رۆژی ٢٠ی نۆڤامبری هەموو سالێک رۆژی جیهانیی پەسەندکرانی کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵانە، هاتنەوەی ئەو رۆژەش وەک بۆنەیەک دەکەینە بیانوو بۆ ئاوڕدانەوە لە پرس و دۆخی منداڵان لە ئێراندا.
لە پێوەندی لەگەڵ منداڵان و مافەکانیان گەلێ پەیماننامە و بەڵگەی حقوقی پەسند کراوە کە کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵان، پەسەندکراوی ساڵی ١٩٨٩ی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرینگترین و فرەڕەهەندترینی ئەو بەڵگەنامانەیە.
ئامانجی ئەو کۆنڤانسیۆنە دروستکردنی دنیا و ژیانێکی باشتر بۆ منداڵان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی مافەکانی و یارمەتیدان بە گەشە و هەڵدانی لە بواری جەستەیی، دەروونی و عاتفییە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران 5 ساڵ دوای پەسەندکرانی ئەو کۆنڤانسیۆنە لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاویدا قامکی پێوەنا و چووە ڕیزی ئەو وڵاتانەی بە ئیمزاکردنی بەڵێنیان دا ئەو مافانە بۆ منداڵانی وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قانوون و پڕەنسیپانە گۆڕانکاری لە قانوونە گشتییەکانی وڵاتدا پێکبێنن، بابەتێک کە نەک 22 ساڵە خۆی لێ دزیوەتەوە، بگرە قانوونی زۆر ناسەردەمیانەی دیکەشی لە دژی منداڵان و مافەکانیان لە ئێراندا پەسند کردوە.
بەپێی قانوونەکانی ئێران سزای کوشتنی بە ئانقەستی کەسێک “قەساس”ە، واتە کردوەی بەرامبەر و وەک یەک؛ بەڵام منداڵ ئەگەر بە دەستی باوکی، یان باپیرەی بکوژرێ ئەو قانوونەی نایگرێتەوە. ئەوە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی لە قانووندا منداڵ ون و نادیار بێ.
هەر بەپێی قانوونەکانی ئێران ئەو منداڵانەی لە دایکێکی ئێرانی بەڵام لە باوکێکی نائێرانی لەدایک دەبن، پێناسیان نادرێتەوە و بە قانوون لە سەرەتاییترین مافی شوناسی خۆیان بێبەش دەکرێن.
هەڵاواردنی رەگەزی سێهەمی بەردی بناغەی پێشێلکردنی مافی منداڵان لە قانوونەکانی ئێران دایە. خۆ ئەگەرچی ئێران دەبوا تەمەنی گەیشتن بە بەپرسایەتیی قانوونی بۆ منداڵانی ١٨ ساڵی هەتاوی و بەپێی پەسندکراوەکانی کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵان ڕێکخستبا، بەڵام نەک ئەوەی نەکردوە بەڵکوو بۆ کچانی 9 ساڵی مانگی (قمری) و بۆ کوڕان ١٥ ساڵی مانگی داناوە، واتە سزای تاوانێک کە کچێکی تەمەن ٨ ساڵ کردبێتی هەر ئەو سزایەیە کە لە پیاوێکی تەمەن ٥٠ رووبدا.
بێبەشکردنی زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئێران لە خوێندن بە زمانی زگماکی، بارهێنانی منداڵان لە سەر بنەمای ئیدۆلۆژیی ئیسلامیی شیعە (بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نیزیک بە نیوەی خەڵکی ئێران پێڕەوی ئایینزای شیعە نین)، تێوەگلاندنی منداڵان لە سیاسەت لە پێناو پاراستنی رێژیم بەهۆی ڕێگەپێدان بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ پڕۆژە فێرکارییەکانیان لە سەر منداڵان لە قوتابخانە و خوێندنگەکان و توند و تیژی دژی منداڵان، چەند بوارێکی دیکەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی منداڵانە لە ئێران کە لەلایەن دەوڵەت و دەزگا حکومەتییەکانەوە لە دژیان دەکرێ.
باسکردن لە بارودۆخی نالەباری منداڵان لە ئێران چەندی لەسەری بگوترێ هێشتا کەمە، هەر لە پێوەندی لەگەڵ خوێندندا، ساڵی نوێی خوێندن بۆ منداڵان ئەمساڵ لە حاڵێکدا لە ٨٥ هەزار و ٤٥٥ قوتابخانە دەستی پێکرد کە 26 هەزار و ٦١٠ قوتابخانەیان هەر بۆ ئەوە نابن تێیدا دابنیشی و ٣٢ هەزار قوتابخانەش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە [ ایسنا، 29ی خەرمانان]. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا عەباس عەباسپوور، سەرۆکی ستادی نوێژی وەزارەتی خوێندن و پەروەردە دەڵێ ئەمساڵ 6 میلیارد تمەنیان بۆ پەرەپێدان بە بەرنامەکانی نوێژپێکردن بە منداڵان لە قوتابخانەکان تەرخان کردوە. [ هەواڵدەریی مێهر، 7ی ڕەزبەر]
کاریگەریی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بێکاری و هەژاری وایکردوە کە بە نیزیک بە یەک میلیۆن منداڵ چ بە دڵخواز یان لە رووی ناچاری وەبەرکار بنرێن، ئەویش لە کاتێکدا کە هیچ چاوەدێرییەکی قانوونی بەسەر کارکردنی ئەو منداڵانەدا ناکرێ و بەشی هەرە زۆریان مەترسیی توشبوون بە ماددەی هۆشبەر و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیان لەسەرە.
بارودۆخی دڵتهزێنو ژیانی سهخت و تاقهتپڕووکێنی منداڵان لەمێژە زۆر کهسی وهدهنگ هێناوه، بهڵام ئهو وەدەنگ هاتنەوەش شوێنیان له سهر ژیانیان، لهسهر بارودۆخی گوزهرانیان دانهناوه، چونکی له بیر کراون، چونکی له بازنهی بیرکردنهوه و تێفکرینی بهڕێوهبهرانی ئهو وڵاتهدا نین.
فاتمه دانیشوهر، بهرپرسی رێکخراوی «مهرآفرین» له رۆژی جیهانیی منداڵانی ساڵی ڕابردوودا که منداڵانی کار له ئێران لهو رۆژهش ههر بێبهشن، گوتی که له بهرنامهی پێنجهمی گهشه و پهرهپێداندا ١٧ جار باسی ئاوهڕۆی پیس کراوه، بهڵام تاقه یهک جار باس له “منداڵ”و وشهی منداڵ لهو بهرنامهیهدا نەکراوە.
خۆ لەوە بترازێ بارودۆخی منداڵانی کورد لە کوردستان لەچاو منداڵانی دیکەی ئێران گەلێ ناخۆشترە.
بێکاری، هەژاری، لەدواکەوتووییداڕاگیرانی کوردستان کە بەرهەمی روانگەی ئەمنیەتیی دەسەڵات لە کوردستانە، کاریگەریی سلبی و چەند قات زیاتریان لەسەر منداڵان لە کوردستان داناوە. خەسارەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر لە ئێران وەک یەکن، کاریگەرییەکانیان لە کوردستان بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنیەتییە لەسەر منداڵان زیاترن؛ بەو واتایە ژمارەی منداڵانی کار زیاترە، بەڵام ئیمکاناتی پەروەردە و خۆشبژیوی بۆ مندالان لە کوردستان کەمترە. لەوە بترازێ ئێستاش تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان مەترسییە لەسەر ژیانی هەزاران منداڵ لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، کە ساڵ نییە ژمارەیەک لەوان بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست نەدەن یان نقوستان نەبن.
بە گشتی دۆخی منداڵان لە ئێران چ لە ڕووی ماف و چ لە ڕووی پەروەردە و دابینبوونی کۆمەڵایەتییەوە دەرخەری ئەو راستییەن کە منداڵان جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان نەدراوەتێ و کلتووری کۆمەڵگه و سیاسەتی حاکمییەت وایکردوە کە ئەوان لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش بن.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه