کاتێک لە وڵاتێک حیزبە سیاسییەکان ئازاد نەبن یان نەبن هەتا بە بەرنامە و پلانی دیاریکراوەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و لە پارلماندا بەرنامە پێشوەختە ڕاگەیەندراوەکانی خۆیان بەرنە پێشێ و هەوڵی پەسەندکردنیانی بدەن، دروستبوونی فراکسیۆن دەتوانێ بە جۆرێک ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
لە ماوەی١٠دەورە کار و تەمەنی مەجلیس لە ئێران لە ٣٧ ساڵی رابردوودا نوێنەرانی کورد لە مەجلیس تەنیا یەکجار لە فۆڕمێکی سیاسی و گشتیدا ئەزموونی کاری بەکۆمەڵ و هاوبەشیان بووە کە ئەویش دروستکردنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی شەشەمە.
لەو ئەزموونەدا فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد کە لە هەلومەرجێکی تا رادەیەک کراوەتر و لە سەردەمی گوتار و دەسەڵاتی رێفۆرمخوازەکاندا پێکهاتبوو، توانی بە هەندێ تابۆشکێنی روخسارێکی جیاواز بە پێگەی نوێنەرانی کورد و تەنانەت بە خودی نوێنەرانی کورد لەو کاتدا ببەخشێ.
قسە لەوە نییە کە فراکسیۆنی کورد دەیتوانی چەندی دیکەش بکا، یان ئەوەی کارکردنی ئەو فراکسیۆنە تەنیا خستنەبەرباسی پرس و داوا سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە ئێران بوو و بە کردەوە پرسی کورد قەڵەمبازی نەدا؛ قسە لەوەیە کە بۆ یەکەمجار نوێنەرانی کورد توانیان لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات و چەقی بڕیار لە ئێراندا کۆمەڵێک بابەت بورووژێنن و تێچووی سیاسی بۆ بدەن. خستنەبەرباسی داوای سیاسی و نەتەوەیی، لەهەرادانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی گەلی کورد لە ئێران، بە ئاشکرا باسکردن لەو جیاوازیخستن و هەڵاواردنانە کە کوردستانێکی دواکەوتوو و گەشەنەسەندووی لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران لێکەوتبۆوە، تۆخکردنەوەی پرسی زمان و فەرهەنگی کوردی بەشێک لەو کارانە بوون کە فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد دەیبردنە پێشێ. بەڵام ئەو رەوتە هەر لە سەرەتای گورانیدا و بە کۆتاییهێناتنی تەمەنی مەجلیسی شەشەم راگیرا. ئێستا دەپرسین لەبەرچی وای لێهات؟ بۆ دوای١٦ لەو ئەزموونە ساوایە هەوڵ نەدرا کە جارێکی دیکەش تاقی بکرێتەوە؟ کۆسپەکانی بەردەم پێکهاتنەوەی فراکسیۆنی کورد لە مەجلیسی ئێران کامانە بوون و لە ئێستاشدا چین؟ بێتوو فراکسیۆنێکی دیکەی لەو چەشنە دروست بێتەوە چی لە دەست دێ و چاوەڕوانییەکان لەو پێوەندییەدا کامانەن؟
مەجلیسی شەشەم خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە هەر لەجێدا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و باڵی تەواوەتیخوازی نێو حاکمییەت لێبڕان کە ئیدی نەیەڵن شتی وا لە ئێراندا دروست بێتەوە. ئەو لێبڕاوییە بنەمای ساغبوونەوەی شووڕای نیگابان لەسەر دیاریکردنی سەڵاحییەتی پاڵێوراوەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی گۆڕی.
ئەوە بوو کە بینیمان لە دوای مەجلیسی شەشەمەوە زۆربەی ئەوانەی لە کوردستان رێیان دەکەوتە مەجلیس یان کەسانێکی بێ ناو و نیشان و بێ پێشینەی سیاسی و دەسترۆیشتووی کۆمەڵایەتی بوون، یان باکگڕاندێکی ئەمنیەتییان هەبوو کە دواتر لە مەجلیسدا هەم تێکەڵ بە رەوت و فراکسیۆنەکانی دیکە دەبوون و مەیلەوئەوان دەجووڵانەوە؛ یان نەیاندەتوانی “مەخرەج مشترک”یك لە نێوان خۆیاندا بۆ ئەزموونی کاری هاوبەش لەسەر بنەمای شوناس و پڕۆژەی سیاسی بدۆزنەوە، یان لە بنەرەتدا هەر نەیانویستوە هەوڵێکی لەو چەشنە بدەن.
تەنانەت نەک لە فۆڕمی کۆمایەکی سیاسی و شوناسخوازی، بەڵکوو نوێنەرانی کورد لە مەجلیس لە دەورەی ئێستا و لە سێ دەورەی پێشووشدا نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی دەستە و کۆڕێکی کارادا هەوڵ بۆ راکێشانی بودجە و ئێعتباری زیاتر بۆ پڕۆژەکانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی لە کوردستاندا بدەن.
لە دەوری دەهەمی مەجلیسیشدا واقعەکە درێژکراوەی ئەم رەوتەیە کە لە دوای مەجلیسی شەشەمەوە دەستی پێکردوە، هەم لە رووی ئەو پێکهاتەیە لە ناردنی نوێنەران بۆ مەجلیس، هەم لە رووی ئەو فۆڕمە کە بەگشتی مەجلیس لە زەرفییەت و کارکردەکانی بەتاڵ کراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند شت هەیە کە دەبێ تیشکیان بخەینە سەر.
یەکەم ئەوەی زۆربەی نوێنەرانی ئێستای کورد لە مەجلیس لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، لە ئیحسان عەلەوی لە سنەڕا بگرە هەتا دەگاتە قەسیم عوسمانی لە بۆکان و نوێنەرانی دیکە وادەی پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردیان بە خەڵکەکەیان دابوو و ئەوەیان وەک بەرنامەی کاریی خۆیان لە مەجلیسدا هێنابوو، کەواتە ئەوەیان وەک بەجێگەیاندنی وادە و بەڵێن لەسەر ماڵە.
دووهەم ئەوەی کاتێ ئەوان خۆیان بە نوێنەری خەڵکەکەیان و ئەو جوغرافیایە دەزانن کە لەوێ هەڵبژێردراون، دەبێ تەعبیر لەو خواست و داوا و ئەو ئیڕادە و چاوەڕوانییەی خەڵکی کوردستان بکەن کە لەوانیان هەیە. بە تایبەت کە دەبینین فراکسیۆنێکی بەهێز بە ناوی فراکسیۆنی تورک زمانەکان لە مەجلیس پێکهاتووە کە دەتوانێ قورسایی زۆری لەسەر هاوکێشەکان لە مەجلیس، لە پرسی جێگە و پێگەڕا بگرە هەتا پرسی شوناس و نەتەوەیی و هەروەها راکێشانی سەرمایە و ئێعتبار و بودجە بۆ ناوچە تورکنشینەکان هەبێ.
جیا لەوانە خەڵک دەپرسن چۆنە نوێنەرانی کورد لە مەجلیس لەسەر پرسێکی سیاسی لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان لەسەر هەستن و دێنە سەر خەت و کاردانەوەیان هەیە، بەڵام بۆ هەمان پرسی سیاسی و لەسەر هەمان رۆژەڤ و بابەت لە ئێران و کوردستانەکەی خۆیان قڕوقپ دانیشتوون؟ ئەوە چاوەڕوانییەکی رەوایە و لەسەر نوێنەرانیش ئەرکە کە دەنگی ئەو داوا و داخوازەی خەڵکەکەیان بن لە مەجلیسدا و، بێگومان ئەو دەنگانەش کاتێک دەتوانن قورسایی خۆیان هەبێ کە لە چوارچێوەی فۆڕمێکی سیاسی و کاری هاوبەش و بەکۆمەڵی وەک پێکهێنانی فراکسیۆنێکدا بکرێ و وەک پڕۆژە بخرێتە گەڕ و بەدواداچوونی بۆ بکرێ.
خەڵکی کورد لە ئێران کێشەی خوێندن بە زمانی خۆی هەیە، داوای سیاسی و مافی نەتەوایەتی هەیە، ناوچەکەی لەو ئێرانەدا لە دواکەوتووییدا راگیراوە، دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی سیاسەتێک بووە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی سیستماتیک لە کوردستان رەچاو کراوە، بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە هەم ستەمی نەتەوایەتی لەسەر بووە هەم ئایینی و، مافی بەڕێوەبردنی ناوچەی خۆیانیان پێنەدراوە، لە سیاسەت و بەڕیوەبەریی وڵاتدا بەشدار ناکرێن و ئەوانە بەشێک لەو بابەتانەن کە وەک ئەرکێک لەسەرشانی نوێنەرانی کورد زەروورەتی پێکهێنانی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد دەستنیشان دەکەن.
بەڵام ئەوەی کە ئاخۆ ئەوان دەیانەوێ خۆ لە قەرەی کارێکی ئاوا بدەن؟ ئایا ئەوان دەیانەوێ تەواو بە لای خەڵکدا بشکێنەوە و بە شێوەیەکی لێبڕاو تەعبیر لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک بکەن؟ ئایا ئەوان ئامادەن تێچووی ئەو کارە و ئەو بڕیارە سیاسییە بدەن و ترسی ئەگەری رەدی سەڵاحییەت لە دەوری مەجلیسی داهاتوو ئەوان لە خستنەبەرباسی پرسە سیاسییەکانی کوردستان و ئەرکەکانیان دوور نەخاتەوە؟
ئایا ئەوان لە بەرامبەر فشاری فراکسیۆنە بەهێزەکانی دیکەی وەک فراکسیۆنی ئومید و ویلایەت و ئەهلی سوننەت کە زۆربەیان لەواندا ئەندامن، هەروەها فشاری وەزارەتی ئیتلاعات و شووڕای بەرزی ئەمنیەتی وڵاتدا دەوەستنەوە کە دژی دروستبوونی فراکسیۆنێک بە ناوی فراکسیۆنی کوردن؟
راستە کە بوونی فراکسیۆنێکی کوردی دەنگێکی بەرزترە بۆ هێنانەگۆڕی داوا و مافە سیاسییەکان، هەروەها قورساییەکی زیاترە بۆ فشارهێنان بۆ دەوڵەت بۆ وەرگرتنی مافە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و مەدەنییەکان؛ بەڵام قسە ئەوەیە کە نوێنەرانی کورد لە مەجلیس ئاخرییەکەی خۆ لە قەرەی ئەو بابەتە دەدەن؟ باسێک کە تا ئێستا خۆیان لێ دزیوەتەوە…
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه