پێشەکی:
لەگەڵ ئەوهیکە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووی کار و تێکۆشانی سیاسی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتییەوە مێژوویەکی تەژی لە دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام لە رووی کار و چالاکیی مەدەنییەوە، تازەکارە. ئەو راستییە نابێ وا لێک بدرێتەوە کە خەباتی کورد بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوور بووە لە “مەدەنییەت”. لە حەقیقەتدا پەیامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە حەفتا ساڵی رابردوودا، بە دامەزرانی کۆماری کوردستان و بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەردەوام و هەمیشە ئاشتیخوازی و چارەسەری لە رێگای دانوستان و وتوێژەوە بووه و تائێستایش درێژەی هەیە. بەڵام ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسی – حیزبیدا بووه و، ماهییەتی نیزامە دەسەڵاتدارەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای سەرکوت و داپڵۆسین بنیات نراوە، ئیزنی بە شۆڕبوونەوەی ئەم تێڕوانینە مەدەنییەی بۆ نێو کۆمەڵگه و گەشەسەندنی نەداوە.
خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵات:
دوای ئەوەیکە وڵامی داخوازییە ئاشتیخوازەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە سەرکوت و پشتگوێخستن درایەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پێشەنگایەتی داخوازییەکانی خەڵکی دەکرد، شەڕێکی نابەرانبەر و خوێناوی بەسەردا تەحمیل کرا کە تائێستایش بە شێوازی جۆراوجۆر دریژەی هەیە. حاشایش لەوە ناکرێ کە شانبەشانی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، شاهیدی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی وڵاتیش بووین کە زۆر جار بە پێناسەی “مەدەنی”یەوە ناوی هێنراوە و باسی لەسەر کراوە.
جموجۆڵی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان قۆناغی جۆراوجۆری بە خۆوە بینیەوە کە ئامانجی باسەکەی ئێرەمان نیە و ئەوە لێرەدا باسی لێوە دەکەین تەنیا یەکێک لە قۆناغە هەستیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە کە ئەویش بریتییە لە قۆناغی “دەربازبوون لە بێتەفاوەتی”.
زۆر لەو ساڵانە دوور نەکەوتووینەتەوە کە هەرکات باس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرا، دەسبەجێ باس لە واقعیەتێکی تاڵ بە ناوی “کپ بوون و لە پەراوێزدا بوونی رۆژهەڵاتی کوردستان” دەکرا کە باسکردن لە هۆکارەکانی بۆخۆی باسێکی تایبەتە. لەم قۆناغەدا هەرچەند چالاکییەکان وەک ئەمڕۆژانە هەمەگیر و جەماوەری نەبوون، بەڵام کۆمەڵە جموجۆڵێکی پچڕپچڕ هەر لە ئارادا بووە کە لەگەڵ ئەوەیکە تەنیا و تەنیا پشتی بە ئازایەتیی کۆمەڵە چالاکوانێکی ئازا و نەترس بەستبوو، بەڵام زۆر دیار و بەرچاو نەبوو.
لەم قۆناغەدا جیا لەوەیکە فەزای سیاسیی ئێران بۆ ئەم جۆرە جموجۆڵانە لەبار نەبوو، لە ئاستی خودی کوردستان و هێز و سیاسییەکانیشدا نەتەنیا پشتیوانی لێ نەدەکرا، بەڵکوو بە چاوی گومان و تەهدیدەوە سەیر دەکرا و هەر ئەمەیش وای کردبوو کە دەرک بە گرینگیی ئەم چەشنە لە خەبات نەکرێ. زاڵبوونی ئەم جۆرە لە رەفتار و خۆێندنەوانە بۆ چالاکیی چالاکانی نێوخۆ لە لایەن هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگهی کوردستان بەگشتی لە لایەک و، قەدەغە و قۆرغکاری رێژیم لەسەر گشتگیربوونی ئەم حەرەکەتانە، جۆرێک لە”ترس” و “بێتەفاوەتی” پێک هێنابوو.
گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و وردە گۆڕانکارییەک لە فەزای سیاسیی ئێران لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاویدا بە جۆرێک بوونە هۆکارێکی لەبار کە چالاکانی مەدەنیی کوردستان کە سەرەتا لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە لە زانکۆکان دەستیان پێ کردبوو، گوڕ و تینێکی دیکە بە کارەکانیان بدەن. لەم قۆناغەدا لە زۆرێک لە شار و ناوچەکانی کوردستان رێکخراو و ئین جێ ئۆی مەدەنی و فەرهەنگی لە شکڵ و شێوەی “مەحفل”دا هاتنە ئاراوە. رێکخراوە مەدەنییەکانی ئەم قۆناغە تەنیا لە چوارچێوەی مەحفلگەلی چەند کەسیدا چالاکییان دەنواند و خاوەنی پشتیوانییەکی جەماوەری نەبوون، بەڵام بەو حالەش هەر لە زیادبوون و پەرەئەستاندندا بوون.
هەڵوێستی حیزبی دیموکرات لەسەر خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵات:
لەم قۆناغەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەرکێکی دروست لە واقعیاتی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تێگەیشتن لە گرینگیی خەباتی مەدەنی و کارکردن بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە “بێتەفاوەتی” و بەربەرەکانی لەگەڵ سیاسەتی “لە پەراوێژخستنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان” لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، زۆر راشکاوانە پشتیوانی خۆی لە چالاکیی چالاکانی نێوخۆی وڵات و بزووتنەوەی مەدەنی دەربڕی و دواتر لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی تایبەتدا کە بە “رۆژهەڵاتمێحوەری” ناوی دەرکرد، ئەرک و وەزیفەکانی دیاری کرد.
پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کار و چالاکیی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات و هاندانیان بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان کە تەنانەت زۆر رەخنە و ئینتقادیشی هاتەوە سەر، لە ماوەی چەند ساڵدا توانی شوێندانەر و یارمەتیدەری خەباتی مەدەنی بێت. ئەم هەڵوێستەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جورئەت و جەسارەتی خەڵک و چالاکانی نێوخۆی بەهێزتر کرد و ئەو ترس و خۆفەی رەواندەوە کە لە رابردوودا بە چاوی گومانەوە لەم جۆرە جموجۆڵانە و چالاکانی ئەم بواریان دهڕوانی.
ئێستا دەبینین چیدیکە چالاکییەکان مەحفلی نین و شەقام و شوێنە گشتییەکان بوونەتە گۆڕەپانی وەدەنگ هاتن و خۆبەخاوەندار زانینی ئەم خاک و نیشتمانە. چیدیکە ئەدیبان و هونەرمەندان و شاعیران لە کۆڕە بچووک و بەرتەسکەکاندا بەتەنیا گوێ لە یەکتری ناگرن، بەڵکوو لە کارنەڤاڵە نەورۆزییەکان و فستیڤاڵە گەورەکاندا روو بە هەزاران کەس بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن. ئێستا شانۆکاران و ژینگەپارێزان لەسەر شەقام و دارستانەکان و پانتاییەکی دیکەدا چالاکی دەنوێنن. ئێستا ئیدی خەبات و جموجۆڵی مەدەنی تەنیا تایبەت بە چین و توێژێکی تایبەت نیە. ئێستا جەماوەری خەڵکی کوردستان بە پشتیوانی کردن و رەگەڵکەوتن، کۆمهڵگهی کوردستانیان لە “بێتەفاوەتی” دەرباز کردوە.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه