ئێران یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه که له راگه‌یه‌نه ره‌سمی و ناڕهسمییهکانیدا زۆر باسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئه‌مریکا کرا و پێش و پاش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئه‌و وڵاته، قه‌باره‌یه‌کی گه‌وره له بابه‌ت و شرۆڤه و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێدوانی بۆ ته‌رخان کرا. یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکا وڵاتێکه که له سه‌رووی ههیکهلبهندیی سیستمی نێونه‌ته‌وه‌ییدا جێ ده‌گرێ و له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا و له ته‌نیشت سنووره‌کانی ئێران حزوورێکی کاریگه‌ری هه‌یه. دووه‌مین هۆکار ئه‌وه‌یه که ئێران و ئه‌مریکا پێشینه‌یه‌کی دوورودرێژی دوژمنایه‌تییان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه و هه‌رکام له‌و دوو وڵاته یه‌کتر به مه‌ترسی و دوژمنی سه‌ره‌کیی خۆیان ده‌زانن؛ هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکرد که به‌شێکی به‌رچاوی که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنه‌کانی دوو رکه‌به‌ری دێموکرات و کۆماریخواز بۆ پرسی ئێران ته‌رخان بکرێ. هه‌روه‌ها له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی دواییشدا ئێران رێککه‌وتنی ناو‌کی له‌گه‌ڵ 6 وڵاتی به‌هێزی دنیا واژۆ کردووه که له نێو ئه‌واندا ئه‌مریکا کاریگه‌رترین وڵات له به‌سه‌رنجام گه‌یاندنی ئه‌و رێککه‌وتنه‌دا بوو، هه‌روه‌ها لایه‌نی سه‌ره‌کیی ئێران بوو له‌و دانوستانانه‌ی که “به‌رجام”یان لێکه‌وته‌وه. به‌م هۆیانه له ئێران‌دا سه‌رنجی تایبه‌ت خرابۆوه سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئه‌مریکا و، به‌دواداچوونی ئه‌وه ده‌کرا که کام یه‌ک له کاندیداکان سه‌رده‌که‌ون و ده‌بێته ٤٥ه‌مین سه‌رکۆماری ئه‌مریکا و دۆسیه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌و دوو وڵاته چی لێدێته‌وه و سه‌رکۆماری داهاتوو چ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌رجام ده‌کا.
هه‌رچه‌ند به‌شێک له‌و روانین و شرۆڤه جیاوازانه‌ی که له راگه‌یه‌نه ناڕه‌سمییه‌کانی ئێران‌دا له مه‌ڕ ئه‌و پرسه هاتوونه ئارا، له راگه‌یه‌نه رهسمییهکانیشدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه و وه‌ک یه‌ک ده‌چن، به‌ڵام له‌م وتاره‌دا روانین و شرۆڤه جیاوازه‌کانی نێو راگه‌یه‌نه ناڕه‌سمییه‌کان ده‌کرێنه بنه‌مای لێکدانه‌وه و، له‌م سۆنگه‌وه ده‌کرێ ٣ جۆر روانین له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئه‌مریکا و سه‌رکه‌وتنی ترامپ ده‌ستیشان بکرێ. شایانی باسه له‌م پۆلێنبه‌ندییه‌دا چه‌شنێک رێکاری سادهسازی و گشتاندن ره‌چاو کراوه؛ چونکه له نێو هه‌ر ته‌یفه‌ی که له خواره‌وه باسیان ده‌کرێ، روانین و بۆچوونی جیاواز به‌رچاو ده‌که‌وێ و، وا نییه که هه‌ر ته‌یفه‌ی روانین و بۆچوونێکی یه‌کسانی له قالبدروایان هه‌بێ.
روانینی یه‌که‌م:
ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆژنامه‌کانی سه‌ربه به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت و ریفۆرمخوازتان له‌و ماوه‌یه‌دا کردبێ، هه‌ر له مانشێتی رۆژنامه‌کانیان بۆتان ده‌رده‌که‌وت که ته‌یفی میانه‌ڕۆ و ریفۆرمخواز به زۆری(عمدتا) سه‌رکۆماریی هیلاری کلینتۆنیان زیاتر به مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران ده‌زانی. له روانگه‌ی وانه‌وه سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی باراک ئۆباما ده‌ورانێکی که‌موێنه بوو له مێژووی پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکادا؛ ئۆباما رویکهردێکی نه‌رمتری به نیسبه‌ت ئێران هه‌بوو و له ده‌ورانی ویشدا رێککه‌وتنی ناو‌کی واژۆ کرا. ته‌نانه‌ت له نێو شرۆڤه‌کارانی ریفۆرمخوازدا که‌سانێک هه‌بوون که ده‌یانگوت رۆژێک دادێ که ئێران ئاخ بۆ ده‌ورانی ئۆباما هه‌ڵده‌کێشێ. ئه‌وانه هیلاری کلینتۆنیان به درێژه‌ده‌ری رویکردی ئۆباما ده‌زانی و هه‌رچه‌ند ده‌یانگوت له‌وانه‌یه ریتمێکی توندتر و سه‌ختگیرانه‌تر له‌مه‌ڕ ئێران بگرێته به‌ر.
ئه‌م گرووپه به سه‌رنجدان به مێژینه‌ی مامه‌ڵه‌ی توند و ره‌قی سه‌رکۆماره کۆماریخوازه‌کانی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئێران و، لێدوانه توند و هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌کانی دۆناڵد ترامپ سه‌باره‌ت به ئێران و بردنه ژێر پرسیاری رێککه‌وتنی ناو‌کی و، ناڕوونی پلان و به‌رنامه‌کانی، نیگه‌رانی هاتنه سه‌رکاری ترامپ بوون و به هاتنه سه‌رکاری خۆشحاڵ نین. به تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که شیمانه ده‌کرێ له کابینه‌که‌یدا و به تایبه‌ت له تیمی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا له که‌سانی توندڕۆی کۆماریخواز، که هه‌ڵوێستی توندیان له هه‌مبه‌ر ئێران هه‌یه، که‌ڵک وه‌رگرێ.
روانینی دووه‌م:
روانینی دووه‌م پێی وایه که جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له نێوان دێموکرات و کۆماریخوازه‌کان به نیسبه‌ت ئێران نیه و هه‌ردووک ئۆردووگا له دوژمنایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ئێران هاوبه‌شن و ته‌نیا له تاکتیک ومیتۆدهکاندا جیاوازییان هه‌یه. هه‌ڵگرانی ئه‌م روانینه به زۆری ئوسوولگهراکانن که وێک‌چوویی زۆریان له‌گه‌ڵ بۆچوونی فه‌رمی بنیاته حاکمییهتهکان هه‌یه. ئه‌وان وا ده‌نوێنن که به‌لایانه‌وه فه‌رق ناکا که کام یه‌ک له کاندیداکان ده‌بنه سه‌رکۆمار.
ئوسوولگه‌را توندئاژۆکان هه‌ر مه‌لێک که جیاوازییه‌ک له نێوان دێموکرات و کۆماریخوازه‌کان به نیسبه‌ت ئێران قایل بێ، به توندی سه‌رکۆنه ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت نیگه‌رانی ریفۆرمخوازه‌کان له سه‌رکۆماریی ترامپ به “ترسی ده‌ستکرد” بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له هاوکێشه سیاسییه نێوخۆییه‌کاندا ناوزه‌د ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ته‌یفی ئوسوولگه‌را پێویسته ئاماژه به دوو خاڵ بکه‌ین: 1)له قووڵایی لێدوان و لێکدانه‌وه‌کانی ئه‌وانیشدا نیگه‌رانییه‌ک به نیسبه‌ت رویکهرد و سیاسه‌ته‌کانی ترامپ له هه‌مبه‌ر ئێران به‌دی ده‌کرێ. 2)ره‌وته توندڕه‌وه‌کان له دنیادا به هاتنه سه‌رکاری یه‌کتر خۆشحاڵن. سه‌یری ره‌وته راسیسته‌کانی ئورووپا بکه‌ن که چۆن به بردنه‌وه‌ی ترامپ شاگه‌شکه بوون. له ئێرانیشدا ئوسوولگه‌را توندڕه‌وه‌کان سه‌رکۆماریی ترامپ له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا ده‌بینن. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که موخالیفی به‌رجام بوون و به‌م پێیه دروست کردنی هه‌رچه‌شنه کۆسپێک له لایه‌ن ئه‌مریکا له‌سه‌ر رێی جێبه‌جێکردنی به‌رجام، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ بێمتمانه‌یی به ئه‌مریکا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به گشتی هه‌رچه‌شنه سه‌ختگیری و هه‌نگاوی دژبه‌رانه‌ی ئه‌مریکا له هه‌مبه‌ر ئێران، وه‌ک بیانوویه‌ک بۆ هێرش بۆ سه‌ر به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت و ریفۆرمخواز ده‌قۆزنه‌وه.
روانینی سێهه‌م:
خاوه‌نانی ئه‌م روانینه‌ش پێیان وایه ده‌بێ چاوه‌ڕوان بن و له هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵوێستێکی به‌په‌له له هه‌مبه‌ر ترامپ خۆ پارێزن؛ چونکه ترامپی سه‌رکۆمار جیاوازه ده‌بێ له‌گه‌ڵ ترامپی سه‌رده‌می بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژرادن. یه‌که‌م: سیستمی حاکمییه‌تی ئه‌مریکا ئیجازه‌ی پێ نادا که ترامپ به که‌یفی خۆی بجووڵێته‌وه و مه‌یدانی لێ به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه. دووه‌م: ئه‌وه‌نده‌ی که له به‌رنامه‌کانی ترامپ ده‌خوێندرێته‌وه، ترامپ ته‌رکیز ده‌خاته بواری نێوخۆیی ئه‌مریکا و پرسه‌کانی ده‌ره‌کی له ئه‌وله‌وییه‌تی دواتردا جێ ده‌گرن. سێهه‌م: رێککه‌وتنی ناو‌کی له قازانجی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکاشه و کۆی سیستمی ئه‌مریکا له‌م باره‌وه بڕیاری داوه و په‌یمانشکێنی ئه‌مریکا زیان له پرێستیژی ئه‌مریکا ده‌دا. له لایه‌کی دیکه‌ش ئێران به نیسبه‌ت ده‌ورانی بووشی کوڕ، به‌هێزتر بووه و ئه‌مریکاش ئه‌و تاکه زلهێزه‌ی که له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیستدا یه‌کلایه‌نه ده‌جووڵایه‌وه، نه‌ماوه. ئه‌گه‌ر ئێران هه‌روا پابه‌ندیی به‌رجام بێ، هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مریکا، دروست کردنی کۆده‌نگی له دژی ئێران سه‌ختتر ده‌کا. به‌م شیکردنه‌وه‌یه که هه‌ندێک شرۆڤه‌کار سه‌رکه‌وتنی ترامپ به قازانجی ئێران ده‌زانن.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه