پێشەکی:
له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاکانه‌وه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی یان ناسیۆنالیزمی کوردی، پرۆژه‌یه‌ک بووه له‌سه‌ر دوو وێنه‌ی سه‌ره‌کی کاری کردوه.
ئەلف: وێنەی خەباتگێڕی و ئازایەتیی کورد
یه‌که‌میان وێنه‌ی کورده وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئازا و خه‌باتگێڕ و پاڵه‌وان که نامرێ و ناتوێته‌وه و نابه‌زێ. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که رۆڵه‌کانی هه‌میشه و هه‌رده‌م ئاماده بوون و ئاماده‌ن به خوێن به‌رگری لێ بکه‌ن و ژیانی تاکه‌که‌سیی خۆیان له‌پێناوی ژیانی “کۆمەڵگه‌دا” ببه‌خشن. میلله‌تێک که هه‌موویان کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و رۆستمی زا‌ڵن. ئه‌م وێنه پۆزه‌تیڤه که به‌ده‌گمه‌ن شاعیر و رۆشنبیرێکی کورد له سه‌د و په‌نجا ساڵی رابردوودا ده‌دۆزینه‌وه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به‌کاری نه‌ھێنابێ و دووباره‌ی نه‌کردبێته‌وه، وێنه‌یه‌که له‌سه‌ر پیاهه‌ڵدانێکی بێ‌ئه‌ندازه‌ی کوردبوون دروستبووه له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کانی مێژووی ئێمه‌دا. ته‌نانه‌ت له‌و سه‌رده‌مه مێژووییانه‌ش‌دا که کوردبوون به‌و مانا ناسیۆنالیستی‌یه‌ی که ئه‌ده‌بی سه‌ده و نیوی رابردووی ئێمه باسی ده‌کا بوونی نه‌بووه و له ئارادا نه‌بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ناسیۆنالیزمی کوردی ئه‌م وێنه‌یه‌ی وا نمایشکردوه گوایه وێنه‌یه‌که هه‌موو دونیا پێی ئاشنایه و حیسابی بۆ کردوه. ره‌نگه ئه‌و دێڕه شیعره‌ی ئه‌حمه‌د موختار جاف که باس له‌وه ده‌کات “هه‌موو ته‌ئریخی عاله‌م شاھدی فه‌زل و ھونه‌ری کورده”، باشترین نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌که‌ری ئه‌م وێنه‌یه بێ.
ب: وێنەی قوربانی بوونی کورد
وینه‌ی دووهه‌م که ناسیۆنالیزمی کوردی کاری له‌سه‌ر کردوه وێنه‌ی کورده وه‌ک قوربانی نێو دنیایه‌کی جه‌نگه‌ڵئاسا، پڕ له هه‌ڕه‌شه و په‌لامار و مه‌ترسیی له‌نێو بردن. دنیایه‌ک بێڕه‌حمانه کورد به‌دار و به‌ردی مێژوویه‌کی خوێناوی پڕ کوشتن و بڕین‌دا ده‌دا. دیارترین وێنه‌یه‌کی ئه‌م دۆخه‌ش دیسانه‌وه هه‌م له شیعرێکی ئه‌حمه‌د موختار جاف‌دا ده‌دۆزینه‌وه که ده‌ڵێ: حاڵی کورد له‌نێوان “تورک و ئێران و عه‌ره‌ب‌دا” وه‌ک “بێچوه ته‌یرێکه” که‌وتبێته “داوی منداڵانه‌وه”. وێنه‌ی کورد وه‌ک بێچوه ته‌یری نێو داوی مناڵان وێنه‌ی قوربانی‌یه‌کی بێگوناحه له‌نێو تۆڕی کۆمه‌ڵێک ھێزی بێ‌ڕه‌حم و بێ‌ویژدان و بکوژدا که چێژێکی تایبه‌تی له گرتن و ئازاردان و کوشتنی قوربانی‌یه‌که‌یان وه‌ربگرن. له‌پاڵ ئه‌م وێنه‌یه‌دا وێنه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه، یان وێنه‌ی کوردستان وه‌ک دایکێکی بیمار که له‌سه‌ره‌مه‌رگ دایه و ھاوار له منداڵه‌کانی ده‌کا بیپارێزن، وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و دۆخی قوربانیبوونه نیشان ده‌دا که ناسیۆنالیزمی کوردی کاری له‌سه‌ر کردوه و پاراستویه‌تی و بڵاوی کردۆته‌وه. ئه‌م دوو وێنه‌یه، واته وێنه‌ی کورد وه‌ک پاڵه‌وان و وه‌ک قوربانی له یه‌ک کات‌دا، گه‌رچی له رووی لۆژیکی‌یه‌وه دوو وێنه‌ی ناکۆکن به‌یه‌ک، به‌ڵام کۆکردنه‌وه‌یان له‌نێو لۆژیکی ناسیۆنالیزم‌دا کارێکی زه‌حمه‌ت نیه. چونکه عه‌قڵیه‌ت و خه‌یاڵگه‌ی ناسیۆنالیستی، عه‌قڵیه‌ت و خه‌یاڵگه‌یه‌که باز به‌سه‌ر ناکۆکی‌یه لۆژیکی‌یه‌کان‌دا ده‌دا و بێ ھیچ کێشه‌یه‌ک له‌پاڵ یه‌ک‌دا کۆیان ده‌کاته‌وه. ده‌ڵێم ئه‌و دوو وێنه‌یه له رووی لۆژیکی‌یه‌وه ته‌واو به‌یه‌کدی ناکۆن، چونکه میلله‌تێک گه‌ر هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و رۆسته‌می زاڵ بن، که هه‌موو ته‌ئریخی عاله‌م شایه‌تی فه‌زڵ و ھونه‌ریان بێ، چۆن ده‌بێته بێچوه ته‌یری نێو داوی منداڵان و چۆن ده‌بێته دایکێکی بیمار که له ساته‌وه‌ختی مردن و له‌نێوچوونی یه‌کجاری‌دا بێ. ئه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌تی به‌رهه‌م‌ھێنانی وێنه‌یه له هه‌ناوی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا به‌ڕێوه ده‌با، تێکه‌ڵبوونی روحیه‌تێکی نارسیستیی گه‌وره‌یه به روحیه‌تی هه‌ستکردن به ته‌نیاکه‌وتن و به‌جێھێشتن و به‌قوربانیکردن. بێگومان زه‌حمه‌ت نیه ھاوشێوه‌ی ئه‌م وێنانه لای زۆر میلله‌تی دیکه‌ی دنیا بدۆزینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و خاڵه نیه که من ده‌مه‌وێ له‌سه‌ری راوه‌ستم و بدوێم. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی بکه‌م نالۆژیکیی ئه‌و وێنانه نیه که زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ناسیۆنالیزمه‌کانی دنیا، به ناسیۆنالیزمی کوردیشه‌وه، له‌سه‌ر خۆیان دروستی ده‌که‌ن.
پ: وێنەی ئینسانی
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ باسی بکه‌م غیابی ئه‌و وێنه گرینگه‌یه له ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا که ده‌شێ به هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی لانیکه‌می دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ببه‌خشێ. ئه‌و وێنه‌یه‌ش وێنه‌ی ئینسانی کورده وه‌ک ھاووڵاتی‌یه‌کی خاوه‌ن ماف. وێنه‌ی که‌سێک که ناسیۆنالیزم ته‌نها داوای گیانفیدایی لێ نه‌کا، به‌ڵکوو وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن ماف و خاوه‌ن رێزیش مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ بکا. وێنه‌ی ئینسان وه‌ک ھاووڵاتی، وێنه‌ی تاکه‌که‌سێکه که نه پاڵه‌وانه نه قوربانی، نه موعجیزه ده‌نوێنێ و نه باز به‌سه‌ر سنووره ساده‌کانی ئینسانبوونی خۆشی‌دا ده‌دا. هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی و هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که به ده‌وری دروستکردن یان ژیان له‌نێو ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی‌دا بسوڕێته‌وه، پێویستی‌یه‌کی گه‌وره‌ی به چه‌مکی ھاووڵاتی هه‌یه. گۆڕانی گرووپێکی ئه‌تنی یان دینی بۆ نه‌ته‌وه‌و گۆڕانی ده‌سه‌ڵات له ده‌سه‌ڵاتێکی حیزبی و ناوچه‌ییه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی ناکرێ له گۆڕانی ئینسانه‌کان له “ره‌عیه‌ته‌وه” بۆ ھاووڵاتی جیا بکرێته‌وه. که ئه‌مه ده‌ڵێم ئه‌وه‌ش ده‌زانم هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێویستی به کۆمه‌ڵێک حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌ی قاره‌مانێتی و کۆست و شادیی گشتی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسانانه ناتوانن تاسه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به نه‌ته‌وه‌یی بهێڵنه‌وه.
ئاکام:
دروستکردنی ھاووڵاتی‌یه‌کی ھاوچه‌رخ که بتوانێ ببێ به به‌شێکی چالاک و گرینگی ئه‌و کۆمه‌ڵگه و دنیایه‌ی تێیدا ده‌ژی، داواکاری‌یه‌کی گرینگی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستی‌یه راسته‌قینه‌کانی دنیان. به‌ڵام ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره مه‌حاڵه، ئه‌گه‌ر ئینسانه‌کان نه‌بنه ئینسانی چالاکی نێو کۆمه‌ڵگه و واقیعێکی سیاسیی کراوه، به لانیکه‌می دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه. ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نها پێویستی به ناوه‌ندێکی سیاسیی جێگه‌ی متمانه و خاوه‌ن به‌ھا و سیاسه‌تی یه‌کسانخواز و دادپه‌روه‌رانه هه‌یه، به‌ڵکوو پێویستی به دروستکردنی ئه‌و هه‌سته‌ش لای ئینسان هه‌یه که له وڵات و سه‌رزه‌مین و نیشتیمانی راسته‌قینه‌ی خۆی‌دا ده‌ژی. له شوێنێک‌دا که رێز له ئینسانبوونی ده‌گیرێ و ئه‌گه‌ری گه‌شه‌کردنی به‌رده‌وامیش له به‌رده‌م ئه‌و ئینسانبوونه‌دا ده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆکه له بارودۆخ و شێوازی بیرکردنه‌وه و جووڵانه‌وه‌ی بڕێکی به‌رچاوی گه‌نجان له کوردستان‌دا ڕامێنێ، له‌و راستی‌یه تێ‌ده‌گا که ناسیۆنالیزمی کوردی نه‌یتوانیوه به گه‌نجانی ئێمه هه‌ستی خۆ به ھاوڵاتیزان ببه‌خشێ و ئه‌وه له وشیاری و خه‌یاڵیان‌دا بچه‌سپێنێ که که‌سانێکن خاوه‌ن ماف و خاوه‌ن رێز و خاوه‌ن ئاینده. کێشه‌که‌ش له‌وه‌دایه ئه‌م ناسیۆنالیزمه له کاتێک‌دا نه‌یتوانیوه وێنه‌ی ھاووڵاتی بکاته یه‌کێک له وێنه سه‌ره‌کی‌یه‌کانی خۆی، له هه‌مانکات‌دا هه‌ردوو وێنه سوونه‌تی‌یه‌که‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و فووتێکراو به‌کار ده‌ھێنێ. له دۆخێک‌دا ئه‌مڕۆکه ئه‌و دوو وێنه‌یه نه‌ک ته‌نھا نالۆژیکی‌بوونیان به ته‌واوه‌تی ئاشکرا بووه، به‌ڵکوو ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌شی له ده‌ست داوه که نالۆژیکی‌بوونیانی ده‌شارده‌وه. ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی، وێنه‌ی پاڵه‌وان و وێنه‌ی قوربانی، بوونه‌ته دوو وێنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی واقیع، له راستی‌دا بوونه‌ته دوو باری گه‌وره به‌سه‌ر واقیع و دنیای ئه‌مڕۆکه‌ی کورده‌وه. ئه‌م دوو وێنه‌یه وا ده‌که‌ن ناسیۆنالیزمی کوردی به‌دوای دنیایه‌ک‌دا بگه‌ڕێ له واقیع‌دا بوونی نه‌ماوه، چونکه واقیعی ئه‌مڕۆکه‌ی کوردستان واقیعی رۆسته‌می زاڵ و به‌چکه چۆله‌که‌ی نێو داوی منداڵان نییه، به‌ڵکو واقیعی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی‌یه که به فه‌رسه‌خ له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دوور که‌وتۆته‌وه که حوکمی ده‌کا. بۆیه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێت نه‌وه‌ی نوێ ژیانی خۆی له‌پاڵ دوو وێنه سوونه‌تی‌یه‌که‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا رێکبخات، نه‌ک ته‌نها له‌گه‌ڵ جمهورێکی خه‌یاڵی‌دا مامه‌ڵه ده‌کات، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک سێبه‌ردا ده‌رگیره که له راستی‌دا سێبه‌ری خه‌یاڵی خۆیه‌تی، نه‌ک ته‌نانه‌ت سێبه‌ری ئه‌و دنیا واقیعی‌یه‌ش که ئه‌مڕۆ له ئارا دایه.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه