بابەتی یەکگرتنەوە و یەکبوون و یەکیەتی و هاوکاری لە نیوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە رۆژهەڵات، هەمیشە یەکێک لە بابەتە گرینگ و سەرەکییەکانی بەردەم خەباتکارانی کورد بووە و هەتا خەبات بەردەوام بێ، ئەم پرسە گرینگیی خۆی دەپارێزێ. گرینگتر لە ئەسڵی بابەتەکە پێویستیی سەرنجدانی خەباتکارانی کورد لە رۆژهەڵات بە تایبەت حیزبە سیاسییەکانە کە بەرپرسیاریەتی سەرەکییان بەرامبەر ئەم پرسە لەسەر شانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی تەمەنی خۆی و بەتایبەت لە دەساڵی رابردوودا، ئەوەندەی لە توانایدا بووبێ هەوڵی داوە لە پێناو نیزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و هاندانیان بۆ سازدانی هاوکاری لە نێوان هەموو لایەنەکاندا تێبکۆشێ. ئەم هەوڵانە ئەگەر تا ئیستا بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتوە بەڵام بێ ئاکامیش نەبووە و هەر ئەوەندەی دڕدونگییەکان کەمتر بوونەوە و هاودەنگییەک لەسەر رەوابوونی ئەم داواکارییەی خەڵک بەگشتی دروست بووبێ، دەکرێ وەک خاڵێکی ئەرێنی لە پێوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنەکاندا بژمێردرێ. هەر لەم پێناوەشدا بووە کە بەردەوام خەمی لە بەهێزکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا خواردووە و هەمیشە بە بایەخەوە و بەدوور لە تێبینییەکانی لەسەر جۆری بیرکردنەوە و هەڵوێست و سیاسەتی ئەم یان ئەو لایەن و تەنیا لە پێناو رەخساندنی هەلی هاوخەباتی و هاوکاری زیاتر لەگەڵ هەموواندا خۆی پێوە ماندوو کردوە.
داواکاریی حیزبی دیمۆکرات بۆ بەدواداچوون و بەئاکام گەیاندنی ئەم پرسە گرینگە ئەوە بووە، کە باسەکان لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانەوە لە نێوان هەرکام لەم حیزبە دۆستانە بگوازرێتەوە بۆ کۆبوونەوەیەکی گشتیتر بە بەشداری نوێنەرانی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات. مەبەست لەوەش دەسپێکردنی باسێکی راشکاوانە لەسەر وەزعی کوردستان و پێویستییەکانی ئەم قۆناغە لە خەباتی رۆژهەڵات و خستنە بەرباسی گرفتەکانی بەردەم یەکڕیزی و یەکبوونمان لە بەرامبەر دوژمنی هاوبەشمان، کۆماری ئیسلامیدا بووە.
بێگومان هەر یەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات توانا و سیاسەت و بەرنامەی کاری خۆیان هەیە و ناکرێ و ناتوانرێ چاوپۆشی لە دەوری کەم و زۆریان بکرێ. بەڵام ئەو راستییە لە هیچ لایەنێک مەگەر خۆی لێ بدزێتەوە، شاراوە نیە کە هیچ حیزبێکی کوردستانی تەنانەت حیزبی دێموکراتی کوردستانیش کە خاوەن توانا و نفووز و ئیعتبارێکی زۆرە لە نێو خەڵکی کوردستاندا، ناتوانێ بە تەنیا خاوەنداریەتی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بکا. هەر بۆیە هەر حیزبێک بەو توانا و ئێعتبارەوە کە هەیەتی و خەمخۆری خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەکەی بێ، دەبێ لە ئاست پێویستییەکانی ئەو بزووتنەوە هەوڵی یەکڕیزی و یەکخستنی هەموو تواناکانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بدا. ئەوەش جگە لە دانیشتنی بەردەوام لە ئاستی سەرەوەدا و دیتنەوەی خاڵە هاوبەشەکان و دیاریکردنی رێکاری هاوکاریکردن لە نێوان ئەو هێزانەدا رێگەیەکی دیکەی نیە.
هەرچەند دوای هەوڵێکی زۆر بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە، کە بۆ تەنیا یەک جار کۆبوونەوەیەک بە بەشداری سکرتێرەکانی هەردوو لای دێموکرات و سێ لایەنی کۆمەڵە پێکهات، بەداخەوە نەفەسی درێژەدانی لێبڕا و بوو بە دوا کۆبوونەوەش. بە باوەڕی ئێمە درێژەدانی ئەم کۆبوونەوانە دەیتوانی کۆسپهکانی سهر رێگه هەڵبگرێ و زەمینەی لێک نیزیکبوونەوە و هاوکاریی نێوانیان خۆش بکا. ئەگەرچی ئەم باسانە لە دوا کۆبوونەوەی سکرتێرەکانی پێنج حیزبی کوردستانی رۆژهەڵات لە دیداری ئنیستیتۆی مێریدا لە هەولێر، لە لایەن هەر یەک لەو بەڕێزانەوە بە جیاوازیی بۆچوونەکانیانەوە کەوتە بەرباس و هیوا و هۆمێدێکی لە دڵی خەمخۆرانی ئەم پرسەدا دروست کرد، بەڵام چاوەڕوانییەکان زیاتر لە دەرکەوتنێک لە وەها کۆڕێکدا بوو. چاوەڕوانی ئەوەی کە مادام هەموو هەست بەو بۆشاییە دەکەن کە باسی دەکرا، ئەدی چ بەربەستێک لە بەردەم دایە کە پێشی لە بەیەکەوەبوونی ئەو هێزانە گرتووە جگە لە چاوەڕوانی تێپەڕینی زەمان و ئینشاڵا و ماشاڵاکان؟
ئەوەی راست بێ، گومان لەوەدا نیە کە حیزبتەوەری و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی بەتایبەت لە دە ساڵی رابردوودا و بەدوای لێکدابڕانەکان لە نێو هەردوو لای دێموکرات و کۆمەڵەدا و، خۆماندووکردن بە سەلماندنی رەوایی بوون لە لایەن هێندێک لەو لایەنانەوە هەتا ئیستاش کێشەی سەرەکیی بەشێک لەو حیزبانەیە. هەوڵدانێک کە جگە لە بەفیڕۆدانی هێز و پتانسیەلی خەباتکارانەی لە دژی کۆماری ئیسلامی، ئاکامێکی دیکەی نەبووە. هێز و توانایەک کە دەکرا و دەکرێ بە ئیرادەیەکی باشترەوە لە خزمەت بەرژەوەندیی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستاندا بەکار بهێندرێ.
لەم پێناوەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا و بەبەردەوامی پێی لەسەر ئەوە داگرتوە کە، بۆ چارەسەری کێشەکان و خۆدوورخستنەوە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی نێو بزووتنەوەی کورد پێویستە خەمی زیاتر لە یەکخستنەوەی ریزەکانی خەباتکارانی کورد بخۆین و بۆ ئەم مەبەستەش یەکخستنەوەی نێو ماڵی دێموکراتەکانی لە سەرووی ئەرک و بەرنامەکانیدا داناوە. بۆ ئەم کارەش بەپێی راسپاردەی گۆنگرەکانی حیزب، هەروەک لە راپۆرتی کۆنگرەی شانزدەهەمدا هاتووە و راستگۆیانە دەڵێ: “رێبەری و بەدەنەی حیزبی ئێمە لەو باوەڕە دایە کە لە پێناوی یەکگرتنەوەیەکی راستەقینە کە دەستەبەری بەهێزی و یەکگرتوویی دواڕۆژی حیزبی دێموکرات بێ، پێویستە هەردوو لایەن (سەرفەنەزەر لەوە کە خوێندنەوەیان بۆ دابڕان چیە) ئیستا وەک هەن یەکتر قبووڵ بکەن و رەوتی وەسەریەککەوتنەوە بەجۆرێک مودیرییەت بکەن کە بەیەکەوە خاوەنداری لەو رەوتە و لە داهاتووی حیزب بکەن. رەوتێک کە لەودا لایەنێک خۆی بە ئەسڵ و لایەنەکەی دیکە بە دۆڕاو لە قەڵەم بدرێ. واتە حیزبێکی دێموکراتی بەهێز و یەکگرتوو کە چی دیکە لە کێشەکانی رابردوودا گیر نەکا و سازکردنی سەنتێز لە رابردوو و روانین و وزەی سەرجەم تێکۆشەرانی خۆی بکاتە دەسمایەی ئیدارەی خۆی و مودیرییەتی سیاسەت و خەبات لە کۆمەڵگا”. هەر لەم پێناوەدا بووە کە بە لەبەرچاوگرتنی پرێنسیپی یەکتر قبووڵکردن گەڵاڵەی ئامادەکراوی خستۆتە بەردیدی هەموان.
هەرچەند جێگەی داخە کە ئەم هەوڵە دڵسۆزانەیەی حیزبی دێموکرات لە چەند ساڵی رابردوودا لە لایەن، لایەنەکەی دیکەی دێموکراتەوە بەهێند وەرنەگیراوە و هەرجارەی بە بەهانەیەکەی داتاشراو و تەنانەت هێرشی راگەیاندن بۆ سەر سکرتێری حیزب وەک دوا بەهانە، خۆیان لەم پرسە گرینگە دزیوەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵە بێ ئاکامانە، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبەر ئەوەی ئەمە بە ویستی کۆمەڵگەی کوردستان و داخوازی سەرەکیی خەڵک لە دێموکراتەکان دەزانێ، لێی ماندوو نەبوە و بردنەپێشی ئەم پرسە گرینگە وەک ئەرکێک لە بەردەم خۆی و هەموو دێموکراتەکاندا دەبینێ و خۆی لێ بە بەرپرسیار زانیوە. گرینگە لایەنەکەی دیکەی دێموکراتیش لە جیاتی هەڵدانی چەتری خۆیان بۆ هەموان، بیر لە چەترێک بکەنەوە کە هەموان لە سێبەریدا بتوانن وزە و توانای خۆیان تەنیا لە خزمەت دۆزی رەوای کورددا بخەنە گەڕ.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه