رێگەوبان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشخستنی کۆمەڵگە و، دەستەوەگرتن بە کات لە رێگەی سیستمێکی گوازتنەوەی رێکوپێک و ئامێر و ئامرازی رەخت و پوخت دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاروبارەکان بەخێرایی بچنە پێش و پێداویستییەکانی وڵات لە دوورەدەستترین ناوچەکانەوە بۆ نزیکترین دەڤەرەکان زوو بە زوو دابین بکرێن و ئۆرگان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەڕیوەبەری پەکیان نەکەوێ. بەستنەوەی ناوەند و رێکخراوە هەمەچەشنەکان لە رێگەی تۆڕێکی ئەمین و کەممەترسی بۆ دامەزراندنی پێوەندییەکی چڕوپڕ لە پێناو ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابینی پێویستییەکان و گەیاندنی کەلوپەلە بازرگانییەکان و کەم کردنەوەی مەودای نێوان شار و ناوچە جۆراوجۆرەکان پێویستییەکی هەنووکەیی کۆمەڵگەی مرۆییە. گرێدانی مەڵبەندە بازرگانی و ئیداری و بە گشتی جوگرافیا جۆراوجۆرەکان لە رێگەی رێگەوبان، هێڵی شەمەندەفەڕ، رێگەی دەریایی و رێگەی ئاسمانییەوە مەیسەر دەبێ و وڵاتان بەگوێرەی هەڵکەوتوویی جوگرافیایی گرنگی بەو چەند شێوازەی پێکەوە گرێدانە دەدهن. بەهۆی گرنگی پێکەوەبەستنەوەی شوێنەکان و هەروەها هامووشۆی مرۆیی، وڵاتان بایەخێکی تایبەت بە ئەمین بوون و ئەمنییەتی بەشە جۆراوجۆرەکانی تۆڕەکانی پێکەوەبەستنەوە و پێوەندیی گشتی دەدەن. پرسی ئەمنییەتی هێڵەکانی گواستنەوە، وەک پرسێکی پێوەندیدار بە بواری ئاسایشی نەتەوەییەوە چاو لێدەکرێن و هەر بۆیە دەبینین لە وڵاتانی دنیا گرنگییەکی زۆر بە ئەمین بوونی رێگەوبان و هێڵەکانی شەمەندەفەڕ و مودێرن بوون و کەم مەترسیدار بوونی ئامێر و ئامرازەکانی گواستنەوە دەدرێ. وڵاتان ساڵانە و بەگوێرەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا هەوڵی تازەکردنەوەی سیستمی گواستنەوە و کەرەستەکانی دەدەن، کەچی لە ئێران بەهۆی کەمتەرخەمی و ناستانداردبوونی کەرەستەکانی گواستنەوە و پێڕانەگەشتن بە سیستمی گواستنەوە بەگوێرەی پێویست جادە و رێگەوبانەکانی بە جادەی مەرگ ناویان دەرکردوە و رووداوەکان رۆژانە قوربانیان لێدەکەوێتەوە و لەو بوارەشدا لە ریزبەندییە جیهانییەکاندا ناوی ئێران دەکەوێتە پلەکانی سەرەتاوە. هەروەها ئەگەرچی هێڵی شەمەندەفەڕ لە جیهاندا بە هێڵێکی کەم مەترسیدارتر دەناسرێ و مودێلی ئیدەئاڵی سەفەر و گواستنەوەیە، بەڵام ئەمەش لەو وڵاتەدا پێچەوانەیە، خۆپێکدادانی شەمەندەفەڕ و دەرچوون لە هێڵی ئاسن لە چاو کەم بوونی ئەو خزمەتگوزارییە لە ئێران دیسان لە ریزبەندی نائەمین بووندا ناوی ئەو وڵاتە دەخاتە ترۆپکەوە. هێڵی ئاسمانیش کە حاشای لێ ناکرێ بەهۆی کۆنی و لەکەڵک کەوتوویی کەلوپەل و ئامرازەکانی گواستنەوەی ئەو بەشە یەکێکە لە نائەمنترین هێڵە ئاسمانییەکانی جیهان، کە هەمووی ئەوانەش بەرهەمی نابەرپرس بوونی سیستم و ئاکام و بەرهەمی سیاسەتە چەوتەکانی رێژیم و نەسپاردنی کار بە کارزان و باندبازییە.
بەهۆی هەڵکەوتوویی جوگرافیایی ئێران، ئەو وڵاتە بووە بە چوارڕێیانێک بۆ گەیشتنەوەی وشکاڕۆکانی ئورووپا و ئاسیا بەیەک و هەروەها بەستنەوەی وڵاتانی ئاسیای بچووک و نێوەڕاست بە ئاوە ئازادەکانەوە، هەر بۆیە ماددە خاوەکانی سەرچاوە ژێرژەوەییەکانی وڵاتانی هەندێک لە وڵاتانی ئاسیای نێوڕاست و وڵاتانی دراوسێی ئێران بە جادەوبانەکانی ئێراندا دەگەنە کەنداو و لەوێوە بەڕێ ناوەندە پیشەییەکانی جیهانی دەکرێن. ئامێرە بارهەڵگرەکان چەند هێندەی دیکە جادە و بانە ناستاندارەکانی ئێران قەرەباڵغتر دەکەن و تێچووی گیانی و مادی خەڵکی نێو جادە و دانیشتووی نزیک جادەکان دەبەنەسەر. ئاماری خوپێکدادانی جادەیی، بە پاڵ دیاردە جۆراوجۆرە زیانبارەکانی دیکەوە کارەساتێکن بۆ گیانی خەڵک و دەگەڵ ناستانداردی رێگەوبان، ناستانداردی ماشێن و کەرەستەکانی گواستنەوە چەند هێندەی دیکە ریسکی هەنگاونان لە رێگەوبانەکاندا بەرز دەکەنەوە. رۆژ و کات و ساتێک شک نابەین پێکدادنێکی جادەیی تۆمار نەکرێ و کارەساتێکی دیکە بە ژیانی خەڵکەوە زیاد نەبێ، رۆژنامە و میدیا نیە رۆژانە سەردێری هەواڵەکانی بێ باس لەو رووداوانە تێپەڕێ، بەجۆریک بووە بە شتێکی ئاسایی لای کۆمەڵگە. زۆربەی ئەو کەرەستانەی لە نێوخۆی وڵات بۆ رکابەری بەرهەمە دەرەکییەکانی داگیرکردنی بازاری وڵات دەخرێنە بازارەوە، بەهۆی بێکەڵک بوون و رەچاونەکردنی ستانداردە جیهانییەکان، بە “تنظیم خانوادە” لە لایەن خەڵکەوە ناوزەد دەکرێن. دیارە هەروەک ئاشکرایە، زۆربەی کارگە و شوێنە بەرهەمهێنەرەکانیش دە دەستی باندە پاوانخوازەکان و زیاتریش سپای پاسداران دایە و، دەیان کۆمپانیای سەر بە سپاش لە چوارگۆشەی ئێران بە کاری رێگەوبانەوە خەریکین و، لەو کارانەشدا تەنیا وەرگرتنی بودجەکەیان لەبەر چاوە و زۆربەی پرۆژەکان بە سەقەتی و بەدوور لە ستاندارەکان ئەنجام دەدەن، کە دواجار ئەو کارەساتانەی بۆ خەڵک لێدەکەوێتەوە.
لە ئێران رێژەی بەرچاو و بەرزی پێکدادانی جادەیی، رووداوە کارەساتبارەکانی پێوەندیدار بە هێڵی شەمەندەفەڕی خستۆتە ژێر سێبەری خۆیەوە، لە حاڵێکدا زیاتر لە دوازدە ناوەندی پارێزگەی ئێران هێشتاش بێبەشن لە هێڵی شەمەندەفەڕ و، پشکی خەڵکی ئێران لە سەفەرکردن و بەکاری هێنانی ئەو هێڵە بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی خۆیان لە چاو ولاتانی جیهان و تەنانەت ناوچەکەش زۆر کەمترە، بەڵام هەر جارێک تووشی رووداوێک لەو بەشەدا دەبین، ناڕێکوپێکی سیستمی ئەو بەشە و دامودەزگە پێوەندیدارەکانی ئەم بوارە بەڕوونی دەردەکەوێ. دوایین رووداوی پێکدادانی شەمەندەفەڕ کە تێیدا نزیک بە پەنجا کەس قوربانی بوون، لە هێڵی ئاسنی تەورێز مەشەد رووی دا و، درەنگ گەیشتنی بەرگری شارستانی و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئەو بوارە دەنگی خەڵک و تێچووی گیانی ئەو کارەساتەی بەرز کردەوە.
لەم بوارەشدا هەروەک زۆربەی نەهامەتییەکانی دیکەی کە بەسەر خەڵکی ئێران دێ، کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێ. سەرەڕای خراپبوونی رێگەوبان و شاخاوی بوونی جوگرافیای کوردستان، هەنووکە بۆتە رێگە گواستنەوەی نەوتی باشووری کوردستانیش. نەوتی باشووری کوردستان کە لە رێگەی بارهەڵگرەکانەوەی بە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا رەوانەی باشووری ئێران دەکرێ، بەڵام کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتن و تەرخان نەکردنی بوودجە بۆ رێگەوبانەکانی کوردستان، کارەساتەکەی بەهۆی قەرەباڵغی ئەو رێگەیانە کە بارهەڵگرەکانی پێدا تێدەپەڕێ چەند هێندە بەرز کردۆتەوە و، زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو خەڵکەی بەسەر ئەو رێگەیانەوەن گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و زۆر لەمێژ نییە شایەدی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی هێمنانە و ئارامی خەڵکی شارەکانی مەریوان و پیرانشار بووین بۆ پێڕاگەیشتن بە رێگەوبانی ناوچەکە.
دوایین ئاماری پێکدادانە جادەییەکانی پارێزگەی ورمێ نیشان دەدا لە هەشتی مانگی ساڵی رابردوودا هەشەت سەد کەس بوونەتە قوربانی، کە زیاتری پێکدادانەکان لە ناوچەکانی باشووری پارێزگەکە روویان داوە. ئامارێک کە ئەگەر دەگەڵ شەڕە نێوخۆییەکانی وڵاتانی ناوچەکەی هەڵسەنگێنین، رووی ئەو شەڕانەش سپی دەکاتەوە. بەڵێ رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بۆ کارەسات و قوربانی لە چوارچیوەی سیستمی کۆماری ئیسلامیدا پلە یەکەمەکان بەدەست دێنێ.
لە ژماره ٦٩٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه