وهرگێڕان له ئینگلیسییهوه: کەماڵ حەسەنپوور
لانیکهم دوو تا سێ جار یاخییبووە حوسییەکانی یەمەن، کە ئێران پشتیوانیانە، بە موشەک هێرشیان کردۆتە سەر پاپۆڕی جەنگی “یو ئێس ئێس نیمیتس” لە نزیک “باب ئهلمەندەب”؛ یەکێک لە مەترسیدارترین وێستگەکانی کۆنترۆلی دەریایی جیهان. “یو ئێس ئێس سان ئانتۆنیۆش” هەروەها هێرشی کراوەتە سەر. پاش دووهەمین رووداو، یو ئێس ئێس نیتز بە موشەکی تۆماهاک تەقەی لە سێ پێگەی راداری کەنار دەریا کرد. پێنتاگۆن ناوی [عەمەلیاتەکەی] نا “هێرشی سنوورداری داکۆکی لە خۆ”؛ زۆرتر وەک کردەوەیەکی سەمبۆلیک، نەک وەک هەنگاوێک بۆ سزادانی بەرپرسیارەکان.
وێدەچێ کە کۆشکی سپی، وەزارەتی کاروباری دەرەوە و پێنتاگۆن بێمەیل بن کە ئێران تاوانبار بکەن کە پلاندانەری ئەو هێرشانەیە. ئەوە سەرهڕای ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەی کە نیشان دەدا کە ئێران بەرپرسی دابین کردنی موشەکی دژە پاپۆڕ بۆ حوسییەکانی یەمەن و راهێنانی ئەوان بۆ بەکارهێنانیانە. لە کاتێکدا کە یەمەن هەمیشە پڕ بووە لە چەکوچۆڵ، موشەکی دژە پاپۆڕ زۆر دەگمەن دەوری هەبووە لە ناکۆکییە تایفییەکان لە بیابان و کێوەکانی ئەوێ.
کەوابوو پرسیارەکە نەک هەر ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چۆن بەڵکوو لە کێ تۆڵە بستێنێتەوە؟ ئاخۆ رۆژێک یا دوو رۆژ چاوەڕێبوون، پێش ئەنگاوتنی راداری حوسییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر پێش بە دووپات بوونەوەی رووداوی نوێ دەگرێ؟ لەجیاتان، ئاخۆ باشترین رێگا بۆ ئاشتی و پێشگرتن بە بازنەی توندوتیژیی راگرتنی روومەتەکەیترە؟
لێرە، مێژوو پێمان دەڵێ:
لە ١٩٩٣، تێرۆریستانی ئیسلامی بە رێبەریی شێخی کوێر عومەر عەبدولرەحمان ناوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیویۆرکیان تەقاندەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان وەڵامی نەدایەوە. ئەوسا ئەلقاعیدە هێرشی کردە سەر دوو باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی ئهفریقا. بەڕێوەبەرایەتیی کلینتۆن بە لێدانی موشەکی کروز لە کارخانەیەکی دەرمانسازیی سودانی کە دەوترا گازی عەسەبی VX بەرهەم دەهێنێ و بنکەی سەرەکیی وەزارەتی سیخوڕیی تالیبان لە کابول، وەڵامی دانەوە. ئەو هێرشانە هەروەک ئەوەی دژی راداری حوسییەکان زۆرتر سەمبۆلیک بوون تا کاریگەر. لە ساڵی ٢٠٠٠، ئەلقاعیدە هێرشی کردە سەر پاپۆڕی “یوئێس ئێس کۆل” لە عەدەن، ئەو شوێنەی کە پاپۆڕەکە بۆ بارگیریی سوتەمەنیی وێستابوو، کە ئەویش بەشیک لە مامەڵەی وەزیری کاروباری دەرەوە مادێلێن ئۆلبرایت بۆ دانی پارە بە ئابووریی یەمەن بوو. بەڕێوەبەرایەتیی کلینتۆن وەڵامی ئەو تەقاندنەوەی نەدایەوە، بەڵام سەرهڕای ئەوە ئەلقاعیدە ساڵی دواتر هێرشی کردە سەر نیویۆرک و واشینگتۆن. لەوانەیە بیرۆکەی راگرتنی روومەتەکەیتر بۆ سیاسەتوانانی ئهمریکایی شتێکی پێشکەوتووانە بێ، بەڵام بۆ دژبەرانی ئهمریکا ئەوە نیشانەی لاوازییە و دەبێ کەڵکی لی وەرگیرێ.
ویلایەتە یەکگرتووەکان مێژوویەکەی پڕ موشکیلەی بەرپەرچدانەوەی تێوەگلانی ئێران لە کوشتنی ئەمریکاییاندا هەیە. ئێرانییەکان هیچکات نرخی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئهمریکا لە ١٩٧٩ (و درێژەدانی داگیرکردنی بنکەکەیان) نەدا، هەروەک ویلایەتە یەکگرتووەکان تۆڵەی رۆڵی راستەوخۆی ئێران لە تەقاندنەوەی بۆمب لە پێگەی دەریاوانان لە ١٩٨٣ نەکردەوە. لە ١٩٩٦ سوپای پاسداران پلاندانەری هێرش بۆ سەر بنکەی هێزی ئاسمانی ئهمریکا لە “خوبار”ی عەرەبستانی سعودی بوو. لێکۆڵینەویەکی ئێف بی ئای ئاشکرای کرد کە تاران بەرپرس بووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کلینتۆن پێشی بە هەر شێوە تۆڵەکردنەوە گرت کاتێک کە سەرکۆماری ئێران موحەممەد خاتەمی باسی “وتووێژی شارستانییەکانی” هێنایە گۆڕێ. ئێران هیچکات نرخی بە قاچاغ بردنی تەقەمەنی بۆ میلیشیاکانی لە ئێراق، کە بوو بە هۆی کوژرانی سەدان ئهمریکایی، نەدا. هەر لەو دواییانەدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما خۆی لە بەرپەرچدانەوەی پلانی سوپای قودس بۆ کوشتنی باڵوێزی عەرەبستانی سعودی لە ناوەندی واشینگتۆن دی سی بوارد.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریکا تەنیا یەک جار بە شێوەی سەربازی وەڵامی ئێرانی داوەتەوە: لە ١٩٨٨، پاش ئەوەی کە مینێکی دەریایی پاپۆڕێکی ئهمریکایی کردە ئامانج، سەرکۆمار رێیگان فەرمانی بە هێزەکانی ئهمریکایی دا تا لە توێی عەمەلیاتی سیسرک تۆڵەی ئەو کارە بە هێرش بۆ سەر پلاتفۆرمێکی نەوتی بکەنەوە. هێزەکانی ئهمریکا ئیرانییەکانی لە بەڕیوەبوونی هێرشەکە ئاگادار کردەوە تا رێژەی قوربانییان بە کەمترین بگەیەنێ. لەجیاتی چۆڵ کردنی پلاتفۆرمەکە، سوپای ئێران شەڕی کرد. ئاکامەکەی شکستی بێ ئەملا و ئەولا [ی ئێران] بوو. ئێران بۆ ماوەی چەندین ساڵان خۆی لە ورووژاندن بە دژی ئامانجەکانی ئهمریکایی بوارد و بە دڵنیاییەوە پانتایی عەمەلییاتی بەرینی بۆ ماوەی دە ساڵ بە هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەخشی.
با بگەڕێینەوە بۆ کاتی ئێستا: راگرتنی روومەتەکەیتر، جا چ بۆ جەنگاوەرانی ئیسلامی بێ یا بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتی، ئاشتی لەگەڵ خۆی ناهێنێ. هەندێ جار، باشترین رێگا بەرەوە ئاشتی ئەوەیە کە بە پلاندارێژەرانی تێرۆر بسەلمێنی کە ئەوان بەرپرسیارن و نرخی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئهمریکایی زۆر لەوە قورسترە کە ئەوان بتوانن لە ژێری بێنە دەر. عەمەلیاتی سیسرکی ٢ لەوانەیە بە زوویی ببێتە شتیک کە نەکرێ خۆی لی لادەی.
* ئاماژە بە وتەی عیسای مەسیحە کە وتوویەتی ئەگەر کەسێک زلـلەیەکی لێدان تۆڵەی لێ مەکەنەوە بەڵکو روومەتەکەی تریشی بۆ راگرن.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه