ خه‌بات له‌و رێیه‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێ، ناوی پیشمه‌رگه‌ش هه‌ر له سه‌ر زمانانه.
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه