(١)
دۆناڵد تڕامپ بوو بە 45ەمین سەرکۆماری ئەمریکا. (خاڵێک دابنێ و بڕۆ سەرەتای رستە)
ئەگەرچی زۆربەی هەرەزۆری چاوەدێرانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، ئاکادێمێسیەنەکان، ناوەندەکانی راپرسی، ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی ئەمریکا و لە دەرەوە پێیان وابوو تڕامپ وەک کەسایەتییەکی بێئەزموونی سیاسی، بێپلان و بێبەرنامە، بە بێڕێزی بەردەوامی بەموبەو، هەبوونی گرفتی جیددی لەگەڵ پرسی پەنابەرێتی، بە ئەدەبیاتێکی پۆپۆلیستی کە هەردەم لێرە شتێک دەڵێ و لەوێ شتێکیتر و دەیان خاڵی لەم چەشنە ناتوانێ براوەی ماراتۆنی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەمریکا بێ، کەچی توانی بە تاقیتەنیا جەخت دەکەمەوە بە تاقی تەنیا دێموکراتەکان، تەنانەت بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی حیزبەکەی خۆی کە دژایەتیان دەکرد وەلابنێ و ببێتە سەرۆکی ئەم وڵاتە. تەنانەت رای گشتیی دنیا لە ئاستی باڵای سیاسیدا زمانی بەخێری پێدانەدەهێنا و زیاتر مەیلەوە هیلاری بوون. بگرە پوتین و دوومای روسیهش لە دوایین رۆژەکاندا لەسەر بنەمای نەناسینی تڕامپ وەک کەسایەتییەکی پێشبینینەکراو، بۆ لای هیلاری بایاندابۆوە!
بەڵام چ رووی دا؟
ئەوە کە بۆچی زۆربەی پێشبینییەکان بەپێچەوانە دەرچوون رەنگە بگەڕێتەوە سەر دۆخی نێوخۆیی ئەمریکا، واتە ئەوەی رووی دا جۆرێ دەنگهەڵبڕین بوو بە دژی “سیستم”. ئانالیزە سەرەتایییەکان نیشان دەدەن کە بەشێکی بەرچاوی دەنگدەرانی تڕامپ ئەو سپیپێستە لادێییانە و چینی کرێکاری ئەم وڵاتە بوون کە بە سازکردنی ئەم شەپۆلە بەدژی سیستم (لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی کە بە دەست دێموکراتەکانەوە بوو) رق و تووڕەیی خۆیان لە هەمبەر ئەم سیستمە بەتایبەتی لە باری ئابوورییەوە دەربڕی. ئەم رقە تا ئەو ئاستە دەڕواتە پێش کە چێنی کرێکارەکە کە زاتەن لەگەڵ سەرمایەداری کێشەی هەیە، ئەم جیاوازییە مێژوویییە وەلادەنێ و بە دژی سیستمی هەنووکەیی دەنگ دەدا بە سەرمایەدارە تۆخەکە!
رەنگە هۆکاریکی تریش ئەوە بێ کە ئەم خەڵکە زیاتر خوازیاری ئەوە بوون کە سیستم دەبێ زیاتر ئاوڕ وە ناوخۆی وڵات بداتەوە. لە راستیدا دێموکراتەکان دەمێک ساڵە بەدووی ئەوەوەن کە بەرنامەی Pax Americana وەک مەبەستی سەرەکی لە سیاسەتەکانی دەرەوەیاندا بۆ برەوپێدانی دێموکراسی لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا بخەنە واری جێبەجێ کردنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش تیۆری جۆزێف نای واتە Smart Powerیان کردە کەرەسەی گەیشتن بەم ئامانجە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان. بەڵام تڕامپ لەسەر بنەمای دروشمی America First جۆرێ سیاسەتی تەریک خستنەوەی ئەمریکای لە لا مەبەستە واتە Isolation. کۆماریخوازەکان -هەرچەند هەموویان کۆک نین- دەیانەوێ بەم خۆ دوور خستنەوەیە چیتر تێچوو بۆ وڵاتانی تر سەرف نەکەن. بۆیە پێداگری تڕامپ لەسەر نێوخۆی وڵات بە نیسبەت دەرەوە، خەڵکی ئەم وڵاتەی بەم قەناعەتە گەیاند کە وا باشترە سەرۆکەکەیان هەر سەرۆکی ئەمریکا بێ نەک سەرۆکی جیهان! تەنانەت هەندێ پێیانوایە ئەوانەی دەنگیان بە تڕامپ داوە، لە راستیدا دەنگیان بە کۆمایخوازەکانیش نەداوە، بەڵکوو دەنگیان داوە بە کەسێک کە دەبێ لە دەرەوی ئەم حیزبەش سەیری بکە. دژایەتی هەندێ سیمای ناسراوی کۆماریخوازەکان لەگەڵ تڕامپ سەلمێنەری جۆچوونی ئەوانە.
(٢)
دوو رووداوی برگزیت Brexit چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا) و ئێستاش سیاسەتی تەریککەوتنەوە و ئایزۆلێشێنی ئەمریکا وەک هەرەگرینگترین دوو وڵاتی جیهان لە ئاستی سیاسی و ئابووری زەنگێکی مەترسیدارن بۆ زۆر پرسی جیهانی و ناوچەیی.
چون لە راستیدا ئەوەی زۆر بۆتە جێگای مشتومڕ ئەمەیە کە سیاسەتەکانی تڕامپ بە نیسبەت دەرەوەی وڵات چۆناوچۆن دەبێ؟ تڕامپێک کە ئێستا کۆنگرەشی – بە سێنا و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کە کەوتۆتە دەست کۆماریخوازەکانەوە – لە پشتە، شتێک کە لە ساڵی 1929وە بێوێنە بووە، چۆن دەتوانێ ئەم بەڵێنانەی لە کاتی هەڵبژاردندا بە هاندەرانی دابوو جێبەجێ بکا و لەمانە گرینگتر لە ئەگەری جێبەجێ کردنیاندا دنیا بەرەو چ ئاقارێکدا دەڕوا؟
– ئایا رێکەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و و ڵاتانی رۆژئاوا (ناسراو بە برجام) دەدڕێنێ؟
– ئایا سنوورەکانی دادەخا و دیوارە بەناوبانگەکەی لە نێوان ئەمریکا و مێکزیک سازدەکا؟
– ئایا لە توانایدا دەبێ “Obama care insurance” هەڵوەشێنێ؟
– ئایا دەتوانێ لە عەرەبستان و وڵاتانی تری کەنداو پارە بستێنێ چون هێزەکانی ئەمریکا پارێزگارییان لێدەکەن؟
– ئایا دەتوانێ رێکەوتنە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەندێ وڵات وەک کانادا و مێکزیک هەڵبوەشێنێتەوە؟
– ئایا دەتوانێ رێکخراوی World Trade Organization جێبێڵێ؟
– ئایا دەتوانێ خۆ لە پەیمانی ناتۆ بێسێحەب بکا؟
– ئایا دەتوانێ رێکەوتننامەی پاریس سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی کەشوهەوا هەڵوەشێنێتەوە؟
و دەیان ئایای تر… دەبێ بە نیگەرانییەوە چاوەڕوان بین بزانین هەواکە دەگۆڕدرێ یان نا؟!
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه