پارسه‌نگی ته‌رازووی زه‌مان به‌لای شه‌ودا ده‌شکایه‌وه. رواڵه‌تی شار هه‌رچه‌ند ئارام، به‌ڵام شڵه‌ژانێک چاوه‌ڕوان ده‌کرا. خه‌به‌ر وه‌ک ته‌زووی کاره‌با له چه‌ند چرکه‌دا وه‌نێو خه‌ڵک گه‌ڕابوو. که‌س نه‌یده‌زانی کێ بڵاوی کردۆته‌وه و چۆن بڵاو بۆته‌وه. هێند له‌پڕتاو بوو جێگای پرسیارانی نه‌هێشتبۆوه. هه‌ر ئه‌وه‌نده دیترا له‌م سه‌ری کۆلانڕا هه‌تا ئه‌و سه‌ری، به‌ر ده‌رگای هیچ ماڵیکت نه‌ده‌دی شۆخه کچێکی ناسک و نازدار یان کوڕه لاوێکی چاونه‌ترسی لێ رانه‌وه‌ستا بێ. هه‌ر نه‌بێ دایکێکی به تاسه‌ی دیداری کوڕ، یان باوکێکی چاوه‌ڕوان تامه‌زرۆیانه راوه‌ستابوون و چاوی چاوه‌ڕوانیان ده‌گێڕا. هه‌مووی ئه‌وانه بێ زیاد و که‌م لقه گوڵێکی جوان به‌ده‌سته‌وه و تونگه‌ی شه‌ربه‌ت و که‌شه‌فی شیرینی ئاماده کراو له‌په‌نا، چاوه‌ڕوانی وه‌ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م ده‌سته‌ی “هه‌ڵۆکانی شاخ” بوون. ئه‌و شه‌وه نه‌ک هه‌ر کۆڵان، به‌ڵکوو گه‌ڕه‌ک و له‌ویش زیاتر هه‌موو شار وه‌خۆ که‌وتبوو. خۆشی له‌وه زیاتر که “پێشمه‌رگه” ده‌نێو شار دایه؟
پیرۆزیی ناوی پێشمه‌رگه و گرینگیی خه‌باتی پێشمه‌رگه و پێویستیی بوونی پێشمه‌رگه ئه‌و کاتانه زیاتر ده‌رده‌که‌وێ که تاریکه‌سه‌لاتی بێده‌نگی و شه‌وه‌زه‌نگی ترس باڵی به‌سه‌ر “وڵات”دا کیشاوه. بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ سوپای ترسهێنه‌ر و له‌شکری داپڵۆسێنه‌ر جگه له هه‌یبه‌تی پێشمه‌رگه و توانای خۆڕاگریی پێشمه‌رگه رێگایه‌کی دیکه نیه. خۆ دیاره ئه‌و دایک و باوکانه‌ش که کیژ و کوڕی خۆیان ده‌نێرنه ریزی پێشمه‌رگه و له کاتی پێویستدا سفره‌ی دڵیانی بۆ راده‌خه‌ن، چی وایان له پێشمه‌رگه که‌متر نیه، به‌ڵام ئه‌وه کێوی وره‌ی پێشمه‌رگه‌یه که مێژووی به‌ره‌نگاری دروست ده‌کا. هه‌ر بۆیه له وه‌سفی ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی و به‌توانایی هیزی پێشمه‌رگه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه که بڵێین با بمێنێ پێشمه‌رگه.
****
ئێستاش بۆم ساغ نه‌بۆته‌وه بۆ هه‌تا ناوی “حه‌سه‌ن غه‌مبار” ده‌بیسم “حه‌مه‌دۆک”م وه‌بیر دێته‌وه. ره‌نگه جگه له کورته باڵایی هه‌ر دووکیان که زۆر وێک ده‌چن، تایبه‌تمه‌ندیی دیکه‌ش لێکیان نزیک کاته‌وه وه‌ک ئه‌وه که هه‌ردووکیان له قووڵیی ناعه‌داڵه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵ گه‌یشتن و هه‌ر دووکیشیان بۆ بنبڕکردنی ئه‌و ناعهداڵهتییانه ڕاپه‌ڕین. ئه‌گه‌ر باسی وێک‌چوونی دیکه‌ش بکه‌ین جگه له چاونه‌ترسی و ئازایه‌تیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر که هه‌ردووکیان لێی به‌هره‌مه‌ند بوون هیچی دیکه‌مان پێ نامێنێ.
حه‌سه‌ن غه‌مبار خه‌ڵکی ناوچه‌ی ره‌به‌ته. ئه‌و ناوچه‌یه مه‌کۆی تێکۆشان و خه‌باته. ئازاترین پێشمه‌رگه‌ی لێ هه‌ڵکه‌وتوه و پڕکارترین هێزی پێشمه‌رگه‌ی وه‌خۆ گرتوه. خه‌ڵکی ره‌به‌ت و ده‌وروبه‌ری له‌دوای کۆماری کوردستانه‌وه به‌دایم سه‌رقاڵی پێشمه‌رگه به‌خێوکردن و پێشمه‌رگه حاواندنه‌وه و پیشمه‌رگه پێگه‌یاندن بوون. هه‌ر بۆیه هیچکام له‌و لاوه به‌جه‌رگانه‌ی دواتر هاتوونه‌ته ریزه‌کانی پێشمه‌رگه بۆیان نامۆ نه‌بوه و له‌به‌ریان زه‌حمه‌ت نه‌بوه. حه‌سه‌ن غه‌مبار پێش خۆی دوو برای گه‌وره‌تری له ریزی گیانبازانی گه‌لدا بوون و هه‌ردووکیان فیدای ئازادی بوون.
ئه‌زموونی خه‌بات و تێکۆشان بۆ گه‌یشتن به ئازادی زۆر جالبه. هێندێک دێن و مێژوو دروست ده‌که‌ن. ئه‌وانه پیش‌تر قاڵبووی ده‌وران و ده‌رس وه‌رگرتوو له هه‌وراز و لێژی ژیانن. له هه‌مان کاتدا به‌شێک دێن و خۆ به ده‌ریایه‌کدا دەکەن که ده‌بێ خۆی تێدا فێرکه‌ن. له راستیدا ره‌وتی خه‌بات ئه‌وانه دروست ده‌کا و بۆ دروست کردنی مێژوی دیکه له قالبیان ده‌دا. حه‌سه‌ن غه‌مبار یه‌ک له‌و که‌سانه‌یه که بێ ئه‌وه‌ی مه‌له بزانێ له ده‌راوی دا و پێش ئه‌وه‌ی ئهلف و بێی خه‌بات فێر بێ خۆی دهجهرگی دوژمن رۆ کرد. ئه‌و به وشیاری، چاونه‌ترسی، خۆبارهێنان، سه‌رسه‌ختی وئیمانی قایم توانی قۆناغه سه‌خته‌کان ببڕێ و له کاری نیزامی و دواتر سیاسی و ته‌شکیلاتیشدا که‌سیکی نموونه‌ی لێ ده‌رچێ.
حه‌سه‌ن غه‌مبار زۆربه‌ی ده‌ورانی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی هه‌ر له ناوچه‌ی ره‌به‌ت تێپه‌ڕاندوه و مه‌گه‌ر بۆ مه‌ئمووریه‌تی کاتی ده‌نا شوێنی دیکه نه‌گه‌ڕاوه. به‌ڵام له ناوچه‌ی جێگای خزمه‌تی خۆیدا وه‌ک هه‌لووک هه‌ڵسووڕاوه و خۆی گوته‌نی وه‌ک هاچه‌ر فه‌ڕانسه له هه‌ر شوێنێک به پێویست زانرابێ و بۆ هه‌ر کارێک داوا کرابێ بێ سێ و دوو خۆی تێ کردوه و بە باشی رایپهڕاندوه. یه‌که‌مجار ساڵی ٦١ که هێشتا منداڵکار بوو دوای ئه‌وه‌ی سهرپهلهکهیان بریندار ده‌بێ له جێی ئه‌وی داده‌نێن. ساڵی ٦٣ کراوه‌ته سه‌رده‌سته‌ی “شه‌هیدانی خاڵاباد”. له‌ساڵی ٦٥ڕا وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی ره‌به‌ت کاری کردوه. جارێک کراوه‌ته فه‌رمانده‌ری ده‌سته‌ی کۆماندۆ که ماوه‌ی ساڵێک له‌و به‌رپرسایه‌تییه‌دا ماوه‌ته‌وه. جارێکیش داوای لێ کراوه بۆ فه‌رمانده‌ریی هێزی ٢ی رێبه‌ندان له ناوچه‌ی سه‌قز، به‌ڵام وه‌ری نه‌گرتوه. کاک حەسەن له ماوه‌ی ژیانی خهباتکارانهیدا ٧ جار بریندار بوه که له ته‌پڵی سهریڕا هه‌تا به‌ری پێی گرتۆته‌وه. شتێکی خۆش و ناخۆش: له نۆڕوێژ به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری برینه‌کانی هاتوچۆی دوکتۆران ده‌کا. جارێک داوا ده‌کا عه‌کسێک له‌سه‌ری هه‌ڵگرن چونکه هه‌ست ده‌کا پڕیشکهیهکی تێدایه. دوایه ده‌رده‌که‌وێ زیاتر له ٢٠ پڕیشکه له سه‌ریدا هه‌یه. هه‌روه‌ها بۆ سینگی ئه‌و کاره ده‌کرێ که له‌وێش ٢٠،٣٠ پڕیشکه ده‌دۆزرێنه‌وه. حه‌سه‌ن غه‌مبار نموونه‌ی ئینسانی باوه‌ڕبه‌خۆ و خۆڕاگر و پشوودرێژه. ئه‌و له خه‌باتدا شێلگیر، له خزمه‌تدا سادق، له هه‌ڵمه‌تدا چالاک، له کاری تیمیدا حاواوه و له دۆستایه‌تیدا دڵپاک و خۆشمه‌شره‌به.
تێکۆشه‌ر غه‌مبار به سۆزه‌وه له شه‌هیدانی رێگای ئازادی ده‌دوێ و به حه‌سره‌ته‌وه ناویان دێنێ. ئه‌و که ناو و رێکه‌وتی هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی تۆمار کردوون که له‌گه‌ڵی بوون و ناسیونی که خۆ له ١٧٨ شه‌هید ده‌ده‌ن، به‌م جۆره باسیان ده‌کا: “له‌و ماویه‌دا که من له هێزی زمزیران بووم و له یادداشتهکانمدا کۆم کردوونه‌ته‌وه، زیاتر له ٣٠٠ عه‌مه‌لیات کراوه. نیزیکه‌ی ٤٠٠٠ که‌س له رێژیم کوژراون و کوژراوی ١٠٠ عه‌مه‌لیاتیش دیار نین. نزیک به ١٨٠ کادر و پێشمه‌رگه شه‌هید بوون. ناوی هه‌ر شه‌هیدێک بێنم بیره‌وه‌ریی زۆرم له‌گه‌ڵیان هه‌یه.
دوای ده‌یان ساڵ کار و تێکۆشانی به‌رده‌وام، ئازایه‌تی نواندن و خۆڕاگری نیشاندان، دوای وه‌سه‌ریه‌ک نانی ده‌ریایه‌ک ئه‌زموونی تاڵ و شیرین و پاش بڕینی هه‌وراز و لێژی زۆر و خۆ ده‌مه‌ترسی هاویشتنی بێ‌ژمار، سه‌رئه‌نجام کاک حه‌سه‌ن به له‌شێکی ههڵدڕدادڕ و کون کون کراوەوە، بڕیاری دا ماوه‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵی به‌رێته سه‌ر و بۆ عیلاجی برینه‌کانی چاره‌یه‌ک بدۆزێته‌وه. هه‌ر بۆیه بارگه‌ی تێکه‌وه پێچا و رێگای تورکیه‌ی گرته به‌ر. ئه‌و که پێی وا بوو به وه‌ڕێ که‌وتنی بۆ ده‌ره‌وه داهاتوویه‌کی روونی له‌پێشه، مخابن تووشی چاره‌نووسێکی زۆر ناخۆش هات و له‌گه‌ڵ ده‌یان مه‌ترسی رووبه‌ڕوو بوو. ٦ ساڵ مانه‌وه له تورکیه بێ ئه‌وه‌ی هیوایه‌ک به ده‌رباز بوون هه‌بێ هه‌موو توانا و وزه‌ی خۆی و ماڵ و منداڵی به هه‌ڕاج برد و به‌جارێک له‌پێی خستن. دواتریش که بۆ خۆ ده‌رباز کردن رێگای ده‌ریایان گرته به‌ر هه‌تا خۆ بگه‌یه‌ننه یونان، دیسان تووشی به‌ڵای لابه‌لا هاتن و ئه‌گه‌ر پۆلیس نهیدۆزیبانهوه و نهیگرتبان هه‌موویان تێدا ده‌چوون چونکه گه‌مییه‌که‌یان له‌نێو ده‌ریادا بێنزینی لێبڕا. سه‌ره‌نجام کاری به‌رده‌وام و خۆڕاگریی زۆری خۆی وبنه‌ماڵه‌که‌ی وایان کرد له‌و کۆسپانه سڵ نه‌که‌ن و بۆ گه‌یشتن به به‌نده‌ری حه‌سانه‌وه وچان نه‌ده‌ن. ئێستا تێکۆشه‌ری ساڵه سه‌خته‌کانی خه‌بات به‌خۆی و هاوسه‌ر ومنداڵهکانییهوه نیشته‌جێی وڵاتی نۆڕویژه و چاوه‌ڕوانه هه‌م عیلاجی له‌شی زامداری بکا و هه‌م له ئه‌زموونه‌کانی دنیای پێشکه‌وتوو شتێک وه‌ده‌ست بێنی که به ئاواتم ئاواتی وه‌دی بێ.
که ئاوڕ له رابردووی خه‌باتکارانی مه‌یدانی ئازادی ده‌ده‌مه‌وه دڵم به داهاتوو خۆش ده‌بێ. له به‌ره خۆمه‌وه ده‌ڵێم تۆ بڵێی که‌سانێک که ئاوا قورس و قایم سه‌نگه‌ریان له دوژمن گرت و مه‌ته‌رێزیان چۆڵ نه‌کرد هه‌روا به ئاسانی گه‌ل وخهباتهکهیان له‌بیر بکه‌ن؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره “نا” یه و من دڵنیام تا کورد رۆڵه‌ی ئاوا هه‌ڵکه‌وته‌ی هه‌بێ خه‌بات بۆ ئازادی به‌رده‌وام ده‌بێ. ئه‌گه‌ر دوێنێ غه‌مباره‌کان له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا ته‌نگیان به سوپای دوژمن هه‌ڵچنیبوو، ئه‌مڕۆ خوێندکارانی کورد له تاران هه‌مان دروشم به‌رز ده‌که‌نه‌وه و “ئیحسان”ه‌کانیش ئازایانه بۆی ده‌چنه پێی سێداره. من پێم وایه تۆوی ئازایه‌تی که گوڕوتینی پێشمه‌رگه ناشتوویه‌تی زه‌وی و زاری کوردستانی وا داگرتوه تازه خه‌ڵاس بوونی نیه. ئه‌مڕۆ ترس له فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا خه‌ریکه بارگه‌ی تێکه‌وه ده‌پێچێ.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه