یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سایه‌تی، گرووپ و ره‌وت و ده‌وڵه‌ته بیرته‌سک و نادێموکراتیکه‌کان ئه‌وه‌یه که رێگری ده‌که‌ن له هاتنه‌ئارای بیری جیاواز؛ رێگری ده‌که‌ن له پێکهاتنی ئه‌و کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه و سمینارانه‌ی، بۆچوون و بیری جیاواز تێیاندا دێته ئارا. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به بیانووی جۆراوجۆر فشار بخه‌نه سه‌ر ناوه‌نده‌کانی بڕیارده‌ر، که ئیجازه نه‌ده‌ن ئه‌و جۆره کۆڕ‌و کۆبوونه‌وانه پێک بێن، ئه‌گه‌ر ئیجازه‌شیان پێدرا، به شێوازی دیکه رێگه له به‌ڕێوه‌چوونیان ده‌گرن.
کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکارییه‌وه هه‌موو ئه‌و بیروبۆچوون و مه‌یل و روه‌ته سیاسی‌یانه‌ی که، ملکه‌چی ئایدۆلۆژی ویلایه‌تی فه‌قیه نه‌بوون، سه‌رکوتی کردن و له مه‌یدانی وه‌ده‌رنان. وه‌ک سروشتی هه‌موو سیستمه نادێموکراتیک و تا رادیه‌ک توتالیتێره‌کان، له نێو باوه‌ڕمه‌ندانی ویلایه‌تی فه‌قیهیش‌دا بۆچوونی جیاواز هاتنه ئارا و ئه‌مه‌ش بوو به بنه‌مای دروست باڵه‌کان له کۆماری ئیسلامی‌دا. لێره‌دا قسه له‌وه نیه که باڵێکیان دێموکراته و باڵه‌که‌ی‌تر نادێموکرات؛ به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر به شێویه‌کی نێوتڕال و ئۆبژێکتیڤ قه‌زاوه‌ت بکه‌ین، باڵی ناسراو به ریفۆرمخواز به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و باڵه‌ی که ئێستا پێی ده‌گوترێ بناژۆخواز، زیاتر خۆیان له‌گه‌ڵ نۆڕم و به‌ها ئه‌مڕۆییه‌کان موتوربه کردووه و، هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته ترسێکی هیستریک بۆ ناو‌کی سه‌ختی کۆماری ئیسلامی، که به پێداچوونه‌وه‌خوازیان بناسێنێ که هه‌وڵی گۆڕینی چییه‌تیی کۆماری ئیسلامی ده‌ده‌ن.
به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری ده‌وڵه‌تی ئیسلاحاته‌وه تائێستا، ته‌یف یان لایه‌کانی توندڕه‌وی نێو حاکمییه‌ت به شێوه‌ی جۆراوجۆر له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تانی ریفۆرمخواز یان نزیک له وان، کارشکێنی و قه‌یرانسازی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵگه بسه‌لمێنن ئه‌گه‌ر ریفۆرمخوازان له‌سه‌ر کار بن ئه‌وه به‌شێک له حاکمییه‌ت له‌گه‌ڵ وان هاوکاری ناکا و ئیقتداری پێویستیان نیه. له قۆناغی هه‌نووکه‌یی‌دا به‌شێک له ئیستراتیژی لایه‌کانی توندڕه‌وی نیزام له‌سه‌ر ئه‌وه چڕ بۆته‌وه که ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی روحانی ببنه ژێر پرسیار و به خه‌ڵکی بڵێن ده‌وڵه‌تی روحانی ده‌وڵه‌تێکی به‌ده‌سه‌ڵات نیه تا بتوانێ داخوازییه‌کانتان بێنێته دی. به‌م شێوه‌یه خه‌ڵکی له ده‌وڵه‌ت بێ‌هیوا بکه‌ن و بڵێن ده‌وڵه‌تی بێ‌ده‌سه‌ڵاتی روحانی، توانای جێبه‌جێ کردنی به‌رنامه‌کانی نیه و ئومێد‌به‌ستن به‌و ده‌وڵه‌ته، پووچ و بێ‌بنه‌مایه. ئه‌و شته‌ی که ئه‌مڕۆژانه بۆ عه‌لی موته‌هه‌ری پێش هات، له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه ده‌کرێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێ و لێک‌بدرێته‌وه. له راستی‌دا رێگری کردن له وتاردانی جێگری سه‌رۆکی مه‌جلیس له مه‌شهه‌د، به چالش کێشانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بوو.
هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا عه‌لی موته‌هری ته‌نیا که‌س نه‌بوو که رێگری له کۆڕگێڕیه‌کی کرا، به‌ڵکوو سادق زیباکه‌لام و موجته‌هیدی شه‌بێستریش له‌و که‌سانه بوون که کۆڕه‌کانیان هه‌ڵوه‌شایه‌وه. دیاره هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کۆڕی موته‌هه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کوڕی ئایدۆلۆگی کۆماری ئیسلامی، مورته‌زا موته‌هه‌ری‌یه، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆکی مه‌جلیسه و به پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش نوێنه‌رانی مه‌جلیس بۆیان هه‌یه له مه‌ڕ هه‌ر پرسێک راوبۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن و به‌دواداچوون بکه‌ن، ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتری هه‌بوو.
تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی که به عه‌لی موته‌هه‌ری پێوه‌ندی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ناوبراو بۆچوونه‌کانی له‌گه‌ڵ رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی هاوئاهه‌نگ ناکا، بۆیه که‌وتۆته به‌ر غه‌زبی به‌شی سه‌خت و ئایدۆلۆژیکی سیستم و به شێوازی جۆراوجۆر ئه‌زیه‌تی ده‌که‌ن و به‌ربینگی پێده‌گرن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ئاستێکی به‌رینتر‌دا سه‌یری مه‌سه‌له‌که بکه‌ین ده‌بینین که به‌شی توندڕه‌و و حاکمییه‌تی سیستم، نه‌ته‌نیا گێره‌شێوێنی ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ مه‌جالی ده‌ربڕینی بیروڕا بۆ که‌سانی جودابیر نه‌هێڵنه‌وه، به‌ڵکوو زیاتر له‌وه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن بنیاته هه‌ڵبژێراوه‌کانی کۆماری ئیسلامی لاواز و بێکاریگه‌ر بکه‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆژانه له مه‌ڕ مه‌حموودی سادقی نوێنه‌ری تاران کرا و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری‌یه‌وه بڕیاری ده‌ستگیر کردنی بۆ ده‌رکرا، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ویستوویه‌تی گه‌نده‌ڵی و ئیختلاسه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌قاو بدا و به‌دواداچوونی بۆ بکا، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی شووڕای نیگابان بۆ ئه‌وه‌ی که چاوه‌دێری کردن به‌سه‌ر پارلمان‌دا، له چاوه‌دێری‌یه‌کی قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه، بۆ چاوه‌دێری‌یه‌کی به‌رده‌وامی مه‌جلیس بگۆڕێ، له‌م راستایه‌دا شی ده‌کرێته‌وه. ئه‌م پلانه‌ی شووڕای نیگابان پلانێکی مه‌ترسیداره و ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌ر بگرێ، مه‌جلیس له‌وه‌ی که هه‌یه، بێکاریگه‌رتر ده‌بێ.
به‌و شیکردنه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌ی لایه‌کانی توندڕه‌وی نێو حاکمییه‌ت پشت‌به‌ستوو به بانده‌کانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ده‌رخه‌ری ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانه له سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا و، وا نییه بڵێین ئه‌وان له واقیع‌دا ده‌سه‌ڵاتیان نیه و ته‌نیا وا ده‌نوێنن که ده‌سه‌ڵاتدارن. ناچار کردنی روحانی به لادانی عه‌لی جه‌ننه‌تی، وه‌زیری پێشووی وه‌زاره‌تی ئیرشاد، تازه‌ترین و زه‌قترین نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی بناژۆخوازه له سیستم‌دا.
ده‌سه‌ڵات‌نوێنی له‌و جێگه‌یه واتادار ده‌بێ که له ده‌لاقه‌ی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی یان پێگه‌ی جڤاکی‌یه‌وه له‌و لایه توندڕه‌وانه بڕوانین. لێره‌دایه که به شێوه‌یه‌ک ده‌جووڵێنه‌وه که هه‌روا بزانه زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان هاوڕایه و له راستی‌دا بۆچوونه‌کانیان به ناوی بۆچوونی کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵک راده‌گه‌یه‌نن. ئه‌وان له‌م پێناوه‌دا له جه‌وسازی، شه‌ڕی ره‌وانی، پۆپۆلیزم، چه‌واشه‌کاری و هه‌ڵخڕاندنی ئیحساساتی خه‌ڵک که‌ڵک وه‌رده‌گرن؛ بۆ ئه‌وه‌ی که لایه‌نی به‌رامبه‌ریان بخه‌نه گۆشه‌ی رینگه‌وه و بێده‌نگ و مارژیناڵیان بکه‌ن.
به‌رگرتن له به‌ڕێوه‌چوونی کۆنسێرته‌کان، رێگری کردن له کۆڕ و سمیناری ئه‌و که‌سانه‌ی ویشک و دوگم به خوێندنه‌وه‌ی ره‌سمی له کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه نه‌چه‌سپاون، ئه‌گه‌رچی پێش هه‌موو شتێک ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که راستی توندئاژۆ له رووی عه‌قڵانیه‌ته‌وه لاوازن و له مه‌یدانی مه‌نتق و مه‌عریفه شتێکی جێی سه‌رنجیان پێ نیه، به‌ڵام له دۆخی ئێستادا و له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی دوازدیه‌می سه‌رکۆماری‌دا، ده‌سه‌ڵات‌نوێنی و، بردنه ژێر پرسیاری ئیقتداری ده‌وڵه‌ته؛ بۆ ئه‌وه‌ی به خه‌ڵکی بڵێن ئه‌گه‌ر خواسته‌یه‌کیشیان هه‌بێ، ته‌نیا له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه جێبه‌جێ ده‌بێ.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه