یه‌که‌م:
هه‌رچه‌نده بۆ زۆربه‌ی چاوه‌دێران چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو، کاندیدی کۆماریخوازه‌کان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکادا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا. ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌که‌م ده‌کرێ وه‌ک به‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه چاوی لێ بکرێ، ئه‌وه‌یه که زوربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌مریکا لایه‌نگری ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات بوون. به‌رنامه‌ی کاری خانمی کلینتۆنیان وه‌ک درێژه‌دانی به‌رنامه‌ی ئیداره‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێستا، ئاغای ئۆباما چاو لێ ده‌کرد و قسه‌کانی ئاغای ترامپ که ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ بۆچونه‌کانی حیزبه‌که‌ی خۆشی له هێندێک بواردا جیاوازی هه‌بوو، سه‌رنجی راکێشابوون. دیاره سه‌رۆک کۆماری تازه له مه‌یدانی کرده‌وه‌دا بێگومان ناتوانێ هه‌موو دروشمه‌کانی سه‌رده‌می پڕوپاگاندای هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێ بکا و مه‌جبوره هێندێک تۆرمز بگرێ، به‌ڵام هه‌رنه‌بێ ناچاره ده‌رسه‌دێک له‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی به لایه‌نگرانی داوه، وه‌دی بێنێ. به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به سێ مه‌سه‌له‌وه هه‌یه که بریتین له: خه‌باتی کاریگه‌رتر و توندوتۆڵ‌تر له‌دژی تیرۆریزم له هه‌موو دنیادا به گشتی و له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به تایبه‌تی؛ گێڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی وڵاته‌که‌ی له یاریکردنی رۆڵی زلهێز بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی جیهانی و؛ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی کاری زۆرتر بۆ هێزی کار له وڵاته‌که‌یدا، که سێ تێمای سه‌ره‌کی له ته‌بلیغاتی هه‌لبژاردندا بوون، ده‌بێ کارایی له خۆی نیشان بدا و به‌ڵێنه‌کانی به‌رێته سه‌ر.
دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ مه‌سه‌له‌یه بکه‌ینه بناغه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌ته‌کانی ئیداره‌ی داهاتوی کۆشکی سپی، بێگومان به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین که بۆ وه‌دیهاتنیان ئاڵوگۆڕێکی به‌رفراوان له سیاسه‌تی ئابووری، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و پلان و تاکتیکی نیزامی‌دا پێویسته. که له‌نێو ئه‌و ئاڵوگۆڕانهشدا هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر تیرۆریزم، رێژیمه‌کانی هانده‌ری تیرۆریزم، ده‌ستکورتکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌ییه ئاژاوه‌گێڕه‌کان و وهدهستخستنهوهی رۆڵی یه‌که‌م له دیاری کردنی سیاسه‌تی ئابووریی جیهانیدا خۆ ده‌نوێنن. دیاره هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ریه‌ک له‌و هه‌نگاوانه پێویستی به ئانالیز و لێکدانه‌وه‌ی به‌رفراوان و ده‌ستنیشان کردنی هێڵه‌کانی په‌یوه‌ندی ئه‌و مه‌سه‌لانه به ته‌ک ته‌کی فاکتۆره‌کانی کاریگه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌یه و له‌م نووسینه کورته‌دا جێگایان نابێته‌وه. هه‌رچۆنێک بێ یه‌کێک له فاکته‌ره‌کان مه‌سه‌له‌ی کورده له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و بێگومان له نێو هاوکێشه‌کانی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌دا جێ ده‌گرێ. هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته ناوه‌نده‌کانی دیاریکردنی سیاسه‌تی کوردی خۆی پێوه ماندوو که‌ن و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی بۆ داڕێژن و هه‌مو هێزی کورد به‌یه‌که‌وه وه‌ک فاکته‌رێکی کاریگه‌ر به ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مریکا بناسێنن. له هێندێک بۆچونی کورتی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه له‌سه‌ر کوردستان، ئێران، ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و جیهان به پێی توانای خۆم وێنا بکه‌م.
دووه‌م: کاریگه‌ری هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریکا له‌سه‌ر کوردستان
له هه لسهنگاندنی یه‌که‌مدا گوتم که (یه‌کێک له فاکته‌ره‌کان مه‌سه‌له‌ی کورده له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و بێگومان له نێو هاوکێشه‌کانی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌دا جێ ده‌گرێ).
ئه‌گه‌ر سه‌رکۆماری تازه‌ی ئه‌مریکا بیهه‌وێ کار بکا له‌سه‌ر ئه‌و سێ تێما گرینگه‌ی که پێشتر باسمان کرد واته گێڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی ئه‌مریکا وه‌ک یه‌که‌م زلهێز، شه‌ڕی دژی تیرۆر و ره‌خساندنی هه‌لی کاری زۆرتر له نێوخۆی ئه‌مریکادا، هه‌م له شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌م له گێڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی ئه‌مریکادا دۆستێکی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کوردی پێویسته. ناوه‌ندی شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌روه‌ها رێژیمه هانده‌ره‌کانی گه‌شه‌کردنی تیرۆر، له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستن. کورد له ناوچه‌که‌دا باوه‌ڕپێکراوترین و ئازاترین هێزی شه‌ڕکه‌ره له دژی تیرۆر. چونکه به‌درێژایی مێژوو قوربانی ده‌ستی تیرۆر بووه، چ تیرۆری ده‌وڵه‌تی و چ تیرۆری رێکخراوه‌یی. هه‌روه‌ها زه‌ڕبه‌ی زۆری له ده‌ستی ئه‌و رێژیمانه خواردوه که هانده‌ری تیرۆرن له ناوچه‌که‌دا. بۆیه ئه‌گه‌ر ئاغای ترامپ به راستی بیهه‌وێ تیرۆر خاشه‌بڕ بکا، ناتوانێ ده‌ست له کورد هه‌ڵگرێ. ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌رزی شه‌ڕ، هه‌م له سوریه و هه‌م له عێڕاق، کورده‌کان چالاکترین هێزی له نێوبردنی داعشن. پاشان بۆ ده‌سته‌مۆ کردن، ده‌ست کورتکردنه‌وه و کۆنتڕۆڵ کردنی رێژیمه‌کانی پاڵپشتی تیرۆر، پێویستی به هاوپه‌یمانی باوه‌ڕپێکراو هه‌یه له ناوچه‌دا، که نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی ده‌توانێ یه‌کێک له‌و هاوپه‌یمانانه بێ.
دیاره به‌و دوو رێگایه‌ش دایه که هه‌یبه‌تی ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونکه هێزه‌کانی وه‌ک داعش و رێژیمه‌کانی وه‌ک ئێران، له ناوچه‌یه‌کی گرینگی وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، کۆسپێکی گه‌وره‌ن له رێگای به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی ئه‌مریکادا. له چه‌ند ساڵی رابردوودا ده‌توانین بڵێین هیچ ساڵێک نه‌بووه که له راستیدا قهڵسهیهک به ئه‌مریکا نه‌گێڕن. ده‌بێ ئاغای ترامپ کارێک بکا که داعش شکست بێنێ، ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی رێژیمی ئێران هه‌ر له عێڕاقه‌وه هه‌تا یه‌مه‌ن کۆتای‌یان بێ و تورکیه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ی که ناتۆ له ناوچه‌دا پێی دابوو، نه‌ک سوڵتان بازاڕی وه‌ڕێ خا. له‌و کاته دایه که هه‌یبه‌تی ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ر له‌و کاته‌ش دایه که قازانجه ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکا له ناوچه‌دا ده‌پارێزرێن و زه‌مینه بۆ ره‌خساندنی هه‌لی کاری زۆرتر ئاماده ده‌بێ.
به‌ڵام کورد ده‌بێ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌دا بکا؟ کورد ده‌بێ به‌هێز ده‌رکه‌وێ و ویسته‌کانیشی به‌رێته سه‌رێ. هێزی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو بکا و به‌و هێزه‌وه داوای پشتیوانی بۆ چاره‌سه‌ر کردنی یه‌کجاره‌کی مه‌سه‌له‌ی کورد بکا. له باشوور نابێ به که‌متر له سه‌ربه‌خۆیی رازی بێ. له رۆژئاوا ده‌بێ قه‌واره‌ی ئیداره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی داڕێژێ نه‌ک فریوی دێموکراسی له سوریه بخوا و ویسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تێدا بدۆڕێنێ. له باکوور ده‌بێ هه‌وڵ بدا سه‌رنجی زلهێزه‌کانی دنیا، به تایبه‌ت ئه‌مریکا بۆ لای خۆی راکێشێ و هه‌وڵ بدا له پڕۆسه‌ی به فیدڕالی کردنی تورکیه‌دا، دۆستی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆخۆی په‌یدا بکا. کورد نابێ بۆ هاوپه‌یمان له ناوچه‌دا بگه‌ڕێ. هیچ یه‌ک له‌و وڵاتانه‌ی که به‌شێک له کوردستانیان به‌رکه‌وتوه، ناتوانن هاوپه‌یمانی کورد بن له به‌شه‌کانی دیکه‌دا.
له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش کاتی ئه‌وه هاتووه حیزبه‌کان نێوماڵی خۆیان رێکخه‌ن، یه‌کبگرن و هیز نیشان بده‌ن. نیشان بده‌ن که ده‌توانن نه‌خشیان هه‌بێ و ده‌کرێ حیسابیان له‌سه‌ر بکرێ. ده‌بێ هه‌م لێبڕاو بن و هه‌م باوه‌ڕیان به خۆیان هه‌بێ. بۆ دوورتر له کامپه‌کانی خۆیان بڕوانن و خه‌ونی گه‌وره ببینن و ئاماده‌ی ریسک کردن بن. ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ خه‌باتی ده‌ره‌وه و شار و شاخ لێک گرێ بدرێ. رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێ بێته‌وه نێو کایه سیاسییه‌کانی ناوچه و جیهان و ئه‌وه‌ش به بڕه‌وپێدانی رۆژههڵاتمێحوهری و گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی نه‌خشی رۆژهه‌ڵات ده‌کرێ، نه‌ک حیزب حیزبێنه و ره‌قابه‌تی ناسالمی نێوان حیزبه‌کان. به تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویسته غرور و هه‌یبه‌تی خۆی به‌ده‌ست بێنێته‌وه و رۆڵی کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کان و پێشه‌نگیی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ببینێ؛ تواناکانی وه‌گه‌ڕ خا و بۆ هه‌ستانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره به‌رپرسایه‌تییه‌کان دیاری بکا و، ئه‌ندامانی حیزبیش پێویسته تواناکانی حیزبه‌که‌یان ببینن و هانده‌ر بن له وه‌گه‌ڕخستن و گه‌شه‌کردنی ئه‌و توانایه‌دا.
سێهه‌م: کاریگه‌ریی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئێران
له کاتی ته‌بلیغاتی هه‌ڵبژاردندا، دۆناڵد ترامپ زۆر به توندی هێرشی کرده سه‌ر کۆماری ئیسلامی. ئه‌و له یه‌کێک له پانێلهکانیدا رایگه‌یاند که کۆماری ئیسلامی گه‌وره‌ترین پشتیوانی تیرۆریزمه له جیهاندا. ئیشاره‌ی به ئاژاوه‌گێڕییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ئه‌وه‌ی هێنا گۆڕێ که ئه‌و رێژیمه تانوپۆیه‌کی به‌هێزی رێکخراوی تیرۆریستی، جاسوسی و نیزامی له جیهاندا به گشتی و له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به تایبه‌تی، پێکهێناوه. ئه‌و گوتی: به‌ڵێ کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا به‌هێزه، به‌ڵام ئێمه (ئیشاره‌ی به ده‌وڵه‌تی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکایه) له‌و به‌هێزترین.
له کۆبونه‌وه‌یه‌کی ته‌بلیغاتی دیکه‌دا ئیشاره‌ی به‌وه کرد که تیرۆریزم له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خاوه‌ن پووڵه، داعش له سوریه هوتێلی دروست کردوه، داعش نه‌وتی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش نه‌وتی نه‌بێ ئێران هه‌یه‌تی. ئێمه ٢ تریلیۆن دۆڵارمان له عێڕاق خه‌رج کرد و هه‌زاران سه‌ربازمان کوژران، به ڵام ئێران ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوه و ئێمه هیچمان نییه، ته‌نانه‌ت ناتوانین بچینه زۆر جێگای ئه‌و وڵاته‌ش، جگه له‌وه‌ش چه‌کێکی زۆر که دامان به عێڕاق ده‌ستی دوژمن که‌وتوه ته‌نیا له یه‌ک جێگا ٢٣٠٠ ماشێنی گه‌وره‌ی نیزامی بۆ دوژمن به‌جێ هێڵراوه، ئه‌وه گاڵته‌ی پێ ناکرێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌رده‌می ته‌بلیغاتی هه‌ڵبژاردن له نه‌زه‌ر بگرین، سیاسه‌تی ترامپ ده‌بێ به ئاراسته‌ی کورتکردنه‌وه‌ی باسکی ئاژاوه‌گێڕانه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا بێ له ناوچه‌ی پڕکێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا. ره‌نگه دوور له چاوه‌ڕوانی بێ که جارێکی دیکه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا خۆی تووشی شه‌ڕێکی دیکه‌ی گه‌وره له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بکا، به‌ڵام شک له‌وه‌دا نییه که ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مریکا به سه‌رۆکایه‌تیی ترامپ، به‌و شێوه‌یه موماشات له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ناکا، که ئیداره‌ی ئۆباما ده‌یکرد.
په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و ئه‌مریکا به فازێکی ته‌واو جیاوازدا ده‌ڕوا و له قۆناغی داهاتوودا پێموانییه هێنده‌ی ئێستا له کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکرێ. ئه‌وه‌ش بۆ کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان ده‌رفه‌تێکی تازه دێنێته ئاراوه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی کۆماری ئیسلامی له هه‌مو کوردستاندا، بۆمان دهرهدهکهوێ که تا ئێستا چه‌نده ده‌ستی ئاواڵه بووه که به که‌یفی خۆی له کوردستاندا رمبازێن بکا. رۆژهه‌ڵاتی کوردستان میلیتاریزه بکا و هه‌رچی جینایه‌ته به پانه‌وه له‌وێ ئیجڕای بکا. له باشوور مۆڵگه‌ی جاسوسی دانێ و ده‌ست له کاروباری ئه‌و به‌شه له کوردستان وه‌ردا و به ناوی دۆست وه‌ک گورک له نێو ماڵی خۆتدا، له ده‌رفه‌تی به‌رخۆله فڕاندندا بێ و به ئاشکراش دژی سه‌ربه‌خۆیی بوه‌ستێ. له باکوور و رۆژئاواش هه‌م له ناڵ بدا و هه‌م له بزمار. به رواڵه‌ت خۆی به دۆست له قه‌ڵه‌م بدا و ژێربه‌ژێر تۆوی دووبه‌ره‌کی بچێنێ و له‌گه‌ڵ هێزه دژبه‌ره‌کانی کورد له‌و دوو به‌شه‌ی کوردستان که‌ین و به‌ینی هه‌بێ و به ئاشکرا شه‌ڕ بۆ رێژیمێک بکا که به درێژایی مێژوو ته‌نانه‌ت مافی هاووڵاتی بوونیشی بۆ کورد به ره‌سمی نه‌ناسیوه.
بۆیه له ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مریکا به سه‌رۆکایه‌تی دۆناڵد ترامپ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کرێ که چیدی نه‌یه‌ڵێ کۆماری ئیسلامی به شێوه‌ی ئێستا له ناوچه‌دا رمبازێن بکا و له‌مپه‌رێکی گه‌وره بێ له به‌رده‌م ویست و داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه