لە سیستەمی دەوڵەتدا کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتدار و ژێردەسەڵات دامەزراوە، بەشداریی سیاسی تایبەتە بە سیستەمێکی دێموکراتیک کە ئامانجەکەی بەشدارکردنی زۆرترین کەسە لە دەسەڵاتدا. لە سیستەمێکی دێموکراتیکدا خەڵکانی ژێر دەسەڵات ئیتر پاسیڤ نین و وەکوو سووژەی دەسەڵات سەیر ناکرێن، بەڵکوو دەبێ بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان بە سەر دەسەڵاتەوە هەبێ، هەر بۆیەش چەندین هەلی هەڵبژاردن و بەشداریکردیان بۆ رەخسێندراوە، وەکوو هەڵبژاردنی نوێنەرانی پاڕلمان، سەرکۆمار، شارەوانی وهتد. لە راستیدا دەنگدان و بەشداریی لە دەسەڵات بە تەنیا بە بەشداریی سیاسی نایەتە ئەژمار، بەڵکوو دەنگ نەدان و ناڕەزایەتی دەربڕین و باسکردن لە سیاسەتیش بە بەشداریی سیاسی ئەژمار دەکرێ، واتە هەر کردەوەیەک کە کاریگەریی لە سەر بڕیار و کردەوەکانی دەسەڵات دابنێ.
جۆرەکانی بەشداریی سیاسی لە بواری رادەی شەرعییەتەوە بە شێوەی هیرارشی(سلسله مراتب) ریز کراون، هەموویان یەک جۆر شەرعییەتیان پێ نەدراوە و هەندێکیان بە شەرعیتر لەوانیتر سەیر دەکرێن. پرۆسەی بە شەرعیکردنی بەشداریی سیاسی بریتییە لە پێدانی شەرعییەت بە گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی و قبووڵکردنی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە. هەروەها زۆر جار ئەو شەرعییەتە لەو گرووپانە دەستێندرێتەوە کە ئەویش زیاتر لە رێگەی پرۆسهیەکەوە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە جێبەجێ دەکرێ.
پرسیار ئەوەیە، چلۆن و تا چ ئاستێک بەشداریی سیاسی دەبێتە ئامرازێکی پرۆسەی شەرعییەت پێدان و شەرعیەت لێ ستاندنەوە؟
سیستەمی نوێنەرایەتی لە دێموکراسیی هاوچەرخدا شێوازەکانی بەشداریی سیاسی بە سەر دوو دەستەدا دابەش کردوون؛ دەستەیەک کە شەرعییەتی تەواوی پێدراوە و لە لایەن دەسەڵاتەوە پەسند کراوە و زیاتر پەیوەندیی بە هەڵبژاردن و دەنگدانەوە هەیە. دەستەیەکیش کە شەرعییەتی کەمتری پێدراوە و زیاتر خۆی لە دژایەتی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.
شێوازی باو: دەستەی یەکەم لە شێوازەکانی بەشداریی سیاسی، ئەوانەن کە یاسایین و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەسەر شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسی دروست ناکەن، ئەویش تەنیا هەڵبژاردن و دەنگدانە کە شەرعییەتی یاسایییان هەیە و وەک دەربڕینی راستەقینەی جەماوەر ئەژمار دەکرێن و لە شێوازەکانیتری بەشداری، ئاساییتر سەیر دەکرێن. ئەو شێوازانە پشتگیریی دەسەڵاتی سیاسی لە پشتەوەیە، واتە هەر شێوازێکی بەشداریی سیاسی کە گرێدراوی دەنگدان بێ، لە لای دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی دێموکراتیکدا شەرعییەتی زیاترە. دیارە دەنگدان لە لای جەماوەریش لە شێوازەکانیتر پەسندترە و وەک ئیجبارێکی کۆمەڵایەتی دەبیندرێ و زۆرینەی جەماوەر پێیان وایە کە بەشداری و کاریگەری خستنە سەر دەسەڵات بە دەنگدان باشترە لە بەشداری و کاریگەری بە دەنگ نەدان.
شێوازی ناباو: کۆی ئەو شێوازانەیە لە بەشداریی سیاسی کە لە لۆژیکی دەسەڵاتی نوێنەرایەتیدا جێ ناگرن و بە نیسبەت دەستەی یەکەم شەرعییەتی کەمتریان هەیە یان هەر نیانە، چونکە گرێدراوی سیستەمی دەنگدان نین. ئەو شێوازانە زیاتر دژ بە دەسەڵاتی سیاسین و لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە هەوڵی کاریگەریی خستنە سەر دەسەڵات دەدەن. هەندێکیان یاسایین وەکوو رێپێوان، کەمپەینی ئیمزا کۆ کردنەوە، بایکۆت و هتد. هەندێکیش نایاسایین وەکوو شەڕی چەکداری، شۆڕشی نێو شەقامەکان و گرتنی شوێنی گشتی. بەڵام لە روانگەی دەسەڵاتەوە ئەو شێوازانە نوێنەرایەتیی رای هەموو جەماوەر ناکەن و تەنیا نوێنەرایەتیی گرووپی تایبەتن. ئەو شێوازانە لە بەشداریی سیاسی پشتگیریی دەسەڵاتیان لە پشتەوە نیە و وەک کەمینەیەکی هەڵنەبژێردراو ئەژمار دەکرێن کە دژی زۆرینەی هەڵبژێردراون. لە زۆر وڵاتدا دەبینرێ کە گرووپێکی دژبەر لە رێگای رێپێوان و شۆڕش هەوڵی گەیشتنە دەسەڵات دەدا و خۆی وەک نوێنەری گشتیی خەڵک لە دژی حکوومەت دەناسێنێ و پێی وایە کە شەرعییەتی خۆی لە خەڵکی سەر شەقام وەردەگرێ، بەڵام دوای ئەوەی دەسەڵاتەکەی گرتە دەست، گرووپی دیکەی سەر شەقام بە کەمینە و ناشەرعی وەسف دەکا و تەنیا حکوومەت بە نوێنەری تەواوی خەڵک دەزانێ.
دەسەڵاتی سیاسی بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدا لە رێگای پرۆسەیەکەوە شەرعییەت لە شێوازەکانی بەشداری دەستەی دووهەم کە لای دەسەڵات باو نین بستێنێتەوە. پڕۆسەی لێ ستاندنەوەی شەرعییەت سەرەتا بە گوتاری سیاسی دژ بەو شێوازانە دەست پێ دەکا، وەک بە کەمینە ناساندن و بە نایاسایی لە قەڵەمدان، هەروەها ناساندنیان بە دژایەتیکردنی دەنگی جەماوەر و تێکدانی ئاسایشی خەڵک. دیارە یەکەمجار بە تەواوی قەدەغەیان ناکەن، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە خۆیان بخەنە نێو شەڕی چەکداری لە دژی دەسەڵاتەوە، هەر بۆیە دەسەڵات هەوڵ دەدا لە لۆژیکی “کۆنتڕۆڵ لە جیاتی قەدەغە” کەڵک وەگرێ. زۆر جار دەسەڵاتی یاسادانان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیان کەڵکی لێ وەردەگیرێ، ئەویش لە رێگای یاسای تایبەت بە خۆپێشاندان. هەروەها حکوومەت هەوڵی رێکخستنیان لە سەندیکاکاندا دەدا و زۆر جار دەکەوێتە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرەکانیان یان دیاریکردنی کات و شوێنی خۆپێشاندانیان. هەوڵی دەسەڵات ئەوەیە کە کاریگەرییان بە سەر دەسەڵاتەوە کەم بێتەوە.
لە سیستەمێکی نوێنەرایەتیدا، دابەشکردنی شێوازەکانی بەشداریکردنی سیاسی بە سەر دوو دەستەی شەرعی و ناشەرعیدا، رەخنەیە و پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، چونکە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەستەیەک بە شەرعی دەناسێنێ و پشتیوانی لێ دەکا و هەوڵی بە ناشەرعیکردنی دەستەکەی دیکە دەدا، واتە ئەو دەسەڵاتە بێ لایەن نیە و نوێنەرایەتی هەموو جەماوەر ناکا. چونکە رێگە لە بەشداریکردنی بەشێکی کۆمەڵگه دەگرێ. هەر لە بەر ئەو هۆیەشەوە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە چەمکێک هاتۆتە ئاراوە بە ناوی “دێموکراتیزە کردنی دێموکراسی”، پرۆسەیەک کە هەوڵی ئەوە دەدا هەموو شێوازەکانی بەشداری لە سیستەمێکی دێموکراتیکدا بگونجێنێ و هەر تاک و گرووپێک بتوانێ بەشداری دەسەڵاتی سیاسی بێ. ئامانجی سەرەکی دێموکراسی بەشداری پێکردنی زۆرینەی خەڵکە، هەر بۆیەش لە رێگای مێکانیزمی جیاوازەوە هەوڵ دەدا خەڵک راکێشی نێو دەسەڵات بکا و لە هەموو کار و کردەوە و بڕیارێکی دەسەڵات بەشداریان بکا کە پەیوەندی بە خۆیان و کۆمەڵگهوە هەیە.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه