هەواڵی دەست لە کارکێشانەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەم لە دەرەوەی حیزب بووە بە جێگای سەرنج و هەوێنی لێکدانەوەی جیاواز، هەم لە نێوخۆی حیزبدا، ریزەکان و ئاستە جۆراوجۆرەکانی حیزبی بە خۆوە خەریک کردوە. ئەم بایەخپێدرانە، لە چەند راستییەوە سەرچاوە دەگرن:
١- حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە نێو بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا حیزبێکی خاوەن رۆڵ و پێگەیە و، هەر ئالوگۆڕێکی گرینگ لە لوتکەی رێبەریی ئەم حیزبەدا دەتوانێ لەسەر تێکۆشانی حیزب شوێنەواری ئەرێنی یا نەرێنی دابنێ.
٢- کاک خالید عەزیزی لە ماوەی دوو دەورە وەرگرتنی پۆستی سکرتێریی ئەم حیزبەدا توانیوێتی بە پێداگری لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر پشتگوێخراو بوون یا بە کەمی قسەیان لێوەدەکرا، خوێندنەوەیەکی تا رادەیەک نوێ بخاتە سەر خوێندنەوە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و، بەم جۆرە سەرنجی کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و بیرورای گشتیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لای ئەم حیزبە رابکێشێ.
٣- ئاڵوگۆڕی سکرتێری گشتی لە زۆر لە حیزبە کوردییەکاندا، هەتا ئێستاش نەبووە بە رووداوێکی ئاسایی و جێگۆڕکیی کەسی یەکەم لە حیزبە کوردییەکان، لە زۆربەی نموونەکاندا بێ تێچووی سیاسی و نێورێکخراوەیی زیانبار، جێبەجێ نەبووە.
ئێستا کە رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرەوڕووی تاقیکردنەوەی جێگۆڕکێی کەسی یەکەم بۆتەوه و دەبێ لە چهند مانگی داهاتوودا، ئەم پڕۆسەیە بگەیەنێتە ئەنجام، جێی خۆیەتی لە لایەکەوە ئەزموونەکانی مێژووی حیزب لە جێگۆڕکێی کەسی یەکەمدا وەبیر بێنێتەوە و لە خاڵە ئەرێنی و بە هێزەکانیان لە پێناوی یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی حیزب سوود وەربگرێ، لە لایەکی دیکەوە پێویستە پڕۆسەکە بە جۆرێک جێبەجێ بکا کە جێگۆڕکێی کەسی یەکەم نەک هەر رەوت و ریتمی تێکۆشانی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، تووشی دابەزین و خاوبوونەوە نەکا، بەڵکوو ببێ بە سەرچاوەی گەشەی و خێرایی تێکۆشان و چالاکییەکان و بەرەوژوور چوونی پتری ئیعتیباری سیاسی و ریکخراوەیی ئەم حیزبە.
لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا، بە شیوەیەکی گشتی دوو جۆرە دەستاودەست کردنی بەرپرسایەتی و پۆستی کەسی یەکەممان هەبووە. ١-ئەو کاتەی سکرتێری گشتیی حیزب شەهید کراوە، 2- ئەو کاتەی سکرتێری گشتی لە ژیان دابووە و بە هۆکارێکی نێوخۆیی(بوونی ئەسلێک لە پێڕەوی نێوخۆدا کە ریگر بووە لەوەی کەسێک دوو جار بە دوای یەکدا ببێتەوە بە سکرتێری گشتی، یا زۆرایەتیی کۆمیتەی ناوەندی و زۆرایەتیی بەدەنەی حیزب کەسێکی نوێی هێناوەتە جێگای کەسی پێشوو).
لە حاڵەتی یەکەمدا، بەو هۆیەوە کە هۆکارێکی دەرەکی و زەبر و پیلانی دوژمن، کەسی یەکەمی لە حیزب ستاندوە، ئامانجی سەرەکی و هەرە گرنگ بۆ ریبەری و تێکڕای حیزب، بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکه و پووچەڵکردنەوەی خەون و ئاواتی دوژمن، بووە. بە دوای شەهید بوونی د.قاسملوو و د.شەڕەفکەندیدا، پڕۆسەی جێگرکردنی کەسێکی دیکە لە پۆستی یەکەمی حیزبدا، بێ کەمترین سەرئێشە بەڕێوە چوو. بەو هۆیەوە کە هەموو هۆش و سەرنج و گرینگی پێدانی تێکۆشەرانی حیزب، لە بەردەوامراگرتنی تێکۆشان و ناهومیدکردنی کۆماری ئیسلامیدا چڕ ببووەوە، شەپۆلێک لە هەستکردن بە بەرپرسایەتی و خۆ ماندوو کردنی زیاتر، سەرتاپای حیزبی دێموکراتی گرتبۆوە. بە جۆرێک کە حیزب لەو ساڵەدا کە تێرۆری سکرتێری گشتیی تێدا بەڕێوە چووە و تەنانەت لە ساڵانی دواتریشدا، لە رووی چالاکی و تێکۆشانەوە نوشوستی و سستیەکی پێوە دیار نەبوو. بەڵام لە حاڵەتی دووهەمدا، ململانێی نێوخۆیی سەری هەڵداوه و حیزب بە سەر لایەنگرانی سکرتێری پێشوو یا کاندیدای نوێ بۆ ئەم پۆستەدا، دابەش بووە. زۆر جار ئەو ململانێیە هەر لە دەوروبەری کۆنگرەدا قەتیس نەماوەتەوە و بە هەموو ئاستەکانی حیزبدا شۆڕ بووەتەوه و جیناحبەندییەکی درێژخایەن و نەهادینەبووی لێ کەوتووەتەوە. سەرقاڵ بوون بەو ململانێیە نێوخۆییە، زۆر زیانی بۆ حیزبەکە لە تەواوەتیی خۆیدا، بە دواوە بووە کە کەمڕەنگبوونەوەی تێکۆشان بە دژی کۆماری ئیسلامی و دابەزینی ئاستی تەبایی و یەکڕیزیی نێوحیزب هەتا پلەی نیزیک بە سیفر و سەرئەنجام لێکترازانی یەکیەتیی حیزب، گرنگترینیان بوون.
حاڵەتێک کە ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرەوڕووی بووەتەوە، تاڕادەیەکی زۆر لە حاڵەتەکانی پێشوو جیاوازە. کەسی یەکەمی ئێستای حیزب، بە خۆشیەوە لە ژیاندایه و دوژمن یا هەر رووداوێکی نەخوازراوی دیکە لە مەیدان وەدەری نەناوە. بەڕێز عەزیزی، هەر وەک بە رەسمییش رای گەیاندوە بە ویستی خۆی و بێ ئەوەی لە نێو حیزبدا، کەس موخالیفی سکرتێریی ئەو بێ، دەیەوێ لەم پۆستە بکشێتەوە. ئەو، لە رێبەریی حیزبیشدا هەردەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هاوکار و پشتیوانی بەدیلی خۆی و کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بێ لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەدا کە دەکەونە سەرشانیان. دیارە، ئەگەر پێداگریی زۆری زۆرایەتیی بەشدارانی کۆنگرەی16 لەسەر مانەوەی ناوبراو لە پۆستی سکرتێریدا نەببا بە رێگر، کاک خالید عەزیزی، وەک پابەندییەک بە پێڕەوی نێوخۆ، دەیەویست لە کۆنگرەدا، لە پۆستی کەسی یەکەمی حیزب بکشێتەوە، بەڵام ئەوکات هیچ رێگایەک بێجگە لە قبووڵکردنی ئەم پۆستەی لە بەر دەمدا نەمابۆوە. بەم پێیە ئەم نموونەیەی ئێستا دەکەوێتە خانەی حاڵەتی دووهەمی دەستاودەست کردنی پۆستی سکرتێری لە مێژووی حیزبدا، بەو جیاوازییە کە ئەو ململانێیە گشتگیرەی لە پێشوودا دەبووە هۆی هاتنی یەکێک و رۆیشتنی کەسێکی دی، بە خۆشیەوە ئێستا لە ئارادا نیە.
بە سەرنجدان بەم راستییه و بەبوونی ئەزموونە باش و خراپەکانی رابردوو، کۆمیتەی ناوەندی بە تایبەتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی، لێیان چاوەڕوان دەکرێ سەربەرز و سەرکەوتوو لەم تاقیکردنەوەیەی بەردەمیان بێنە دەر. هەر ئەوەندە بەسە نیگەرانیی ئێستای هۆگران و دڵسۆزانی ئەم حیزبه خەون و خەیاڵاتی بەدخوازانەی نەیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە وردی بخوێننەوە و دەرکیان بکەن. بە دڵنییایەوە ئەگەر ئەم دەرک و خوێندنەوەیە هەبێ، ئەو هەست بە بەرپرسایەتیکردنە گشتییەی لە حاڵەتی یەکەمی دەستاودەستکردنی پۆستی سکرتێری لە مێژووی حیزبدا شایەدی بووین، رێگر دەبێ لە هەر چەشنە ململانێیەکی ناتەندروست و زیانبار کە پێشتر لە حاڵەتی دووهەمدا دیتوومانە و، بیرەوەریی ناخۆشمان لێیان هەیە.
دوا خاڵ کە رێبەری و تێکڕای حیزب، پێویستە و دەبێ لە پڕۆسەی دەستاودەست کردنی پۆستی یەکەم و لێرە بەدوا رەچاوی بکەن و گرینگیی پێ بدەن، میکانیزمی چۆنیەتیی دابینکردنی چاوەڕوانییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی حیزب لە کەسی یەکەم یا سکرتێری گشتیی حیزبە. ئەگەر چی رۆڵی کەسایەتییەکان لە نێو حیزب و رێکخراو و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەر چەشنە تێکۆشانێکی بە کۆمەڵدا حاشا هەڵنەگرە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کەسایەتییەک بە هەر رادەیەکیش بە توانا بێ، ناتوانێ هەموو تواناکان لە خۆیدا کۆ بکاتەوه و وەڵامدەری هەموو چاوەڕوانییەکان بێ. لە جیاتی ئەوەی کەسی یەکەمی حیزب ببێتە ناوەند و چەقی هەموو چاوەڕوانییەکانی نیوخۆ و دەرەوەی حیزب، پێویستە ئەو تیمەی حیزب رێبەری دەکا، بە هاوکاریی یەکتر و بە کاری بە کۆمەڵ و بە خستنە سەر یەکی توانا جۆراوجۆرەکان، هەم قورسایی ئەرکەکان، هەم رادەی زۆری چاوەڕوانییەکان بە سەر خۆیاندا دابەش بکەن. واتا و تەرجەمەی ئەم دەربڕینە گشتییە ئەوەیە کە پێویستە رێبهریی حیزب، پرسی جێگۆڕکێ لە پۆستی کهسی یەکەمدا بکا بە دەرفەت بۆ ئەوەی جێگەیەکی شیاوتر و بەرپرسایەتیی قورستر بە کەسایەتی و کەسە بەتواناکانی نێو رێبەریی حیزب بسپێرێ. با ئەم ئاڵوگۆڕانە، ئیرادەیەکی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەت و پڕۆژە گرینگەکانی تا ئێستا و، وزه و هیوای تازە بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی حیزب لە مەیدانی جۆراوجۆردا بخوڵقێنن.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه