خۆر لە پشت چیا بەرزەکان په‌نای گرتبوو. شێوه‌ی رۆژانی پێشووتری نه‌ده‌دا. ئارام و هێورتر خۆی ده‌نواند. دیار بوو هەواڵێکی پێیە. مخابن نه‌یدەتوانی ئەو هەواڵە بە رۆڵە پاک و بێ‌گەردەکانی کوردستان رابگەێنێ. تەنیا هەوڵی‌ده‌دا، ئیزن نەدا سپای تاریکی بە سەر ناوچەکەدا زال بێ و رێگا و کوێره‌ڕێیه‌کان لە بەرچاوی کوڕانی دێموکرات ون بن.
دەستەی تیمی پێشڕه‌و ئارام و هێدی بەره‌و شوێنی مەبەست رێگایان دەپێوا و لەگەڵ هەر هەنگاوێک لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانی و تێده‌کۆشان به‌سرنجه‌وه سه‌یری هەر جمو‌جۆڵێکی گوماناویی بکه‌ن. ئەوان ئەرکیان گران بوو چونکە دەبوایە رێگای به‌رده‌میان تاقی بکەنەوە، تاکوو پێشمەرگەکانی دوای خۆیان تووشی لەمپەر و گیروگرفت نەبن و بە شادی و سڵامەتی بگەنە باوەشی خاک و خەڵک له قووڵایی ناوچه‌که.
مه‌ترسی رێگا، کۆنەڕێ، پێگه‌ی دوژمن، دەوروبەری مەیدانی مین که‌م نه‌بوو، شوێنی سەره‌ولێژ و کەندۆڵ و گەو و پێچیش ده‌ستیان وه‌ده‌ستی هەورازی پشووبڕ دابوو. تیمی پێشڕه‌و لەسەرهەست و چاوکراوە رێگای دەبڕی. لەو بێ‌دەنگی‌یەدا، له‌نه‌کاو یەک لە پێشمەرگەکان راوەستا و بە دەست ئیشاڕەیه‌کی کرد:
- مەیێنە پێش!
ئه‌و چاوی له قەراغی جادەکە بڕیبوو.
- ئەو تەمبازەیە چیە لێرە؟ زۆر تازە دیاره!
که‌س هیچی نه‌گوت. خۆی وه‌جواب هات.
- رەنگە مین بێت.
یەک لە پێشمەرگەکان کە زۆر تامەزرۆی باوەشی نیشتمان بوو، وەدەنگ هات.
- کوڕە خۆ مەعتەل مەکەن، ئەو دەوروبەرە پڕه له مەیدانی مین، رەنگە کۆنەمین بێت خۆی، تێ‌مەگەیێنن.
بەدوای ئەو قسەیەدا وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی، قاقایەکی لێ دا. بەڵام نە پڕ بە گەرووی، بەڵکوو بە ئەسپایی…
بەدوای ئەو قسە و باسانەدا تیمی پێشڕه‌و دەستی به جووڵە کرده‌وه، چەند هەنگاوێک لەو شوێنە دور نەکەوتنەوە کە لەپڕدا دەنگ و گرمەی چەند تەقێنەوەێکی بەهێز هات. بێ‌دەنگی ناوچەکەی شکاند و تەپوتۆزیکی وەک گه‌ردەلوول تیمی پێشڕه‌وی دەخۆیەوە پێچا. بۆ چەند چرکەیەک ئاگایان لە یەکتر بڕا. روون نەبوو کە چی قه‌وماوه. هه‌ر ئه‌وه‌نده که فەرماندەی دەستەکە کەوتبووه سەر پشت و دەستی بۆ تفەنگەکەی ده‌برد و دەیهەویست هه‌ستێته‌وه، بەڵام نەیده‌توانی لەجێی خۆی ببزوێ. ئه‌و تازە به‌خۆی زانیبوو کە بە تووندی بریندارە. هاواری لێ‌هه‌ستا:
- کوڕینە!
که‌س وڵامی نه‌داوه. جاریکی دیکە بانگی هاوڕێیانی کرد. ئەوجار وەڵامی وه‌رگرته‌وه:
- ئەی ئەوانی دیکە…
دەستی بۆ بێ‌سیم برد و تیمی سەرەکی لە وەزعییەتی خۆیان ئاگادار کردەوە.
پێشمەرگەکان دەستەو تفەنگ هەنگاوەکانیان خێرا کرد. لە هیندیک شوێن بە راکردن و لە هێندێک جێ بە نەرمەغار خۆیان گەیاندە شوێنی تەقینەوەکە. به مه‌به‌ستی بەرپه‌رچدانەوەی هەر جمو‌جۆڵێکی ئیحتمالی دوژمن لە ده‌وروبەری ئەو جێگایه دامەزران.
لە شوێنی تەقینەوەکە شەهید و برینداری لێ بوون. چەند کەس لە پێشمەرگەکان چوونە سەر جه‌نازەی شەهیدەکان و چەند کەسی دیکەش هەوڵیان دەدا برێندارەکە لەو مەیدانه دوور بخه‌نه‌وه.
راست لەو کاتەدا کەوتنە بەر په‌لامار و ئاوری چەکی هێزەکانی دوژمن. بەڵام ئەوجاره‌یان وەکوو سەعاتێک پێشتر نەبوو. پێشمەرگەکانی دێموکرات لێیان وەدەست هاتن و سەنگەرەکانیان پێ چۆل کردن و پاشەکشەیان به‌وان کرد. ئازایەتی و دەست‌وبردی پێشمەرگەکان وای لە دوژمن کرد کە نەتوانێ هەموو پیلانەکەی، واته لەنێوبردنی هه‌رهەموو پێشمەرگەکان، وه‌ک چۆن دایڕشتبوو جێبەجێی بکا.
به‌ره‌به‌ره تاریکایی بە تەواوی باڵی بەسەر ناوچەکە داکێشابوو. هێزه‌کانی پیادەی دوژمن لە مەیدانی شەڕەکە دوور کەوتبوونەوە. تەنیا ده‌نگی تەقینەوەی تۆپ و چەکی دوورهاوێژی دوژمن بوو لە خڕ و دۆل و لاپاڵی ناوچەکە دەنگی دەداوه و ده‌وروبه‌ری رووناک دەکرد. بەو وەزعە، پێشمەرگەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەوەندەی بۆیان بکرێ و لە تاقەتیان‌دا بێ، شەهیدەکان و بریندارەکە لە شه‌ڕگه دوور بخه‌نه‌وه. بەڵام رژد و هەڵدێریی ئه‌و ده‌ڤه‌ره و مەیدانی مین، رێگرییه‌کی تەواویان لەسەر ڕێگای راگوێزانی خێرای شەهیدەکان و بریندارەکە خوڵقاندبوو. شەو به‌رده‌وام به‌ره‌و دره‌نگی ده‌چوو. پێشمەرگەکان فرسه‌تیان بۆ جووڵەی خێرا له‌که‌می دابوو. ئه‌وان به‌نۆره تەنیا چەند هه‌نگاوێک ده‌یانتوانی شەهیدەکان و برێندارەکە بە کۆڵ راگوێزن. به‌ره‌به‌ره توانای جه‌سته‌ییان له‌کزی دابوو. به‌ره‌به‌یان نیزیک ده‌که‌وته‌وه. هەر بۆیە ناچاربوون خێرا جەنازەی شەهیدەکان لەبن سێبەری تاشەبەردەکان‌دا حەشار بدەن. به‌و هیوایه که لە یەکەم دەرفەت‌دا بگەڕێنەوە و جەنازەکان بگەیێننە گۆڕستانێکی ئەمین و دوور لە دەستی دوژمن.
لە کات و ساتێکی ئه‌وتۆ ئه‌سته‌م‌دا، له‌رووی ناچاری و پێچەوانەی ویستی خۆیان، هەر ئەوەیان لە دەست دەهات. ئه‌وان دەبوایە بریندارەکە لەو شوێنە پڕمه‌ترسی‌یه دوور بخەنەوە.
هێدی هێدی تارێکایی شەو روو له کۆتایی بوو. خه‌ریک بوو سپێده دابێ. تا ئەو کاتەش پێشمەرگەکان هێشتا نەیانتوانیبوو بریندارەکە به‌مه‌ودای پێویست دوور بخەنەوە کە ئیتر مەترسی لەسەر نەمێنێ. ئه‌وان ناچاربوون بڕیارێکی دیکە بدەن، هەم بۆ نه‌جاتدانی بریندارەکە و هەم بۆ بەرپەرچدانه‌وه‌ی هەر هێرشێکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی. له‌جێوه بوونە چەند دەستە. هەر ده‌سته‌یه‌ک هەوڵی‌دا پێش خۆرهەڵات بگاته شوێنی مەبەست. به‌ڵام لەبەر هیلاکی و ماندوویی پێشمەرگەکان و رووناک بوونی هەوا و وەزعی ناله‌باری بریندارەکە، نەدەکرا لەوە زیاتر رایگوێزن. پێویست بوو چەند پێشمەرگەیەک و کادری دەرمانی لەگەل ئه‌و بمێننەوە. هاوڕێی فەرماندە لەگەڵ ئەوەی به مێشک و جەستە زۆر ماندوو بوو، بەڵام هەوڵی دا وه‌سه‌رخۆی نه‌هێنێ. ئارام، لەسەرخۆ، قاتع و خۆراگر رووی لە پێشمەرگەکان کرد.
- کوڕینە من بڕیارم داوە لای بریندارەکە دەمێنمەوە هەتا هەلی مومکین بۆ دەرباز کردنی دێته پێش و ئێوەش بڕیاری خۆتان بە دەستی خۆتانە. من دەزانم مانەوەمان لێرە لە حالەتی ئاشکرابوون‌دا رەنگە بەرامبەر بە مەرگ بێت و منیش ئەو مەرگە هەڵدەبژێرم و هاوڕێی پێشمەرگەی بریندارم بەتەنیا جێ ناهێڵم.
- ئیمەش وەک تۆ دەکەین چونکە لە فەرهەنگی پێشمەرگەی دێموکرات‌دا نەبووە تەنگ‌وچەڵەمە چۆکمان پێ دابدا، بەڵکوو ئازایەتی و لەخۆبوورده‌یی پیشەی کوڕانی دێموکرات بووە و ده‌بێ.
بریندارەکە بەدەم دوو ئازارەوە دەتلایەوە. ئازاری برینێکی قووڵ، خوێن له‌به‌رڕۆیشتنێکی زۆر، لە هەمان کاتدا نیگه‌رانی لە مەترسی کەوتنی گیانی هاوڕێ پێشمەرگەکانی بۆخاتری ئەو، ئەویان پتروپتر لە دەروون‌دا ئازار دەدا تاکوو برینەکەی.
رووی لە هاوڕێیانی کرد. بە دەنگیکی نزم، بەڵام پڕ لە ورە و ئیمان و ئازایەتی وەدەنگ هات.
- داواتان لێ دەکەم لەبەر رزگارکردنی من گیانی خۆتان مەخەنە مەترسییەوە. لەو حەرەکەتەدا زیانمان وێکەوتووە، به‌ڵام با زیانەکان لەوە زیاتر نەبن. ئێوە بڕۆن و تەنیا چەکەکەم بۆ جێهێڵن. ئەگەر خوا کردی زیندوو مام، ئیواره بە دوامدا وەرنەوە. ئەگەر شەهیدیش بووم سەربەرزییە بۆمن کە تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی ڕێبوارانی ڕێی ئازادی و ڕزگاری خاک و نیشتمان دەبم، تکایە… تکایە…
پێشمەرگەکانیش بڕیاری خۆیان به‌ر له‌و قسانه‌ی هاوڕێی برینداریان‌دابوو.
- سپاس لە ورە و ئیمانەت، بەڵام خاترجەم به بەتەنیا جێت‌ناهێلین، یا دەربازت دەکەین، یا هەموومان پێکەوە دەمرین.
دوای ئەو قسە و باسانە پێشمەرگەکان وه‌خۆکەوتن. لەبن تاشەبەردێک جێگایەکی وەک سەنگەریان بۆ بریندارەکە بە بەرد دروست کرد و خۆشیان بە چوار دەوریدا سەنگەریان بە شیوەێک دروست کرد کە زۆر لەچاو نەدا. هەتا ئەو کارانەیان کرد گزینگی خۆر لە سەرانی‌دا و دنیا بە تەواوی رووناک بوو. هه‌وا به‌ره‌به‌ره گەرمتر دەبوو و دڵەخورپە و چاوەڕوانیش پتر، کە دوژمن دوای تەقە و لێکدانی دوێنی ئێواره دژکردەوەی هه‌بێ. زۆری نەخایاند هێزێکی زۆر و زەوەندی دوژمن بە ئارایشێکی نیزامی بە ناوچە وەربوون و تا نزیک پێشمەرگەکان هاتن، بە جۆرێک کە که‌وتبوونه‌به‌ر سێره‌ی چەکی پێشمەرگەکان. پێشمەرگەکان بریاریان‌دابوو بریندارەکە رزگار بکەن، نه‌ک شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه. بۆیە لە هێرش‌کردن خۆیان پاراست و بە ئامادەگی‌یەوە چاوەڕوانی دوژمن مانەوە. هێزی دوژمن دوای گەڕان بە داخەوە تەرمی شەهیدەکانی دۆزیەوە بە پەلەپەل و خێرا کەوتنە راگواستنی جه‌نازه‌کان. پاشان چەندین دەسترێژیان له ده‌وروبه‌ری خۆیان کرد و بەرەو دواوە گەڕانەوە.
دوژمن رۆیشت، دیسان ناوچە لە جووڵە کەوت، برینی بریندارەکە قورس بوو، خوێنی زۆری لەبەر رۆیشتبوو. شوێنه‌که ویشکارۆ و بێ‌ئاو بوو. ئاوی قومقومەکان هەر شەوی پێشتر بەرەو تەواو بوون چووبوون. هه‌ڵبه‌ت ئەگەر ئاویش لە دەوروبەر بوایە، دیسان پێشمەرگەکان نەیاندەتوانی خۆیان ئاشکرا بکەن. ئەو ده‌ڤه‌ره هەمووکات لەژێر چاوەدێری پایگاکانی دوژمن دابوو. دەبوایە هەتا ئێواره بەبێ ئاو و خۆاردن هەڵ‌بکەن، بەڵام ئەوه‌ی گرفت بوو وەزعی بریندارەکە بوو. ئه‌و زۆری خوێن لەبەر ڕۆیشتبوو. پێویستی بە ئاوه‌کییه‌کی وزەبەخش هەبوو بەڵام لە دەسترەسی کادری درمانی‌دا نەبوو. بۆیە کادری دەرمانی هەوڵی‌دا لە نیوە قومقومەیه‌ک ئاو، کە لە کۆی ئه‌وانیتر دەستی کەوتبوو بە فلیقاندنەوەی چەند دەنک خورما و تیکەڵ کردنی لەگەڵ چەند قەترە ئاو، وزەبەخشێک دروست بکا و جارناجارێک بەدەمی بریندارەکەی دابکا. پێشمەرگەکان هەتا رۆژ ئاوابوو، بەو شێوەیە لە دەوری بریندارەکە مانەوە و گیانیان خستە مەترسی و برسییەتی و تینوایەتی‌یان تەحه‌موول کرد و کۆڵ‌یان نەدا و بەسەر سەختی‌یەکان‌دا زاڵبوون. هەرچەند نەیانتوانی جه‌نازەی شەهیدەکان دوور بخەنەوە، بەڵام بە لەخۆبوورده‌یی توانیان بریندارەکه رزگار بکەن و لاپەڕێکی دیکەی فیداکاری و بوێری پێشمەرگەی کوردستان له مێژوودا تۆماربکه‌ن.
تێ‌بینی: شه‌هه‌یدانی ئه‌م حه‌ماسه‌یه بریتین له: ئازاد ئاڵی و ئه‌میر نستانی
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه