دەسەڵاتی دیسیپلینی یان دەسەڵاتی ئینزباتی یەکێک لە تێزە بەهێزەکانی میشێل فۆکۆیە کە لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا کاری لەسەر کردووە. تێزەکە زیاتر باسی جۆرێک لە دەسەڵات دەکا کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨دا لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە کەڵکی لێوەردەگیرا. کۆمەڵێک مێکانیزم کە هەوڵی دەدا لە رێگای چاودێری بەردەوامەوە کۆنتڕۆڵی تاکەکان بکا و فۆڕم بە رەفتارەکانیان بدا و بەو شێوەیە مرۆڤەکان هاوکات گوێڕایەڵ و بەکەڵک بکا. دەسەڵاتی دیسیپلینی لە رێگای کۆمەڵێک تەکنیکەوە ئیجباری دەخستە سەر جەستە، جووڵە و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان. واتە چوارچێوەدار کردنی کات، شوێن و جووڵەی تاکەکان. زیندان، کەمپ، نەخۆشخانە، خوێندنگا و کارخانە، ئەو شوێنانە بوون کە زیاتر وەک سووژەی پڕۆسەکە بەکار دەهێنران.
لە سەدەکانی نێوەڕاستدا زیندانییەکان و تاوانباران، بە شێوەیەکی دڕندانە سزا دەدران، بۆ ئەوەی خەڵکانیتر ترسیان لە سزای تاوانکردن هەبێ، بۆ نموونە کەسی تاوانباریان لە چوار ئەسپ دەبەستەوە و بە چوار رێڕەوی جیاوازدا رایاندەکێشا بۆ ئەوەی تا مردنی زۆرترین ئازار بچێژی. دوای سەدەکانی نێوەڕاست زۆربەی زیندانییەکان لە جیاتی مردن کەڵکیان لێ وەردەگیرا و دەیانبردن بۆ کاری زۆرەملێی درێژماوە. دوای ئەو ماوەیە و لە سەردەمی رۆشنگەریدا، هەندێک بزووتنەوەی فەلسەفی و مرۆڤدۆستانە سەریان هەڵدا کە پێیانوابوو دەکرێ زیندانی ئیسلاح بکرێ و بگەڕێندرێتەوە نێو کۆمهڵگه. ئەوەش لە رێگای دامەزراوەیەکی دیسیپلینییەوە.
“پانۆپتیک” کە ئیدەیەکی بیناسازییە و لە لایەن فەیلەسووفی بریتانی، “ژێرێمی بێنتام”ـەوە لە ساڵی ١٧٨٠دا داهێنراوە بۆ چاودێری بەردەوامی زیندانییەکان. مێعماریی پانۆپتیک لە دوو بینا پێکهاتووە، یەکەمیان ژووری زیندانییەکانی بە شێوەی بازنەیی تێدا گونجێندراوە و دووهەمیشیان بینایەکە لە نێوەڕاستی بینای پێشوو، بە جۆرێک کە دەتوانێ چاودێریی هەموو ژوورەکان بکا. لە میعماریی پانۆپتیکدا، زیندانییەکان وا دەزانن کە بەردەوام لە ژێر چاودێریدان، لە کاتێکدا لەوانەیە کەسیش چاودێرییان نەکا.
ژێرێمی بێنتام فەیلەسووفێکی رێفۆڕمخواز بوو و دەیویست بە کەڵک وەرگرتن لەو ئیدەیەوە، تاوانباران لە جیاتی سزادرانی جەستەیی و ئیعدامکرانیان، وەک مرۆڤێکی بە سوود بەرهەم بهێنرێنەوە و بنێردرێنەوە بۆ نێو کۆمهڵگه، ئەوەشی بە تەنیا رێکاری کەمبوونەوەی تاوان لە کۆمهڵگهدا دەزانی. ئەو پێی وابوو لە جیاتی ئەوەی تاوانبار لەنێو ببرێ، پێویستە تاوان لەنێو ببرێ.
هەرچەندە “پانۆپتیزم” پێشتر لە زیندانەکاندا بە کار دەهێنرا، بەڵام ئەمڕۆ بووە بە سەمبۆلی ئانالیز کردنی دەسەڵاتێکی دیسیپلینی، واتە ئەو تێکنۆلۆژییانەی دەسەڵاتی سیاسی بە کاریان دەهێنێ بۆ کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریی کردنی کۆمهڵگه بە ناوی باشتر کردنیان. پانۆپتیزم وکوو چاوی دەسەڵات بۆ چاودێریی کردنی کۆمهڵگه وایە. ئەمڕۆ نەک تەنیا زیندان بەڵکوو تەواوی کۆمهڵگه لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆلی دەسەڵاتی سیاسی دایە. پێش سەدەی بیستەمی زایینی، دیسیپلین تەکنیکی دەسەڵاتی سیاسی بوو، تاکەکان لە شوێنێکی داخراو کۆ دەکرانەوە و دەخرانە ژێر چاودێرییەوە، وەکوو زیندان، خوێندنگا، کەمپ و هتد، بەڵام لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە کۆمەڵگەی دیسیپلینی جێگەی خۆی داوە بە کۆمهڵگهی ژێر کۆنتڕۆڵ، کۆمهڵگهیەک کە لەودا تاکەکان لە ژێر چاودێری و کۆنتڕؤڵ دان بەڵام نەک لە شوێنێکی تایبەت و داخراودا یان لە کاتێکی تایبەتدا، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا. لە کۆمهڵگهی ژێر کۆنتڕۆڵدا مێکانیزمەکان جیاوازن و کۆنتڕۆڵەکان “بگۆڕ”ن و زمانەکەش ئەلکتڕۆنییە. لە جیاتی چوارچێوەی ژووری داخراو، چوارچێوەکان خۆیان لەگەڵ سووژەکان فۆڕم دەدەن. لە جیاتی ئەوەیکە لە کۆمەڵگەی دیسیپلینیدا سووژە لە چەندین شوێنی داخراودا لە ژێر چاودێری و ئیسلاح کردندا بێ، لە کۆمهڵگهی ژێر کۆنتڕۆڵدا هەموو ئەو شوێنانە هاوکات لە یەک چوارچێوەدا پێکەوە هەن و بە بەردەوامی لەگەڵ سووژەکان دێن و دەچن. ئیمزاکان و رێژەی تاکەکان لە کۆمەڵگەی دیسیپلینیدا جێگەی خۆی داوە بە ژمارەکان و ئامارەکان لە کۆمهڵگهی کۆنتڕۆڵدا. تاک ئیتر مانای یەک کەس نادا، بەڵکوو واتای تاکێکی بەشبەشکراو دەدا؛ واتە هاوکات لە هەموو شوێنێک دەتوانێ بوونی هەبێ. ماشێنە مکانیکییەکانی کۆمهڵگهی دیسیپلینی جێگەی خۆیان داوە بە کۆمپیوتەر و ماشێنەکانی زانیاری و داتا. بەرهەمهێنان جێگەی خۆی داوە بە بەرهەم.
ئەمڕۆ تەنیا دەسەڵاتی سیاسی نیە کە تاکەکان کۆنتڕۆڵ دەکا، بەڵکوو تاکەکان خۆیان لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی یەکتر دان، لە رێگای تێکنۆلۆژی و بە تایبەت ئینتێرنێتەوە هەر تاکێک چاودێری و کاریگەری دەخاتە سەر کەسانیتر و بە هەمان شێوەش خۆی لە ژێر چاودێری و کاریگەریی ئەوانیتر دایە. ئینتێرنێت وەکوو مێکانیزمێکی ئیسلاح لە کۆمهڵگهی ژێر کۆنتڕۆڵدا رۆڵ دەگێڕێ. تاک لە ئینتێرنێتدا سووژەیەکی کۆنتڕۆڵە، گرینگ نیە لە چ کات و شوێنێکی جوغرافیایی دایە. پەیوەندیی نێوان تاکەکان، بە ئاراستەیەکیاندا دەبا کە لە لایەک دەچنە نێو پڕۆسەیەکی دروستبوونی ناسنامە و لە لایەکی دیکەشەوە بە ئاراستەی، خۆ سانسۆڕ کردن و خۆ کۆنتڕۆڵکردنیاندا دەبا. لە کۆمهڵگهی مەجازیدا، پاراستنی ژیانی شەخسی خەریکە بەرەو کۆتاییەکانی دەڕوا، چونکە زانیارییە شەخسییەکان و کۆدەکانی ژیانی تایبەتیی تاکەکان ئەمڕۆ شیاوی دەستپێڕاگەیشتنە، هەم لە لایەن کەسانیترەوە و هەم لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی و کۆمپانیا و ئاژانسەکانەوە. لە کۆمهڵگهی ژێر کۆنتڕۆڵدا هەمووان لە لایەن هەمووانەوە لە ژێر چاودێری دان.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه