(وڵامێک بۆ بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی)
لە تۆیی لێدوانێکی کورتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی، جیگری سکرتێری حدکا سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان چەند نوکتەیەک باس دەکات کە بە پێویستم زانێ بۆچوونی خۆمیان لە سەر باس بکەم.
یەکەم ئەوەیکە کاک حەسەن دەفەرموێ کە گوایە “لە زمان کەسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک خالید عەزیزییەوە کۆمەڵە هەڵوێست و بۆچوونێک دەربڕدراون کە لە گەڵ موبارزەی “جیدی”ی حدکا بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران یەک ناگرنەوە!
پێش ئەوەی باسی بۆچوون و هەڵوێستەکانی کاک خالید بکەم کە بێگومان هەمان بۆچوون و بیرکردنەوەو سیاسەتی رەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، دەمهەوێ وەبیر بەڕێز شەرەفی بێنمەوە کە ئەم موبارزە “جیدی”یەی کە بەڕێزیان باسی دەکات، ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە دەستی پێکردو لەم پێوەندییەشداو لە نزیک بە دە ساڵی رابردوودا بە دەیان کەس لە رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی لەم پێناوەدا گیانیان فیداکرد کە، دڵنیام کاک حەسەن زۆربەی زۆریانی لە نزیکەوە دەناسی و دیبوونی. ئەم موبارزە “جیدی”یەی کە بەڕێزیان باسی دەکات تا ئێستایش لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەر درێژەی هەیەو، گیانبەختکردنی شەهیدان؛ ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی لە هاوینی ئەم ساڵدا سەلمێنەری ئەم راستییەن.
هەرچەند بە پێچەوانەی بۆچوونی بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی، حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنیا ئەم شێوە موبارەزە کە جەنابیان بە “جیدی” ناودەبات، بە جیدی نازانێت و پێی وایە بردنە پێشی سەرجەم بوارو رەهەندەکانی خەبات بە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جیدی و شوێندانەرو پێویستن.
بەڵام سەبارەت بە بۆچوون و هەڵوێستەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک خالید عەزیزی کە کاک حەسەن بە کۆسپی بەردەم بەرەپێشچوونی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانیان ناو دەبات، دەمهەوێ بڵێم ئەوەیش شتێک نیە جیا لە بیانوو هێنانەوەیەکی نامەنتقی کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ جەوهەرو ماهییەتی حیزبی دێموکرات یەک ناگرێتەوە. زۆر جار ئەوە باس کراوەو ئێستایشی دەڵێینەوە؛ ئەو بۆچوون و هەڵوێست و روانینانەی کە لە ماوەی سکرتێری کاک خالید عەزیزیدا لە زمان بەڕێزیانەوە باس کراوەو هاتۆتە گۆڕێ، زۆربەی نزیک بە تەواویان، سیاسەت و هەڵوێستی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتن و حیزبی دێموکرات و کاراکتەری رێبەرانی ئەم حیزبە لە رابردوودا هەر بەم خوێندنەوەو سیاسەتانەوە دەناسرێنەوەو پیناسە کراون. ئەوەی لەم پێوەندییەدا دەکرێ بە نیسبەت کاک خالیدەوە باس بکرێ ئەوەیە کە، کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە بەڕێزیان لەو ماوەیەدا توانیویانە هەموو ئەو خوێندنەوانەی حیزبی دێموکرات بۆجارێکی دیکە و بە ئەدەبیاتێکی تازەتر و ئەمرۆیی، بەرۆژ بکەنەوە، کە هەموو لایەکیش دەزانن کە کاک خالید لەوەدا زۆر باش و [جذاب] دەرکەوت.
لێرەدا باس کردن لە چەند نموونەیەک لە هەڵوێست و خوێندنەوە تاریخییەکانی حیزب کە کاک خالید تەنیا بە زمان و خوێندنەوەیەکی تازەترەوە باسی لێ کردوون و، بێگومان بۆ کاک حەسەن شەرەفیش دەتوانێ ئادرەسێکی ئاشنا بێت، بە پێویست دەزانم؛
باوەڕمەندبوون بە پرسی “وتوێژ لە گەڵ رێژیم” و “کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان”(وەک نموونە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکان)، ئەو دوو پڕنسیپە کاری و سیاسیە لە مێژینەی حیزبی دێموکراتن کە هەموومان و لەوانەیە بەڕێز کاک حەسەن زیاتریش شاهیدی بدات کە نە تازەن و نە باس لێکردنیان کفر و بڤە بووە. ماهییەتی “ئاشتیخوازانە بوون”ی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، جەوهەری باوەڕمەندیی ئەم حیزبەیە بە چارەسەریی پرسی کورد لە رێگای وتوێژو و دانووستان، کە بەداخەوە بۆ حیزبی ئێمە لە رووی هەزینەیشەوە بیرەوەری تاڵی لە پشتە(شەهیدبوونی شەهید دوکتور قاسملوو لە سەر مێزی وتوێژ).
روویکەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە مێژووی تێکۆشانی ئەم حیزبەدا زۆرجار بە درووستی خوێندنەوەو هەڵوێستی ئەم حیزبەی لە هێندێک قۆناغ دا بۆ بەشداری و کایەکردنێکی رێگەپێدراو و رەوا، بیچم پێداوە. بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی مەجلسی خیبرەگان و دەنگهێنانەوەی خودی دوکتور قاسملووی شەهید و هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پارلمانی ئێران، دوو نموونەی هەرە نزیک و ئاشکران لەم پێوەندییەدا.
کەوابوو ئەوانەی ئاشنا بە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانن زۆر باش دەزانن کە ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک هەڵوێست و سیاسەت و خوێندەوە لە زمان خالید عەزیزییەوە باس کراون، نەتەنیا هیچ جیاوازییەکیان لە گەڵ ماهییەت و جەوهەری خوێندنەوەو سیاسەتە مێژووییەکانی ئەم حیزبە نیە، بەڵکوو دەرک بەوە دەکرێ و خەڵک ئەو پەیامەیشی وەرگرتووە کە کاک خالید زۆر لێهاتووانە بە زمانێکی ئەمڕۆییانە و خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە بەرگێکی نوێ بەسەردا کردوون و لە راستیدا رێگەی بە ونبوون و فەرامۆشکردنیان نەداوە.
لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم بە بەردەنگ دانانی تەواوی خوازیارانی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بڵێین کە، چووکەکردنەوەی حیزبی دێموکرات بە خوێندنەوەیەکی تەکرەهەندی بۆ خەبات و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ رێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، نەتەنیا بە قازانجی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نابێت، بەڵکوو غەدرێکی گەورەو گرانیش دەبێت لە ماهییەت و رەسالەتی ئەم حیزبە.
ئێمە ئەو کاتە دەتوانین حیزبێکی یەکگرتووی بەهێزی خاوەن پێگەی جەماوەریمان هەبێ کە، باوەڕمەند بە خەباتێکی فرەجەشن بین و لەنێو ئەم حیزبەدا رێز لە بۆچوونە جیاوازەکان بگرین. حیزبی دێموکرات ئەو زەرفییەتە گەورەی تێدایە کە بتوانێ بەکەڵک وەرگرتن لە هەموو پتانسێلە جیاوازەکان، بە بیروبۆچوونی جیاوازەوە سیاسەتی گەورە بەڕێوەبەرێت. رێبەرییەک دەتوانێ کەڵک لەم زەرفییەتە گەورەیەو، ئەم پتانسێلە بەهێزانەو، ئەم بۆچوونە دەوڵەمەندانە وەربگرێت، کە قودرەتی مودیرییەتی هەمووانی پێکەوە هەبێت.