وەرگێڕان: تەهای رەحیمی
بەبێ ئامرازی بەهێزی میدیایی و راگەیاندن کە بەجۆرێک لە جۆران کۆنترۆڵی چالاکییەکانی کۆمەڵگە دەکەن، وڵات ناتوانێ ژیانی دروست و بێ گرێوگۆڵی خۆی درێژە پێ بدا. پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتە سەرەڕۆ و ئایدیۆلۆژیستەکان کە دەست دەخەنە هەموو یاسا و رێساکان و ئایدیۆلۆژی وەک ئامراز و خەڵک وەک کۆیلە بۆ مانی سیاسیی خۆیان بە کار دێنن، ژیانی میدیا و راگەیەنەکان و سڵامەتی ئاشکراکردن و لەقاودرانی زانیارییەکانیش دەکەونە بەر مەترسی و دەتوانین بڵێین راگەیەنەکان لەو چەشنە حکوومەتانەدا یەکێک لە سەرەتاییترین ئامانجەکانن کە حکوومەتەکان هەوڵی لەباربردن و دەستەمۆکردنیان دەدەن.
لە ئێرانیشدا ئەو دەستەمۆکردنە بەهۆی نەبوونی پارت و لایەنی ئازاد و رێکخراوە کۆنتڕۆڵکەرەکان خێرا گوڕێکی توندوتیژ بەخۆوە دەگرن و لە قۆناخە جۆراوجۆرە مێژووییەکانی ئەو وڵاتەدا، ئێمە بینەری داخرانی رۆژنامەکان و دەسبەسەرکران و کوژرانی رۆژنامەنووسە چالاک و داکۆکیکارانی ماڤی مرۆڤین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە دوو ماددەدا لە بەشی سێیەمی قانوونی راگەیاندنی ئێراندا روون کراوەتەوە “لە ئێراندا راگەیەنەکان دەتوانن بیروبۆچوون، رەخنەی بنیاتنەر، پێشنیار، شیکردنەوەکانی خەڵک و بەرپرسان بە لەبەر چاوگرتنی چوارچێوەی رێساکانی ئیسلام و بەرژەوەندیی کۆمەڵگە بڵاو بکەنەوە و بیخەنە بەر دید و رای گشتی و، هەروەها هیچ پلەدارێکی دەوڵەت و لە دەرەوەی دەوڵەتیش مافی ئەوەی نیە بۆ چاپی بابەت و یان وتارێک گوشار بخاتە سەر میدیاکان یان ئەوەی بیەوێ سانسۆڕ و کۆنتڕۆڵی راگەیەنەکان بکا”
رەوشی میدیا لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە هەواڵنێر و سینەما و کتێب و زانکۆکانەوە بگرە هەتا دامودەزگە پێوەندیدارە جیاوازەکانی دیکەوە زۆر کارەساتبارە.
بەگوێرەی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵییە دەرەکییەکان، ئێران لە نێو ١٧٩ وڵاتی جیهاندا، خوارتر لە ئۆزبەکستان، سوماڵی و گینەی ئوستوایی، دەکەوێتە پلەی ١٦٩ەوە.
هەواڵنێرانی بێسنوور هەروەها دەڵێن سەرەڕای باشبوونی رێژەیی پێوەندییە دەرەکییەکانی ئێران، ئەو وڵاتە هێشتاش “یەکێکە لە سەرکوتکەرترین وڵاتانی بواری ئازادی راگەیاندن”. لە راپۆرتی سالی رابردوودا، ئێران کەوتبووە پلەی ١٧١ەوە کە ئەمساڵ دوو پلە بەرزتر بۆتەوە.
راپۆرتی ئیسنا بەبێ ئاماژە بە پلەی ئێران
رەوشی ئازادی راگەیاندن خراپتر بووە
ئیسنا لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا و، بەبێ هێنانی ناوی ئێران دەنووسێ: رەوشی ئازادی راگەیاندن و میدیاکان لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠١٥ خراپتر بووە. چین، سووریە، تورکەمەنستان، کورەی باکوور و ئێریتێرە لە پلەبەندی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنووردا، لە نێو ١٨٠ وڵاتدا، دەکەونە دوایین پلەکانەوە.
“کاتێک باسی پارەی نەوت یان پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگە دەکرێ و رەخنە لە دەوڵەت دەگیرێ، تۆمەتی سیخۆری و پیلانگێڕی بۆ رۆژنامەنووسان هەڵدەبەسترێ. هێزە ئەمنییەتییەکان، چ ئەوانەی لە بەشی میدیا و چ ئەوانەی لە دادگادا کار دەکەن، هەر بەپێی ئەو تۆمەتانە رۆژنامەنووسە سەربەخۆکان دەسبەر و زیندانی دەکەن و بە سەرکوتکردن لە ئاستەکانی خوارووی کۆمەڵگەدا بە چەشنێک درێژە بە شەڕی دەسەڵات لە ئاستەکانی سەروو دەدەن.”
لە لایەکی دیکەوە حەسەن روحانی لە رۆژی میدیادا وتبووی: “قەڵەمی شکاو و زاری بەستراو چی پێدەکرێ؟ بە بیانووی پڕوپووچەوە قەڵەمەکان نەشکێنین، بە بیانووی سووک و بیبایەخەوە زارەکان گرێ نەدەین. لێگەڕێین ئەو کۆمەڵگەیە ئازادی هەبێ و لێگەڕێین ئازادیش بەرپرسانە بێ. ئەمڕۆ تەناهی و ئەمنییەت سەرەکیترین شتە بۆ ئێمە، بەڵام پێتان وانەبێ تەنیا بە چەک تەناهی بەدی دێ و، یان دەپارێزرێ، دیارە لە جێی خۆیدا چەکیش پێویستە. بەڵام قەلەم چی؟ بەڵام رادەربڕین چی؟ بەڵام فەرهەنگ؟”
لە لایەکی دیکەشەوە لاریجانی ئاشکرا ئاماژە بە روحانی دەکا و دەڵێ: “برای بەڕێز تۆ، بۆخۆت زارەکی و بەنووسین و لە رێگەی خەڵکی دیکەوە یان راستەوخۆ چەندین جارتان وتوە بۆ فڵانە رۆژنامەنووس یان فڵانە سایت وشیار ناکەنەوە، یان لای رێبەری گلەیی دەکەن بۆچی دەزگەی دادوەری فڵانە رۆژنامەی وریا نەکردۆتەوە.
بەڵام کاتێ دەگەنە لای خەڵکی رۆژنامەنووس و میدیاکار، دەنگ بۆ ئازادی میدیاکان هەڵدەبڕن و دەڵێن قەڵەمەکان مەشکێنن و زارەکان مەبەستن!”
ئەوە لێدوانە دووڕوویانانەی رێبەرانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران نیشاندەری ناکارامەیی و پاکانەکردنی ئەوانە لە کۆڕ و کۆمەڵە گشتییەکاندا.
سەرەڕای ئەوەی روحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دا بە خەڵک کە من سەرهەنگ نیم، بەڵکوو مافناسم، بەڵام بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاترین ئامار و رێژەی ئیعدام و گرتنی هەواڵنێران و باشنەبوونی میدیاکان لە سەردەمی سەرکۆماری روحانیدا رووی داوە.
ئەوانەی دەڵێن ئازادی رادەربڕین ئاستی تەناهی نەتەوەیی دادەبەزێنێ، هیچ وا نیە. هەر کاتێ بینەری “بەهاری تاران” بوووین، دیتوومانە سەرپێچی و گەندەڵی ئابووری و… کەم بۆتەوە، بەڵام هەر کاتێ کەشی میدیاکان، هەوایەکی تاڵ دایدەگرێ، گەندەڵیش پەرە دەگرێ.
بەناوبانگە که دەڵێن: “ئەزموونی مرۆیی نیشانی داوە کە چەمکی ئازادی سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بەگوێرەی دۆخی دژبەران و رەخنەگرانەوە پێناسە دەکرێ. بە چەشنێک دەتوانین بڵێین ئازادی واتا ئازادیی دژبەران”.
بەپێی ئەو تێگەیشتنە، پرسیارێک لای هەموومان سەرهەڵدەدا کە “ئازادیی راگەیاندن” لە کۆمەڵگەی هەنووکەیی ئێمەدا چ بارودۆخێکی هەیە؟ کە هەمان ئەو پرسیارەیە نووسەری ئەو وتارە خۆی لە وڵامەکەی دەپارێزێ!
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه