وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده
رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری عیراق ده‌ستپێکی شه‌ڕی ئازادکردنی موسڵی راگه‌یاند. ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی که جگه له سوپای عیراقی و پۆلیس و هێزه‌کانی ئه‌منی “هیچ هێزێکی دیکه رێگه‌ی نادرێ بچێته نێو موسڵ”. هێزه عیراقییه‌کان رازی بوون به‌وه که له ده‌ره‌وه‌ی سه‌رزه‌مینه کوردییه‌کان بمێننه‌وه و پێشمه‌رگه‌ش به‌ڵێنی داوه که نه‌چێته نێو موسڵ. کێشه ئه‌وه‌یه که حکوومه‌تی عیراقی ده‌ستڕۆیشتوویی سیاسی و توانای سه‌ربازیی ئه‌وه‌نده نیه که گرووپه چه‌کداره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سوپای عیراق ناچار بکا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی خۆسنووردارکردنی لایه‌نه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که شه‌ڕکه‌ره‌کانی داعش به سه‌ختی له‌و شه‌ڕه‌دا خۆڕاگری ده‌که‌ن، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به‌خێرایی و سه‌رکه‌وتوویی ده‌چێته پێش. ئێستا هه‌موو لایه‌ک له‌وه دڵنیان که داعش تێک ده‌شکێندرێ و موسڵ و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی نه‌ینه‌وا له ده‌ست داعش دهردههێندرێنهوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌م سه‌رکه‌وتنه ده‌بێته خاڵی کۆتایی ده‌وره‌یه‌کی پڕ له وه‌حشیگه‌ری و خوێنمژیی داعش، به‌ڵام هیچ دوور نیه ئه‌مه ده‌سپێکی ده‌وره‌یه‌کی دیکه و درێژخایه‌نتر له ناخۆشی و نائارامی بۆ ئه‌م ناوچانه‌ی باکووری عیراق بێ.
هێرشی سه‌ر موسڵ له لایه‌ن سوپا و پۆلیس و هێزه تایبه‌تییه‌كانی عیراق و به یارمه‌تی و پشتیوانیی هێزی پیشمه‌رگه‌ی کورد و هێرشه ئاسمانییه‌کانی هاوپه‌یمانیی ژێر سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا و هێزه تایبه‌تییه‌کانیان به‌ڕێوه ده‌چێ. له لایه‌کی دیکه‌وه، میلیشیا سوننه‌کان که زۆریان له لایه‌ن تورکیه و هێزه داردهستهکانییهوه راهێندراون و هه‌روه‌ها حه‌شدی شه‌عبی که له چل گرووپی شیعه‌ی نزیک له ئێران پێکهاتووه، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا ده‌وریان هه‌یه به‌ڵام هێشتا له ده‌ره‌وه‌ی موسڵن. هه‌ر کاتێك دژمنی هاوبه‌ش واته داعش له مه‌یدان وه‌ده‌رنرا، به‌شێوه‌یه‌کی پێشپێنهگیراو هێزه رکابه‌ر و دژه ناوه‌نده‌کانی سێکتاریسم و جیابوونه‌وه دێنه پێش. شتێک که ده‌کرێ پێش ته‌واو بوونی شه‌ڕ و هاوکات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا روو بدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه به قیمه‌تی ریسکی له‌باربردنی سه‌رکه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ش ته‌واو بێ.
به له‌به‌رچاوگرتنی ناوبانگی خراپی حه‌شدی شه‌عبی له بواری هێرش و تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه له خه‌ڵكی سوننه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگار کرابوون، موعجیزه ده‌بێ ئه‌گه‌ر پێکدادان له نێوان ئه‌وان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی به‌شدار له ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا روو نه‌دا. له سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا ئه‌وان کۆنترۆڵی خاڵه سه‌ره‌کییه‌کانی گهورهڕیی نێوان موسڵ و پێته‌ختی داعش له سوریه واته ره‌قه‌یان گرته ده‌ست. ئه‌وان هه‌روه‌ها له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی شاری ستراتژیکی ته‌له‌عفه‌ر له نزیک سنووری سوریا که زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی تورکمانی سوننه‌یه کۆنتڕۆڵ بکه‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌توانێ ببێته هۆی خێراکردنی هاتنه مه‌یدانی تورکیه به‌دژی وان. سه‌رکۆماری تورکیه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانی باڵای دیکه‌ی تورکیه تا ئێستا چه‌ندین جار به‌ڕوونی رایانگه‌یاندووه که له هه‌ر شوێنێک پێویست بێ، ئه‌وان تورکمه‌نه‌کان و خه‌ڵکه سوننه‌کانی دیکه له‌نێو تێئاتری ئه‌م شه‌ڕه‌دا ده‌پارێزن.
نیازی ئاشکرای تورکیه بۆ ده‌ستێوه‌ردانی به‌کرده‌وه له‌و قه‌یرانه‌دا دووره‌دیمه‌نێکی مایه‌ی نیگه‌رانیمان ده‌خاته ڕوو. سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی بنه‌ڕه‌تی حکوومه‌تی عیراق، ئه‌ردۆغان نه‌ک هه‌ر به ئاشکرا داوا دووباره‌کانی حکوومه‌تی عیراقی بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی تورکیه له خاکی عیراقی به‌پانه‌وه ره‌ت کردۆته‌وه، به‌ڵکوو رایگه‌یاندووه که تورکیه ده‌بێ و به‌نیازه که به‌پشتبه‌ستن به‌و هێزه باش راهێنراو و ته‌یاره دوو هه‌زار که‌سییه‌ی له ٨ کیلۆمیتری باکووری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ و له‌نزیک به‌عشیقه جێگیر کراون و هه‌روه‌ها زۆر هێز و چه‌کوچۆڵی دیکه که تورکیه له ناوچه سنوورییه‌کان و له‌سه‌ر سنووره‌کانی داناوه، له شه‌ڕی موسڵدا ده‌رگیر بێ. به باوه‌ڕی ئه‌ردۆغان تورکیه ئه‌و مافه‌شی هه‌یه که له‌سه‌ر مێزی گفتگۆ له‌سه‌ر داهاتووی موسڵ قسه‌ی خۆی بکا، چونکه به وته‌ی ئه‌ردۆغان موسڵ و که‌رکووک و سه‌رجه‌م پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌شێكن له روحی تورکیه (ئه‌م ناوچانه ته‌نیا له‌پاش دامه‌زرانی عیراق له ساڵی ١٩٢٠ و له‌نێوان ساڵه‌کانی ١٩٢٣ و ١٩٢٦دا خراونه‌ته سه‌ر عیراق). ئه‌ردۆغان که سه‌ده‌یه‌ک دواتر گه‌ره‌کیه‌تی ئه‌م فایله سه‌رله‌نوێ بکاته‌وه، رایگه‌یاند :”پێداگری له‌سه‌ر سنووره‌کانی ساڵی ١٩٢٣ گه‌وره‌ترین ناعه‌داڵه‌تییه که ده‌رهه‌ق به ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی ئێمه ده‌کرێ… ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ هه‌موو شتێک له دنیای ئه‌مڕۆدا گۆڕانی به‌سه‌ر بێ، لانیکه‌م شتێك که ده‌بێ بیڵێین ئه‌وه‌یه که قبووڵکردنی په‌یمانی ١٩٢٣ کارێکی دروست و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو”.
رۆژی ٧ ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٦، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه به‌عشیقه‌یان له کۆنتڕۆڵی داعش ده‌رهێنایه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که تورکیه پێوه‌ندیی سیاسیی دۆستانه و به‌تایبه‌تی پێوه‌ندیی ئابووریی به‌هێزی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیه له‌م دواییانه‌دا گوتی “ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر تورکیه له عیراقه‌وه سه‌رچاوه بگرێ، ئێمه هه‌موو ئامراز و مافه‌کانی خۆمان له‌دژی به‌کار ده‌به‌ین، به ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی و مه‌یدانیشه‌وه… ئێمه ئه‌وه هه‌ر به عیراقییه‌کان ناڵێین، به‌ڵکوو ده‌بێ ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان و حکوومه‌تی باکووری عیراقیش (واته حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان) ئه‌وه بزانن”.
وێده‌چێ یه‌ک سه‌ده خه‌باتی کورده‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتبێته خاڵێکی وه‌رچه‌رخان. ئه‌وان که ماوه‌یه‌کی زۆر خاوه‌نی ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی خۆیان بوون، به له‌به‌رچاوگرتنی رۆڵی گرینگ‌یان له شه‌ڕ له‌دژی داعش ئێستا به ئاسانی ئه‌و ده‌رفه‌ته له کیس خۆیان ناده‌ن. ئه‌مڕۆ له هه‌موو کاتێک زیاتر کورده‌کانی عیراق به توانای خۆیان ده‌زانن و هه‌ستی متمانه‌به‌خۆبوونیان چۆته سه‌ر. مانگی فێوریه‌ی ٢٠١٦ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود بارزانی له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئاڵمانی “بیڵد” رایگه‌یاند که کورده‌کان رۆژگارێكی درێژ چاوه‌ڕوانی سه‌ربه‌خۆیی بوون. ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی:”ئێمه عه‌ره‌ب نین. ئێمه نه‌ته‌وه‌ی کوردین. ئه‌گه‌ر گه‌لی کورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێ که که‌سێکی دیکه مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی وه‌کوو دیارییه‌ک پێشکه‌ش بکا، سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌رگیز وه‌دی نایه. ئێمه ئه‌و مافه‌مان هه‌یه و پێویسته گه‌لی کوردستان جێبه‌جێی بکا. ئێستا کاته‌که‌ی گه‌یشتووه، ئه‌گه‌رچی جارێ ته‌رکیزمان له‌سه‌ر شه‌ڕی داعشه. له‌گه‌ڵ ئازاد بوونی موسڵ، کورد له‌گه‌ڵ “هاوبه‌شه‌کانی له به‌غدا” کۆ ده‌بێته‌وه و له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆمان گفتگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین”. کێشه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر کورد له‌ڕاده‌به‌ده‌ر پێداگرانه و شێلگیرانه بیهه‌وێ هه‌ر ئێستا ئه‌و داواکارییه‌ی خۆی جێبه‌جێ بێ، ره‌نگه کێشه و ناکۆکیی نوێ [له‌نێو عیراقدا] سه‌رهه‌ڵبده‌ن.
پرسیارێک که یه‌کسه‌ر پاش گرتنه‌وه‌ی موسڵ دێته گۆڕێ ئه‌وه‌یه که ئایا پاش شه‌ڕ کێ موسڵ کۆنتڕۆڵ ده‌کا و به‌ڕێوه‌ی ده‌با؟ تا ئێستا هیچ پلانێک له‌و باره‌وه رانه‌گه‌یه‌نراوه، هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌مه ده‌توانێ له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه که ئێستا بۆ ئازادکردنی موسڵ دروست بووه. گرژیی نێوان سوننه و شیعه و توندوتیژی له‌گه‌ڵ که‌مینه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه شتێکی ته‌واو چاوه‌ڕوانکراوه. ئه‌وده‌م به‌دڵنیاییه‌وه حه‌شدی شه‌عبی و هێزه سوننیه راهێنراوه‌کانی تورکیه دێنه نێو کێشه‌که و له کانتێکستی شه‌ڕ و ماڵوێرانیی زیاتردا، ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی تورکیه ته‌واو رێی تێ ده‌چێ. ئه‌وه‌ش ده‌توانێ ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێش به باڵاده‌ستی و نفووزی تورکیه بگرن.
ده‌یان ساڵه که کورده‌کان و حکوومه‌تی عیراقی به توندی له‌سه‌ر که‌رکووک که شارێکی به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده کێشه‌یانه. شکستی داعش بۆ جارێكی دیکه پرسی کۆنتڕۆڵی که‌رکووک له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه زیندوو ده‌کاته‌وه، چونکه له‌دوای ١٢ی ژووئه‌نی ٢٠١٤ ه‌وه و پاش ئه‌وه که یه‌که‌کانی سوپای عیراقی له به‌رامبه‌ر هێرشی سه‌رکه‌وتووی داعش بۆ باکووری عیراق رایان کرد، کۆنتڕۆڵی سه‌ربازیی ئه‌و شاره که‌وتۆته ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد. له‌گه‌ڵ نیشتنه‌وه‌ی ته‌پوتۆزی شه‌ڕی موسڵ، حکوومه‌تی ناوه‌ندی هه‌وڵ ده‌دا داوای ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان و ئه‌و ناوچانه‌ش بکاته‌وه که به‌م دواییانه که‌وتوونه‌ته ده‌ست کورده‌کان، به که‌رکووکیشه‌وه. به‌ڵام به‌تایبه‌تی له‌مه‌یاندا سه‌رکردایه‌تیی کوردبه هیچ جۆر به‌نیاز نیه رازی بێ هێزه‌کانی له‌وێ بکشێنێته‌وه و کۆنتڕۆڵی ئه‌و شاره راده‌ستی حکوومه‌تی عیراقی بکاته‌وه. به‌مجۆره کێشه‌یه‌کی تر خه‌ریکه دروست ده‌بێ.هیچ پێ ناچێ له‌گه‌ڵ شکستی داعش، نه‌هامه‌تییه‌كانی عیراق کۆتای‌یان پێ بێ.
سه‌رچاوه : وێبسایتی ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه له ئاشتی و کێشه‌کان
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه