هەموو ساڵیک 1ی خەزەڵوەر بیرهێنەرەوەی رووداوێکی مێژوویی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەو رۆژەدا بوو حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەما و تاروپۆی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد” دامەزرا و ئێستا کە 71 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕ دەبێ بە پێویستمان زانی کورتەئاورێک لە چۆنیەتی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێویستیی ئەو دامەزرانە، بدەینەوە.
ئاوری شەڕی دووهەمی جیهانی دنیای تەنیبۆوە و پەلوپۆی ئاساری ئەو شەڕە گەیشتبووه ئیران و لەو نێوەشدا رۆژهەڵاتی کوردستانیش بێبەش نەبوو لە حزووری هێزە نیزامییهکانی دەوڵەتانی ئەمریکا و بریتانیا و روسیە. هێزەکانی روسیە لە باکووری ئیرانەوە هاتبوونە نێو خاکی ئیران و هەتا ورمی پێشرەویان کردبوو و لەو لاوە هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا لە باشوری ئێرانەوە هاتبوونە نێو خاکی ئێران و لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر ببوون. بوونی هێزی ئەو دەوڵەتانە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوە کە حکوومەتی ناوەندی لە زۆربەی شوێن و ناوچەکەنی ئێران دەسەڵاتی خۆی لە دەست بدا و دەسەڵات و بەڕێوەبەری بکەوێتە دەستی خەڵکەوە. ناوچەی موکریانیش یەکیک لەو ناوچانە بوو بە هەر هۆکارێک بووبێ هیچ کام لەو دەوڵەتانە هێزی نیزامیی خۆیان لێ دانەمەزراندبوو، هەر بۆیە ناوچەیەکی ئازاد و دور لە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی تاران بوو و هەر ئەوە وای کرد کە چەشنێک ئازادی و سەربەخۆیی لە ناوچەکەدا دەستەبەر بێت و خەڵکی کاروباری رۆژانەی خۆیان بە دەستی خۆیان رایی بکەن.
لەو سەروبەندەدا، کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرم و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد کەوتنە خۆ بۆ پێکهێنانی رێکخراوەیەکی سیاسی کە بتوانێ لەو هەلومەرجە بە قازانجی خەڵکی کوردستان کەڵک وەربگرێ و ماف و ئازادییەکانی دەستەبەر بکا. ئەو رێکخراوەیە لە 25ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی لە ژێر ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ ــ کاف) دامەزرا و دەستی بە ریکخستن و چالاکیی جوراوجوری وەک چاپ کردنی رۆژژمێری کوردی و بڵاوکردنەوەی نامیلکە و شێعری شاعیرانی کورد کرد و لەو رێگایەوە توانی جێگه و پێگەی خۆی لە نێو خەڵکی کوردستاندا بکاتەوە. بەڵام دوای سێ ساڵ کار و تێکۆشان بۆ رێبەرانی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد” دەرکەوت کە لەو سەردەم و هەلومەرجانەدا بەو شێوە کار و تێروانینەی ئەوان بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد هەیانە، ناتوانن ئەندام و لایهنگری زۆر لە دەوری بەرنامەی خۆیان کۆ بکەنەوە و بەو شێوەیە چالاکانە ناتوانن لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو کاتدا مانۆڕ بدەن و تەبلیغ بۆ ئیدە و بەرنامەکانی خۆیان بکەن. هەر بۆیە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ دا بڕیاریان دا لەسەر بنەمای”ژێ ــ کاف” حیزبێکی نوێ و بە بەرنامەیەکی سەردەمیانە و پیشکەوتوو کە بتوانێ لە گۆرەپانی سیاسی ئێراندا جیگه و پێگەی خۆی بکاتەوە و لە هەمان کاتدا نوێنەر و نوێنگەی ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێت، دابمەزرینن. ئەو بڕیارەی رێبەرانی “ژێ –کاف ” لە سەرەوەی هەمووان قازی محەممەد، لە دایک بوونی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لێ کەوتەوە کە لە رۆژی ١ی خەزەڵوەری ١٣٢٤ بە راگەیاندراوێکی نوسراو و رەسمی بوونی خۆی راگەیاند و لە ٢ی جۆزەردانی ١٣٢٤ یەکەم کۆنگرەی خۆی بە بەشداری نوێنەرانی تەشکیلات، هۆز و عەشیرەتەکان و نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە شاری مەهاباد بەست و لەو کۆنگرەیەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رەسمی و ئاشکرا دەستی بە کار و تێکۆشان کرد و شێوەی خەبات و ئامانجەکانی دیاری کرا و خەت و رێباز و ستراتژی حیزب لە لایەن بەشدارانی کۆنگرەوە پەسەند کرا و قازی محەمەد بە پێشەوای حیزب دیاری کرا و رۆژی 25ی گەلاوێژ کە ساڵرۆژی دامەزرانی (ژی ــ کاف) بوو بە رۆژی دامەزرانی حیزب پەسەند کرا و مەبەست لەو کارەش ئەوە بوو کە کار و تێکۆشانی ئەو چەند ساڵەی تێکۆشەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ببێتە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو راستییە راپۆرتێکی رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٩ رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ ١٣٢٥ لەو بارەوە لە ژێر ناوونیشانی “جێژن و چراخانی” دەنوسی:
“رۆژی 25ی گەلاوێژ رۆژی پێنجەمین ساڵی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرهەیوان و حەساری عەمارەتی پێشەوا جێژنێک گیرابوو، لەو جێژنەدا تەواوی ئەهالی شیرکەتیان کرد و شیرنیات و چا و میوەجاتیان مەسرەف کرد…” هەر لەو ژمارەی رۆژنامەی کوردستاندا وتارێک بە ناوونیشانی “موباریزەی ئازادی و دێموکراسی ئیمە پێ دە پێنجەمین ساڵی خۆی نا” بە قەڵەمی سەید محەمەد حەمیدی بڵاو بۆتەوە کە دووپاتی ئەو راستییە دەکاتەوە مێژووی “ژێ ــ کاف” بەشێکی دانەبڕاوی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
گرینگیی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا لەوە دایە کە هەتا ئەو کات یەکەم حیزبی کوردی بووە کە بە شێوەی مودێرن و سەردەمیانە خاوەنی کۆنگرە و بەرنامە و پێرەوی نوسراو بێ و بەڕێوەبەرانی بە دەنگی بەشدارانی کۆنگرە هەڵبژیردرێ. سەبارەت بە گرینگیی دامەزرانی حیزب، د. قاسملوو لە کتێبی کورتە مێژووی حیزبی دیموکرات “چل ساڵ خەبات”دا ئاوا دەنوسێ: “دامەزرانی حیزبی دێموکرتی کوردستان نوختەگۆرانێک بوو لە مێژووی خەباتی لەمێژینەی گەلی کورد و سەرەتایەک بۆ پێکهێنانی رێکخراو و حیزبی سیاسیی پیشکەوتوو و مۆدێڕن. چونکە پێش حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو مێژووی نەتەوەی کورددا حیزبێکی ئەوتۆ پێشکەوتوو بە بەرنامەیەکی روونەوە پێک نەهاتبوو… .” هەروەها باشە لیرەدا ئیشارەیەک بە بەشێک لە راگەیاندراوی حیزب (١ی خەزەڵوەری ١٣٢١) بکەین کە باسی پێویستی دامەزرانی حیزب دەکا.
“… هاونیشتمانانی بەرێز دەبێ بزانن حەق نادرێ، وەردەگیرێ، ئێمە دەبێ بۆ وەرگرتنی ماف و دەسەڵاتی نەتەوەیی و مەحەلی خۆمان خەبات بکەین. ئەو خەباتە یەکیەتی و یەکرەنگی پێویستە. بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و دەستی بە کار کردوە ئیوە هاونیشتمانانی خۆشەویست دەبی چاو و گوێی خۆتان بکەنەوە و لە دەوری حیزبی نەتەوەیی خۆتان کۆببنەوە و لە پیناو وەرگرتنی مافی رەوای نەتەوەیی خۆتان فیداکاری بکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستان رێبەر و رینوێنی ئیوەیە. تەنیا لە ژێر ئاڵای ئەوە کە نەتەوەی کورد لە مەترسی تەفروتونا بوون رزگار دەبی…”
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەو ماوە کورتەدا بەرنامەی خۆی دارشت و خستیە بەر چاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بەرنامەی حیزب “مەرامنامە” سێ فەسڵ و 22 مادە لە خۆ دەگرێ کە هەر کام لە فەسڵەکان کۆمەڵیک بابەتی پێوەندیدار بە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵکی کوردستانی لە خۆ گرتووە و بە کورتی دەتوانین بڵێین مەرامنامەی حیزب هەڵگری ئەو بابەتانەی خوارەوەیە:
ــ “چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێران لەسەر بنچینەی “خودموختاری میللی” و نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی لە نێوان کورد و کەمایەتییەکانی وەک، “ئازەری و ئاسوری و ئەرمەنی” و پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ژن و پیاودا.
ــ ” گەشەپێدانی کشتوکاڵ و مکانیزە کردنی ئەو بەشە و دابینکردنی بازاڕ بۆ فرۆشتنی بەروبۆمی خۆماڵی و دەرهێنانی سامانی ژێر زەوی و کەڵک وەرگرتنی بە قازانجی بەرژەوەندیی گشتی و دامەزراندنی کارگە و کارخانەی پیشەسازی و رەخساندنی هەلی کار، دروست کردن و پەرە پێدانی رێگاوبانی گونجاو بۆ ئاسانتر کردنی هاتوچۆی خەڵکی کوردستان و دابەش کردنی دەرامەتی باج لە نێوان دەسەڵاتی هەرێمی و ناوەندیدا بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی گەشەکردنی کۆمەڵ لە بواری ئابووری و خۆشبژیوی خەڵکی کوردستان.
ــ دەستنیشان کردنی زمانی کوردی بە زمانی رەسمی ناوچەی خودموختاری کوردستان و بە ئیجباریکردنی خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی بۆ کچ و کور. دانانی پرۆژەی بنبڕکردنی نەخوێندەواری لە کوردستان و بەدەستەوە گرتنی ئەمنیەتی نێوخۆیی و پاراستنی لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای تێپەربوونی ٧١ ساڵ بەسەر بەستنی یەکەم کۆنگرەی خۆی و بەستنی ١٥ کۆنگرەی دیکە و بەڕێکردنی مێژوویەکی پڕ لە کار و تێکۆشان و فیداکاری، سەرکەوتن و شکان، خوێن و قوربانیدان و لەدست دانی رێبەرانی، “قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی”، ئێستاش بەو خەت و رێبازە کە لەسەر دەستی پێشەوا و هاوڕێکانی لە یەکەم کونگرەدا بۆ وەدەست هێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان پەسندکرا و لە دواییدا سەریان لە پێناویدا دانا، وەفادارە و درێژەدەری ئەو رێگایەیه.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه