دوکتور عەلیی شەریعەتی ٥
ئەگەر ئەو بۆچوونەی موهەندیس بازرگان کە- شەریعەتی یەکێک لە رێبەرانی شۆڕشی ئیسلامی بوو و بەرهەمە نووسراو و قسەکانیشی – کە نزیکەی ١٠ ساڵ لە حوسێنییەی ئیرشاد و زانستگاکان و شوێنی قسەکردن و کۆبوونەوەکانی کە شوێندانەری گرینگیان لە کۆمەڵگەی ئێراندا، هەبوو-، و قسەکانی ئاغای بنی سەدر بۆ ئینقلاب لە ئیسلامدا، بە دیوی فەزای وێژمانی ئازادی و هاوڕایی لەگەڵ شەریعەتی بۆ “ئیسلامیکی دیکەی ناسوننەتی(غیرە سنتی)” بکەین بە پێوانە، – که هەردووکیان ماوەیەک لە کارەبەدەستانی هەرەسەرووی دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی سیاسیی شیعە بوون؛ بازرگان سەرۆکوەزیری کاتیی ٩ مانگ و بنیسەدر یەکەمین سەرکۆماری هەڵبژێراوی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، کە لە لایەن روحانییەکان و بەتایبەتی ئایەتوڵڵا خومەینی ئیزنی کێبەرکێی هەڵبژاردن و گەیشتن بەو پلەیەی پێدرا بوو و- پتر لەساڵێک تەحەموول کرا-، ئەو پرسیارە دەتوانێ دروست بێ کە بۆچی ویلایەتی فەقیە- کە بەشێک لە رەخنە گرانی شەریعەتی لە گوتار و بۆچوونی “ئۆمەت و ئیمامەت” کەیدا، دەیبننەوە، لە مەجلیسی خیبرەگانی یاسای بنەڕەتیدا، پەسند کرا کە هەردووکیان تێیدا ئەندام بوون و نەیانتوانی پێشی بگرن، هەرچەند موافیقی نەبوون.
لێرە دایە کە دەتوانین ئەو بۆچوونەی ئاغای “آرامش دوستدار”، سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێران بە هێند بگرین کە دەڵێ: فەرهەنگی ئێرانی دینرەفتارە کە لەودا، لێکۆڵینەوە و گەڕانی فیکری و پرسیار و بیری رەخنەیی قبووڵ ناکا. ئەوەی ئیبنی موقەفەع ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێش بۆچوونەکانی رێبەرانی دینی بە ناسالم و دژی بیری ئازاد مانا دەکردەوە و هەوڵی روون کردنەوەی دەدا، و فیردەوسی کە ١٠٠٠ ساڵ پێشتر پێی وابوو بە هێرشی عەربەکان بۆ ئێران ، بەڵایەکیان بەسەر ئەو مەملەکەتەدا، هێناوە کە قەرەبوو ناکرێتەوە، چونکە نیژادەکەی خراپ کردوە و پێناسەکەی لێ ئەستێندراوە. “رازی تەبیب” لەوەی کە خەڵکەکان ئاقل و تێگەیشتوون بەڵام پێغەمبەریان بۆ دیاری کراوە و هەر پێغەمبەری بۆچوونەکەی خۆی بەشەڕ و کێشە داسەپاندوە و شەڕ لە کۆمەڵگەکان دەسەڵاتیان دیاری کردوە، به زوڵمێکی گەوەری دهزانێ و دهڵێ لاچوونی زۆر زەحمەتە. به قسهی “ناسر خوسرهو” کوشتنی کافرەکان لە زەمانی پێغەمبەری ئیسلامدا، کە نەدەبوون بە موسڵمان و، بۆچوونی “مەولەوی” کە، عیرفان، عیشق و خۆشەویستی زەمانێک رەنگ دەداتەوە کە لەسەر عەرزی واقیع بە پێی کات و جێگا و ئازادانە، ئیزنی بوون و گەشەی پێ بدرێ، ئەوکات دەتوانێ کرانەوە لە کۆمەلگەدا، پێک بێنێ. بەڵام بەگشتی چونکە فەرهەنگی رەخنەییمان کەم بووە و “رێبازی دینی” یا “دین خو”یی پتر تانوپۆی کۆمەڵگەکەمانی تەنیوە و بە ئامرازگەلێکی بەهێز داسەپێندراوە؛ فیداکاری و لە خۆبردویی کەسانی هەوڵکەوتەی زۆری دەوێن، کە هەوڵی ئاڵوگۆڕی بۆ بدەن.
– برنامەی میزبان، گفتگوی رازی، ابن مقفع، در میهمانی آرامش دوستدار، ٢١ آبان ١٣٩٥، رادیو فردا-
لە لایەکی دیکە رەخنەگرەکانی عەلیی شەریعەتی، وەک: دوکتور عەباسی میلانی- لە روانگەی دژایەتیی شەریعەتی لەگەڵ مودێڕنیزم و هەڵسوکەوتی لەگەڵ رۆژئاوادا-، و لە باسەکانی دوکتور سەید حوسێنی نەسر- ئیسلامناسی نزیک لە دەرباری پەهلەوی دوویەمدا، کە ئێستا لە زانستگاکانی ئهمریکا بە پلەی پڕۆفیسۆڕی وانەی ئیسلامناسی دەڵێتەوە-، خوێندنەوەی دیکەی بۆ دەکرێ و شەریعەتی بە تاوانبار لە قەڵەم دەدرێ. ئاغای نەسر دەڵێ: شەوێکی عاشووڕا بوو لە کۆبوونەوەیەک لە حوسێنییەی ئیرشاددا، لەگەڵ مورتەزا موتەهەری و دوکتور ئیسماعیل یزدی- برای دوکتور ئیبراهیم یزدی و سەرۆکی زانستگای ددانپزشکی تاران-، گوێمان لە قسەکانی شەریعەتی گرتبوو. ساڵۆنەکە لە حەشیمەت جمەی دەهات و پڕ پڕ بوو. شەریعەتی لەسەرەوە [پشت تریبون]، قسەی دەکرد. ئەو وتی: ئیمام حوسێن چێگوارای سەردەمی خۆی بوو و چێگورا ئێستا حوسێنی زەمانەیە!؟ لەگەڵ مەرحوومی موتەهەری کۆبوونەوەکەمان بەجێ هێشت و روومان لە حوسێنییەی ئیرشاد نەکردەوە. زۆری پێ نەچوو کە ئەو شوێنەش داخرا.
– یوتیوب، علی شریعتی، محمد رضا شاە، ساواک، “سید حسین نصر- مانوک خدابخشیان”-
لەو گرتە ڤیدئۆییەدا، “مانوک” باس لە کوودتای ئەمریکایی بە دژی کوودتای ئینگلیسی لە گەلاوێژی ١٣٣٢(١٩٥٣)دا، دەکا. ئەو دەڵێ: ئینگلیسییەکان گەرەکیان بوو ئیسلامییەکان بو وێنە: ئایەتوڵلا کاشانی یا تەنانەت فیداییانی ئیسلامی بە دەسەڵات بگەیەنن و ئەمریکاییەکان، کەسێکی وەک ژێنڕاڵ فەزوڵڵای زاهیدییان – وەک کوودتاکانی ئەمریکای لاتین- لە لا گونجاوتر بوو. بەڵام رووپەڕکە بە جۆریکی دیکە و بەقازانجی شا هەڵدرایەوە.
هەروەها رەخنەکانی ئاغای ئەکبری گەنجی بەتایبەتی لە “ئوتۆپیایی لێنینیستی شەریعەتی”دا، وێڕای پەسندی ئاکاری بوێرانە و ئازایانەی شەریعەتی لە بەرانبەر ئیسلامی سوننەتیدا، “ویلایەتی موتڵەقەی فەقیە” و “دیکتاتۆڕی پرولتاریا”، لە یەک قامووسدا، دەخوێنێتەوە، کە شەریعەتیی لە باسی” ئۆمەت و ئیمامەت”دا، تێئۆریزەی کردوە. دیارە کتێبی “فاطمە، فاطمە است”ی شەریعەتیش رەخنە لەسەرە و ئەویش “ئاوی لە ئاشی” ئیسلامی سوننەتی، کردوە.
سارا شەریعەتی- کچی دوویەمی د. شەریعەتی کە وەک سوسەنی خوشکی پلەی دوکتوڕای هەیە- سەبارەت بە باوکی دەڵێ: ژیاننامەی خۆنووسی شەریعەتی دەتوانێ ناوی ئەدەبیاتی کوێرەوەری (محنت)ی لەسەر دابنێی؛ کە هەم ریشەی سیاسی و هەم دینی هەیە. لەبەر ئەوەی ئەو نەقشی ئیسلاحخوازێکی دینی هەبوو.
دوکتور ئیحسانی شەریعەتی- تاقە کوڕی دوکتور عەلیی شەریعەتی- یش وتوویەتی: نەقشی د. شەریعەتی لە کەڵک وەرگرتن لە زانستە مرۆڤایەتییەکان(علوم انسانی)ی نوێ، بەتایبەتی مێژوو و کۆمەڵناسی، بۆ تێگەیشتنی زانستی و واقع بینانە و ئاڵوگۆڕخوازانە لە فەرهەنگیی میللی و دینی ئێران و ئیسلام تەجرەبەیەکی جێی تێڕامانە. باس و ناسین و رەخنە لە میراتی فیکری ئەو، بۆ بەردەوامی کاری زانستە مرۆڤایەتییەکان لە ئێراندا، زۆر گرینگە.
– سمینار یک روزە، “شریعتی و آیندەی علوم انسانی، باز گرداندن شریعتی بە آکادمی”-
هەروەها، شوێندانەری شەریعەتی لە کۆمەڵگهی ئێراندا وایکردووه که کوردێکی سوننی و تێکۆشەری شێلگیری رێی مافی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی وەک: مامۆستا هەژار(عەبدولڕەحمانی شەرفکەندی)ی نەمریش، چوار کتێبی دوکتور عەلیی شەریعەتی کردوە بە کوردی. خاڵی سیفری بێ برانەوە(یک جلوش تا صفر بی نهایت)، کە بە دەنگ لە یووتیووبدا، مەوجوودە. دایە، باوە، کێ خراوە(پدر، مادر، مقصر کیست)، ئەرێ برا، وا رابرا(آری اینچنین بود برادر)، عیرفان، بەرامبەری، ئازادی(عرفان ، برابری، آزادی).
بڵاو بوونەوەی کتێب و نووسراوە و وتەکانی دوکتور شەریعەتی بە ئەمرازی پێشکەوتووی ئەمرۆ، و قسە و لێکدانەوەکانی کە لەسەریان دەکرێن، دەتوانێ پێناسەیەک بێ لە: شەریعەتی- ئاڵۆگۆڕخوازی دینی دوێنی و شوێندانەری لەسەر لایەنگرانی کە زۆربەیان بوون بە ئاڵوگۆڕخوازی دینیی ئەمڕۆ، چ لە نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و چ دەرەوەی دەسەڵات ئەودا. بۆ پێداچوونەوەی رەخنەگرانە سەبارەت بە حکوومەتی ئیسلامی دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە ئێران و شکستی پێگەی دین لە دەسەڵاتدا، کە سبەینێ – لە کێبەرکێی دەسەڵاتی دین لە بەڕێوەبەری و ناتەبایی لەگەڵ مۆدێڕنیزمدا-دێتە ئاراوە، بەرهەمەکانی شەریعەتی دەتوانن باشترین سەرچاوە بن و ئەو لەو رەهەندەدا، هەوڵی بەرچاوی دا.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه